سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دەربارەی فاروق ڕەفیق وەک ڕووناکبیر

وەک کەسێک کە فاروق ڕەفیق لە ناوەراستی ساڵانی هەشتاوە دەناسم، مردنە کوتوپڕەکەی هەم شۆک بوو بۆم، هەم خەمباربووم پێی. وەک هەر مرۆڤێکی ئاساییش سەرخۆشی خۆم لە کەسوکار و ماڵ و منداڵی کاک فاروق دەکەم، هیوادارم بەرگەی ئەم کۆستە خێزانییە سەختە بگرن و بتوانن تێیبپەڕێنن.

یەکەمین سەرنجێک بمەوێت دەری ببڕم دەربارەی ئەو شێوازی مامەڵەکردنەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ مەرگی ئەم نووسەرەدا، ئەنجامدرا. زۆر بە داخەوە، تەرمە بێگیانەکەی فاروق ڕەفیق، وەک زۆر شتی تری وڵاتی ئێمە،  بەشێوەی کاڵایەکی سیاسیی و دینیی بەکارهێنرا. تەرمەکەیان لەوەخست تەرمی مرۆڤێک بێت کۆچی دوایی کردبێت پێویستی بە مامەڵەیەکی ئینسانییانە هەبێت، بەڵکوو پڕیان کرد لە هێما و ئاماژە و گوتاری سیاسیی و دینیی ناکۆک و دژبەیەک و بە ئامرازێک بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کەسانی دی.

چەندەها کەس و لایەن و گرووپی جیاوازیش، مردنەکەیان، وەک کەرەستەی خۆنمایشکردن و تێرکردنی حەزی دەرکەوتن و باسکردن و بوون بەبابەت، بەکارهێنا. لەمەشدا مەسەلەی سەرەکیی کۆچی ناکاو و هەمیشەیی فاروق ڕەفیق  نەبوو، بەڵکوو ڕاکێشانی سەرنج بوو بۆسەر ئەو کەس و گرووپ و لایەنانەی لەسەر ئەو مردنە ناوەختەیان، دەنووسی. ئەم حەزی دەرکەوتن و ڕاکێشانی سەرنجە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستێکی تەواو وروژێنەری بەخۆیەوە گرت و مردنەکە لەپاڵ حەزی دەرکەوتن و باسکردندا، بۆ هێرشکردنە سەر کەسان و لایەن و خەڵکانی تر، بەکارهێنرا. وەک زۆرشتی تری وڵاتی ئێمە چۆنیەتی باسکردنی ئەم مردنە، گۆڕا بۆ ئامرازای دروستکردنی چەندان دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی تازە لەناو کۆمەڵگەکەدا.

تەرمەکەی فاروق ڕەفیق، لەناو ئەم دۆخە شێواو و ئاراستەکراوەدا، لەوە کەوت تەرمی مرۆڤێک بێت ژیانی کۆتایی هاتبێت و پێویستی بەوەبێت بنێژرێت، بەڵکوو گۆڕدرا بۆ ئامرازی جەنگ و ململانێیەکی سیاسیی و دینیی و ڕەمزیی گەورە و کەسانێکی زۆریش لەم ململانێ و جەنگە ڕەمزییەوە، ئاڵان.

لەم بێنە و بردەیەدا دوو بەرە بەرامبەر بەیەک دروست بوون. بەریەکیان فاروق‌ـیان بە بیریار و فەیلەسوف و سپینۆزای کورد ناوبرد و مەدح و سەنایەکی گەورەیان کرد و لە ڕیزی سوقرات و ئەفلاتون و فارابی و ئیبن ڕوشد دا دایاننا. ئەم بەرەیە تێکەڵێکە لە نووسەر و قوتابیی و خوێنەران و دۆستانی فاروق خۆی، تێکەڵ بە  کۆمەڵێک میدیاکاری حیزبیی و نیمچەحیزبیش، کە زۆربەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان‌ـەوە، نزیکن.

بەرەکەی تریان فاروق‌ـیان بە کافر و مولحید و دژەدین ناوبرد و هەرچی جنێوی دینیی و نادینیی ناشیرین هەیە پێیاندا، بەدەیان شێوە سوکایەتییان بەرامبەر بە خۆی و بە مردنەکەی کرد، هەندێکیشیان تا ئەو شوێنەش ڕۆیشتن کە بڵێن هەق نییە نوێژ لەسەر تەرمەکەی بکرێت و لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنێژرێت. ئەم بەرەیە مەرگی فاروق‌ـیان بە سەرکەوتنی خۆیان و سەرکەوتنی ئایدیۆلۆجیا دینییەکەیان دەزانی. بەشەکی گەورەی ئەمانە کەسانی سەر بە بەرەی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی سەلەفیین. ئەو بکەرە دینیانەن من لە کتێبی «بەهەشتی ئیجباری»دا باسم لە دید و ڕوانین و ئەخلاق و زمان و تێگەیشتنیان بۆ خودا و دنیا و مرۆڤ کردووە. بەرەیەک بەناوی بەرگریکردن لە “خوا”وە یەک نەوە لە جنێوفرۆشی بێویژدان و بێهەستیان لە کۆمەڵگەکەدا، دروست کردووە.

لە دیدی مندا هەردوو بەرەکە بە شێوازی جیاواز هەڵەن. فاروق نە فەیلەسوف بوو وەک بەرەی یەکەم دەڵێت. نە دینیش ڕێگا بەو دیندارانە دەدات ئەو هەموو جنێو و سوکایەتییەی بەرامبەر بکەن. نە فەلسەفە وەک کایەیەکی تایبەتی بیرکردنەوە و مەعریفە و نە دینیش وەک کایەیەکی تایبەتی باوەڕبوون بە خوایەک، ئەو شێوازی ناونان و مامەڵەکردنە قبووڵ ناکەن کە هەردوو بەرەکە، ئەنجامیاندا. هەم گەورەکردنەکەی و هەم کەمنرخکردنەکەی لە دوو هەڵسەنگاندنی ئایدیۆلۆجیی و سیاسیی و سۆزێکی کۆنترۆڵنەکراوەوە، سەرچاوەیان گرتوە.

لەدیدی مندا فاروق نووسەرێک بوو باسی فەلسەفەی دەکرد، کۆرسی فەلسەفەی بۆ قوتابیان دەکردەوە، ئەم یان ئەو فەیلەسوف و ئەم یان ئەو چەمکی فەلسەفیی شی دەکردەوە، بەڵام خۆی فەیلەسوف نەبوو. فاروق فەلسەفەی شەرح دەکرد، بەڵام خۆی خاوەنی پڕۆژەیەکی فەلسەفی نەبوو. وەک زۆر نووسەریش، هەندێک نووسین و کتێبی باشی هەبوو. بەڵام بەشێکی بەرچاوی نووسینەکانی لانی هەرەکەمی کۆگیریی و مەنهەجیەتی لە نووسین و شیکردنەوەدا، تیا نییە. ئەو بەبێ هەستکردن بە هیچ کێشەیەک، شتێک و پێچەوانەکەشی دەگوت، لەم پەڕی ڕاستەوە و بۆ ئەوپەڕی چەپ و لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست بازی دەدا. بابەتێکی بە موبالەغەیەکی زۆرەوە گەورە دەکرد و دواتر هەمان بابەتی بەهەمان موبالەغەوە بێنرخ و بێبەها دەکرد. فاروق خاوەنی پڕۆژەیەکی فەلسەفی و فیکری نەبوو لە کتێبێکەوە بۆ کتێبێکی دیکە گەشەی پێ بدات و پێشی بخات، ئەم یان ئەو بیرۆکەی تازەی بۆ زیاد بکات، مەنهەجیەتێکی دیاریکراو ئاراستەی بکات، بەڕووی تێز و بۆچوونی تازەدا بیانکاتەوە، لەباتی ئەمانە ئەو لەم دنیابینییەوە بۆ دژەکەی و لەوێشەوە بۆ  پێچەوانەکەی، دەچوو.

