سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەنفال و نکوڵیکردن

ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر تاوانەکانی ئەنفال دا تێپەڕی. ئەنفالێک تا ئێستا وەکو زۆربەی ڕووداوە جەرگبڕەکانی دیکە، لەلایەن دەوڵەتێکەوە ئەنجام درا، کە تا ئێستاش زۆرینەی جیاوازی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتە؛ بەهەمان نەفەس و ئەقڵییەتی سەردەمی دەسەڵاتی عروبی بەعس مامەڵە لەگەڵ کەیسی کورد دا دەکەن، یەکێکیش لەو کەلێنانە مەسەلەی نکوڵیکردنە لە فۆرم و شێوازی جیاوازەوە.

ئازارەکان قوڵن، بەچاوتروکانێک ساڕێژ نابن، کێشەکەش خۆی لە شەپۆڵە بەردەوامەکانی دوژمنکاریدا دەبینێتەوە، خۆی لە بەدوادانەچوونی هیچ ڕووداوێک و ڕاستییەکدا دەبینێتەوە لە جۆری کۆمیتەیەکی بەدواداچوونی ڕاستییەکان. خۆی لە نکوڵیکردندا دەبینێتەوە؛ یەکێک لەو فۆڕمانەی نکوڵیکردنیش ئەو قسەیەیە کە جاروبار بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق بە مەبەست یا بێ مەبەست فڕێی دەدەن و دەڵێن: “سەدام لە هیچ شتێک دادوەر نەبووبێت، لە دابەشکردنی زوڵمدا دادوەر بوو”. ئەم قسەیە زۆر جار سیاسییە کوردەکانی ئێمەش تێیکەوتوون و دووبارەیان کردۆتەوە. ئیشکالییەتی ئەو قسەفڕێدانە لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە:

یەکەم: سەدام تەنها سەرۆکی دەستەڵاتێکی توندڕەوی دەوڵەتێک بوو. بەڵام دەوڵەت بە هەموو دامەزراوەکانییەوە بەشدار بوو لە تاوانەکانی جینۆساید بە جینۆسایدی فەیلییەکان، بارزانییەکان و ئەنفال و “هەڵەبجە”شەوە. بۆیە بەتەنها ناوهێنانی سەدام، لەخودی خۆیدا هەڵەیەکی کوشندەیە.

دووەم: ئەوەی بەسەر کورد دا هات، تەنها زوڵمێک نەبوو، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەیەک بوو. زوڵمکردن زۆر شێوازی هەن، بەڵام لەو دەستەواژەیەدا تێبزرکردن و خۆبوواردنە لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون.

سێیەم: ڕاستە زوڵمێکی زۆر لە شیعەی عەرەب کراوە، لەوانەش: کەیسی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی 1991، کە ناویان ناوە ڕاپەرینی شەعبانی؛ کەیسی کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە ١٩٨٢؛ کەیسی وشککردنی زۆنگاوەکان. هەر سێ کەیسەکە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق وەکو (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) ناوزەد کران و بڕیاریان لەسەر درا. ئەوان بۆ خۆیان کە دەستەڵاتداری عێراق‌ـن و هەژموونیان بەسەر دادگای باڵای تاوانەکاندا هەبووە، نەیانتوانی لە دادگای باڵای تاوانەکان هیچ یەکێک لەو کەیسانە بە جینۆساید بناسێنن. کەیسە قوڕسەکەیان وشککردنی زۆنگاوەکان بوو، کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسێندرا.

چوارەم: دەستەڵاتی ئێستای عێراق میراتگری شەرعی هەموو کەیسەکانی جینۆسایدە. نە داوای لێبووردن، نە قەرەبووکردنەوە و نە دادگاییکردنی ئەوانەی ماون بە تێپەڕبوونی کات کۆتایی نایەت. بۆیە تا مرۆڤێکی کورد مابێت، ئەو تاوانەش لە نێوچاوانی عێراق نابێتەوە.

پێنجەم: گلەیی هەرە گەورە لە دەستەبژێری سیاسی و نوێنەرانی کوردە لە بەغدا، کە زۆر بە خوێنساردی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسەدا دەکەن و کردوویانە. هەندێک کوردیش عێراقی جینۆساید بە بابەگەورە دەزانن.

شەشەم: جینۆساید ئەو ڕێگایە بوو، کە کورد دەیتوانی بەرینەدات و بیگەیەنێت بە دەوڵەت، وەکو ئەوەی کە زۆربەی ئەو نەتەوانەی جینۆساید کران، ئێستا خاوەن دەوڵەتن. ئێستاشی لەگەڵدا بێت تاکە گرێنتۆری دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید، دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە.

حەفتەم: خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی بووە، بۆ جێگیرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی بووە، نەک دژ بە ڕژێمێک و جۆرە سیاسەتێک. بۆیە کاردانەوەی عێراق دژ بە کورد کاردانەوەی دەوڵەوتێک بوو بە ئەخلاقی داگیرکەر، دژ بە نەتەوەیەکی داگیرکراو. ئەم چەمکانە هەموویان دەرەنجامی خۆیان هەن، بەڵام دەستەبژێری سیاسی کورد و بەرپرسە کوردەکان لە بەغدا تا ئێستا لەو چەمکانە تێناگەن.

هەشتەم: ئەو وێنەیەی خوارەوە بێجگە لە ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی داگیرکەر، هیچ مانا و مەغزایەکی دیکە هەڵناگرێت. تا کورد وانەزانێت کە ئەو پێتەختانەی کوردستانییان بەسەردا دابەشکراوە، داگیرکەرن، هەر لەو بازنە بۆشاییانەدا دەسوڕێنەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO