عوسمان ساوجی
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لەهەر قۆناغێکی مێژوویی و بە هەر فۆرم و شێوازێک بۆی لوابێت خەباتێکی بێپسانەوەی کردووە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە لەدەستچووەکەی کە بریتییە لە سەربەستی و سەربەخۆیی کوردستان. ئەم خەباتەش هێندە ئاڵۆز و پڕ ئاڵنگاری بووە، سەرکردایەتی بزووتنەوەکە لە بەرئەنجامی لاسەنگی تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی سەردەستی کوردستان و نائومێدی لەوەی بەتەنها و بە پشتبەستن بە هێزی کورد بتوانن داگیرکەران ببەزێنن، خەیاڵی پشتگیری و پشتیوانی دەرەکی سەوداسەری کردوون، ویست و خولیا و کەڵکەڵەی ئەم پشتیوانییە بووە بە بەشێک لە پلانیان.
هەرچەندە نەتەوەی ژێردەست ئەگەر بتوانێت پشتیوانی دەرەکی بۆ دۆزە ڕەواکەی بە دەستبهێنێت ئەوە دەرفەتێکی نموونەیی و هێزێکی گەورە بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی دەڕەخسێت، کە دەتوانێت ڕێگەی دوورودرێژی کورت بکاتەوە و بە قوربانیەکی کەمتر دەستکەوتی گەورەتر بەدەست بهێنێت. مێژوو نموونەی زۆری ئەم جۆرە نەتەوانەی تۆمار کردووە، کە بە پاڵپشتی دەرەکی توانیویانە خۆیان لە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕزگار بکەن. دەتوانین نموونەی ڕزگاربوونی ئەرمەن لە دەوڵەتی عوسمانی و بۆسنە لە سیربەکان و ئەفغانستان لە داگیرکاریی یەکێتیی سۆڤێت بهێنینەوە. ئەوە سەرباری پشتیوانییە دەرەکییەکان بۆ کۆریای باشوور و کرواتیا وەک دەوڵەت لە هەڕەشەی دەوڵەتانی تر.
سەبارەت بە کورد وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد کۆمەڵێک پاڵنەری بابەتی و خودی لەپشتی بیرکردنەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەکەوە بوون بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەرەکی، هەڵبەت بەشێک لەو هەوڵانە نیشانەی ئەوپەڕی هۆشیاریی و ئاگایی ئەو سەرکردانە بوون لەو قۆناغە مێژووییانەدا، کە نەک تەنها کورد بەڵکو سەرتاپای ناوچەکە لە دۆخێکی دواکەوتوویی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتیدا بووە.
بەڵام هێشتا دەستەبژێرێک لە سەرکردایەتی کلاسیک و هاوچەرخ درکیان بە پێویستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی و سۆزی دەرەکی بۆ دۆزە ڕەواکەی نەتەوەکەیان کردووە. لە نمونەی ئەم سەرکردانە دەکرێت هەوڵەکانی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سمکۆی شکاک و شێخ مەحمودی حەفید و جەلال تاڵەبانی بۆ وڵاتانی زلهێز وەک لایەنی ئەرێنی پۆلین بکرێن.
بابەتی ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئاماژەی بۆ بکەین بابەتی بەکارهێنانی کارتی کوردە لەدژی دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان لەلایەن بەشێک لە زلهێزە جیهانیەکانەوە بۆ ملپێکەچ کردن و ترساندن و سەپاندنی خواست و ویستی خۆیان بەسەریاندا.
گۆڕینی ڕێچکەی خەبات و کامڵبوونی عەقڵی سیاسی پێویستی بە کات و ئەزموونە، مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە کورد لە بەشێک لە جەنگەکانی وەک پرۆسەی بە ئیسلامکردنی ناوچەکە لە شانی ساسانی و فارسەکان، لە شەڕی چاڵدێران لە شانی تورکەکان وەستاوە، ئەوە سەرباری بەشداریکردنی لە جەنگی یەکەمی جیهانی لە شانی عوسمانییەکان و لە جەنگی ئێران-عێراق لە شانی هەردوو دەوڵەت. هەروەها بەشداری خێڵە کوردەکان لە شەڕی دژی ئەرمەن و وەستانەوەی کورد لە دژی داگیرکاری بەریتانی لە عێراق، کە هیچیان شتێکیان بۆ کورد پێ نەبوو جگە لە ماڵ وێرانی و دەربەدەری و پەراوێزخستن.
ڕەنگە لێرەدا نموونەیەکی سەرکەوتووی بەشداری کورد لە شەڕدا بریتی بێت لە بەشداری لە پڕۆسەی ڕزگاری عێراق لە ٢٠٠٣دا. بۆ ئەمەش دەبێت پرسیارێکی گریمانەیی بکەین ئایا ئەگەر کورد بەشداری نەکردایە لەوەی ئێستا هەیەتی کەمتری پێدەبڕا؟ ئایا ئەگەر کورد لە باشوور و ڕۆژاڤا بەشداری شەڕی داعشی نەکردایە و تەنها لە دۆخی بەرگریدا بووایە چ زیانێکی دەکرد؟
بە بڕوای من جگە لەوەی ئەو هەموو شەهید و بریندارەی نەدەدا، تووشی کاردانەوی توندی دەوڵەتانی هەرێمی و عەرەب و تورکەکانیش نەدەبوو، کە لە دواین پیلانیاندا وەک تۆڵە لە دژی ڕۆژڤای کوردستان بەڕێوەیان برد.
لێرەوە هەڵوێستی ئەم جارەی کورد بەرامبەر ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە کە بریتییە لە بێلایەنی، دەکرێت وەک قەڵەمبازێکی مێژوویی لە کامڵبوونی عەقڵی سیاسی کورد سەیر بکرێت. ئێمە دەبینین تورکمانەکانی عێراق و تورکەکانی ئێران هیچ کاتێک بەشداریان نەکردووە لە شۆڕش و ڕاپەڕین و دژایەتی کردنی دەسەڵات، بەڵام هیچ کاتێک نەک لە کورد کەمتریان پێ نەبڕاوە بەڵکو هەمیشە ناوەند ئامادەی سازش بووە بەرامبەریان و هێزی خۆی لەبەرژەوەندی ئەوان لەسەر حیسابی کورد بەکارهێناوە.
لە کۆتاییدا دەکرێت ئەم هەنگاوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد، هاوکات لەگەڵ (نا)یەکەی ژەنەڕاڵ عەبدی بۆ شەڕی دژی حەشدی شەعبی قۆناغێکی نوێ بێت و کورد چیتر ئەو تێڵا هەرزانە نەبێت کە زلهێزەکان بۆ ترساندنی ئەوانی دی بەکاری بهێنن و دواتریش هەر لەسەر حسابی کورد دانوستان و ڕێککەوتن بکەن.



