سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاتێک دایک دەبێتە بژاردە: زمان وەک قوربانیی یەکەمی سیستمی پەروەردە!

ئەو بڕیارە سیاسیی و پەروەردەییەی، کە هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا؛ زمانی کوردی لە قۆناغي شەشی ئامادەیی، لە بابەتێکی بنیاتنەر (Core Subject) گۆڕی بۆ بابەتێکی ئارەزوومەندانە (Elective)، گوزارشت لە جۆرێک لە دژبەرییەکی ستراتیژی (Strategic Contrast) دەکات لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا. لەڕووی کۆمەڵناسی زمانەوە (Sociolinguistics)، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی “پێگەی زمانەوانی” (Linguistic Status) و دروستکردنی جۆرێک لە پلەبەندی زمانەوانی (Linguistic Hierarchy)، کە تێیدا زمانی بیانی وەک ئامرازی سەرەکیی گەیشتن بە سەرمایەی زانستی و دارایی وێنا دەکرێت. لە بەرامبەردا زمانی دایک وەک پاشکۆیەک یان ناسنامەیەکی ناداینامیکی نیشان دەدرێت. ئەم بڕیارە نەک هەر کاریگەری نەرێنی لەسەر کارامەیی زمانەوانی (Linguistic Competence) نەوەی نوێ دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی درز لە نێوان “ناسنامەی نەتەوەیی” و “پرۆسەی مەعریفی”، بە جۆرێک کە زمان لە چوارچێوەی دەزگایەکی فەرمی وەک قوتابخانەدا بەها فەرمییەکەی لەدەست دەدات و دەکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکانی نمرە و تێپەڕاندنی قۆناغ.

زمان لە جەوهەری خۆیدا تەنها کەرەستەیەکی گواستنەوەی زانیاری یان ئامرازێکی پەیوەندیی ڕۆژانە نییە، بەڵکو سیستمێکی مەعریفی ئاڵۆزە، کە نەخشەی بیرکردنەوەی نەتەوەیەک دیاری دەکات. بەپێی تیۆرییەکانی زمانەوانی مۆدێرن، هەر زمانێک خاوەنی جیهانبینییەکی تایبەتە؛ واتە مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەو زمانەی پێی دەدوێن، جیهان دەبینن، دەیناسن و تەفسیری دەکەن. کاتێک قوتابییەک لە زمانی دایکی بێبەش دەکرێت یان وەک بابەتێکی لاوەکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تەنها لە ڕێزمان و وشەسازی دانەبڕاوە، بەڵکو لەو میراتە دەروونی و فەرهەنگییە دابڕاوە کە تێگەیشتنی بۆ دادپەروەری، ئازادی، ئایین و نیشتمان داڕشتووە. زمان ئەو ماڵەیە کە نەتەوە تێیدا نیشتەجێیە؛ کاتێک دیوارەکانی ئەم ماڵە لە پرۆسەی پەروەردەدا دەڕوخێندرێن، تاک دەبێتە بوونەوەرێکی بێ ناسنامە و لەڕووی مەعریفییەوە پەرتەوازە دەبێت، چونکە بێ زمانێکی تۆکمە، توانای داهێنان و تێفکرینی سەربەخۆ لەبار دەچێت. لە ڕاستیدا هەرەسهێنانی زمانی دایک لە سیستمی فەرمیدا سەرەتای هەرەسهێنانی ئەو سیستمە فیکرییەیە کە کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئاڕاستە فیکرییە توندڕەو و هاوردەکاندا دەپارێزرێت.

لە ڕووی شیکارییەوە، مەترسی هەرە گەورەی ئەم نامۆبوونە زمانەوانییە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە “بۆشاییەکی” مەعریفی لە مێشکی تاکی کورددا دروست دەکات. کاتێک سیستمی پەروەردە زمانی دایک لە ئامرازێکی زانستی و فیکرییەوە بۆ بابەتێکی لاوەکی ئارەزوومەندانە دادبەزێنێت، خۆبەخۆ توانای “بەرگری کولتووری” لەناو گەنجاندا تێکدەشکێنێت. تاکی بێ زمان، تاکێکی بێ قەڵغانە؛ کاتێک گەنجێک نەتوانێت بە قووڵی و بە وردی بە زمانی دایک خۆی تێبفکرێت و لێکۆڵینەوە بکات، بە ئاسانی دەبێتە نێچیری ئەو گوتارە “سەپێندراوە” و توندڕەوانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی زمان و فەرهەنگی ئەو، بە زمانەکانی دیکە (وەک عەرەبی یان فارسی) دێنە ناو ماڵەکانی ئێمە. ئەم بۆشاییە زمانییە دەرفەت بۆ ئاییۆلۆژیا دەڕەخسێنێت، کە مانا و چەمکە توندوتیژەکانی خۆیان لە قاڵبی زمانێکی دیکەدا وەک “تاکە ڕاستی” بەسەر گەنجاندا بسەپێنن، چونکە گەنجەکە لە بنەرەتدا خاوەنی ژێرخانێکی زمانەوانی ئەوەندە بەهێز نییە تا بتوانێت گوتاری ڕەخنەیی کوردی بەرهەم بهێنێت یان لە دەقە ئەدەبیی فەلسەفییە مرۆڤدۆستەکانی نەتەوەکەی خۆی تێبگات. بەکورتی، لاوازکردنی زمانی دایک ڕاخستنی فەرشی سوورە بۆ توندڕەوی فیکری، چونکە نەتەوەیەک نەتوانێت بە زمانی خۆی فەلسەفە و زانست دابڕێژێت، ناچارە بە زمانی بێگانە بیر بکاتەوە و بە ئایدیۆلۆژیای ئەوانیش ڕادیکاڵ بێت.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بزانین، کە زمان تەنها کەرەستەیەک نییە بۆ بەدەستهێنانی نمرە یان تێپەڕاندنی قۆناغی شەشی ئامادەیی، بەڵکو زمان “مافی هاوڵاتیبوونە”، لە ناو مێژوو و ناسنامەدا. ئارەزوومەندانەکردنی زمانی کوردی لە ناو سیستمی پەروەردەدا تەنها بێبایەخکردنی زمانەکە نییە، بەڵکو بێبایەخکردنی ئەو ئەقڵە نەتەوەییەیە، کە بڕیارە لە داهاتوودا بەرگری لە بوونی خۆی بکات، دەمانەوێت نەوەیەکمان، کە لە بەرامبەر شەپۆڵەکانی توندڕەوی و ئایدیۆلۆژیا هاوردەکردندا خاوەنی دیدێکی سەربەخۆ بێت، دەبێت زمان بگەڕێندرێتەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی وەک “قەڵغانی یەکەمی ئاساییشی نەتەوەیی”، پاراستنی زمان، پاراستنی مێشکە لە داگیرکاری، چونکە نەتەوەیەک توانای بیرکردنەوەی بە زمانی خۆی لەدەست بدات، پێشخوەتە شەری مانەوەی دۆڕاندووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO