سلێمان مستەفا حەسەن
نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و بە تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش، یەکێکن لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر چارەنووسی گەلان. هەر کاتێک بڕیارێک دەردەکەن، ئەو بڕیارە بە تەنیا ڕاگەیاندنێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو زۆر جار بنچینەیەکی یاسایی و ڕێنمایییە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کاریگەرییان دەبێت لە شێوەی، دروستکردنی پابەندی یاسایی، داننان بە ماف یان پشتگیریکردن لە ماف، سەرکۆنە و مەحکوومکردن، فەرمان کردن بە هەنگاوێکی دیاریکراو، دانانی سزا. لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی هێزی نێودەوڵەتی یان چالاکییەک بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەم شێوەیە، بڕیارەکان تەنیا قسەیەک نین، بەڵکوو ئامرازێکی کاریگەرن بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و یاسایی و دانانی کاریگەری لەسەر ژیانی گەلان. لە ڕاستیدا زۆربەی کات، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش توانیویانە دۆخی گەلێک بگۆڕن، لە پاراستنی مافە مرۆییەکانەوە تا دانانی سنوور و داننان بە مافی چارەنووس و چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە، گرنگی بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیە تەنیا قسە نییە، تەنیا کاردانەوە نییە، بەڵکوو لەو هێزەوەیە کە هەیەتی بۆ گۆڕینی بارودۆخەکان لە ڕاستییە نکۆڵی لێکراوەکان بۆ دۆخێکی سیاسی و یاسایی نوێ لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەگەر دەوری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بیر خۆمان بهێننەوە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، ناکرێت ئاماژە بە سێ هەوڵی ئەو دامەزراوەیە نەدەین لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٩١ و ٢٠٢٦.
(١)
لە ١٩٦٣، مەنگۆلیا بە یاداشتێک پرسی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان دەباتە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، بەرژەوەندی یەکێتیی سۆڤیەت لەوە دابوو هاوکاری شۆڕشی کورد بکات لە باشووری کوردستان. بۆ ئەمەش دەستی بە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی کاریگەر کرد، هەم لە سەرکۆنەکردنی ڕژێمی بەعس و ڕاسپاردنی یەکێک لە دەوڵەتانی پاشکۆی خۆی کە پرسی جینۆسایدی گەلی کورد بهێنێتە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئیدی مەنگۆلیا لە تەمووزی هەمان ساڵ پرسی کورد لە توێی یاداشتێکدا خستە سەرمێزی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرایەکی زۆری نایەوە، دوای ئەوەش یەکێتیی سۆڤیەت لە ١١ی تەممووزی هەمان ساڵ یاداشتنامەیەکی بەرز کردەوە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر پرسی جینۆسایدکردنی کورد. لە نامەکەدا ئاگاداری دەکاتەوە لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە، کە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی بۆتەوە،. ئەمەش خاڵی دەستپێک بوو کە کوێرەوەرییەکانی کورد بگەنە سەرمێزی ئەنجوومەنی ئاسایش.
تا یەکێتیی سۆڤیەت زیاتر هاوکاری شۆڕشی کوردستانی دەکرد، ئەمریکا زیاتر هاوکاری ڕژێمی بەعسی دەکرد، بەمەش پرسی کورد بوو بە پرسێکی نێودەوڵەتی بەڵام کەوتە سەرمێزی سەهۆڵبەندانی جەنگی سارد. براین ڕۆبن گیبسن لە نامەی دکتۆراکەیدا، کە لەدوایدا وەک کتێبێک بەناوی “ئەرێ کورد بوونە بەردە باز” بڵاو کردەوە، باسی وردەکاری دۆخەکە دەکات، هەروەها باس لە یاداشتەکانی کۆمەر دەکات و دەڵێت سەرۆک کەنەدی پرسی کوردی دەقاودەق لە چوارچێوەی هەلومەرجی جەنگی سارد دا بینیوە، هاوکاری یەکێتیی سۆڤیەت بۆ کورد بۆتە هۆکار و پاڵنەرێکی بەهێز ئەمریکا یارمەتی ڕژێمی عێراق بکات. لەڕێگەی دەوڵەتێکی پاشکۆی خۆی. لە ناوەڕاستی ئەیلوولی هەمان ساڵدا یەکێتیی سۆڤیەت فەرمانی بە نێردەی مەنگۆلیا کرد پرسی جینۆساید کورد لە ئەجێندای ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بسڕێتەوە، بەم شێوە ئەم هەوڵە هەر لە لایەن سۆڤیتیەکان لەبار برا.
(٢)
ناکرێت بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی ١٩٩١دا، وەک خاڵی وەرچەرخانێكی مێژوویی بۆ مێژووی گەلی کوردستان هەژمار نەکەین. ئەم بڕیارە سنووری بیرۆکراتیەت و پیرۆزی سەروەریی وەلا نا و پەردەی لەسەر تاوانەکانی گەورەترین ڕژێمی سەدە هەڵماڵی، بە قەبارەیەکی گەورە کاریگەریی لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک دابنێت کە لەدوای “سیڤەر”ەوە خراوەتە ناو سنوورە دەستکردەکان.
کارێکی هەڵەیە تەنیا وا بزانین بڕیاری ٦٨٨ وەڵامدەرەوەی بارودۆخێکی مرۆیی بوو، بەڵکوو دەبێت وەک دەروازەیەک بۆ دەرچوون لە قۆناغێکی تاریک لێی بڕوانین و بیناسین: قۆناغی جینۆساید، ئەنفال، کیمیابارانکردن، بەعەربکردن، ڕاگوازتن و سڕینەوە؛ بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی بەرگری و ماف و ناسنامەی سیاسی. لەو ساتەوە چیرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد، کە کورد تەنیا قوربانی مێژوو نەما، بەڵکوو بوو بە بابەتێکی نێودەوڵەتی کە دەبێت پارێزراو بێت و جێگای خۆی لە هاوسەنگییەکانی جیهاندا هەبێت.
بڕیاری ٦٨٨ یەکێکە لە بڕیارە گرنگە مێژووییەکان کە ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەبوو لە پاراستنی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە کورد، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١. ئەم بڕیارە دەرەنجامی خەباتێکی ئازایانە و پەیامێکی ڕوونی نەتەوەی کورد بوو بۆ ڕای گشتی جیهان لە دژی ڕژێمی بەعس، کە سیاسەتەکانی سنووری فاشیەت و نازی تێپەڕاندبوو.
ڕەوی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بۆ سنوورەکان و چیاکانی کوردستان، گەورەترین بڕیاری مێژووی گەلی کوردستان بوو، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جیهان بۆ مرۆڤایەتی، کە سیستەمی سیاسی جیهانی ڕووبەڕووی دوو بژاردە کردەوە: یان درێژەدان بە کەڕ و کوێری بەرامبەر کارەساتەکان، یان دانانی سنوور بۆ کردارە تاوانکارییەکان و پاراستنی مرۆڤ. بڕیارەکە وەڵامی ئەم دووڕییە بوو.
لە ڕووی سیاسییەوە، گرنگی ئەم بڕیارە لەوەدابوو کە یەکەم جار بوو نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی ڕوون دەست تێوەردانی ناوخۆیی بکات بە ناوی پاراستنی مرۆڤایەتی. ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە نرخ و بەهای مافی مرۆڤ لەسەرووی گەورەیی و سەروەریی دەوڵەتاندایە. بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو هیچ پاساوێک ناتوانێت جینۆساید بە کاروباری ناوخۆیی بناسێنێت.
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بڕیارەکە بنەمای دەستتێوەردانی بە بەڵگەو بوونی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جینۆسیاد بە شێوەیەکی پراکتیکی پەسەند کرد. ئەمە ڕێگایەک بوو بۆ ئەوەی کاتێک دەوڵەتێک دەست بە سەرکوتکردن و جینۆساید دەکات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بتوانێت دەستتێوەردان بکات بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان. هەروەها ڕێگەی خۆشکرد بۆ دروستبوونی ناوچەی پارێزراو لە کوردستان. لە ئێستادا، گرنگی بڕیارەکە لە سێ ڕووەوە دەردەکەوێت:
یەکەم، وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە کاتی قەیرانەکاندا، لەهەمان کاتدا پێدانی دەرفەت بە گەلان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسیان.
دووەم، وەک یادەوەرییەک بۆ گرنگی یەکڕیزی ناوخۆیی و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ، یەکگرتووی کوردستانیان بڕیاڕی ڕەوی بەکۆمەڵ، بڕیاری بەکۆمەڵێ گەلێک، نەتەوەیەک، بوو لەسەر خاکی خۆی.
سێیەم، وەک ئاماژەیەک کە پشتیوانی نێودەوڵەتی گرنگە، بەڵام بەبێ یەکگرتوویی ناوخۆیی و یەک دەنگی بەس نییە و نایەتەدی.
دەتوانین بڵێن بڕیاری ٦٨٨ بە ڕوونی مافی سەربەخۆیی پێ نەداین، بەڵام ئەو مافەی خستە ناو گۆڕەپانی گفتوگۆی نێودەوڵەتی، دەرفەتی خۆسەلماندنی بۆ ڕەخەساندین. سنووری نێوان کاروباری ناوخۆیی و بەرپرسیاری نێودەوڵەتی تێکشکاند و بناغەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ داواکارییەکانی داهاتوو دانا، کە دەرنجامەکەی لەدایکبوونی هەرێمی کوردستان بوو وەک دیفاکتۆ و خاوەن دامەزراوەی شەرعی و یاسایی، لەوێشەوە بۆ هەرێمێکی دانپێدانراوی دەستووری لە ناو حکومەتێکی فیدراڵی عێراق دا.
یادی بڕیاری ٦٨٨ نابێت تەنیا یادێکی مێژوویی بێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر، کە لەسەر بنەمای یەکڕیزیی، دادپەروەریی، ئاشتی، یەکگرتوویی گوتاری ناو ماڵی کورد و حیزبە کوردستانییەکان و یەکخستنی تواناکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و ماددە دەستورییەکان و بەشداریکردنی کارا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، کە هەرێمی کوردستان پیادەی تەواوی مافە دەستووریەکانی بکات و ببێتە خاڵی هێزی عێراق، بۆ چەسپاندنی بنەماکانی شەراکەت و دیموکراسی و سەروەری یاسا. ئەمەش بەبێ هەرێمێکی بەهێز و خاوەن ڕەوایەتی دامەزراوەکانی نایتەدی، کە هێزەکەی لە قوڵایی متمانەی نەتەوەکەی سەرچاوەی گرتبێت.
(٣)
ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، نیشاندەری گواستنەوەیەک بوو لە بەرخودانی سەرەکی بۆ دروستکردنی هێز و ناسنامەی سیاسی. پازدە هەزار شەهید و هەزاران قوربانی، بە تایبەتی لە شەڕی دژی داعش، نەک تەنیا پارێزگارییان لە ناوچەکە کرد، بەڵکوو کوردیان کرد بە هێزێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی.
شەڕی کۆبانێ و ناوچەکانی تر، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەمێنێنەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ کاتێک شەڕڤانانی ژن و پیاو، بە پشتگیری پێکهاتە جیاوازەکان، توانا و هێزیان پیشاندا کە دەتوانرێت هەموو ئەفسانەیەکی تیرۆریستی تێک بشکێنرێت. ئەمە بوو بە بناغەیەک بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژاڤا نەک تەنیا هێزی بەرخودان بێت، بەڵکوو هێزی پاراستنی ئاشتی و ئازادی و ئاسایشی بن بۆ جیهان.
بەڵام دوای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بارودۆخێکی نوێ دروست بوو. هێزە گەورەکان هاتنە ناو یارییەکەوە و جارێکی تر کورد بوو بە بەشێک لە هاوسەنگییە سیاسییەکان. لەم قۆناغەدا، پشتیوانی و فشار، هەردووکیان هەبوون، و کورد ناچار بوو بە هەستیاری و ئاگایییەوە مامەڵە بکات و دەست بۆ بژاردەکانی ببات.
