سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پێگەی مێژوویی ئێزدییەکان لە کۆمەڵگەی کوردستانیی دا

بەمەبەستی نووسینی توێژینەوەیەک لەسەر ئێزدییەکان؛ بەسەر کتێبێکی باشدا کەوتم، کە بەشێوەیەکی زۆر مەنهەجی و ئەکادیمی بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەناوی لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردانی ئێزدی (دیراسات في تاریخ الکورد الازیدیین)، بە پێنووسی هەردوو نووسەری بەتوانا “عەدنان زیان فەرحان” و “قادر سەلیم شەمۆ”. کتێبەکە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی کورد و پارێزگاریکردن لە دۆکومێنت/ زانکۆی دهۆک، لە ٢٠٠٩ لە چاپخانەی زانکۆی دهۆک چاپ کراوە. هێشتا کتێبەکەم هەموو نەخوێندۆتەوە، بەڵام دەوڵەمەندی کتێبەکە و ئەو بارودۆخەی ماوەی ڕابردووی ڕۆژاڤای کوردستان وای لێ کردم بەشێک لەو زانیارییانە لەگەڵ خوێنەران بەش بکەم.

کێشەی سەرەکی هەنووکەی کورد بە موسوڵمان و ئێزدیی و کەمینە ئایینییە کوردستانییەکانی دیکەشەوە، نەخوێندنەوەی مێژووی خۆیانە. مێژووی نەتەوەی کورد پڕیەتی لە خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان. پریەتی لە شۆڕش و خۆڕادەستنەکردن. ئەم هەموو قوربانییەش دەکرێت هۆکارێکی سەرەکیی بێت لەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی نەتواوەتەوە و توانیویەتی پارێزگاری لە خاکی کوردستان، زمان و کولتووری خۆی بکات. بەبێ دوودڵیش دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری ئەو فەزڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئێزدییەکان و جیاوازیی ئایینیی، چونکە بەهۆی “جیاوازی ئایینییانەوە” توانیویانە پارێزگاری لە کولتوور و زمانی کوردی بکەن. ئەو خۆڕاگری و پارێزگاریکردنەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پەیوەندیی بە جیاوازی ئایینییەوە هەیە، چونکە بەزۆر ئەگەرەوە  ئەو ڕاپەرینانە هێندەی پاشخانی جیاوازی ئایینییان هەیە، شتێکی دیکە نییە، وێڕای ئەوەی لەو سەردەمانەدا ناسنامەی ئایینی زیاتر باو بووە تا ناسنامەیەکی دیکە. هۆکارەکەش هەموو ئەو فشارانە بوون کە لەسەردەمی عەباسییەکان‌ـەوە دژ بە ئێزدییەکان دەستی پێکردووە و لە سەردەمی عوسمانییەکان ئەو فشارانە گەیشتوونەتە لوتکە. لەو پێناوەشدا ئێزدییەکان گەورەترین باجییان داوە.

لە شەرەفنامەی شەڕەفخانی بەدلیسی دا، کوردانی ئێزدی پێگەیەکی گرنگییان هەیە. شەرەفخانی بەدلیسی ناوی ئیمارەتی داسنی لە چوارچێوەی لیستێکی تایبەت بە دەستەڵاتدار و میرەکانی کوردستان لە بەشی حەفتەمی کتێبی شەرەفنامە دا دەربارەی مێژووی دەوڵەت و ئیمارەتە کوردییەکان، باس کردووە، بەڵام وەکوو هەردوو نووسەر دەڵێن؛ بەداخەوە ئەو بەشەی کتێبەکە لەکاتی چاپکردنی فڕێدراوە و دیار نەماوە. دیارە داخ لە دڵێک بەر لە چاپکردنی کتێبەکە دەبێت ئەو بەشەی فەوتان دبێت. هەر لە شەرەفنامە دا هاتووە، کە حەفت جڤاکی سەرەکی لە کۆتایی سەدەی پازدەدا لە کۆی ٣٠ جڤاکی هۆزە کوردەکان، لەسەر ئایینی ئێزدی بوون، کە بریتیبوون لە: داسنی، خالتیی (خولدی)، دۆمبلی، مەحمودی، بسیانی، بەختی (بۆتانی) و سلێڤانی.

ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنجە، هەموو هۆزە ئێزدییەکان لە کوردستان لە پشت سەرکردەی کورد سەلاحەدینی ئەیوبی وەستاون لە شەڕیان دژ بە خاچهەڵگرەکان. لەبەرامبەر ئەو هەوڵ و پشتیوانییەش، سەلاحەددین زۆربەی ناوچەکان و قەڵاکانی لە قەسیر، لە ڕۆژئاوای حەلەب بەخشین بە ئێزدییەکان. بەو جۆرە ئێزدییەکان توانییان ئیمارەتێک بەناوی ئیمارەتی ئەزیزیان دابمەزرێنن، “شێخ مەند”یش بووە ئەمیری ئێزدییەکان و ڕێبەری کورد لەڕێگای زۆرینەی ئێزدییەکانەوە. شەرەفخانی بەدلیسی وەسفی ئەو ئیمارەتەی ناوچەکانی حەلەب، کلیس و قەسیری کردووە؛ کوردەکان لە دەوری میر (شێخ) مەند کۆبوونەتەوە و هێز و فەرمانڕەوایەتی بەرفراوان بووە و زۆربەی هەرە زۆری کوردی ویلایەتی شام و حەلەب لەدەوری شێخ مەند کۆبوونەتەوە. بەهۆی ئەو هێز و ناوبانگ و فەرمانڕەوایەتییەی شێخ مەند؛ سەلاحەددینی ئەیوبی شۆرەتی “میری میرانی” هەموو کوردانی حەلەب و شامی بەخشییوە بە میر مەند.

