شەڕی شوعەیبە، کە ١٢ تا ١٤ی نیسانی ١٩١٥ لە چێوەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە نێوان بەریتانیا و عوسمانی(ئیتیحاد و تەرەقی)دا ڕوویدا، تێیدا بەشێک لە کورد و عەرەب و تورک بەدەم بانگەوازی جیهادی ئیتیحاد و تەرەقییەوە چوون و دژی ئینگلیز سەنگەریان گرت! ئیتیحادییەکان کە بە کودەتایەک لە ١٩٠٨دا دەستیان بەسەر میراتی سیاسی و جوگرافیی عوسمانیدا گرتبوو، (پێچەوانەی باوەڕی خۆیان کە تۆرانیزم بوو) بۆ ڕزگاریی تورک و دەسەڵاتەکەیان بانگەوازیی جیهادیان بۆ سەرجەم گەلانی ژێردەستەی عوسمانی کرد و بە نێوی «برایەتیی ئاینی»یەوە دووبارە پێکهاتە چەوسێنراوەکانی ژێردەستیان وەک کورد و عەرەب و تورکمانیان خستەوە ڕەگەڵی خۆیان و مەیدانی بیابانیی شوعەیبە (شعێبە) کە ناحیەیەکی سەر بە قەزای زوبێری پارێزگای بەسرەیە کۆیکردنەوە و پێکەوە بەرەنگاری ئینگلیز بوونەوە، لە سێ ڕۆژدا شکستێکی قورس تووشی لەشکری عوسمانی بوویەوە، سەرکردەی لەشکرەکە (سلێمان عەسکەری)یش خۆی کوشت و هەریەکە لە جەنگاوەرانی کورد و عەرەبیش (جگە لە کوژراورکان) گەڕانەوە مەسکەنی خۆیان. دیارترینی ڕێبەری کورد لەو جەنگەدا شێخ مەحموودی حەفید بوو. ئەمە دوا شەڕ و دوا هەڵوێستی کردەیی بوو کە حەفید لەگەڵ تورکی عوسمانی و ئیتیحادییەکاندا کردی و شکستەکە “ضارة النافعة”یەک بوو بۆ شێخ و بیرە سیاسییەکەی و کوردیش، چونکە دەستبەجێ پاش شکست لە سەرەڕێی گەڕانەوەیدا تێگەیشت کەتواری سیاسەت گۆڕدراوە و ئیتر گوتاری دینی نە ڕزگارکەرە و نە بانگەشەکارانیشی ڕاستگۆن، بۆیە دەستبەجێ لە ڕێی نامەوە هەوڵی پەیوەندییکردن و هاوپەیمانێتی سیاسیی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا دا، لەوە بەدوا گوتاری کوردستانی خۆی پەرەپێدا.
بۆ کوردی باشوور، شەڕی شوعەیبە دەکرێت وای دابنێین جەنگێک بوو وەرچەرخانی گووتاریی و بە ئاگاهاتنەوەی بەدووی خۆدا هێنا، بارگۆڕانی بیری سیاسی بۆ سەرکردە ئاینییەکەی سلێمانی و باشوور دروستکرد و بوویە بناغەیەکی دی بۆ بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی باشوور و بەرهەمەکەی حکومەتەکەکانی شێخ مەحموود لە سلێمانی و دەوروبەری بوو.
وێستگەیەکی گرنگی خەباتی سیاسیی شێخ مەحموودی حەفید شەڕی شوعەیبەیە، بەشێکی یادەوەریی ژیانی سیاسییەتی. لەم دواییانەدا خۆشبەختانە و بەدەستخۆشییەوە، ڕێکخراوی Civil Development Organization گەشەپێدانی مەدەنییەت زیافەتخانەکەی شێخ مەحموودیان لە سەرای سلێمانی، وەک مۆزەیەکی ژیانی سیاسی ئاوەدانکردەوە و هیممەت و پەرۆشیان هەر بەردەوامە، هەر لەو چێوەیەدا لەپێناو باشتر وێناکردنەوەی مێژوویی خەباتی شێخ مەحموودی حەفید و جێکردنەوەی ئەو یادەوەرییە لە مۆزەخانەکەدا، ڕۆژانی ١٧-١٩ی شوباتی٢٠٢٦، تیمێکی هاوبەشی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بە هاوڕێیەتی فۆتۆگرافەری بەتوانا Nasih Ali Xayat ، بۆ دیتنی مەیدانی شەڕەکە و بینینی مۆنۆمێنتی کوژراوانی ئینگلیز و کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتری وێنەیی و شوێنەواری و زارەکی و جوگرافی و کارگێڕیی، بەرەو شاری بەسرە و نێوچەی شوعەیبە بەڕێکەوتین و شوێن پێی ڕووداوەکانی ١١١ ساڵ لەمەوبەرمان وێناکردەوە. ئینگلیز سەرجەم کوژراوانی خۆیی تۆمارکردووە و ئەودەم دەستەیەکی تۆماریی گۆڕی کوژراوانی هەبووە بۆ تۆماری وردەکاریی و بەشداریی و کوژراوانی خۆی و وڵاتانی کۆمۆنوێڵس، ئەوەی شوعەیبەی مۆنۆمێتی بەسڕە ناوناوە کە بەشێکی سەرەکی کوژراوانی شوعیبەن و ئەوانی دیکەی هی ساڵانی جەنگی یەکەمی گێتی و پاشترن(١٩١٤-١٩٢١)، بەداخەوە کورد و عەرەب و تورک ئامارێکی ڕێک و ڕەوانیان لەبەردەست نییە و وەک دەوترێت زیاتر لە هەزار کەسی کورد بەشداریی شەڕەکەیان کردووە. ئێمە پاش سەدو ئەوەندەساڵ هێشتا هەر بەدوای وردەکاریی ئەو ڕووداوانەوەین!



