سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەورۆز لە “بۆنەیەکی وەرزییەوە” بۆ “پڕۆژەیەکی نەتەوەیی”

بەهمەن تاهیر نەریمان

کورد کە خاکی دابەش دەکرێت، پێویستی بەوەیە لە ناو خەیاڵگە و ڕەمزە هاوبەشەکانیدا خۆی خۆی کۆبکاتەوە و هەستی هاوبەش، ئاڵای هاوبەش، ئاهەنگی هاوبەش یەکیان پێ بگرێتەوە، یەکپێگرتنەوەکە دەربڕینی خۆشییەکی هەمانکاتییە. واتە کوردان لەهەمان ڕۆژی نەورۆزدا چێژی “ئاهەنگگێڕان” یەکیان پێ دەگرێتەوە، ئەگەر مەزهەبی “شیعە” لە عاشوورا دا یادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، بە لەخۆدان کۆیان بکاتەوە، ئەوا لە نەورۆز دا کوردان شادی و شایی و هەڵپەڕکێ، گۆرانی و سروود کۆیان دەکاتەوە.

کورد یەکگرتنەوە ڕەمزییەکەی ڕێگایە بۆ یەکگرتنەوەی خاک و ئاوە دابەشکراوەکەی. جەژنی نەورۆز، پلە بە پلە، ڕەمزی هاوبەشی کوردان یەک دەخات، ئەوەتا ئێستا کورد لە هەر کوێ بێت، بێ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سەرتاسەریی کۆیان بکاتەوە و بڕیار لەسەر ئاڵا بدەن، لە نەورۆز دا کوردان بڕیاری یەک ئاڵایان دا. ئەو ئاڵایەی کە خۆرەکەی و بیست و یەک تیشکەکەی دەرکەوتنەوەی نەورۆزە، ئیتر لێرەوە کورد ئەم یادە نە وەک ئاین وەردەگرێت، نە وەک ئاهەنگێکی ڕووت، بەڵکو، پێش هەمووشتێک جەژنێکی سیاسیی کۆکەرەوەیە.

لەمڕۆدا نەورۆز بۆ کورد تەنها جەژن نییە، بەڵکو ساڵانە “گرێبەستی نێوان پارچەکان” نوێ دەکاتەوە. بێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی فەرمیی و کوردستانیی سنووربڕی هەبێت، هەموو کوردێک لەیەکی نەورۆز (٢١ی ئازار)دا هەمان ئەو کارە دەکات کە کوردێکی تر لە پارچەیەکی تر دەیکات، لە تاراوگە دەیکات، ئەم “هاوچەشنییە” (uniformity) لە هەڵوێستدا، بەهێزترین بەڵگەیە بۆ دروستکردنی نەتەوە و یەکێتیی نەتەوەییەک کە خاکەکەی داگیرکراوە، بەڵام کردە (act) و بیرکردنەوەی داگیرنەکراوە.

گەلانی تریش، وەک “فارس” و “ئازەری”، ئاگر دەکەنەوە، لای ئەمان ئاگر واتە وەرگرتنی وزە و پاکبوونەوەی ڕۆح، کە لەناو حەوشە و کۆڵانەکاندا دەیکەنەوە. هی کورد واتا ڕەمزییەکەی تەواو سیاسییە، لەسەر لوتکەی چیاکان ئاگر دەکەنەوە، کردنەوەی ئاگری بڵێسەدار، واتە مژدەی ئازادی و ڕزگاریی.

لە دۆخی کورد دا ئاگری نەورۆز ڕەهەندی ئازادیی دراوەتێ، کورد لە نەورۆز دا بە دنیا دەڵێت مادام خاکم داگیرکراوە، ئەوا من لە بڵێسەی ئاگردا ئازادیی خۆم بەرجەستە دەکەم. بۆیە ئاگری نەورۆز “کوردێنراوە” و بە ئاوەزمەندیی کورداندا تێپەڕیووە. ئێستا ئاگری نەورۆزی کوردان، جگە لە لوتکەی چیاکان، هاتووتە ناو شارە گەورەکان و وێنەی یەک کورد، یەک نیشتمان، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک هەستی هاوەبەش بەرجەستە دەکات.

شکاندنی “کات”ـی سەپێنراو

بیست و یەکی مانگی سێ کە یەکەم ڕۆژی نەورۆزە، وەک “کاتێکی پیرۆز” بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی “هەر کوردبووین و کورددەبین” دەردەکەوێتەوە، کورد لە نەورۆز دا لە “ماڵ دێتە دەرەوە”. ئەم دەرچوونە تەنها گۆڕینی شوێن نییە، بەڵکو جۆرێکە لە “یاخیبوون لە کاتی ئاسایی”، یاخیبوون لەو کاتەی کە لە سەدەی بیستدا کوردی تێدا دابەشکرا. کوردان لە نەورۆز دا لەو کاتە یاخی دەبن و دانی پێدانانێن، هەموویان لە یەک ڕۆژی دیاریکراودا پەیمان دەدەن کە کورد بن و خۆیان کات و شوێنی کوردبوونی خۆیان دیاری دەکەن.

داگیرکەر دەیەوێت “کاتی کورد” بەپێی ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو بڕوات (بۆ نموونە، ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی یان ڕۆژی سوپا)، بەڵام کاتێک کورد لە “١”ی نەورۆز دا، کە سەری ساڵی زاگرۆسییە، بێ گوێدانە یاسا و قەدەغەکارییەکان، دەڕژێتە سەر شەقام، ئەو دژی کاتی فەرمیی دەوڵەتی داگیرکەر دەوەستێتەوە و لەو ساتەدا، کاتژمێری هەموو کوردەکان لە هەموو پارچەکان بەپێی “کاتی کوردی” لێدەدات.

نەورۆز لای کورد “کاتی یاخیبوونە”، ئەمە واتە کورد ساڵانە مێژووەکەی “سفر” دەکاتەوە. داگیرکەر دەیەوێت کورد وا هەستبکات کە مێژووەکەی کۆتایی هاتووە و بووە بە بەشێک لە مێژووی ئەو، بەڵام کورد لە نەورۆز دا دەڵێت: نەخێر، مێژووی من لەگەڵ بەهاردا هەموو ساڵێک لە نوێوە دەست پێ دەکاتەوە.

سەربەخۆیی تەنها ئەوە نییە پەرلەمانت هەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە “خاوەنی کاتی خۆت بیت”. کاتێک تۆ بڕیار دەدەیت چ ڕۆژێک جەژنت بێت و چۆن یادی بکەیتەوە، تۆ سەروەریی خۆت بەسەر کاتی خۆتدا دەسەلمێنیت. ئاگری سەر چیاکان وەک “کاتژمێرێکی گەورەی ڕووناکی” کار دەکەن کە پەیامی “ئێمە هێشتا لێرەین” دەگەیەنن.

نەورۆز لای کورد تەنها “یادکردنەوەی ڕابردوو” نییە، بەڵکو “دروستکردنی داهاتووە”، کاتێک کورد لە یەکساتدا لە هەموو شوێنێک دەڕژێتە سەر شەقام، ئەو “کاتە پارچەکراوەی” کە داگیرکەر بەسەریدا سەپاندووە (کاتی تورکی، کاتی عەرەبی، کاتی فارسی) تێکدەشکێنێت و “کاتێکی کوردیی یەکگرتوو” بەرهەمدەهێنێت.

شوێنی داگیرکەر و شوێنی کوردان

ئەگەر لە سەدەی بیستدا کورد لە شوێنی داگیرکراو یاخی بووبێت و چووبێتە چیا و ئاگری مژدەی شەفەقی بە گوێی نەیارانیدا دابێت، ئەوا لە سەدەی بیست و یەکدا، ئاگر لە چیا دەهێڵێتەوە، هەر لەوێشەوە پڕیشکی دێنێتە خوارەوە و لەناو جەرگەی شارە گەورەکانی خۆی دەیکاتەوە. نەک هەر ئەوە، دەیباتە پایتەختی چەقی داگیرکاریی، ئەستەنبوڵ. لەوێشەوە بۆ پایتەختی سەندنەوە و پێنەدانی ناسنامەی وڵات کە دیمەشقە. گوێزانەوەی ئاگری نەورۆز لە لوتکەی شاخەوە بۆ جەرگەی شارە گەورەکان، گوێزانەوەی شۆڕش و بەرخۆدانە لە شاخەوە بۆ شار، لە هێزی ڕەق (چەک)ـەوە بۆ هێزی نەرم (خەباتی مەدەنی). لەوێ هاوار دەکەن “یەکە یەکە یەکە… گەلی کورد یەکە”. بارستاییەک لە مرۆڤ کۆ دەبێتەوە ئەو بارستاییە جەستەی مرۆڤی کوردە. ئیتر بارستایی جەستە لەناو شاردا دەبێتە “سەنگەر”، بارستایی جەستە لەسەر خاکی خۆی و لەسەر خاکی ئەویش شەرعییەتی بوون بەخۆی دەدات.

لەم کاتەدا کە بارستاییەک لە مرۆڤ لە نەورۆز دا خۆی نمایش دەکات، ئەوە نمایشی ڕاستەقینەی جەستەی کوردە، نمایشێکە سنووربڕە، تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکانی دنیا دەیکەن بە ڕووداوێکی جیهانی. لەڕێی ئەو ڕووداوە جیهانییەوە کاتێک ملیۆنان کورد لە یەککاتدا دەچنە سەر شەقام، ئەوان تەنها لەگەڵ داگیرکەر نادوێن، بەڵکو وێنەیەکی “شارستانی و مەدەنی” پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە جیاوازە لەو وێنە “توندوتیژ و نەرێنییەی” داگیرکەر دەیەوێت بۆ کوردی دروست بکات. بارستاییەکە لەڕێی میدیاوە لە هەموو شوێنێکە، دەبێتە زمانی دبلۆماسیی گەلێک کە بە ئاهەنگ و ئاشتیی مافی خۆی بە گوێ و چاوی دنیادا دەدات و مافی خۆی سەردەمییانە دەسەنێت.

ڕەشکردن و سڕینەوەی فرەڕەنگی

کورد لەبەردەم سیاسەت و دۆخی تواندنەوە و سڕینەوە و ئەسمیلەکردنی “ئەوانی دی”ـدا لە نەورۆز دا لە ماڵ دێتە دەرەوە، دژی شاردنەوە و ڕەشکردن و ونکردن و تاریککردن، ئەوان بە جلوبەرگی ئاڵاوواڵا و زەرد و سەوز و سوور و ڕەنگە بەهارییەکانی کوردستان، بە ڕەنگی درەوشاوە و گەرمەوە، دێن و دەردەکەون و خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. دژی پەرتکردنیان، بە شانبەشانی یەکەوە، شایی دەکەن و هەڵدەپەڕن، دژی بێدەنگکردن گۆرانی دەڵێن و سروود دەچڕن و سروشت پڕ دەکەن لە دەنگ و مۆسیقا.

نەورۆز بە ئاراستەی دەرکەوتن و سەرشانۆخستنی کوردان کار دەکات، دژی سیاسەتی سڕینەوە دەوەستێتەوە. لە کاتێکدا داگیرکەر دەیەوێت جەستەی کورد “بشارێتەوە” یان “بیکاتە سەرباز”، کورد لە نەورۆز دا جەستەی خۆی دەکاتە “سەکۆیەکی نمایش”، هەڵپەڕکێ و گرتنی دەستی یەکتر (دەستەوستاننەبوون)، جۆرێکە لە دروستکردنی “دیوارێکی مرۆیی” کە هیچ سنوورێکی دەستکرد ناتوانێت بیبەزێنێت.

کاتێک دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر دەیەوێت کۆمەڵگەیەک بێدەنگ بکات، یەکەمین شت کە دەیکات “سڕینەوەی جیاوازییەکان” و سەپاندنی “ڕەنگی یەکپۆشییە” (زۆرجار ڕەنگی ڕەش یان خۆڵەمێشی وەک هێمای خەمۆکی و گوێڕایەڵی)ـیە. لێرەدا ڕەنگ و هەڵپەڕکێ لە ئامرازێکی جوانییەوە دەبنە سەنگەرێکی مەدەنی. با ئەمە بکەین بە سێ خاڵ:

یەکەم، ڕەنگ وەک “بەیاننامەی بوون”: لە زانستی سیمبوڵناسیدا، ڕەنگە گەشەکانی وەک سەوز، زەرد، سوور کە لە پۆشاکی کوردی دا دەبینرێن، تەنها بۆ جوانی نین. ئەمانە دژە-تەمی ئەو “ڕەشییە سیاسییەن” کە دەیەوێت کورد وەک نەتەوەیەکی مردوو یان بێدەنگ پیشان بدات. پۆشینی ئەم ڕەنگانە لە ڕۆژێکی وەک نەورۆز دا، جۆرێکە لە داگیرکردنی فەزای گشتی. واتە، کورد لەڕێی ڕەنگە بەهارییەکانییەوە دەڵێت: “من لێرەم و ناتوانیت بمشاریتەوە.”

دووەم، هەڵپەڕکێ و شادیی وەک “دیواری مرۆیی”: هەڵپەڕکێی کوردی، بەیەکڕیز و شانەبەشانەوە، مانایەکی سیاسیی قووڵی هەیە، جەستە دەبێتە جەستەیەکی سیاسی، یەکگرتوویی جەستەیی. کاتێک لە هەڵپەڕکێدا دەیان کەس دەستی یەک دەگرن، یەکێتییەکی نەتەوەیی و هاوشادی و هاوخەمی و هاوچارەنووسی و یەکڕیزی بەرجەستە دەکات.

سێیەم، تێکشکاندنی “ترس” لە ڕێی شادییەوە: گەورەترین چەکی داگیرکەر “ترسە”. کاتێک گەلێک لە ناو جەرگەی مەترسیدا گۆرانی دەڵێت و هەڵدەپەڕێت، مانای وایە ترسەکەی شکاندووە، دیواری ترس نەماوە. شادی لەم دۆخەدا دەبێتە کردارێکی شۆڕشگێڕانە، چونکە نیشانی دەدات کە دوژمن نەیتوانیوە ڕۆحی ئەو گەلە بشکێنێت و چاوترسێنی بکات.

بەکورتی، نەورۆز نەخشەڕێژی یەکێتیی نەتەوەیی و بەسەرابکردنی خەونی داگیرکەرانە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO