سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خەونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

ئەمە ڕەشبینی نییە و پەیوەندی بە باری دەروونی و ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆمەوە نییە، بەڵکو بە وردبوونەوە لە مێژووی ناوچەکە و چۆنیەتیی پێکهاتەی قەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سروشتی هێزە ململا‌نێکەرەکاندا هەیە، کە دەتوانین بڵێین، بە لایەنی کەمەوە تا سەد ساڵی دیکە خەونی ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتەدی، ئاشتی خەونە و تەنیا دە ساڵ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام و جێگیر نابێت. بە پێچەوانەوە، شەڕ لە نێوان دوو یان سێ قەوارەی ناوچەکە یان لە نێوان پێکهاتەکانی خودی یەک قەوارەی ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

لە ماوەی ١١٠ ساڵی ڕابردوودا، یەک ڕۆژ ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئارام نەبووە، هیچ بیست و چوار کاتژمێرێک نەبووە، یەک تەقەی لێ نەکرێ و کەسێک نەکوژرێت.

هیچ هەفتەیەک نەبووە فڕۆکە شوێنێک بۆردومان نەکات، یان گرووپێک پەلاماری گرووپێک نەدا.

هیچ مانگێک نەبووە، چەند بارهەڵگرێک چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا یان ئەوروپا یان ڕووسیا نەگەیەننە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هیچ ساڵێک نەبووە سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدوان دژی یەکتری یان خۆئامادەکردن دژی یەکتری یان پەلاماری یەکتری یان هێرش بۆ سەر هەندێک لە پێکهاتەکانی خۆیان نەبەن و سەرکوت یان جینۆسایدیان نەکەن.

هیچ دە ساڵێک نەبووە کودەتای سەربازی یان زەبروزەنگ بەکار نەهاتبێت بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

ئەم پنتە جوگرافییەی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقیا کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، پڕکێشەترین ناوچەی سەر گۆی زەوی بووە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا، کە کێشەکانی بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

شەڕی یەکەمی جیهانیی و شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و ڕووبەڕووبوونەوەی ئینگلیزەکان و سمکۆی شکاک و شێخ سەعیدی پیران نزیکەی دوو دەیەی خایاند. دواتر ڕاپەرینی بارزانییەکان و خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای سلێمانی و شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیمی لە باکوور و دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانیی لە سییەکاندا، کودەتای ڕەشید عالی گەیلانی و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و وەتبەی کانوونی بەغدا و شەڕی عەرە‌ب‌ـ‌ئیسرائیل لە چلەکان و کودەتا سەربازییەکانی میسر و سووریا و عێراق و ئێران لە پەنجاکان و دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول و کودەتا یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سووریا و بەردەوامی کێشەی فەلەستین و هێرشەکانی وڵاتانی عەربی لە شەستەکان و شەڕی ناوخۆی لوبنان و یەمەن و عێراق و ئێران لە حەفتاکان و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و شەڕی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی عێراق و ئێران و تورکیا لە هەشتاکان و داگیرکردنی کوێت و شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی عێراق و کۆڕەوی کورد و بەردەوامی شەڕی کورد و تورکیا و ئیسرائیل و باشووری لوبنان لە نەوەدەکان و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەدام و شەڕی ناوخۆ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە سەرەتای هەزاری سێیەم، بەهاری وڵاتانی عەرەبی و ڕووخانی دەسەڵات و حکومەتەکانی میسر و لیبیا و یەمەن و بەردەوامی شەڕی ناوخۆ لە نێوان گرووپە پێکهێنەرەکانی ئەم وڵاتانە و سەرهەڵدانی گرووپی توندڕەو وەکو داعش لە دەیەی دووەمی هەزارەی سێیەم، ئێستاش لە بیستەکانی ئەم سەدەیەدا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای سەربازی و پەیدابوونی درۆن و هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر نەیارەکانیان لە لوبنان و سووریا و عێراق و ئێران بەردەوامی هەیە و سەختە ئەنجام و کۆتایییەکانی پێشبینی بکرێت و ئومێدی ڕاوەستانی لێ ناکرێت.

لە خوێندنەوە و وردبوونەوە لەم پانۆرامایەی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، دەبینین کۆڵکەی هاوبەش بریتییە لە پرسی کورد (واتە شەڕی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان) و کێشەی عەرەب‌ـ‌ئیسرائیل و توندڕەویی دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لەم ناوچەیەدا، بە دڵنیاییەوە ئاسۆی چارەسەری هیچ یەکێک لەم کێشانەش ڕوون نییە و ئومێدی چارەسەری نزیکیان لێ ناکرێت.

نا ئارامی و هۆکارەکان و شوێنەوارەکانی جەنگ لەم ناوچەیە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا، شایانی لەسەر ڕاوەستان و بیرکردنەوە و توێژینەوە لەسەر کردنە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ئەقڵیەت و جیهانبینی خەڵکی ناوچەکەوە هەیە.

بۆ ئەوەی لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم شەڕە درێژخایەنە تێبگەین، کە هێشتا کۆتا شەڕ کە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکایە دژی ئێران، کۆتایی نەهاتووە، نەک هەر بەم نزیکانەش کۆتایی نایەت و ئەگەری بەردەوامی هەیە، بەڵکو ئەگەری زنجیرەیەک شەڕی دیکە لە نێوان پێکهاتەکان یان لە نێوان ڕەوت و باڵ و حیزبە سیاسییەکانی هەر پێکهاتەیەک لە دوای ئەم شەڕە زۆر بەهێزە.

جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەمیشە بووەتە مایەی وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و سیمای شارستانی ناوچەکە و گیان لەدەستدانی ملیۆنان خەڵک و بێ‌بەشبوون لە تام و چێژی ژیان بە گشتی.

ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ جیاوازییەکانیدا کردووە و جگە لە شەڕی ناوخۆیی یۆنان و بزووتنەوە چەکدارییەکەی ئێرلەندای باکوور، هەتا هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سوڤیەت و ئازادبوونی بەشە ڕۆژهەڵاتییەکەی ئەوروپا و جیابوونەوەی وڵاتانی بەڵکان، کە ئەویش تا ڕادەیەک لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر کرا، ئیتر ئەوروپا ئارام بووە. جێگای ئەوە بووە چاوی لێ بکرێت، پەناگەیەکیش بووە بۆ پەناهەندە و کۆچبەران. بە پێچەوانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، ساڵ لە دوای ساڵ شەڕەکانی توندتر و زیانەکان زیاتـر و وێرانییەکان کاریگەرتر بوون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO