هیوا ساعدی
ئەم ئاگربەستە نوێیەی کە لە نێوان واشنتن و ڕژێمی داگیرکەری ئێران دا باسی لێوە دەکرێت، پێش ئەوەی هەوڵێک بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی، مانۆڕێکی کاتییە بۆ گۆڕینەوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکان لەسەر حسابی ئەو نەتەوانەی کە لەژێر دەسەڵاتی تاران دا دەناڵێنن. بۆ تاران، ئەم ئاگربەستە وەک سییەک وایە بۆ هەناسەدان و دەربازبوون لەو گەمارۆ ئابوورییە توندانەی کە هەناسەی لێ بڕی بوو، بەڵام بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی پڕ لە مەترسییە.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک تاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەست بە کەمبوونەوەی فشارەکان بکات، دەستبەجێ هەموو وزە و توانای خۆی بۆ ناوخۆ و سەرکوتی نەتەوە بندەستەکان دەگەڕێنێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە دەبنە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات بەبێ باکی و بێ ترس لە سزای نێودەوڵەتی، پەتی سێدارە و گرتن و سەرکوتکردنی توندتر بکات، چونکە وای دەبینێت کە جیهان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان چاوی لە ئاست پێشێلکارییەکان دادەخات.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، ڕۆڵی ئیسرائیل وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لەم هاوکێشەیەدا زۆر هەستیارە. ئیسرائیل هەرگیز بەم جۆرە ئاگربەستانە ڕازی نابێت و وەک هەڕەشەیەکی ستراتیجی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی سەیری دەکات. لەم ماوەیەدا، ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و سەربازیی نهێنییەوە، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی کشانەوەی فشاری ئەمریکاوە دروست بووە. ئیسرائیل دەزانێت کە ئاگربەست بەواتای دەرفەتێکە بۆ ئێران تا ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکیی خۆی بەهێزتر بکات. بۆیە، پێشبینی دەکرێت لەم قۆناغەدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەتایبەت لە سووریا و لوبنان، چڕتر ببنەوە. ئەمەش دەکرێت ناوچەکە بەرەو پێکدادانی ناڕاستەوخۆ بەرێت کە کورد تێیدا لە هێڵی پێشەوەی ئاگرەکەدایە و باجە هەرە قورسەکە دەدات.
لە لایەکی ترەوە، کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە بۆ سەر باشووری کوردستان تەنها لە کەمبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکاندا کورت نابێتەوە. ڕەنگە لە ڕوواڵەتدا دۆخەکە هێور بێتەوە، بەڵام ئەمە تەنها گۆڕینی شێوازی شەڕەکەیە. ئێران لە کاتی ئاگربەستدا زیاتر پەنا بۆ فشاری نەرم و بەکارهێنانی بەغدا دەبات بۆ لاوازکردنی قەوارەی نەتەوەیی و سیاسی هەرێم و لێدانی پێگە دەستوورییەکەی. واشنتۆن تەنها بەدوای هێورکردنەوەی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندیی هەڵبژاردن و وزە، نەک بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیەک کە ساڵانێکی درێژە دەچەوسێنرێتەوە.
لێرەدا ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە کە وریای ئەم یارییە بن و تێبگەن کە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی داگیرکەر لەگەڵ زلهێزەکان، پێویستی بە یەکڕیزییەکی نەتەوەیی بەهێزتر هەیە. پێویستە گوتاری سیاسی کورد لەم قۆناغەدا یەکگرتووتر بێت، چونکە بێدەنگی جیهان لە ئاست داگیرکەر لە کاتی ئاگربەستەکاندا، زۆر مەترسیدارترە لە کاتی شەڕە ڕاستەوخۆکان.
کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە کە تێیدا دەبێت جیاوازییەکانی نێوان ئاشتییەکی ڕاستەقینە و تەڵەیەکی سیاسی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی داگیرکەر بە باشی لێک بدەینەوە و ڕێگە نەدەین جارێکی تر چارەنووسمان لە بازاڕی بەرژەوەندییەکانی تاران و واشنتن دا هەراج بکرێت. دەبێت ئەوە بزانین کە ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە تەنها بە یەکگرتوویی و توندکردنی بەرەی ناوخۆیی دەپارێزرێت، نەک بە متمانەکردن بەو ئاگربەستە کاتییانەی کە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی داگیرکەران داڕێژراون.