لەگەڵ بەهێزبوونی ئیمارەتی ئێزدییەکان لە حەلەب و شام، ئیمارەتی ئێزدی لە باشووری کوردستان دووچاری جۆرێک لە لاوازی دەبێت بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەتابیکەکانی موسڵ بە ڕێبەرێتی بەدرەدین لوئلوئە بۆ سەر ئەو ئیمارەتە. بۆیە نەوەکانی شێخ ئادی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی داسنی ڕوویان لە ڕۆژاڤای کوردستان کردووە، یەکەم کەسیش کە ڕووی لەوێ کردووە زێنەدینی کوڕی شەرەفەدین بووە.

دوای کۆچی دوایی میر مەند، دەستەڵاتدارانی ئەو میرنشینە پێگەیەکی گەورەیان داوە بە میر زێنەدین، دوای ئەوە دەستەڵاتی میر زێنەدین زۆر بەرفراوان بووە و گەیشتۆتە میسر. بۆیە مەمالیکەکان وەکوو مەترسیی هەژماریان کردووە، لە ئەنجامیشدا شا سەیفەدین قەلاون فەرمانێکی بۆ جێگرەکەی لە شام دەرکردووە بۆ دەستگیرکردنی میر زێنەدینی هەکاری و بینێرن بۆ میسر.

بەو جۆرە توانراوە لە دیمەشق لە ١٢٨٢ی زایینی دەستگیر بکرێت و بینێرن بۆ میسر. لەوێ ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە و دوای سێ ساڵ لە زیندان ئازادیان کردووە و گەڕاوەتەوە و لە ١٢٩٨ی زایینی کۆچی دوایی کردووە. دوای ئەوە کوڕەکەی عێزەدینی هەکاری دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و یەکێک بووە لە میرە بەناوبانگەکان و بە “میری میران” ناوبانگی دەرکردووە و تەواوی کوردانی حەلەب و دیمەشق لە دەوری کۆبوونەتەوە.

دەستەڵاتی میر عێزەدین لە کۆتایی دەستەڵاتی چەرکەسەکان ئەوەندە بەهێز بووە، هەر کوردێک ببیندرابا پێیان گوتووە “تۆ کوردی خودای ئێمەی یان کوردی میر عێزەددین”. لەوانەیە مەبەستیش لەو دەستەواژەیە، جیاوازیی ئایینی بووبێت. دوای هەموو ئەو ڕووداوانە لە ١٥١٦ی زایینی، دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەژێر سوڵتان سەلیمی یەکەم لە هەڵکشاندا بووە و پەلاماری سووریای داوە و سوپای میسری تێکشاندووە، میرێکی ئێزدیش بەناوی میر قاسم کە لە ماڵباتی “میر مەند” بووە، دژ بە میر عێزەدین؛ پشتیوانی لە عوسمانییەکان کردووە و لەگەڵ سوپای عوسمانی چۆتە ئیستەمبۆڵ، بەڵام دوای ئەوەی عوسمانییەکان میر قاسمییان بە تۆمەتی ناپاکی کوشتووە، جارێکی دیکە “میر عێزەددین”یان کردۆتەوە بە والی حەلەب.

ئەو مێژووە زۆر ورد و جێگای لەسەر وەستانە، بەتایبەتیش ڕەهەندی کوردی لە حەلەب تا دیمەشق. لەو مێژووە تێدەگەین کە پڕۆسەی تەعریب و کۆچی بەلێشاوی هۆزە عەرەبییەکان توانیویەتی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی لە کوردبوون دابشۆرێت، بەتایبەتیش دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەلاحەدینی ئەیوبی. بەپێی سەرچاوەکان، دەسەڵاتی ئێزدییەکان لە کوردستان لەڕێی جڤاکی هۆزە کوردەکانەوە؛ کە لەسەر ئایینی ئێزدی بوون لە پێش ئیسلامەوە، زۆر بەرفراوان بووە، گرنگترینی ئەو جڤاکانەش دۆمبەلی، مەحمودی، بەختی، بسیانی، خالتانی و سلێڤانی بوون، وێڕای داسنی و ئینکاری کە بەر لە ئیسلام دەستەڵاتییان لە هەکاری و بۆتان و شەنگال زۆر باڵا بووە.

ئەوەی کە جێگای سەرنجە، ئێزدییەکان لە هەموو کوردستانی مێژوویی باڵادەست بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز و هاتنی هێزە هەمەجۆرەکان بۆ کوردستان، بەشی هەرە زۆری ئەو هۆزە ئێزدییانە بەتایبەتیش بەشێک لە میرەکانییان بوون بە موسوڵمان و بەشەکەی دیکەیان کە نەیانویستووە ببن بە موسوڵمان بەرەو شێخان و شەنگال خشاون.  بەوجۆرە لەگەڵ بەرفراوانبوونی دەستەڵاتی موسڵمانەکان، دەستەڵاتی ئێزدییەکان لە بەرتەسکبوونەوەدا بووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO