سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستان لە نێوان “هەژموونی حیزبەکانی دەسەڵات” و “فەوزای ئۆپۆزسیۆن”دا

مەجید ساڵح

ئیمیل دورکایم، کۆمەڵناسی فەڕەنسی، پێمان دەڵێت کۆمەڵگە تەنها ئەو کاتە تەندروستە کە دامەزراوەکانی بە هاوسەنگی کار بکەن. کاتێک یاسا و نۆرمەکان دەشکێن، کۆمەڵگە تووشی “ئەنۆمی”، واتە حاڵەتێکی سەرگەردانی دەبێت کە تێیدا هیچ کەس نازانێت سنووری ماف و ئەرکەکانی لەکوێدایە. کوردستان لە سەردەمی زێڕینی بودجەی  کە ١٧٪ی بوجەی عێراقی هەبوو، نموونەیەکی زیندووی ئەم “ئەنۆمی – سەرگەردانی”یە بوو.

یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی دەسەڵاتی یەکێتیی و پارتی لە دوای ڕاپەرین، پەکخستنی کەرتی کشتوکاڵ بوو. لە جیاتی ئەوەی گوندەکان بکرێنە سەرچاوەی ئاسایشی خۆراک، حکومەت سیاسەتی “بە پۆلیسکردن و بە پێشمەرگەکردن”ی گوندنشینەکانی پەیڕەو کرد. هەزاران گەنج لە کێڵگەکانەوە گواسترانەوە بۆ ناو شار و لە بارەگا و مەخفەرەکاندا وەک “پاسەوان” دامەزران. لە ئەنجامدا گوندەکان چۆڵ بوون، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەتەواوەتی دابەزی و هەموو جرەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکران، لە پاڵ ئەوەدا لەو پارەیە سلفەی خانووبەرە و هاوسەرگیری هەبوو بە لێشاو دەدرا بە خەڵک، دەرچووانی زانکۆ بە تەزکیەکی کۆمیتە و ناوچەکان ساڵانە دادەمەزران. بەڵام و مرۆڤی کورد بوو بە مووچەخۆرێکی مەسرەفگرەرای وابەستە بە حیزب.

سەرەڕای لێشاوی ملیارەها دۆلارە لە بەغدا‌ـوە، برینە کۆنەکان ساڕێژ نەبوون، کارەبا وەک مەتەڵێکی لێنەهاتبوو؛ پارە هەبوو، بەڵام کارەبای نەبوو. ڕێگاوبان تەنها ناوەکەی مابوو، ڕێگای نێوان شارەکان بوونە “ڕێگای مەرگ” چونکە پارە لە جیاتی ئاوەدانکردنەوە بۆ لەشکرەکانی حەفتا و هەشتا خەرج دەکرا.

لە هەلومەجێکی وادا لە ٢٠٠٩ ئۆپۆزیسۆن سەری هەڵدا و گوتی کێشەی بنەڕەتیی “نەبوونی دەوڵەت و دامەزراوەکانە” داوای کرد کۆتایی بە هەژموونی  لق و مەڵبەندەکان بەسەر دادگاکان بهێنرێت، زانکۆکان لە بارمتەی ڕێکخراوە حیزبییەکان ڕزگار بکرێن و ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە دەهات بە شەفافی بکرێتە بودجە و لە پەرلەمان گفتوگۆ بکرێت.

ئەو کات ڕەخنەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر بنیادنانی سیستم بوو. ڕەخنە لەوە بوو کە بۆچی هێزی پێشمەرگە (٧٠ و ٨٠) پێنچ هێندەی سوپای وڵاتێکی وەک فەڕەنسا گەورە کراوە تەنها بۆ پشکێنەی حیزبی. بەڵام دەسەڵات لە جیاتی چاکسازی، ستراتیجیی “پەرتکە و زاڵبە”ی پەیڕەو کرد. بە دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی و کڕینی کادیرەکان، توانی گوتاری ئۆپۆزسیۆن لە “داواکاریی سیستەم”ەوە بۆ “داواکاریی سەرەتایی” دابەزێنێت.

ئەو هێزانەی ڕۆژێک دژی ئەم دۆخە دروست بوون، ئێستا خۆیان بوونەتە بەشێک لە “سەرگەردانی”یەکە. جێگەی داخی قووڵە کە ئێستا هەندێک ئۆپۆزسیۆن دژایەتی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە لە بنچینەدا داوایەکی مێژوویی خۆیان بوو. دژی سیستەمی “هەژاماری من”ن کە جاران ئۆپۆزسیۆن دەیگوت تەنها ڕێگەیە بۆ بڕینی دەستی حیزب لەسەر قوتی خەڵک ئەوەیە مووچە بخرێتە سەر حیسابێکی بانکی!

لە جیاتی دژی نرخی کارەباکە بێت، دژی کارەبای ٢٤ سەعاتییە و لە دادگای فیدراڵی شکاتی لەسەر دەکات!  دژی کامێرای تیژڕەوییە کە لە جیهاندا بۆ پاراستنی گیانی خەڵک زۆر بە توندی کاری پێ دەکرێت. واتە ئەم جۆرە ئۆپۆزیسۆنانە دژی هەر هەوڵێکن بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە وەک سیستەمێکی یاسایی کە لە بنەچەدا بەشێک بوون لە پاکێجە ڕیفۆرمییەکانی خۆیان.

دەسەڵات توانی کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەک ببات کە تێیدا خەڵک تەنها بیر لە “وەرگرتنی مووچە” بکاتەوە نەک “بنیادنانی دەوڵەت”. مەترسییەکە لێرەدایە، ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی شەڕ بۆ سەروەریی یاسا و کاراکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و دامەزراوەکان بکات، ئێستا سەری زمان و بنی زمانی بووەتە ئەوەی “زوو ١٢٠ ملیارکە بنێرە” شەڕ لەسەر ئەوە دەکات لە فڵان شوێن ( ATM)ێک کارەبای نییە و کار ناکات. ئەمە گەورەترین مەترسییە لە سەر پڕۆژە گەورەی “نیشتمانسازی”.

یەکێتیی و پارتی کە هەرێمان بەش کردووە، چەند ڕۆڵیان لە شکستهێنان بەو پرۆژەیە هەیە، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەش ڕۆڵەکانیان کەمتر نییە. وەک دورکایم دەڵێ ئەو کاتەی “کۆمەڵگەیەک تێیدا سووکایەتی بە یاسا و سیستەمەکانی حوکمڕانی باش بکرێت (جا لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بێت یان ئۆپۆزسیۆنەکەی) و خەڵکەکەی تەنها بەدوای غەریزە سەرەتاییەکاندا بگەڕێن، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجاری دەچێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO