سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاتێک نەتەوە دەپژمێت: لە بەهاری ١٨٤٨ی ئەوروپاوە بۆ خەزانی ناسیۆنالیزمی کوردی

پێشەکی

مێژووی مرۆڤایەتی، لە جەوهەردا، ململانێیەکی بەردەوامی نێوان دوو ئیرادەی دژبەیەکە: ئیرادەیەک کە هەوڵی وەستاندنی کات و پاراستنی باری باو (status quo) دەدات، ئیرادەیەکی تر دەیەوێت بە تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکان، مێژوویەکی نوێ بخولقێنێت. ئەم ململانێیە،  لە سەدەی نۆزدەهەمی ئەوروپا دا لە نێوان کۆنەپارێزیی ئیمپراتۆری و ناسیۆنالیزمی (نیشتمانپەروەریی) ڕزگاریخوازدا گەیشتە لوتکە، ئەمڕۆ بە هەمان توندی و بە هەمان کارەکتەرەوە لە واقیعی سیاسیی کوردستان دا دووبارە دەبێتەوە.

“باری باو” بۆ داگیرکەران و پاشکۆکانیان، تەنیا دۆخێکی سیاسی نییە، بەڵکو قەڵایەکی یاسایی و دەروونییە  تێیدا نەتەوەی ژێردەستە قایل دەکرێت بەوەی  مانەوە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا تاکە بژاردەی عەقڵانییە. ئەم عەقڵیەتە،  مێژوو بە کۆنەپارێزی (conservatism) ناوی دەبات و ناسیونالیزم و داوای سەربەخۆیی وەک “تەقینەوەیەک” یان “خەونێکی مەحاڵ” وێنا دەکات. لە بەرامبەردا، ئیرادەی نەتەوەیی  وەک هێزێکی داینامیکی و یاسایی، لە دەرەوەی دەستوورە سه‌پێنراوەکان سەرچاوە دەگرێت: چونکە مافی نەتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، پێش یاسا دەستکردەکان و پێش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەک “کۆنگرەی ڤیەنا” و “سایکس-پیکۆ” دەکەوێت.

ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی قووڵی ئێمەیە، دەرکەوتنی چینێکی نوێی “کۆنەپارێزی کوردی”یە. ئەم چینە، لە هەموو پارچەکانی کوردستان دا بە ڕەنگی جیاواز دەردەکەون، تووشی جۆرێک لە نەیارشەیدایی (Stockholm Syndrome)  بوونە. ئەوان وای دەبینن پاراستنی یەکپارچەیی خاکی داگیرکەر و پابەندبوون بە دەستووری پایتەختە غەدرکەرەکان، نیشانەی عەقڵانییەتی سیاسییە. ئەوان لەوە تێناگەن  “باری باو” تەنیا زیندانێکی گەورەیە تێیدا ئیرادەی نەتەوەیی کورد دەستەمۆ دەکرێت.

لەم وتارەدا، بە گەڕانەوە بۆ وانە مێژووییەکانی ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەم و بەراوردکردنی جەنگی نێوان کۆنەپارێزەکان و نیشتمانپەروەرەکان، هەوڵ دەدەین پەردە لەسەر ئەو وەهمە سیاسییە هەڵبماڵین کە ئێستا بەرۆکی ناسیونالیزمی کوردی (نیشتمانپەروەریی کوردی) گرتووە: لە باشوورێک کە لە تەڵەی دەستوورگەرایی عێراقی دا گیری خواردووە، تا باکوورێک کە تیۆری پاراستنی سنوورەکانی بۆ تاشراوە و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەک کە هێشتا لە چاوەڕوانی “دیموکراسیی ناوەندی”دا کات دەکوژن.

بەرگی مێژوویی: چۆن ئەوروپا کۆتوبەندی کۆنگرەی ڤیەنای تێکشکاند؟

بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی نەتەوەی کورد تا ئێستا لە بازنەی باری باودا چەقبەستووە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٨١٥. لەو ساڵەدا، دوای شکستی ناپلیۆن، زلهێزەکانی ئەوروپا لە کۆنگرەی ڤیەنا کۆبوونەوە. ئەم کۆنگرەیە تەنیا کۆبوونەوەیەک نەبوو، بەڵکو دامەزراندنی سیستەمێکی کۆنەپارێزیی ڕەها بوو کە جیهانی عەرەبی و تورکی و ئێرانیی ئێستا، لاسایی کەرەستەکانی دەکەنەوە.

١. سەردەمی مەتەرنیخ، پۆلیسی پاراستنی سنوورەکان (١٨١٥-١٨٤٨)

ئەندازیاری ئەم سەردەمە، کلیمێنس ڤۆن مەتەرنیخ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بوو. مەتەرنیخ فەلسەفەیەکی سیاسیی هەبوو  پێی دەگوترا “پەیمانی ئەوروپی”. ئەو بڕوای وابوو کە:

  • نەتەوەییخوازی/نیشتمانپەروەریی (nationalism) نەخۆشییەکی مەترسیدارە و دەبێت وەک تاعوون ڕیشەکێش بکرێت.
  • سنوورەکان نابێت هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا بکرێت، چونکە یەکپارچەیی ئیمپراتۆریەتەکان (وەک ئیمپراتۆریەتی نەمسا کە دەیان نەتەوەی جیاوازی تێدابوو) لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
  • شەرعییەت تەنیا بۆ پاشاکانە، نەک بۆ نەتەوەکان.

لەم قۆناغەدا، هەر جووڵەیەکی نەتەوەیی لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا یان پۆڵەندا، بە توندترین شێوە و بە هێزی سەربازیی هاوبەشی وڵاتان سەرکوت دەکرا. مەتەرنیخ دەیگوت: کاتێک فەرەنسا دەپژمێت، هەموو ئەوروپا تووشی هەڵامەت دەبێت. مەبەستی ئەوە بوو کە دەبێت ڕێگری لە هەر “ڤایرۆسێکی ئازادیخوازی” بکرێت پێش ئەوەی بڵاو ببێتەوە.

٢. بوومەلەرزەی ١٨٣٠، درز لە دیواری کۆنەپارێزیدا

لە ١٨٣٠دا، یەکەمین شەپۆڵی گەورەی ڕاپەڕین دژی ئەم کۆنەپارێزییە دەستی پێ کرد.

  • لە فەرەنسا (شۆڕشی تەمموز): نەتەوە ڕاپەڕی و پاشای کۆنەپارێز (شارلی دەیەم)ی وەدەرنا. لێرەدا چینێکی نوێ هاتنە سەر دەسەڵات کە بڕوایان بە دەستوور و مافی هاووڵاتی هەبوو.
  • سەربەخۆیی بەلجیکا (١٨٣٠): ئەمە گەورەترین شکستی یاسایی کۆنگرەی ڤیەنا بوو. بەلجیکا کە بە زۆر بە هۆڵەنداوە لکێنرابوو، سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. کۆنەپارێزەکان نەیانتوانی ڕێگری لێ بکەن. ئەمە سەلماندی کە ئیرادەی نەتەوە لەسەرووی نەخشە دەستکردەکانەوەیە.

٣.  لە ١٨٤٨، بەهاری نەتەوەکان و لافاوی نەتەوەیی

ئەم ساڵە وەرچەرخانێکی گەورە بوو. لە پاریس بۆ ڤیەنا، بەرلین، ڕۆما و پۆداپێست، شۆڕش هەڵگیرسا. نیشتمانپەروەرەکان چیتر داوای “چاکسازی”یان نەدەکرد، بەڵکو داوای دەوڵەتی نەتەوەیییان دەکرد.

  • لە نەمسا: مەتەرنیخ، کە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ حوکمی ئەوروپای کردبوو و پۆلیسی سەرکوتکەری نەتەوەکان بوو، ناچار بوو بە جلی ژنانەوە لە ڤیەنا ڕابکات. ئەمە پەیامێک بوو کە هیچ دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز ناتوانێت تا هەتایە لەسەر پشتی نەتەوەکان بمێنێتەوە.
  • لە ئەڵمانیا: پەرلەمانی فرانکفورت پێکهێنرا. نیشتمانپەروەرە ئەڵمانەکان کۆبوونەوە تا دەستوورێک بۆ “ئەڵمانیای یەکگرتوو” بنووسن. هەرچەندە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ لە ڕووی سەربازییەوە شکستیان خوارد و پاشاکان گەڕانەوە، بەڵام ‘وەهمی پیرۆزیی سنوورەکان’ بۆ هەمیشە کۆتایی هات.

٤. لە ڕۆمانسیزمەوە بۆ ڕیەلپۆلیتیک، ئاسن و خوێن (١٨٤٨-١٨٧١)

دوای ١٨٤٨، نیشتمانپەروەرەکان تێگەیشتن کە تەنیا بە وتار و شۆڕشی سەر شەقام، دەوڵەت دروست نابێت. لێرەدا کارەکتەری وەک ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک لە پڕوسیا و کامت کامیلۆ دی کاڤۆر لە ئیتاڵیا دەرکەوتن.

بیسمارک، وەک نیشتمانپەروەرێکی پراگماتیک، لە ١٨٦٢دا گوتە بەناوبانگەکەی پێشکەش کرد: کێشە گەورەکانی ئەم سەردەمە بە بڕیاری زۆرینە و وتار چارەسەر نابن، بەڵکو بە ئاسن و خوێن  چارەسەر دەبن.

بیسمارک سێ جەنگی ئەنجامدا (١٨٦٤، ١٨٦٦، ١٨٧٠) نەک بۆ پاراستنی “باری باو”، بەڵکو بۆ تێکشکاندنی ئەو سنوورانەی کە کۆنەپارێزەکان کێشابوویان. لە کۆتاییدا لە ١٨٧١، لە هۆڵی ئاوێنەکانی کۆشکی ڤێرسای، ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ڕاگەیەندرا و نەخشەی ئەوروپا بە ئیرادەی نەتەوەیی ئەڵمانەکان دووبارە کێشرایەوە.

وانەی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد

لەم مێژووەوە تێدەگەین کە کۆنەپارێزەکان (داگیرکەران و پاشکۆکانیان) هەمیشە سێ چەکیان بەکارهێناوە:

  • پاساوی یاسایی: ئەمە دەستوورە و نابێت بەزێنرێت.
  • پاساوی ئەمنی: سەربەخۆیی دەبێتە هۆی شەڕ و ناسەقامگیری.
  • پاساوی نێودەوڵەتی:کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریتان ناکات.

بەڵام نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا (وەک مازینی، گارباڵدی و بیسمارک) گوێیان بەم پاساوانە نەدا. ئەوان دەیانزانی سەروەریی نەتەوەیی لەناو پەرلەمانی داگیرکەراندا وەرناگیرێت، بەڵکو لە دەرەوەی بازنەی “باری باو”دا دروست دەکرێت.

بەسەردابڕینی مێژوو، مەتەرنیخە کوردەکان و پاراستنی قەڵای داگیرکەر

لێرەدا دەگەینە جەوهەری باسەکە. ئەگەر لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەمدا مەتەرنیخ و هاوبیرەکانی وەک کۆنەپارێز نیشاندران، چونکە دەیانویست ئیمپراتۆریەتە چەوسێنەرەکان لە هەڵوەشانەوە بپارێزن، ئەوا لە کوردستانی ئەمڕۆدا، ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێک لە “کۆنەپارێزیی کوردی” دەبینەوە کە لەژێر ناوی جیاوازدا، هەمان ڕۆڵی مەتەرنیخ دەگێڕن. ئەم مەتەرنیخە کوردانە، نەک تەنیا ڕێگری لە سەربەخۆیی دەکەن، بەڵکو بوونەتە پاسەوانی ئەو سنوورانەی کە داگیرکەران کێشاویانە.

یەکەم: باشووری کوردستان و تەڵەی دەستوورگەرایی

لە باشووری کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لە پشت پەردەی یاسا و دەستوور خۆی حەشار داوە. دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، چینێک لە سیاسی و تەنانەت یاساناسانی کورد دەرکەوتن کە تەواوی خەباتی نەتەوەییان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا کورت کردەوە. ئەمانە “مەتەرنیخە دەستوورییەکانن”. ئەوان وای نیشان دەدەن  دەستووری عێراق (کە لە واقیعدا تەنیا کاغەزێکی بێبایەخە لای بەغدا و چەندەها کەلێنی یاسایی تێدایە) قەڵایەکی پارێزەرە.

ئەم گرووپە هەمیشە دەڵێن: با نەبینە هۆی تووڕەکردنی بەغدا یان دەڵێن چارەسەر تەنیا لە بەغدایە. ئەمە ڕێک وەک هەڵوێستی ئەو ویلایەتە ئەڵمانیانە وایە  پێش ١٨٦٦ کە دەیانویست لەژێر باڵی نەمسا بن و دەچوونە بەرپێی قەیسەری نەمسا بۆ وەرگرتنی مافە کولتوورییەکانیان. ئەوانەی لە باشوور هەوڵی “بەبەغداکردنەوەی” کێشەی کورد دەدەن و قەوارەی هەرێم تەنیا وەک پارێزگایەک دەبینن، هەمان ئەو کۆنەپارێزانەن کە لە ١٨٤٨دا دەیانویست شۆڕشی گەلان کپ بکەنەوە تا بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نەفەوتێت.

لێرەدا پێویستە لەسەر ڕەهەندی فەلسەفیی ئەم پاشکۆیەتییە بوەستین. ئەوەی لە باشووری کوردستان دەگوزەرێت، تەنیا شکستێکی سیاسی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە فێتیشیزمی دەستووری، جا مەتەرنیخە کوردەکان وا وێنای دەستووری عێراق دەکەن گوایە دەقێکی پیرۆز و نەگۆڕە، لە کاتێکدا لە فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتیدا، دەستوور تەنیا کاتێک ڕەوایی هەیە گوزارشت لە ئیرادەی ئازادی نەتەوە بکات. کاتێک یاسا دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆتکردنی خەونی سەربەخۆیی، ئەو یاسایە چیتر کەرەستەی دادپەروەری نییە، بەڵکو دەبێتە “کۆت و زنجیرێکی یاسایی” داگیرکەر بۆ شەرعییەت دان بە مانەوەی خۆی بەکاری دەهێنێت.

ئەم چینە کۆنەپارێزەی باشوور، وەک پارێزەری سەرسەختی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەردەکەون و تووشی قەیرانێکی ناسنامەی سیاسی بوونە. ئەوان دەیانەوێت سەروەریی نەتەوەیی لەناو “سەروەریی دەوڵەتێکی دەستکرددا” بدۆزنەوە. ئەمە لە ڕووی فەلسەفییەوە دژبەرییەکی مێژووییە، چونکە ناتوانرێت لە یەک کاتدا هەم نیشتمانپەروەر بیت و هەمیش داکۆکیکار بیت لەو دەستوورەی بوونی نەتەوەکەت وەک “کەمینە” و “پاشکۆ” پێناسە دەکات. ئەوانەی لە دوای ٢٠١٧وە بەردەوام دەهۆڵ بۆ “گەڕانەوە بۆ بەغدا” لێ دەدەن، لە ڕاستیدا هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ناو ئەو “کۆنگرەی ڤیەنا”یەی کە دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.

لە ڕوانگەی ڕیالپۆلیتیکیشەوە، ئەم کۆنەپارێزییە کوردییە جۆرێکە لە خۆکوژیی سیاسی. ئەوان پێیان وایە بە پابەندبوون بە یاساکانی بەغدا، دەتوانن پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکەن، بەڵام مێژووی ئەوروپا فێری کردین ئیمپراتۆریەتەکان (وەک نەمسا و پڕوسیا پێش یەکگرتن) تەنیا کاتێک ڕێز لە یاسا دەگرن کە هێزێکی نەتەوەیی لە بەرامبەریاندا هەبێت. کاتێک نیشتمانپەروەرە کوردەکان دەبنە یاساناس و پارێزەری دەوڵەتی داگیرکەر، بە کردەوە شەرعییەت لە داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆیان دادەماڵن. ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت، هەوڵێکی بێهودەیە بۆ ڕازیکردنی جەلاد لە ڕێگەی نیشاندانی دڵسۆزی بۆ یاساکانی جەلاد. بۆیە ئەم مەتەرنیخە نوێیانە، بەناوی پاراستنی بژێوی و سەقامگیریی سیاسی، خەریکی تێکشکاندنی ئەو ئیرادە نەتەوەییەن کە لە ١٨٤٨ی ئەوروپادا وەک لافاو تەختی پاشاکانی هەژاند. ئەوان نایانەوێت تێبگەن کە “دەوڵەت” پێش ئەوەی دامەزراوەیەکی یاسایی بێت، ئیرادەیەکی فەلسەفی و دەروونییە.

کاتێک مرۆڤی کوردستانی لە باشوور فێر دەکرێت بەغدا قیبلەی چارەسەرە، ئەوە لێدانی ڕیشەیی ناسیونالیزمە لە قووڵایی فیکری نەوەکانی داهاتوودا. ئەمە مەترسیدارترین جۆری کۆنەپارێزییە، چونکە دەیەوێت داگیرکاریی دەروونی بکاتە جێگرەوەی داگیرکاریی سەربازی. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە لە باشوور، پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری هەیە دژی ئەو “یاساناسە کۆنەپارێزانە”ی  خەریکی داڕشتنەوەی کۆیلایەتین لە قاڵبێکی یاسایی و دەستووریدا.

دووەم: باکووری کوردستان و وەهمی  دیموکراتیک

لە باکووری کوردستان، دیمەنەکە ئاڵۆزتر و لە هەمان کاتدا مەترسیدارترە. لێرەدا کۆنەپارێزیی لەناو بەرگێکی مۆدێرن و ئایدیۆلۆجیدا خۆی حەشار داوە. ئەبجەلان (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە بۆ تێپەڕاندنی سانسۆر) و پەک (ئەم ناوەش بەئانقەست بۆ هەمان مەبەست شێوێندراوە)، ڕۆژانێک بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ خەباتیان دەکرد، ئێستا گۆڕاون بۆ پارێزەری سنوورەکانی تورکیا و دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

تیۆری “نەتەوەی دیموکراتیک” و “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک” لە جەوهەردا جۆرێکە لە کۆنەپارێزیی سیاسی کە دەیەوێت ئیرادەی نەتەوەیی کوردستانیان بۆ دەوڵەتبوون بمرێنێت. کاتێک ئەبجەلان دەڵێت “ئێمە دەوڵەتمان ناوێت و سنوورەکان پیرۆزن”، ئەو بە کردەوە دەبێتە پۆلیسی پاراستنی ئەو سنوورانەی کە مەتەرنیخە تورکەکان کێشاویانە. ئەمە گەورەترین “نەیارشەیدایی” مێژووییە، کە  تێیدا قوربانی نەک هەر لە جەلادەکەی خۆش دەبێت، بەڵکو هەوڵی پاراستنی شکۆی دەوڵەت و خاکی جەلادەکەش دەدات. ئەمانە وەک ئەو لیبرالە شەرمنانەی ئەوروپان کە لە شۆڕشی ١٨٤٨دا لە نیوەی ڕێگەدا پاشەکشەیان کرد و چوونەوە باوەشی پاشاکان.

لە باکووری کوردستان، ئێمە لەبەردەم سەیریترین و ئاڵۆزترین شێوەی کۆنەپارێزیدا وەستاوین، کۆنەپارێزییەک  لەناو بەرگێکی شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش دەکات، بەڵام لە جەوهەردا بووەتە پاسەوانی سنوورەکانی “میساقی میللی”. ئەگەر لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ناسیونالیزم کوردی لە باکوور وەک لافاوێکی سەرکێش بەرەو سەربەخۆیی دەچوو، ئەوا لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەم ئیرادەیە لە ڕێگەی تیۆرییەکی تەمومژاوییەوە بەناوی “نەتەوەی دیموکراتیک” و “کۆنفیدراڵیزمی بێ دەوڵەت” بەرەو کەنارە بێدەنگەکانی پاشکۆیەتی ئاراستە کرا. ئەم گۆڕانە نەک تەنیا پاشەکشەیەکی سیاسی، بەڵکو کودەتایەکی فەلسەفی بوو دژی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و نیشتمانی کوردستان.

ئەم عەقڵییەتەی  ئێستا لە باکوور و لەناو گوتاری سیاسیی پەک و ئەبجەلان دا باڵادەستە، کار لەسەر جۆرێک لە “خۆسڕینەوەی نەتەوەیی” دەکات کە لەپێناو مانەوەیە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا. لە ڕووی فەلسەفییەوە، داهێنانی چەمکی “نەتەوەی دیموکراتیک” هەوڵێکە بۆ داماڵینی نەتەوەی کورد لە تاقە چەکەکەی، ئەویش ئیرادەی دەوڵەتبوونە.

کاتێک ڕابەرایەتیی سیاسی لە باکوور دەڵێت دەوڵەت ئامرازی چەوسانەوەیە و ئێمە نامانەوێت. ئەوان ڕێک هەمان ئەو پەیامە دەدەنەوە بەگوێی تورکیا دا کە مەتەرنیخ بە پاشاکانی ئەوروپای دەگوت: خەمتان نەبێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەک بکەین کە یەکپارچەیی ئیمپراتۆریەت تێک بدات. ئەمە لوتکەی کۆنەپارێزییە  تێیدا قوربانی ئامادەیە ئازادیی خۆیی بکاتە قوربانی مانەوەی داگیرکەرەکەی.  دەبێت ئاماژە بەوە بدەین ئەم دۆخە نیشانەیەکی ڕوونی نەیارشەیداییە.

چۆن دەکرێت نەتەوەیەک سەد ساڵە بەدەست فاشیزمی تورکەوە دەناڵێنێت، ئێستا هێزە سیاسییەکانی بانگەشەی ئەوە بکەن کە چارەسەر لە دیموکراسیبوونی تورکیا دایە؟! ئەمە وەهمێکی گەورەیە مەبەست لێی سڕکردنی جەماوەرە. ئەو “کۆنەپارێزییە ئایدیۆلۆژییە”ی  ئێستا لە باکوور حوکم دەکات، کوردی کردووەتە “پۆلیسی سنوور” بۆ دەوڵەتێک هێشتا بوونی کورد ڕەت دەکاتەوە. ئەوان لەبری ئەوەی وەک نیشتمانپەروەرە ئەڵمانەکانی ١٨٤٨ هەوڵی یەکگرتن و سەربەخۆیی بدەن، خەریکی پاساوهێنانەوەن بۆ مانەوە لەناو قەفەزی برایەتی گەلاندا، کە لە ڕاستیدا برایەتییەک نییە جیا لە تەسلیمبوون بە باڵادەستیی نەتەوەی سەردەست، تورک.

لەم سۆنگەیەوە، بەڕێز ئەبجەلان وەک کارەکتەرێکی کۆنەپارێز دەردەکەوێت کە توانیویەتی “وزەی شۆڕشگێڕی” نەتەوەیەک بەلاڕێدا ببات. ئەو لە سەربەخۆیییەوە گەیشتە “تورکیاییبوون”، ئەمەش ڕێک هەمان ئەو پاشەکشەیە بوو  لیبراڵە ترسنۆکەکانی ئەوروپا لە ١٨٤٩دا بەرامبەر پاشاکانی نەمسا و پڕوسیا کردیان، کاتێک لە ترسی جەنگ و لەدەستدانی پێگەیان، خەونی نەتەوەییان فرۆشت و گەڕانەوە بۆ خزمەتکردنی تەختی پاشایەتی. لە باکووری کوردستان، نیشتمانپەروەری لە تەڵەی تیۆرییەکدا گیراوە کە تێیدا “کورد” تەنیا وەک ڕەنگێکی فۆلکلۆری لەناو مۆزەخانەکانی “کۆماری تورکیا”دا دەمێنێتەوە.

بۆیە، ئەرکی نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەکان لە باکوور ئەوەیە کە ئەم وەهمە دیموکراسییە تێکبشکێنن. دەبێت تێبگەن  پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا و سووریا، ئەرکی کورد نییە. ئەو کۆنەپارێزییەی دەڵێت سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە، تەنیا بانگەشەیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی کورد بە بێدەسەڵاتی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا هەموو دەوروبەرمان بە هێزی دەوڵەتی نەتەوەیی خەریکی سڕینەوەی ئێمەن. تێپەڕاندنی مەتەرنیخە کوردەکانی باکوور، پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ فیکری دەوڵەتی سەربەخۆ، چونکە تەنیا لەوێدا شکۆی یاسایی و سیاسیی مرۆڤی کورد دەپارێزرێت.

سێیەم: ڕۆژئاوای کوردستان، نیشتمان وەک قوربانی ئایدۆلۆجیایەک

لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە تێیدا “باری باو” نەک هەر پارێزگاری لە سنوورەکان دەکات، بەڵکو خەریکی سڕینەوەی جەوهەری نەتەوەیی کوردیشە. ئەو هێزەی لەوێ حوکم دەکات، لەبری ئەوەی ڕۆژئاوا بکاتە ناوەندێکی ناسیونالیزم بۆ دەوڵەتسازی کوردستانی، کردوویەتییە تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی فەلسەفەیەکی پاشکۆ کە لە “قەندیل”ـەوە بۆی کێشراوە. فەلسەفەیەک کە کورد لە نەتەوەیەکی خاوەن خاکەوە دەگۆڕێت بۆ پاشکۆیەکی ئایدۆلۆجی کە ئەرکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی داگیرکەرانی لەسەر شانە.

ئەوەی لەم دواییانەدا لە ڕۆژئاوا ڕوویدا، بە تایبەت دوای زنجیرە خیانەتەکانی هەندێک لە خێڵە عەرەبەکان، سەرباز و پێکهاتەکانی تری ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ تێکشکانی ئەو وەهمەی پێی دەگوترێت “برایەتی گەلان”. ئەم دروشمە، کە لە جەوهەردا بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆیی کورد تاشراوە، بووەتە تەڵەیەکی مێژوویی. کاتێک پێکهاتە نافەرمییەکان و ئەوانەی کورد خوێنی بۆ ڕشتن تا لە چنگی داعش ڕزگاریان بکات، لە یەکەم وەرچەرخاندا خەنجەری خیانەتیان لە پشتی کورد دا، سەلماندیان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا “نەتەوە” حەقیقەتە و “برایەتیی ئایدۆلۆجی” وەهمێکی بێبنەما و بێبایەخە.

کارەساتی گەورە لێرەدایە. ئەگەر هەسەدە و ئیدارەی سیاسیی ڕۆژئاوا، دوای ئەم هەموو تاقیكردنەوە تاڵانە و دوای بینینی خیانەتی ئەو پێکهاتانەی کە نانی کورد دەخۆن و بۆ ئەجێندای دیمەشق و ئەنقەرە کار دەکەن، هێشتا بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی دروشمی “برایەتی گەلان” و “نەتەوەی دیموکراتیک”، ئەوا ئەوە تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو خۆکوژییەکی نەتەوەیی و کارەساتێکی گەورەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە مەتەرنیخە کوردەکانی ڕۆژئاوا تووشی قووڵترین جۆری نەیارشەیدایی بوون. ئەوان ئامادەن نەتەوەکەی خۆیان بکەنە قوربانی تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە وەفادارن بۆ فەلسەفەیەک کە تەنیا خزمەت بە مانەوەی کورد دەکات وەک پاشکۆ.

ڕۆژئاوا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی بیسمارکییانە دایە، یان دەبێت دەست لەو فەلسەفە چەقبەستووەی پەک هەڵبگرن کە خەونی دەوڵەتی لێ قەدەغە کردوون، یان ئەوەتا لەناو لافاوی خیانەتی “پێکهاتەکان”دا نوقم دەبن. ناسیونالیزم ڕاستەقینە پێمان دەڵێت کە خاکێک بە خوێنی کورد ئازاد کرابێت، نابێت بکرێتە قوربانی پێکەوەژیانێکی وەهمیی لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی بوونی کورد دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژئاوا لە “کۆنەپارێزیی ئایدۆلۆجی” ڕزگار بکرێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەکە نەتەوەییە نیشتمانییەکەی خۆی. مانەوە لەناو تەڵەی برایەتی گەلان، دوای خیانەتی سەربازە عەرەبەکانی ناو هەسەدە، تەنیا مانایەک دەبەخشێت:  کورد وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سووریا بەکار دەهێنرێ، نەک وەک نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ.

تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە کە ڕۆژئاوا تێبگات کە نەتەوەکان بە “ئاسن و خوێن” و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دروست دەبن، نەک پاڕانەوە بۆ برایەتی.

ستراتیجییەتی ئاپۆیزم تەنیا قەتیسکردنی کورد نییە لەناو چەتری داگیرکاریدا، بەڵکو پڕۆژەیەکی قووڵترە بۆ داماڵینی کورد لە سیاسەت و گۆڕینی ئیرادەی نەتەوەیی بۆ بوونەوەرێکی خەیاڵپڵاوی “تەواو ئەخلاقی” کە لەناو کایەی هێزدا هیچ بکەرایەتییەکی نییە. بۆیە چارەسەری ئەم چەقبەستووییە لە باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان، بە ڕەخنەی سیاسیی سەرپێیی کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت ئەو فەلسەفەیە لە ڕەخنەی جددی لێ بگیردرێت کە خەریکی ئەندازیاریکردنی مرۆڤی کوردە وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات. ئەو برایەتییەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، تەڵەیەکی فەلسەفییە و تەنیا بە دوو مەرجی کوشندە دێتە دی:

١. سڕینەوەی هەر چەمکێک بەناوی “سیستەم” وەک هێزێکی سیاسی.

 ٢. گەڕاندنەوەی بوونی کۆمەڵایەتیی کورد بۆ دۆخێکی “ئۆرگانی و ئیکۆلۆجیک” کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت دەمرێت و تەنیا وەک دیاردەیەکی سروشتی لە پەراوێزی مێژوودا دەمێنێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  چاوەڕوانی بۆ ساباتی دیموکراسیی تاران

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لە چاوەڕوانییەکی بێهودەدا دەردەکەوێت. هەندێک لایەن وای نیشان دەدەن  کێشەی کورد لە تاران چارەسەر دەبێت،  ئەگەر ڕژێمی ئێران ببێتە دیموکرات، کورد دەگاتە مافەکانی.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنەپارێزیی سیاسی لەناو بەرگێکی “ئێرانیبوون” و “وەهمی دیموکراسیی ناوەند”دا خۆی حەشار داوە. لێرەدا، مەتەرنیخە کوردەکان تەنیا ئەوانە نین  لە دەسەڵاتدان، بەڵکو ئەو نوخبە سیاسی و ڕووناکبیرەشە کە پێیان وایە چارەنووسی نەتەوەی کورد بەستراوەتەوە بە گۆڕانی سیستەم لە تاران. ئەمە لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە گەورەترین تەڵەی کۆنەپارێزییە چونکە تێیدا ئیرادەی نەتەوەیی کورد دەکرێتە پاشکۆیەک بۆ بزووتنەوەیەکی تر کە لە جەوهەردا، چەپ بێت یان ڕاست، ئایینی بێت یان عەلمانی، بڕوای بە باڵادەستیی نەتەوەی فارس و پاراستنی سنوورە دەستکردەکان هەیە.

 دەبێت ئەم واقیعە بە ڕوونی شی بکەینەوە. ئەو لایەنە کوردییانەی لە ڕۆژهەڵات هێشتا باس لە دیموکراسی بۆ ئێران و فیدراڵیزم بۆ کوردستان دەکەن، ڕێک هەمان ئەو نیشتمانپەروەرە پۆڵەندییە شکستخواردووانەی سەدەی نۆزدەن کە دەیانویست لەژێر سێبەری قەیسەری ڕووسیا دا بگەنە مافی نەتەوەیی. ئەوان تێناگەن کە لە فەلسەفەی دەوڵەتدا لە ئێران، چەمکی یەکپارچەیی خاک پیرۆزییەکی ڕەهای هەیە کە ڕێگە بە هیچ جۆرە دابەشکردنێکی سەروەری نادات. بۆیە، وەستان لە سەنگەری ئێرانیبوون دا، جۆرێکە لە کۆنەپارێزیی سیاسی تێیدا کورد وزەی خۆی بۆ بزووتنەوەیەک خەرج دەکات کە لە کۆتاییدا هەر خودی کورد وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی پێناسە دەکاتەوە.

ئەم عەقڵییەتە کۆنەپارێزەی ڕۆژهەڵات، کە لە تاران چاوەڕێی سەردەمی بەختەوەری دەکات، تووشی جۆرێک لە “ڕۆمانسیزمی سیاسی” بووە. ئەوان وای نیشان دەدەن  ئەگەر تاران ببێتە دیموکراسی، کێشەی نەتەوەیی کورد کۆتایی دێت. بەڵام مێژووی ئەوروپا پێمان دەڵێت  تەنانەت لیبراڵەکان و دیموکراتەکانی ئەڵمانیا و نەمسا لە ١٨٤٨دا، کاتێک گەیشتە سەر پرسی نەتەوەکانی تر (وەک چیکییەکان و مەجەڕەکان)، هەمان ڕەفتاری کۆنەپارێزییان نواند و ڕەتیان کردەوە مافی سەربەخۆییان پێ بدەن. داگیرکەری دیموکرات لە پرسی نەتەوەییدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ داگیرکەری دیکتاتۆر نییە، چونکە هەردووکیان لەسەر پاراستنی “باری باو” کۆکن.

بۆیە مەتەرنیخە کوردەکانی ڕۆژهەڵات، بەناوی هاووڵاتیبوونی ئێرانی و خەباتی مەدەنیی سەرتاسەری، خەریکی سڕینەوەی سنوورە فیکرییەکانی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی داگیرکەرن. ئەمە ترسناکترین جۆری داگیرکارییە، چونکە ناسیونالیزم کورد لە پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی نیشتمانییەوە دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی چاکسازیی ناوخۆیی لە دەوڵەتێکی تردا. لە ڕووی یاساییەوە، ئەمە ڕادەستکردنی مافی چارەنووسە بە ویستی نەتەوەی زۆرینە لە تاران. هەر هێزێکی سیاسی ئیرادەی نەتەوەیی کورد ببەستێتەوە بە ڕاپەڕینی تاران و ئەسفەهان، لە ڕاستیدا خەریکی پاراستنی ئەو قەڵا کۆنەپارێزییەیە مەتەرنیخە ئێرانییەکان بۆ کوردیان دروست کردووە.

بۆیە، پێویستە ناسیونالیزم ڕۆژهەڵات لەم وەهمە مێژووییە ڕزگار بکرێت. کورد لەو پارچەیەدا نابێت تەنیا وەک ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ئێران مامەڵە بکات، بەڵکو دەبێت وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو خۆی پێناسە بکاتەوە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە کە “ئاسن و خوێن”ی بیسمارکییانە لە فیکری نەتەوەییدا جێگەی “پاڕانەوەی دیموکراتییانە” بگرێتەوە. نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بزانن هیچ دەستوور و ڕێککەوتنێک لە تاران شکۆ بۆ کورد ناگەڕێنێتەوە، تەنیا تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەروونی و سیاسییانە نەبێ، کە  کوردی کردووەتە پاشکۆی ئەجێندای بێگانە.

کورد لە نێوان مەتەرنیخیزمی ناوخۆیی و حەقیقەتی دەوڵەتدا

لێرەدا دەگەینە خاڵی کۆتایی و یەکلاکەرەوە. ئەو شوێنەی دەبێت تیۆرییە مێژووییەکان و واقیعە تاڵەکان لە یەک بواردا کۆبکەینەوە بۆ داڕشتنی نەخشەی ڕێگای ئایندە. مێژووی ئەوروپا و ئەزموونی دەوڵەتسازیی نەتەوەکان پێمان دەڵێت  نیشتمانپەروەری (ناسیونالیزم) خەون نییە، بەڵکو تاقە حەقیقەتی سیاسییە  شکۆ بۆ نەتەوەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەوەی خەونی مەحاڵ و وەهمێکی بێبنەمایە، بڕوابوونە بەوەی دەکرێت لەژێر سێبەری داگیرکەردا و بە یاسا و دەستووری دوژمن، مافە نەتەوەییەکان بەدەست بهێنرێن.

ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، ئەو نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەیەی ئەڵمانیای لە پەرتەوازەیی و ژێردەستەیی نەمسا و فەرەنسا ڕزگار کرد، بناغەی فیکری سیاسیی خۆی لەسەر ڕاستییەکی سارد و بێبەزەیی دانا کاتێک گوتی: کێشە گەورەکانی ئەم سەردەمە بە وتار و بڕیاری زۆرینە چارەسەر نابن، بەڵکو بە ئاسن و خوێن چارەسەر دەبن. ئەم وتەیە تەنیا بانگەشە بۆ جەنگ نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕاستییەکی وەرچەرخاو، ئەو ڕاستییەی  دەڵێت سەروەریی نەتەوەیی بە دیاری لەلایەن داگیرکەرەوە پێشکەش ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بسەپێنرێت. نیشتمانپەروەرە کوردەکان دەبێت لە بیسمارک فێر ببن  “دەوڵەت” پێویستی بە سازش نییە، بەڵکو پێویستی بە هێز و سەروەرییە.

ئەو مەتەرنیخە کوردانەی  لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەریکی ئیدارەکردنی کێشەکانن لەگەڵ دوژمن لەبری تێکشکاندنی ئەو کێشانە، گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئایندەی نەتەوەکەمان. ئەوان وا وێنا دەکەن کە پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان عەقڵانییەتە، بەڵام بیسمارک بە هەمان ئەو عەقڵییەتە کۆنەپارێزەی سەردەمی خۆی دەگووت: سیاسەت بریتی نییە لە چاوەڕوانکردنی شانس، بەڵکو بریتییە لەوەی گوێ لە هەنگاوەکانی خوا بگریت کاتێک بە ناو مێژوودا تێدەپەڕێت و پاشان باز بدەیت و قۆڵی بگریت. لێرەدا وشەی “مێژوو”وەک جێگرەوەیەک بۆ “خوا” بەکاردەهێنین، چونکە مەبەستی بیسمارک لە هەنگاوی خوا، هەمان دەرفەتی مێژوویی بوو، کە کۆنەپارێزە ناوخۆییەکانمان خەریکی پاساوھێنانەوەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلانە. بۆیە ئەگەر بێینە دەرەوەی بازاڕی فرۆشتنی شکۆ، هیچ بژاردەیەکی سێیەم بوونی نییە، یان کوردستانێکی سەربەخۆ یان هیچ!

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO