هێرش قەهار عەزیز
دەمەوێت بابەتەکە بە پرسیارێک دەست پێ بکەم، ئایا شەنگال دووبارە هەڕەشەی داگیرکردنەوەی لەسەرە؟ شەنگال بەهۆی گرنگی شوێنەکەی لە ڕووی جیۆپۆلەتیکی (جوگرافیای سیاسی) کە ناوچەی شەنگال بە گشتی و چیای شەنگال بە تایبەتی دەکەوێتە ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ڕۆژاڤا (باکووری ڕۆژئاوای عێراق و نزیک سنووری سووریا)، کە ئەمەش شوێنێکی ستراتیجییە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و بە تایبەتی سیاسەتی هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکانەوە. هەوڵدەدەم لە خوارەوە زیاتر بە چەند خاڵێک ڕوونی بکەینەوە.
شوێنی جوگرافی: شەنگاڵ دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە باشووری “چیای شەنگاڵ”ـە. چیای شەنگال بە شێوەی زنجیرەیەکە، ٧٩ کیلۆمەتر درێژە و بەرزاییەکەی زیاتر لە ١٤٠٠ مەتر دەبێت. بەهۆی شاخە سەخت و ئاڵۆزەکانی، لە ڕووی سەربازییەوە شوێنێکی گرنگ و سەخت و بەرگریکارە بۆ گرنگی سەربازی و ململانێی هێزەکان. چیای شەنگاڵ بەهۆی سنووری فراوان و دەست ڕاگەیشتن بە دەوروبەر، هەمیشە ڕۆڵی سەربازی هەبووە.
لە ڕووی مێژووییەوە: ئەم شوێنە هەر لە کۆنەوە لانکەی مرۆڤایەتی بووە و شوێنی مێرخاس و عەگیدان بووە لەبەر شوێنە مێژووییەکەی زۆربەی هێز و میرنشین و ئیمپراتۆرە مێژووییەکان چاوییان تێی بڕیووە و هەوڵییان داوە بیکەنە بنکەی خۆیان و سەربازی خۆیانی تێدا جێگیربکەن. بۆ نموونە، لە سەردەمی ڕۆمانییەکان وەک بنکەیەکی سەربازی بەکارهاتووە. هەر بۆیە لەبەر پێگە مێژووییەکەی گرینگی زۆری پێدراوە و ململانێ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کراوە.
ململانێی نێوان هێزەکان: لە دوای ٢٠١٤، کێشە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چیاکە لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا دیسان سەرهەڵدەداتەوە. بۆیە شرۆڤەکارانی سەربازی پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی چیای شەنگاڵ لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا ئێرانییەکان، ڕێگەیەکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە نێوان عێراق و سووریا و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و تورکیا.
ڕێگای داود: خاڵێکی تری بەهێز ئەم شوێنە ئەوەیە کە لە ناو نەخشەی ڕێگای داود دا بوونی هەیە. هەر وەک دەبینین لە هەندێک لێدواندا، شەنگاڵ وەک گرێیەکی ستراتیجی لە ڕێگای داودی دادەنرێت کە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و ئەمریکا گرنگە، چونکە ئاشکرایە دانیشتوانەکەی ناسنامەیان ئێزدییە هەر وەکوو دەزانین شەنگاڵ بە نیشتمانی سەرەکی ئێزییەکان ناسراوە. هەر بۆ زانیاری پێش هێرشی داعش لە ٢٠١٤، نزیکەی ٤٢٠ هەزار کەس لە ناوچەکە دەژیان.
جینۆسایدی ٢٠١٤: کارەساتی لەناوبردن و قڕکردنی ئێزدییەکان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، داعش هێرشێکی کوشندەی کردە سەر شەنگاڵ و کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگی ئەنجام دا دژی ئێزدییەکان. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی ژێرخانی ناوچەکە.
ئاوارەبوون و گەڕانەوە: هێشتا زۆرێک لە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی ئاوارەکان دەژین و گەڕانەوەیان بۆ شەنگال لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە، بەهۆی وێرانبوون و نائارامییەوە.
دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پێگەی ستراتیجی شەنگاڵ پەیوەستە بە شوێنی جوگرافی لە نێوان عێراق و سووریا و نزیک لە تورکیا. هەروەها شێوەی سروشتی چیایەکە کۆنتڕۆڵی دەوروبەری ناوچەکە دەکات. لەلایەکی دیکەوە ململانێی هێزەکان بووەتە مەیدانی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان (تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا) هەروەها خاڵێکیتریش کە لێی نەدوواوین ڕەهەندە مرۆییەکەیەتی شەنگال یان نیشتمانی ئێزدییەکان کە دوای کارەساتە گەورەکەی هاوینی ۲۰۱٤ لەو کاتەوە تاکوو ئێستا دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی کێشەی ئاسایش و گەڕانەوە بوونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
لە کۆتاییدا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە سەرەتاوە کردبوومان ئایە شەنگال مەترسی دووبارە داگیرکردنەوەی لەسەرە؟ دەڵێم لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی کە باسم لێوە کرد، بەڵێ شەنگاڵ مەترسی دووبارە داگیرکردنەوەی لەسەرە بە هەموو لێکدانەوەکان.



