دوای تێپەڕینی ٣٨ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دا؛ دوای ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی، کاتی ئەوە هاتووە گوتاری کوردستانیی لەم یادانەدا لە شینگێڕی و نواندنی مەزڵومیەتەوە بگۆڕێت بۆ گوتارێکی یاسایی و زانستی و نەتەوەیی بەهێز. پێویستە ئەم یادانە بکرێنە هەوێنی بنیاتنانی داهاتوویەکی پارێزراو. بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت سوود لە ئەزموونی نەتەوەکانی تری وەک جووەکان و کۆسۆڤۆ وەربگیرێت، لە خوارەوە هەڵوەستە لەسەر هەندێک لەو مۆدێلانە دەکەم بۆ وانە وەرگرتن.
یەکەم: مۆدێلی جیهانی و وانەکان
- مۆدێلی جووەکان و هۆڵۆکۆست: جووەکان هۆڵۆکۆستیان کردووە بە کۆڵەکەی پاراستنی بوونی خۆیان. ئەوان لە ڕێگەی بەدامەزراوەییکردن، وەک ناوەندی (یاد ڤاشێم ) هەموو بەڵگە و ناوێکیان ئەرشیف کردووە. هەروەها یادەکەیان بەستووەتەوە بە هێزەوە، دروشمی (جارێکی تر نا)یان گۆڕیوە بۆ هێزی سەربازی و ئابووری. لە ڕووی یاساییەوە تا ئێستاش ڕاوی تاوانباران و ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە هاوکاری نازییەکانیان کردووە و دەیاندەن بەداگا و سزایان دەدەن.
- ئەزموونی کۆسۆڤۆ: ئەوان یادی قوربانییەکانیان وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەکارهێناوە. لە ڕێگەی هونەر و بەتایبەتیش سینەماوە چیرۆکی خۆیان گەیاندە جیهان. کوردیش دەتوانێت لە هەر دەرفەتێکی ڕەخساودا لە دەرەوەی کوردستان تەنانەت لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی دنیاشدا بە زمانی سەردەم بەڵام بەکولتووریی خۆی ئەم یادانە بکاتەوە.
دووەم: پێداچوونەوە بە گوتاری ناوخۆیی
دوای سێ دەیە لە حوکمڕانی، دەبێت ئازاو ڕاشکاو بین لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ مێژوو. هیچ نەنگییەک نییە جیاوازی بکەین لە نێوان دەسەڵاتی دەوڵەت و نەتەوەی عەرەب. بەڵکوو زۆر گرنگە کورد هێندە وریا بێت بزانێت ئەوەی لە جێنۆسایدی کورد بەرپرسیار و تاوانبارە دەوڵەتی عێراق و سیستەمی سیاسی حیزبی بەعس بووە، نەک هەموو عەرەب یان هیچ نەتەوەیەکی دی لە عێراق دا. لە هەمان کاتدا نابێت ڕۆڵی تاوانکاریی ئەو کوردانەش نادیدە بگیرێ و تاوانەکانیان بەسیفەتی کوردبوونیان بشاردرێتەوە، کە لەناو دامودەزگا ئەمنییەکان و میلیشیای جاش دا بوون؛ بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەتاوانەکان بەشداربوون. ئەم ڕاشکاوییە یارمەتیمان دەدات باشتر هەنگاو بنێین و خێراتر بەرەو خۆڕێکخستنەوە و کۆیادەوەریی بچین و لە چوارچێوەی حیزبی دەریبهێنین. چونکە هەتا ئەم یادانە لەژێر دەستی حیزب دابن لەناو هەژموونی و دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵەکانیشدا دەمێننەوە. ئەوەش بەواتای داماڵینە لە مۆرک و ناسنامە نەتەوەییەکەی و ڕێگە لە کۆیادەوەریی دەگرێ و هەر ڕۆژەی لە شارێک و لە گوندێک یادی ئەنفال دەکرێتەوە. ئەمەش وا دەکات گیانی ئامادەیی بۆ یادەکان کەم بکاتەوە و کەمترین کەس بەشداری یادەکان بکات.
سێیەم: پێشنیازە پراکتیکی و نوێیەکان بۆ یادکردنەوە
بۆ ئەوەی یادەکان تەنها لە وتار و کۆڕی ماتەمینیدا نەمێننەوە، دەکرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن:
- لەهەموو شار و شارۆچکەکانی وەک هەڵەبجە، بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە؛ لە شارەکانی وەک کەلار، ڕزگاری، کفری، چەمچەماڵ بۆ ئەنفالی گەرمیان؛ لە قەزای دوکان و کۆمەڵگەی پیرەمەگروون، بۆ ئەنفالی دۆڵی جافایەتی و سورداش؛ لە چوارتا و ماوەت و گاپیڵۆن بۆ ئەنفالی شارباژێر و لە قەرەداغ و سێوسێنان بۆ ئەنفالی قەرەداغ، یاخود هەموو شارو شارۆچکەکانی سەر بە پاریزگای سلێمانی؛ بۆ ئەنفالکراوانی پارێزگای هەولێریش لە قەزای سۆران، مێرگەسۆر و دارەتوو و کەورگۆسک، شێخوەسانان؛ لە پارێزگای دهۆکیش لە قەزای زاخۆ و ئامێدی و شێخان و ناوەندی پارێزگای دهۆک بۆ ئەنفالی بادینان تەنها ژوورێک بۆ (ستۆدیۆ)یەک دابمەزرێ ڕۆژانە کەسوکاری ئەنفال یان ئەوانەی چیرۆکێکیان دەربارەی ئەنفال هەیە بهێندرێن لەو ستۆدیۆیەدا زۆر بەسادەیی چیرۆکی خۆیان تۆمار بکەن و بەشێوەی دیجیتاڵی هەڵبگیرێ و دابندرێت و دواتر بەتیمێکی پسپۆڕ بسپێردرێت بۆ ئەوەی فیلمی دۆکیومێنتارییان لێ دروست بکرێت و دەزگایەکی چاپیش هەموو ئەو چیرۆکانە (تەفریغ) بکات و بیانوسێتەوە و چاپ بکرێن و کتێبخانەی تایبەتیان لە مۆنۆمێنتەکاندا بۆ بکرێتەوە و لەوێ بفرۆشرێنەوە و داهاتەکەشی بۆ هەمان پڕۆژە خەرج بکرێتەوە.
- یەکێک لە زەرەر و زیانە مەعنەوییەکان کە لە تاوانی جینۆسایددا لەدەستمان داوە بەها کولتووریەکانن. بۆنموونە، هاوخەمی بەکۆمەڵ پێش تاوانی ئەنفال دابونەریتێکی کوردەواری بووە، پرسەی کەسێک دەبووە پرسەی گشتی، خاوەن پرسە بەتەنیا قورسایی ڕێورەسمی پرسەی نەدەکەوتە ئەستۆ نە لەڕووی خەرجی ماڵیی و نە لەڕووی مەعنەوییەوە، بەڵکو هەموو خەڵکی گوند و بگرە خەڵکی دەوروبەریش بەشدار دەبوون، دوو ژەمی خواردن لە ماڵانی گوندەوە ئامادە دەکران و بە سینی خواردن دەبرایە مزگەوت بۆ پیاوان و ژنانیش بۆ ماڵی پرسەدار. ئەمە جگە لەوەی هەر کۆمەڵە کەسێک پێکەوە زەخیرەیان دەکڕی و بە زەخیرەی خۆراکەوە بەشداری پرسەیان دەکرد، بەم نەریتە خاوەن ماڵ نەک خەرجی نەدەکەوتە سەر بەڵکو زەخیرەیەکی زۆریشی بۆ دەمایەوە. لەڕووی مەعنەویشەوە هەستی بەتەنیایی نەدەکرد.
- لەڕووی پابەندی ئەخلاقیەوە دەتوانرێت پشتبەستوو بەو کولتوورەی ڕابردوو هەموو بەشدار و هاوسۆزی کەسوکاری قوربانییەکان بین و لەبری ئەوەی یادەکان ببنە ڕۆژی خەرجی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ببنە ڕۆژی دەستگرتنەوە و بەشداری ڕاستەقینەی دەستەجەمعی. بۆ نموونە، ڕۆژانی یادەکانی گازبارانی هەڵەبجە و قوربانیانی ئەنفال لەسەراسەری کوردستان دا لە هیچ شارێکدا قەسابخانەکان کار نەکەن، هیچ پەلەوەر و ئاژەڵێک لەو ڕۆژانەدا سەرنەبڕدرێت، لە هیچ چیشتخانەیەکیش گۆشت لێ نەنرێت و کەبابخانەکانیش کار نەکەن. ئەوەش وەک یادێکی سیمبولیی و بەرپەرچدانەوەی خوێنڕێژی و ڕێزگرتن لەو منداڵانەی لەکاتی ئەنفال دا لەبرسان مردن، یاخود لەو باڵندە و مەل وئاژەڵانەی بە چەکی کیمیایی کوژران یان لە ئەنفال دا بەتاڵان بران. سوودی جێخستنی ئەم نەریتە تەنها ماڵی نییە بەڵکو مەعنەوییە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان خەڵکانی بیانی و بەتایبەتیش عەرەب و نەتەوەکانی تری لێدەژین یان سەردانی دەکەن بەتایبەتیش لە وەرزی بەهار و گەشتوگوزاردا ئەگەر ڕۆژێک لە کوردستان بەر ئەو حاڵەتە بکەوێ و لە هیچ شوێنێک گۆشتی دەست نەکەوێ لەلای دەبێتە پرسیار و لەیادەوەریدا دەمێنێتەوە. هەڵبەت سوودێکی تریشی ئەوەیە لەو ڕۆژانەدا خانەوادەکانی (هەڵەبجە و گەرمیان و بالیسان و شوێنانی تر) قەرەباڵغیان دەکەوێتە سەر، بەڵام بەم نەریتە خەرجییان لەسەر کەم دەبێتەوە.
- ڕۆژانی یادی ئەنفال و هەڵەبجە بکرێن بەڕۆژی لێبوردەیی و ئاشتبوونەوە، وەک هەر ڕۆژانێکی تری جەژنەکانی قوربان و ڕەمەزان دڵلێکئێشاوەکان ئاشت ببنەوە، یاخود تیم و گرووپی کۆمەڵایەتی دروست بکرێن بۆ ئاشتکردنەوەیان و ئەمە ببێتە نەریت بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەو تاوانانە.
- ڕۆژانی ئەو یادانە نەک هەر نەکرێن بە پشوو بەڵکو دڵسۆزانەتر کار بکرێت.
- لە دەروازەی هەر گوندێکدا کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی گوندەکان (بەپارەی خۆیان و تێکۆشانی خۆیان و بەهەرەوەزی) ناوی هەموو ئەنفالکراوەکانیان لەدیوار بەندێکدا بنووسن.
- هەموو ماڵێکی شەهید یان ئەنفالکراو ناوی هەموو شەهیدەکانیان بە تابلۆیەک لە دیوی دەرەوەی حەوشەی ماڵەکانیان بنووسن.
- هەموو گوندێک ژوورێک لە قوتابخانە یان مزگەوتی گوندەکەی تەرخان بکات بۆ نمایشکردنی وێنە و هەر کەلوپەلێک کە لە شەهیدەکانیان یان لە ئەنفالکراوەکان بەجێماوە هەتا وەک مۆزەخانەیەکی بچووک ڕۆڵی پاراستن و یادکردنەوە ببینن.
چوارەم: لەبری ڕەشپۆشی ڕەنگپۆشی وەک وەڵامێک بۆ جێنۆساید
یادکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید (ئەنفالکراوان و شەهیدانی کیمیایباران و کۆمەڵکوژی بارزانییەکان و فەیلییەکان) باشتر وایە بەرپەرچدانەوەی هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی تاوانەکە بێت. بۆ نموونە، لەبری “ڕەشپۆشی” بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە یادەکان بکرێنەوە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکاریی سەرەکی:
- لە کولتووریی کۆنی کوردەواریدا بۆ ماتەمینی ڕەنگی شین پۆشراوە نەک ڕەش. واتە شینپۆشی باو بووە نەک ڕەشپۆشی.
- وێنە ئەرشیفیەکان ئاماژە بەڕەنگاوڕەنگی کولتووریی کورد دەدەن پێش جینۆسایدکردنی. وێنەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە پڕن لە ڕەنگی جیاواز، تەرمی ژن و منداڵ بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە، لەناو کۆڵانەکانی شار و دەشتودەری هەڵەبجە دا یاخود لەناو گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراواندا پڕن لەڕەنگی (زەرد و سوور و سەوز و شین)ی سوخمە و کەواو کراسی گوڵدار و بازن و موستیلە و موتوومووری هەمەڕەنگی ئەنفالکراوان.
بۆیە باشترین یادکردنەوەی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەیە نەهێڵین ناسنامەی کولتووری قوربانییەکان ون بێت، بۆیە گرنگە هەڵەبجەییەکان هەمان ئەو ڕەنگانە بپۆشنەوە کە لەبەری شەهیدەکانی کیمیاباراندا بوون؟ وەک چۆن ئەنفالکراوان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا خۆیان مردوون بەڵام ڕەنگی جلوبەرگ و کەلوپەلیان هەر زیندووە و ناسنامەی ڕەنگاوڕەنگیان پارێزراوە، بۆیە ناکرێت گۆڕی قوربانییەکان و ئەلبوومی وێنەکانمان پڕ بن لە ڕەنگ و ئێمە ئامانجی تاوانبارانی جینۆساید بهێنینەدی کە دەیویست بۆ هەمیشە بێ ڕەنگ و ڕەشپۆش و یەک ڕەنگ بین.
ئەوە جگە لەوەی فرەڕەنگی و یادکردنەوەی کورد لەگەڵ ئەوانی دی هەر جیاواز بووە، ئەگەر شیعەکان بە ڕەنگی ڕەش و زنجیر لەخۆدان یادی حەسەن و حوسێن دەکەنەوە، ئەوا کورد بە ڕەنگاوڕەنگی و شایی و ئاهەنگگێڕان یادی نەورۆز دەکاتەوە و لە پرسەگێڕیشدا شەهیدانی ڕۆژاڤا بە گۆرانی و سروودی نیشتمانییەوە بەرەو گۆڕستان براون و هەرواش یادیان دەکەنەوە.
گەورەترین ڕێز بۆ قوربانییان ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕێز لە زیندووەکان بگرێ و دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤ ببێتە تاقانە لەناوچەکەدا. پێم وایە لە هەموو کاتێکدا لە توانادا هەیە، ناوچەکانیان بکرێتە مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیان. ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری سەردەمیانە، ئەمە باشترین وەڵام و پەرچەکردارە بۆ ئەو تاوان و دوژمنایەتییەی فاشیزم کە ویستی کورد لەبەین بەرێ و لە نیشتمان بیسڕێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە، ئەم یادانە لە “ڕۆژی ماتەمینی”ـەوە بگۆڕدرێن بۆ “ڕۆژی هەستانەوە” و بەهێزبوونی گیانی نەتەوەیی و مرۆیی بۆئەوەی بێ پەیام نەمێنینەوە و بە هەموو جیهانیش بڵێین: ئێمە ماوین و ئەم تاوانە لەیاد ناکەین.
فۆتۆ: خەبات عەبدوڵا


