محەمەد شوانی
ئاسۆکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دوور و ناڕوونن، هیچ هیوا و ئومێدێک نییە لە بارودۆخێکی وەکوو ئەم ڕۆژگارە ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت، یان تەنانەت پێداگری و گفتوگۆی لەسەر بکرێت. جگە لەوەی خۆی لە بنەڕەتدا و لە کاتی ئاسایی کۆمەڵیک ئاستەنگی هەبوو، بۆیە لە وادەی دیاریکراودا، کۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێ نەکرا، ئێستاش بە بەراورد بەو کاتە ئاستەنگەکان خراپتر و گەوەرتر بوون. بۆ نموونە، پابەندنەبوونی لایەنە عێراقییەکان بە دەستوور زۆر زیاتر بووە، مەیل و کارکردن بۆ ناوەندێکی بەهێز و سەپاندنی دەسەڵات زۆر گەرمتر بووە، نەمانی متمانە و دروستبوونی کەلێن لە نێوان نەتەوەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بە گشتی و لە نێوان خودی حیزبە کوردستانییەکان و کورد و ناوەند بە تایبەتی، زۆر گەورەتر بووە، چاوتێبڕین و دەستێوەردان و فشاری هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بەهێزتر بووە.
سەرەڕای ئەمانەش ئێستا نائارامی و شەڕ و ململانێی زلهێزەکان لە ناوچەکە ڕێگە بە هەڵگیرسانی پریشکێکی دیکەی ناکۆکییەکان نادات و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق و باشووری کوردستان لەگەڵ ئارامی و نەبوونی توندوتیژی و ئاڵۆزنەکردنی بارودۆخەکەیە. بۆیە، لە ڕوویەکەوە وروژاندنی ئەم پرسە لەم کاتەدا لۆجیکی نییە. گونجاوترین کارێک بکرێت بۆ ئەم قۆناغە دۆزینەوەی جێگرەوەکانە بە شێوەیەکی کاتی و سووربوونی کوردە لەسەر ماددەی ١٤٠، بە تایبەت هەنگاوی یەکەمی ماددەکە، ئاساییکردنەوەی بارودۆخی دێموگرافی و کارگێڕیی و ئەمنی ناوچەکە و هەڵگرتنی سەرژمێریی و ڕیفراندۆم بۆ هەلومەرجێکی دیکە.
لە دەستووری نوێی عێراق دا ماددەی ١٤٠ لە چوارچێوە و بەشی ماددە گواستراوەکان (ئینتقالییەکان)دایە، بەو مانایەی پەیوەستە بە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراوەوە. دەبوو لەو ماوە زەمەنییە دیاریکراوەدا جێبەجێ بکرێت و ئەو کێشە و بابەتەی بووەتە مایەی دانانی ئەم ماددەیە کۆتایی بێت، بە هەمان شێوەی ماددەکانی دیکەی ئەم بەشە. بۆ نموونە، ماددەی ١٣٩ دانانی دووجێگر بۆ یەک خول یان ماددەی ١٤٢ لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانی کارێکی پێویست و ماوەیەکی دیاریکراو، ماددەی ١٤٠یش پەیوەستە بە کێشەیەکی دیاریکراوە، تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، ئەو ماددە دەستورییە هەر دەمێنێ و دەکرێ کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. ئەگەرچی لە قۆناغێکیشدا وەکوو هەڵپەسێردراو یان سڕکردن بمێنێتەوە، بە هۆی لەبارنەبوونی ڕەوشی جێبەجێکردنی. بەڵام لە ڕووی یاسایی، بە هۆی ئەوەی یاساکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک دانراوە، تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەبێت ماددەکەش دەمێنێت و دەکرێ لە هەلومەرجێکدا جێبەجێ بکرێت.
هەروەکوو دەزانین قۆناغەکانی ماددەی ١٤٠ بریتین لە سێ هەنگاو. هەنگاوی یەکەمی، ئاساییکردنەوەیە، واتە گێڕانەوەی بارودۆخی دێموگرافی و کارگێڕی و ئاوەدانی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بۆ بارودۆخی ئاسایی پێش دەستوێوەردانو بەکارهێنانی هێزو پیادەکردنی سیاسەتی شۆڤینیستی عەرەبی لە ناوچەکە، کە لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانەوە دەستی پێکردووە، بە تایبەتی لە سایەی دەسەڵاتی هەندێک لەسەرکردەکانی حیزبی بەعس، جارێک لە ١٩٦٣ و دواتر لە ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣، کە لێرە هەندێک لەو نموونانە دەخەینە ڕوو:
یەکەم، دەیان هەزار خێزانی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، تا ئیستاش بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە، لە شوێنیان خێزانی عەرەبی نیشتەجێ کراون. بە پێی ماددەکە دەبێ تەواوی هەردوولا بگەڕینەوە شوێنە ڕەسەنەکانی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە.
دووەم، هەزاران گوند و شارەدێی کورد ڕووخێنراون، ئێستاش بەشێکی زۆریان بە چۆڵی ماونەتەوە، زۆرجار دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ پەناگەی گرووپە تیرۆریستییەکان، یان چاوتێبڕینی مەڕدارە عەرەبەکان بۆ تەعریبی نوێ و نیشتەجێبوون لەو ناوچە چۆڵکراوانە. بەپێی ماددەکە دەبوو ئاوەدان بکرێنەوە.
سێیەم، دەیان هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کورد دەستی بەسەردا گیراوە، تاپۆی گۆڕدراوە، لە زەویوزاری تاپۆی کوردەوە خراوەتە سەر وەزارەتەکانی دارایی و بەرگریی و شارەوانی و ناوخۆ، تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەو زەویانە بە فەرمی نەدراوەتەوە جوتیارە کوردەکان کە خاوەنی ڕەسەنی ئەو خاکەن. مامەڵەی پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریان بۆ ناکرێت. بەپێی ماددەکە دەبوو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنەوە و زەوییەکان بە خاوەنەکانیان بدرێنەوە وەکوو هەنگاوێک لە ئاساییکردنەوە.
چوارەم، لە ڕووی کارگێڕییەوە دەیان قەزا و ناحیە بە سەرجەم گوند و ئاوەدانییەکانیانەوە لە کەرکووک دابڕێنراون، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگاکە خراونەتە سەر پارێزگاکانی دیکە. دەبێ نەخشەی کارگێریی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان وەکوو خۆی لێ بکرێتەوە، پێش ١٩٦٨ چۆن بوو بەو شێوەیە دروست بکرێتەوە، قەزا و ناحیە کوردنشینەکان بخرێتەوە سەر کەرکووک. تا ئێستا لە چوارچێوەی هەنگاوی یەکەمی ماددەکەدا ئەمە نەکراوە.
پێنجەم، هەر بەپێی دەستووری عێراق دەبێ ڕێگا لە تەعریبی نوێ بگیرێت، ئیتر بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە گۆڕانی دیمۆگرافی نەدرێت. هەر نیشتەجێبوونێک بە مەبەستی گۆڕانی دیمۆگرافی بێت بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری عێراق بدرێتە قەڵەم، بکەرانی سزا بدرێن، ئەگەرچی بە هۆی بێکاری و ناکۆکی و ململانێی سیاسی و مەزهەبی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەبەردەوام خێزانە عەرەبەکان ڕوو لە کەرکووک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن، وەکوو دۆخ و ڕووداوێکی مرۆیی پێشوازیان لێ دەکرێت. ئەمەش مەترسی زۆری هەیە بۆ ئایندە ئەگەر ڕێوشوێنی پێویستی بۆ وەرنەگیردرێت، لە جیاتی ئاساییکردنەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی نوێ لەسەر داهاتووی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان.
دواتر هەنگاوی دووەمی ماددەی ١٤٠ سەرژمێریی بکرێت، وەکوو ئامادەسازییەک بۆ هەنگاوی سێیەم پێویستی بە ئاماری دانیشتوانی ناوچەکە هەیە، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بزانرێت و تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی دەنگداندا ڕێژەی بەشداربووان بەراورد بکرێت.
هەنگاوی سێیەم و کۆتایی بریتییە لە دەنگدان. بەشێوەیەکی دیموکراسی و مەدەنیانە دەنگ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم ناوچانە بدرێت. ئەمەش بە مانای جیابوونەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نییە، بەڵکوو تەنیا داننانە بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستان، کە لە چوارچێوەی عێراق دا ئیدارەیەکی سەربەخۆی هەبێت لەو ناوچانەی کە بەپێی هەموو بەڵگە مێژوویی و مرۆیی و سروشتییەکان خاک و نیشتمانی نەتەوەیی کوردستانیانە.
لە دۆخێکی لەم جۆرە کە تیایدا بەپێی دەستوور چارەنووسی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان یەکلایی ناکرێتەوە، کورد چی بکات باشە؟
ئەگەر زەمینەسازی بۆ ڕێکەوتنی کورد لەگەڵ گرووپ و نەتەوەکانی ئەم ناوچانە بکرێت، زۆر باشتر و گونجاوترە لە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە بەغدا، واتە کەمکردنەوەی فشار و دەستێوەردانی هێزەکانی دەرەوەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و زەمینەسازی بۆ بڕیاردانی خەڵکی ناوچەکە خۆیان لەسەر هەر شێوازێکی بەڕێوەبردن.
پێویستە کورد لەگەڵ ناوەند هیچ ڕێککەوتنێکی درێژمەودا نەکات، جگە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئەگەر هەر ڕێککەوتنێکی کاتیش بکات پێویستە لە ڕێککەوتنەکە نووسرابێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ زەمینەسازی و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، بەتایبەتی هەنگاوی ئاساییکردنەوە، نابێت گرفتی بۆ دروست بکرێت. ئەگەر ڕیفراندۆمەکەش ئەنجام نەدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکە پێویستە کوردستانیان پێداگری لەسەر ئاساییکردنەوە و سڕینەوەی ئاسەواری ئەو ستەمە بکات کە بە درێژایی پەنجا شەست ساڵی ڕابردوو بەرامبەر کوردستانیان کراوە.
هەر سیناریۆیەکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بە زیانی کوردستانیان تەواو دەبێت، چارەسەری دەستووری کە لە ماددەی ١٤٠دا هاتووە پەراوێز دەخرێت، ناوچەکە ئاسایی ناکرێتەوە، ئاسایی نەکردنەوەش مانای بەردەوامی پرۆسەی تەعریبە.