ئەوەی لەم ماوەیەدا گرنگ بوو، هەڵوێستی نەتەوەی کورد بوو. نەخێری کورد لە بەرامبەر خۆبەدەستەوەدان و سڕینەوە، تەنیا وشە نەبوو؛ بڕیارێک بوو بۆ بەرخودان و پاراستنی ناسنامە. ئەم هەڵوێستە بە دروشمی ئێمە کوردین، ئێمە یەکین، ئێمە خاوەن مافین دەربڕدرا، کە بوو بە پەیامێک بۆ ڕای گشتی جیهان.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆبوونەوەکان، ڕێکەوتنەکان، مەڕسوومی کۆماری، بەیاننامەکان، لەسەرووی هەموویانەوە کۆبوونەوە و بەیاننامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەنگاوێک بوون بۆ داننان بە ڕۆڵی کورد لە سووریا. باس لە مافەکانی کورد کرا و دان بەو ڕاستییەدا نرا کە کورد هێزێکی کاریگەرە لە پاراستنی ئاسایش و شەڕی دژی تیرۆر.
بەڵام ڕاستییەکی نکۆڵی لێ نەکراو هەیە: هێزە گەورەکان لە نێوان پشتیوانی و بەرژەوەندییەکانیاندا دۆخەکەیان دەگۆڕن. لە لایەک دان بە مافەکانی کورد دا دەنێن، لەلایەکی تر پارێزگاری لە هاوسەنگیی ناوچەیی و بەرژەوەندییەکانیان دەکەن. بۆیە، چارەنووسی ڕۆژاڤا هێشتا بە بەردەوامی لە ناو دانوستاندن و ڕێککەوتنەکاندا دەگوزەرێت و لە قۆناغی دەڵەمەدایە، ئەمەش جێگای هەڵوێستەیە و دەبێت بە ئاگایی و هەستیاری دۆخەکە تێپەڕێنین، چونکە تا ئەو کاتە لەناو دەستووردا ماف و بوونی کورد و شێوازی سیستەم حوکمڕانی جێگای دەکرێتەوە و کورد وەک نەتەوە پەسەند دەکرێت، دەخوازێت لە جاران زیاتر بە هەستیاری و بە ئاگایەوە درێژە بە بەرخودان بدرێت.
لە کۆتایی دا؛ لەم بارودۆخەدا، ئەزموونی ڕابردوو وانەیەکی قووڵی هەیە بۆ ئێمەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و هەروەها ڕەوەندی کورد لە جیهان: ئەویش ئەوەیە کە ماف نادرێت، بەڵکوو دەسەنرێت، مەرج نییە ئەو مافە تەنیا بە هێزی سەربازی دەستەبەر بکرێت، بەڵکوو بە یەکگرتوویی، ئاگایی و ستراتیجیی سیاسی. ئەو هۆشیارییەی ئەمڕۆ لە ناو کورد دا گەشەی کردووە، تەنیا هەست نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی سیاسییە، هۆشیارێکی نەتەوەییە کە دەڵێت: ئێمە کوردین، ئێمە یەکین، ئێمە خاوەن مافین، کە دەڵێت یەکە یەکە گەلێ کورد یەکە، کە کورد بەیەکگرتوویی دەنگی هەڵدەبڕێت لەبەرمبەر نادادی و بێ مافی، ئەگەر ئەم یەکگرتووییە بە زمانی یاسایی و نێودەوڵەتی گەشەی پێ بدرێت و کاری لەسەر بکرێت. بە هێزی نەرم و ئامرازە نوێکانی بەجیهانییبوون و دیجتاڵی پشتگیری بکرێت، ئەوا دەتوانرێت سەکۆکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بکەینە شوێنی داواکارییەکانمان بەهێز و کاریگەرییەوە بەرەو ئامانجە باڵاکانمان هەنگاو بنێن. چونکە جیهان تەنیا کاتێک گوێ دەگرێت ئێمە یەکبین و یەکگوتارمان هەبێت، کاتێک دەنگ ڕوون و یەکگرتوو بێت، کاتێک داواکاری ئێمە داوای مافە، داوای ئاشتییە، داوای دیموکراسی، داوای سەروەری یاسا و مافی چارەنووسە.


