فەرەیدوون سامان
بۆچی کورد هەمیشە دەبێتە قوربانی ململانێی شەڕی نێوان وڵاتان، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان نە بنکەی ئەتۆمی تێدایە، نە ناوەندێکی سیخوڕی ئیسرائیل و ئەمریکا. هەر لە ڕۆژی یەکەمی هەڵایسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلـئەمریکا، دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا گوتیان ئێمە لایەنێک نین لەو شەڕەدا، کەواتە بۆچی شارەکانی کوردستان و هاووڵاتیانی کوردستان بە ئامانج دەگیرێن. سەرەتا لەو مشتومڕەی کە ئێستا لە دەوری زاراوەی ئەو شەڕەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە نێوان ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکی و ئیسرائیل دا هەڵگیرساوە، دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر بنەماکان.
یەکەم: ڕاستە کۆماری ئیسلامی ئێران سیستەمێکی دیکتاتۆری و فاشیزمی مەزهەبی و نەتەوەیی فارس بەڕێوەی دەبات و دژی مافی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد هەیە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمە شەڕێکی ئیمپریالیستییە، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە پشتیوانی و بەشداری ڕاستەوخۆ و بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل.
دووەم: لە ڕوانگەی ئێران، ئیسرائیل کیانێکە تێوەگلاوە و تاوانبارە لە تاوانەکانی جەنگ لە غەززە، لە کردەوەی جینۆساید، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. واتە بە فەرمی دەوڵەتێکە، بەڵام سیاسەتی شەڕانگێزانە و کۆلۆنیالیزم لە دژی فەلەستینییەکان پەیڕەو دەکات. دەوڵەتێکە کە سەرپێچی لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و بە تەواوی پشتگوێی خستووە و مافی سروشتی موسڵمانە فەلەستینییەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی تەواو سەروەر و سەربەخۆی ڕەتکردووەتەوە.
سێیەم: بەپێچەوانەی ئەم هاوپەیمانییە، ڕژێمی ئێران ڕژێمێکی تیۆکراتی کۆنەپەرستی سەدەکانی ناوەڕاستە، دەسەڵاتێکی خوێناوی و سەرکوتگەرە کە ڕۆژانە لە دژی نەیارەکانی و بەتایبەتیش کورد و هەر کەسێک لە نۆرم و یاساکانی لابدات، بە سزای سێدارەدان ئەنجام دەدات. ڕژێمێکە کە سیاسەتی چەکسازی نەک چاکسازی پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی خۆی وەک هێزێکی ناوچەیی تۆقێنەر جێگیر بکات. هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە هاوبەشی لەگەڵ زلهێزە باڵادەستەکانی دیکەی جیهاندا بکات. لە ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵی حکومڕانیدا هیچ کام لە سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندی گەلەکەیدا نەبووە: لە شەڕێکەوە بۆ شەڕێکی دیکە، لە هەناردەکردنی شۆڕشەوە لە ١٩٧٩وە تا تێوەگلان لە پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی ناپێویست، هەموو ئەمانە بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنی نائەتۆمیدا، جیهانی عەرەبی. ئەم ڕژێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر حیسابی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکانی ناوچەکە، لە حوسییەکانی یەمەنەوە تا هێزی حەشدی شەعبی لە عێراق، تا حیزبوڵڵای لوبنان، بریکارەکانی چەکدار کردووە و دواتر هەوڵی دزەکردنی بەحرەینی داوە. هەرگیز درێغی نەکردووە لە تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە. هەمووان دەزانن کە قاسم سولەیمانی پێش ئەوەی لەلایەن هەواڵگری ئەمریکاوە تیرۆر بکرێت، کاروباری عێراقی بەڕێوە دەبرد.
چوارەم: سەبارەت بە ئێمەی کورد لەگەڵ شەرعیەتی نێودەوڵەتی و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەوڵەتی کوردستانین. بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ڕژێمی ئێران لەماوەی ڕابردوو پشت تیرۆرکردنی سەرکردەکانی کورد بووە لەوان سمکۆی شکاک و قازی محەمەد تا دەگات بە عەبدولرەحمان قاسملۆ و سادق شەرەفکەندی، بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان نەبووە و بوونی هەر دەسەڵاتێکی کوردی تەنانەت کولتووریش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
پێنجەم: هەموو پەرەسەندنێک لە بەرنامەی چەکسازی ئێران دا ئاسایشی نەتەوەیی ناوچەکەی کردۆتە ئامانج. خاڵێکی پەیوەندیدار پەیوەندی بە هەژموونی ئەمریکا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا هەیە، بە درێژایی مێژوو لە هەموو سەردەمێک و لە هەموو قۆناغێکدا، هەمیشە زلهێزی پێشەنگ هەبوون.
بوونی ئێستای ئەمریکا وەک زلهێزێکی ئیمپریالی باڵادەست لە مێژوودا بێ وێنە نییە. دەسەڵاتێکی هەژموونگەرایی بە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە. جیاوازییەکە لە هەوڵەکانی ئێستاماندایە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی دادپەروەرتر و هاوسەنگتر. ئەمریکا لە ئێستادا خەریکی تێکدانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. پرۆسەیەکی بەربەریانەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و چوارچێوەی مافی مرۆڤ هەیە کە لە سەردەمێکی چارەنووسسازدا لە دوای دووەم جەنگی جیهانیدا دامەزراوە، کە سیستەمی جیهانی ئێستای لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە شەڕ و دامەزراندنی ئاشتی جیهانی لە قاڵب داوە.
بێلایەنی ئێمەی کورد لە شەڕێکدا کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و کاردانەوەی ڕژێمێکی ئایینی شەڕانگێزانەدا بەڕێوەچووە، کە هەرگیز پشتیوانی کورد و ئاسایشی نەتەوەیی ناوچەکە نەبووە. کە لە هەر ڕەوشێکدا شوناسی ڕاستەقینە لە دەوڵەتی ئێران دا هەر بە فارسی دەمێنێتەوە، کە شیعیزم لە ئێران دا بە بەراورد لەگەڵ شوناسی فارسی پلەیەکی نزمتر لە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە.
کورد هیچ کێشەیەکی لەگەڵ شیعەدا نییە، نە لەگەڵ هیچ بیروباوەڕێک و هیچ ئایینێک و ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی ئایینیش. بەڵام ئێمەی کورد ناتوانین هاوسۆز بین، بێ گوێدانه سەروەری وڵاتەکەمان، لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانه کوشتار، زیندانیکردن، ستەمی ڕۆژانه له مرۆڤی کورد دەکەن، ئەوانەی ڕێگرن له چالاکی و به شداریی حیزبه عەلمانی و چەپەکان له ژیانی گشتیدا، ئەوە ڕاستییەکە لەودیوەوە هیچ بوارێک بۆ سازشکردن نییە و لە ویژدانی ئێمەی کورد دا، ئەمە نوێنەرایەتی کەمترین ئەرکە هزری و ئەخلاقییەکان دەکات. ئێران دەبوو سپاسگوزاری هەرێمی کوردستان بکات کە لەو شەڕەدا نەبووە لایەنێکی ململانێ. ئامادەش نەبوو هاوسۆزی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەربڕێت، کەواتە بۆچی و لەپای چی ڕۆژانە میلیشیا لەیاسادەرچووە گرێدراوەکانی سەر بە خۆیان هەرێمی کوردستان بۆمباران دەکەن؟