لە بەشێکی زۆری کارەکانی لە بواری میدیاشدا، دیسانەوە نیشانیان دەدا، کە وێنەی ئەو لەم بوارەشدا، وێنەی کەسێک نییە خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فیکریی بێت، بەڵکوو زۆرجار وا دەردەکەوت لە  شەڕێکی زارەکیدایە لەگەڵ کەسان و گرووپ و پارتی سیاسیی، تایبەتدا. ئەوەی دەبینرا کەمتر پابەندبوون بوو بە عەقڵەوە وەک ئامرازی شیکردنەوە و ڕاڤەکردن، بەڵکوو دەربڕی سایکۆلۆجیای ئەو و ئەو پەیوەندییانە بوو کە ئەو لەو ساتەدا، دروستی کردبوون. کاری فیکری کارێکە بە جۆرێک لە مەنهەجیەت و بە نەبوونی ناکۆکیی ناوەکییەوە پەیوەستە، نەک بە هاوار و دەنگەدەنگ و پەلاماردان و گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی.

بە بۆچوونی من فاروق نە لە فیکریدا بەردەوام عەقڵانی بوو نە گۆڕانە فیکرییەکانی بەرهەمی دروستبوونی گۆڕانی ڕاستەقینە لە بیرکردنەوەیدا بوو، نە لە زۆرێک لە هەڵسوکەوت و جوڵەکانیشیدا فیکر ئاراستەی دەکرد، بەڵکوو زۆربەیان پابەستی دروستکردنی پەیوەندیی تازە و چوونە بەرەیەکەوە دژ بە بەرەیەکی تر بوو. فیکرێک بخوازێت بەرهەمهێن بێت پێویستی بە هاوار و هێرش و پەلاماردانی بەردەوام نییە، بەڵکوو پێویستی بە بونیادێکی تۆکمەی بیرکردنەوە و مەنهەجیبوونێکی پتەو، هەیە. بەداخەوە لەبەشێکی زۆری نووسینەکانی فاروق دا ئەم پێداویستییە سەرەتاییانەی نووسین، ئامادە نین. با چەند نموونەیەک بهێنمەوە:

  • فاروق لە سالانی نەوەدا لەگەڵ ئێمە لەناو پڕۆژەیەکی فیکریی ڕۆشنگەردا کاریدەکرد کە بەرگریی لە سەربەخۆیی نوسەر و فیکری ڕەخنەیی دەکرد، کەچی ئەو زوو ڕەهەندی بەجێ هێشت و کەوتە دژایەتیکردنی هەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی کە گۆڤارەکە باوەڕی پێی بوو. لە دەوروبەری ساڵانی دووهەزاردا بەرەو ئیسلام و ئیسلامگەرایی ڕۆیشت و بەرگرییەکی گەورەی لە «شارستانیەتی ئیسلام» و پەیوەندی نێوان «ئیسلام و مافەکانی مرۆڤ» و ئیسلام وەک «ئەویدی» خۆرئاوا، دەکرد. دواهەمین وتاری لە گۆڤاری ڕەهەنددا شایەتی ئەم گۆڕانکارییە دەدات. لەوکاتەشدا ئێدوارد سەعیدی بە یەکێک لە بیریارە گەورەکانی جیهان دەزانی. کاتێکیش بۆ کوردستان گەڕایەوە ڕاستەوخۆ دایەپاڵ یەکگرتووی ئیسلامیی و کەوتە دژایەتییەکی ناعەقڵانیی و کەلەرەقانەی عەلمانیەت، تا ئەو شوێنەیش ڕۆیشت بە عەلمانەیت بڵێت «گەنوگو». کەچی دواتر و لەپڕێکدا بووەوە بە یەکێک لە بەرگریکەرە سەرسەرختەکانی عەلمانەیت و پەیوەندیکرد بەو گروپەوە مەلا بەختیار بۆ بەرگریکردن لە عەلمانیەت دروستیکردبوو. هەم لە هێڕشکردنەکەی و هەم لە بەرگرییەکەیدا لە عەلمانیەت، تێگەیشتنی فاروق لە عەلمانەیت تێگەیشتنێکی تەواو سەرپێیی و ڕۆژنامەگەرانە بوو، لە دەرەوەی بەشێکی زۆری ئەو ئەدەبیاتە زۆرەدا بوو، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا لەسەر عەلمانیەت نووسرابوون.
  • جارێک بزاوتی «رۆشنگەریی»، لە خۆرئاوادا بە «تارکیترین» چرکەساتەکانی ناو مێژوو ناودەبرد و وەک کارەساتێکی گەورەی ناو مێژووی فیکر و مێژووی ڕۆحانیەت باسیدەکرد. کەچی هەر لە  دوای ئەوەوە کەوتە بەرگریکردن لە «رۆشنگەریی» وەک فریادرەسی مرۆڤایەتی و پێشی وابوو موسڵمانان ناتوانن ڕەخنە لە «شارستانیەتی ڕاقی» خۆرئاوا بگرن. لە قۆناغی هێرشکردنەکەیدا بۆسەر ڕۆشنگەریی بەڕادەیەک پەڕگیر و هەمەلایەن بوو، ڕاستەوخۆ بوو بەیەکێک لە  نەیارەکانی گۆڤاری ڕەهەند و بڕیاری دووەکەوتنەوە و دابڕانیشی لە گۆڤارەکە دا، بە پچرانی هەموو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیش، لەگەڵ ئەندامانی گۆڤارەکەدا. تا ڕۆژی مردنەکەی، کە زیاد لە چارەکە سەدەیەکە، نە من هیچ جۆرە پەیوەندییەکم لەگەڵ فاروقدا مابوو، نە ئەو لەگەڵ مندا، هەمان شتیش لەگەڵ ئەندامەکانی تری گۆڤاری ڕەهەند دا.
  • لەسەرێکەوە ڕووناکبیرانی کوردی بە بوونەوەرێکی «زۆڵ» و بێ «ڕەگوڕیشە» لە قەڵەم دەدا و دەستەواژەی «تەڕەماش» و «میرزا» و «شەکرۆکەکانی حەشامەت»ی بۆ ناونانیان بەکاردەهێنا، دەشی گوت «ڕووناکبیر» وەک بوونەوەرێکی زۆڵ ناتوانێت بیربکاتەوە و بیرکردنەوەی پەکخستوە چونکە جێگای «فەیلەسوف»ی گرتۆتەوە، کەچی جارێکی دیکە بەرگریی لە بوونی ڕووناکبیر دەکرد، وەک خاوەنی عەقڵ و بوێریی ناوی دەبرد.
  • وەک پێشتریش هێمام پێ کرد جارێک بەرگریی لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی دەکرد و ئەم بەرگریکردنەشی بە هەڵە دابووە پاڵ ئێدوارد سەعید و بە ئێدوارد سەعید سەرسام بوو، کەچی دواتر ئیسلام و ئیسلامییەکانی بەسەرچاوەی کێشە سەرەکییەکانی دنیای ئەمڕۆ دەزانیی و ئیدوارد سەعید‌ـیش بە فاشیست. ئێدوارد سەعید نە بەرگریی لە ئیسلام و ئیسلامییەکان دەکات، نە نووسەرێکە بتوانیت بە فاشیست ناوی ببەیت.
  • جارێک دەیگوت «کوردایەتی بۆگەنی کردووە» و ناسیۆنالیزم گڵاوە، کەچی جارێکی دیکە دەبووە بەرگریکارێکی حەماسیی لە کوردایەتیی و ناسیۆنالیزم لە فۆرمە هەرە داخراو و ڕاسیستییەکەیدا و قسەی بە «عەرب» و «تورک» و «فارس» وەک نەتەوە دەدا. سەردەمانێک کۆمۆنیست و مارکسییەکی پەڕگیر بوو، کەچی دواتر بوو بە مرۆڤێکی کۆنەپارێز و بەرگرییکار لە نووسەرە ڕاستڕەو و نیمچە فاشیستیەکانی خۆرئاوا.
  • ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا لەگەڵ دین و عیرفاندا بەینی نەمابوو، کەچی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی فەلەستین‌ـەوە بە دیدی هێزە دینییە فاشیستیی و نیمچەفاشیستییەکانی ئیسرائیل بیری دەکردەوە و بەرگری لەوە دەکرد فەلەستینییەکان خاکی جووەکانیان داگیرکردووە.
  • کتێبی لەسەر عەشق دەنووسیی و بەرگریی لە خۆشەوستیی دەکرد، کەچی ڕەخنەی توندی لەو کوڕ و کچە گەنجانە دەگرت، کە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا، لە ڕێگای ئێس ئێم ئێسەوە خۆشەویستی خۆیان لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بۆ یەکتری بەیان دەکرد. فاروق پێی وابوو ئەم جۆرە کارانە عەشقیان لەم وڵاتەدا کوشتوە، هتد.
  • تێگەیشتنی بۆ ئاینیش لەناو هەمان مۆدێلی گوتنی شتێک و پێچەوانەکەیدا دەهات و دەچوو. ئەو سەردەمانێک دەیگوت ئایین «ڕۆحی جڤاتە»، “خوانێکە جڤات لە دەوری کۆدەبێتەوە”، “کایەیەکە مانا بە بوونی جڤات دەدات”، تا ئەو شوێنەش دەڕۆیشت کە بڵێت دین «مامۆستا و ڕابەری جڤاتە». بەرگریی لەوەش دەکرد کە «لە دەرەوەی موقەدەس کۆمەڵگە بوونی نییە»، کە مەبەستی موقەدەسی دینیی بوو. کەچی دواتر لە ڕێگای بەرگریکردن لە عەلمانییەتەوە ڕێک پێچەوانەی ئەو شتانەی دەگوت. بێگومان سەرجەمی ئەم بۆچوونانە لەسەر دین بەو یەکڕەنگییە، نەک ناچنە قاڵبی فەلسفەوە، بەڵکوو هەڵەن و هەڵەی گەورەش، چونکە دین وەک چۆن دەشێت خوانی کۆکردنەوەی خەڵک لەناو کۆمەڵگەدا بێت، دەشتوانێت هێزی دابەشکردن و پێکدادان و جەنگی دینیی سەخت و بەردەوامیش بێت. ئەو یەک تۆنییە لە قسەکردنیدا لەسەر ڕۆلی دین، جگە لەوەی بەرگرییەکی ئایدیۆلۆجییە لە دین، هاوکات دابڕاوە لە سادەترین پێدراوە مەنهەجیەکانی قسەکردن لەسەر دین وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی.
  • بەهەرحاڵ، فاروق لە وێناکردنی دینەوە وەک «ڕۆحی جڤات»، زۆر بە ئاسانی دەپەڕێتەوە بۆ پێچەوانەکەی و عەلمانییەت بە چارەسەر دەزانێت. عەلمانییەت بەو مانا سادە و ئایدیۆلۆجییەی داوای دابڕانی دین لە سیاسەت، دین لە ژیانی گشتیی، دەکات. بەبێ ئەوەی  پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات، ئاخر شتێک «ڕۆح» و «خوانی کۆبوونەوە» و «ڕابەر» و «مامۆستا»ی جڤات بێت و لە دەرەوەی موقەدەسی دینیدا کۆمەڵگە بوونی نەبێت، چۆن دەتوانرێت لە سیاسەت و ژیان و گشتیی، جیابکرێتەوە. ئەگەر دین، وەک فاروق دەیگوت، هەڵگری هەموو ئەو ئاکارانە بێت کە باسمان کرد، چۆن دەکرێت بەرگریی لە عەلمانییەت بکرێت کە دین بۆ پەیوەندییەکی تاکەکەسی نێوان خودا و کەسی ئیماندار کوردت دەکاتەوە.

وەک گوتم، گوتنی شتێک و دژەکەی بەشێکی گەورەی نووسینی ئەم نووسەرەیە. ئەمەش هەرچییەک بێت بیرکردنەوەیەکی نیمچە زانستییش نییە، نەک فەلسەفیی، کە تیایدا بیرکردنەوە خاوەنی لۆجیکێکی ناوەکیی کۆگیرە و بەش و ڕەگەزە جیاوازەکانی بەیەکدی ناکۆک و دژ بەیەک نین.

لە ئاستی سیاسیشدا، فاروق، ڕۆژێک باسی لە گرنگیی سەربەخۆبوونی ڕووناکبیران دەکرد و سیستەمە سیاسییەکەی بە ستەمگەر دەزانیی، کەچی هاوکات پارتی سیاسیی لەم کوردستان‌ـەدا نەما پەیوەندییان پێوە نەکات و لێیان نزیک نەبێتەوە و نەچێتە پاڵیان و لەمیدیاکانیاندا کار نەکات. لە یەکگرتووی ئیسلامیی‌ـەوە بیگرە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ لە یەکێتیی نیشتیمانیی‌ـەوە بۆ نەوەی نوێ، بە تێپەڕین بەناو بزووتنەوەی گۆڕان دا. کێشەکەش لەوەدابوو لە هەر پارتێکی سیاسی نزیک دەبووەوە ڕێک بە زمانی ئەو پارتە و لەناو ئاسۆی چاوەڕوانی ئەو پارتەدا، دەدوا و دەینووسی، نەک درێژە بە گوتارەکانی خۆی بدات و بەو زمانە قسە بکات کە لە نووسەرێکی ڕەخنەیی خاوەن فیکر چاوەڕێ دەکرێت. بە مانایەکی دیکە لەباتی ئەوەی پارتەکە ناچار بکات بە زمانی ئەو قسە بکات، ئەو بە زمانی ئەو پارتە سیاسییە قسەی دەکرد کە لێی نزیک دەبووەوە.

لە دەرکەوتنە گشتیی و میدیایەکانیشیدا زۆرجار وەک کەسێکی توڕە و هێرشبەر و شکێنەری بەرامبەر، دەردەکەوت. لەو دۆخانەدا زمانی قسەکردنی زمانی بێنرخ و گرگنکردنی بەرامبەرەکەی بوو. سڵیشی لەوە نەدەکردەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەستەواژەکانی «گاگەل» و «کۆیلە» و «غەبی» و «حەشامەت» و «عەوام» و «نەفام» و «گاڕان» و «گەمژە» و «جاهیل» و «مێگەل»، هتد، بەکاربهێنێت.

سەرجەمی ئەم کارانە وایان کرد فاروق، لە دوا دەرەنجامدا، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر وێنە و ڕۆڵی ڕووناکبیر لە دنیای ئێمەدا، هەبێت. نەبوونی لانی کەم لە کۆگیریی ناوەکیی لە بیرکردنەوەیدا، گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی، هەڵبەزو دابەز و سەنگەرگۆڕینە بەردەوامەکانی، تەبریرهێنانەوە و بەفیکرکردنی ئەم هەڵبەز و دابەزە ناعەقڵانییانە، وای کرد نرخی ڕەخنەی فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی ڕووناکبیر، تەواو کەم بایەخ و کەم نرخ بکاتەوە. خۆیشی ببێت بە مۆدێلێک لە ڕووناکبیر، کە هەم لە نرخە ڕەمزییەکەی ڕووناکبیر کەم بکاتەوە و هەم باوەڕ و متمانە بە ڕووناکبیر، تەواو لاواز بکات.

هیوادارم کۆچی لەناکاوی ئەم نووسەرە و ئەو خەمبارییەی دوای مردنە ناوەختەکەی دروستی کرد، هۆکارێک بێت بۆ پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەییانە بە کار و ڕۆڵ و وێنەی ڕووناکبیر لە دنیای ئێمەدا. ئەو وێنە نێگەتیڤەی ڕووناکبیر لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە، کە فاروق لە زیاد لە ئاستێکدا بەشدارە لە دروستبوونیدا، پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە. فاروق یەکێک لەو نووسەرانە بوو، کە زیاد لە درز و شەبەقێکی کردە وێنە و ئەرک و پەیامی ڕووناکبیرەوە. ئاخر کەسێک بەردەوام شتێک و پێچەوانەکەی بڵێت، وتنەکانیشی بەرهەمی پێشخستن و گەشەدان بە دەزگا چەمکییەکەی و قووڵترکردنەوەی تێزەکانی نەبێت، بەڵکوو لەزۆر کاتدا پەیوەندیی بە گۆڕینی هەڵوێست و گۆڕینی پەیوەندییە سیاسییەکانییەوە هەبێت، سەرجەمی ئەو متمانەیەی لەنێوان ڕووناکبیر و کۆمەڵگەدا هەیە، لاوازدەکات، ئەگەر بە تەواوی وێرانی نەکات.

بەداخەوە فاروق مۆدێلێکی لە ڕووناکبیر نیشان نەدا، بکرێت متامەنە بە شیکردنەوە و گوتار و قسەکانی بکرێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO