زۆر جاران لە گوتاری سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا یاخود لە دنیای سۆشیال میدیادا گوێمان لێ دەبێ یان دەبینین دەڵێن “ڕۆژی کوردستان لە ڕۆژاڤا هەڵدێت”. ڕەنگە ئەم دەستەواژەیە، لە سەرەتادا ڕەهەندێکی سۆزدارانەی هەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر وەک ڕاستییەک نەک هەر لەڕووی شەڕ و بەرگرییەوە بەڵکو لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیشدا بەرجەستە بووە. ڕۆژاڤای کوردستان وەک هەر پارچەیەکی تری کوردستان دابەش بووە بەسەر یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکارەکاندا، ئەو پارچەیەی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنامە شوم و نەگریسەکەی سایکس-بیکۆ بە دەوڵەتی سووریاـوە لکێندراوە.
ئەگەرچی لە ١٩٩١ کوردستانی باشوور دەرفەتێکی لەبارتری بۆ ڕەخسا بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی دەرەکی و ناوخۆیی بەتایبەتیش شەڕی ناوخۆ نەیتوانی ئەو ڕۆڵە کاریگەرە بگێرێ وەک کوردستانی ڕۆژاڤا گێڕای. سەرباری ئەوەی چەندین جار لە لێواری کەوتن و مەرگی دەستەجەمعی گەڕاوەتەوە بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بووەتە ئەکتەرێکی سەرەکی کە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت.
دانیشتنی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦ی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، وەک چوارچێوەیەکی ستراتیجی بۆ سووریای دوای ئەسەد دەرکەوت. تێیدا جەخت لە سیاسەتی “ئەزموونی مەرجدار” بەرامبەر دەسەڵاتی ڕاگواستن کرایەوە، کە تێیدا ڕەوایی سیاسی بەندە بە پاراستنی پێکهاتەکان و چاکسازیی ئەمنی. هاوکات، پێگەی کورد (هەسەدە) وەک جەمسەرێکی جێگیری ئاسایشی هەرێمی و دژە تیرۆر ناسێندرا، کە گوزارشتە لە پەیامێکی مەرجداری نوێ لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەم سەرکەوتن و گەشەکردنە بە ئاسانی و لەسەرخۆ ڕێگای نەبڕیوە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکۆشانێکی دوورودرێژی سیاسیی، سەربازیی و کولتوورییە کە لە قۆناغە هەرە سەخت و تاریکەکانیشدا کۆڵی نەداوە. سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ لە شوباتی ٢٠٢٦، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە نەک هەر هیوا و ئومێدی بۆ کوردەکان گەڕاندەوە، بەڵکو هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەشی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕی.
بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم قۆناغە نوێیە، هەم ئاسانە و هەم ئاڵۆز. ئاسانە کاتێک ئیرادەی تێگەیشتنت هەیە ئاڵۆزیشە ئەگەر لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوەی باوی کوردی دا بیت کە هەمیشە خۆی لاوازبینیوە و ئەوی تری بەهێز بینیوە.
بەهەرحاڵ ئەوە ئامانجی باسەکەمان نییە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕیشەکانی ئەو باوەڕبەخۆبوونەی کە لە ڕۆژاڤای کوردستان دا چەکەرەی کردووە و گەشەی کردووە و گەیشتووە بە ئەمڕۆ. نهێنیی ئەو خۆڕاگرییە لەوەدایە کە کورد لەو بەشەی نیشتماندا هەرگیز خۆی بە کەم نەگرتووە و برابچووکیی لە هیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە. ئەمە دەربازبوون بوو لە گەورەترین نەخۆشیی دەروونی کە زۆرجار گەلی کوردی لە پارچەکانی تردا تووشی ببوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە دەتوانین بڵێین ڕۆژ لەم بەشەی کوردستان دا هەڵهاتووە، چونکە سەرەتا لە ناخی تاکەکانیدا هەڵهاتووە.
مێژووی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژاڤای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک یەکەمین پارتی سیاسی بە ناوی “پارتی دیموکراتی کوردستان، سووریا” لەسەر دەستی کەسایەتییەکانی وەک محمد عەلی خواجە، حەمید دەروێش، عوسمان سەبری و ڕەشید حەمۆ دامەزرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بزووتنەوەیە لە ململانێی ناوخۆیی و دووبەرەکێ و جیابوونەوە بەدەر نەبووە، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی دەیان پارتی سیاسیی بچووک. ئەم دابەشبوونە بۆ ماوەیەکی زۆر خاڵێکی لاوازی بزووتنەوەکە بوو. تا بەر لە شۆڕشی سووریا لە ١٥ی ئازاری ٢٠١١، خەباتی کورد لە ڕۆژاڤا خەباتێکی سیاسیی نیمچە نهێنی بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی وەک ناسنامە، دانپێدانانی فەرمی بە زمان و پارتە سیاسییەکان. لەم ڕێگایەدا قوربانییەکی زۆری دا، یان لە زیندانەکانی ڕژێمدا یان لە ڕێگەی تیرۆری دەوڵەتەوە. سەرباری ئەم ئاستەنگانە، خەڵکی ڕۆژاڤا هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی ماددی و مرۆیی بوون بۆ شۆڕش و بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکانی تری کوردستان، بەتایبەت لە شۆڕشەکانی باشوور و باکوور دا، کە سەدان ڕۆڵەیان وەک پێشمەرگە و گەریلا گیانیان بەخشی.
سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بۆ کورد بەگشتی و ڕۆژاڤای کوردستان بەتایبەتی بووە خاڵی وەرچەرخان لەگەڵ هەموو ئەو تاوانکاریی و زیانە گیانی و ماڵییەی لە کوردی دا، سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژیی و تەعدایەی لە کوردی کرد سەرەڕای ئەو پەتای ئیخوانییەی کە لەگەڵ خۆیدا هێنای، بەڵام دەرفەتێکی مێژوویی گەورەی بۆ کورد ڕەخساند بەتایبەتیش دوای ئەوەی کوردانی ڕۆژاڤا بەپێچەوانەی هەڵاتن و شکانی ئەو لە شکر و سوپایانەی خۆیان لەبەردەمدا نەدەگرت. بەڵام لە بەردەم پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد دا خۆیان نەدەگرت و دەشکان ئەمەش بووە مایەی سەرنجی دنیا و بووە دەرس و پەندێکیش بۆ داعش. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بووە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و سەربازیی، کە تێیدا کورد توانی خۆی بسەلمێنێ لە ڕۆژاڤای کوردستان دا کە هێزی سەربازیی (یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە) بەتایبەتی لە شەڕی کۆبانی دا بوونە مایەی سەرنجی دنیا. ئەم هێزانە نەک هەر توانیان بەرگرییەکی ئەفسانەیی بکەن لە ناوچە کوردییەکاندا، بەڵکو ئەمریکایان ناچارکرد بێن و ببنە شەریکی سەرکەوتنەکانیان. سەرئەنجام نەک هەر کۆبانێ ڕزگار کرا بەڵکو بوونە هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی خەلافەتەکەی داعش و ڕزگارکردنی شاری ڕەققە کە پایتەختی خەلافەتەکەیان بوو.
ڕاستە لە دوای شەڕی کۆبانێ، بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕەکان بەڕێوە دەچوون، بەڵام پشتیوانی ئەوان هەرگیز نەیتوانی ناسنامەی هێز و خۆڕاگریی ئەفسانەیی شەڕڤانان زەوت بکات، چونکە پێشتریش چەک و پارەی زۆر درابوو بەهێزەکانی تری ناو سووریا بەڵام هیچ سوودێکی ئەوتۆی نەبوو. ئیدی شەڕ و بەرگری لە سەرێ کانی، عەفرین و ناوچەکانی تر، بووە مایەی شانازیی نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو جیهانی ئازاد. لەسەر بنەمای ئەم سەرکەوتنە سەربازییانە، کورد توانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕابگەیەنێت و مۆدێلێکی نوێ لە پێکەوەژیانی نەتەوەکان پێشکەش بکات.
سەرەڕای بونیان لەناو هاوپەیمانی دژی داعش و سەرەرای پێدانی چەک و هاوکاری لۆجستی بەڵام ڕێگاکە هەمیشە سەخت بوو. بەتایبەتی تورکیا هەمیشە کێشەی بۆ دەنانەوەو چەندین گروپی تیرۆرستی دڕندەی لەناو سووریا دروست کردبوو، بەردەوام پەلاماری هێزەکانی ڕۆژاڤایان دەداو سەرکەوتوو نەبوون هەتا تورکیا ناچار دەبوو خۆی بەڕاستەوخۆ بەشداری بکات و لەئاسمانەوە شەڕی لەگەڵ شەڕڤانان دەکرد بەتایبەتیش لە ئیفرین و گرێ سپی . بەڵام هەر نەیانتوانی ئەو ئەزموونە لەبار بەرن.
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شەپۆڵێکی بێئومێدی باڵی بەسەر ڕۆژاڤا دا کێشا. لە کۆبوونەوەیەکیدا، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە هەولێر پەیامی نیگەرانکەری بە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیاندبوو. ئەمەش بەر لەوەی هەواڵەکان وەک خۆیان بگەنە دەرەوە هەر لە زمانی جەستەی عەبدی و مەسعود بارزانی دا دیاربوو کە دۆخەکە باش نییە. دواتریش ڕوونبووەوە کە باراک بەڕوونی پێی گوتوون کە ئەمریکا چیتر پشتیوانیی ڕۆژاڤای کوردستان ناکات و پێویستە بە هەموو مەرجەکانی حکومەتی دیمەشق ڕازی بن. ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە هێشتا هێرشەکان بۆ سەر هەردووک گەرەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بەردەوام بوون و هێزەکانی دیمەشق تاوانی گەورەی تیرۆرستی و تاوانی دژەمرۆییان ئەنجام دابوو. بەڵام ئەو پەیامە نەبووە هۆی چۆکدادانی ڕۆژاڤا. عەبدی وەک نوێنەری ئەو هێزە پشت ئەستوور بە شەڕڤانی ئازاو هاوڕێ سیاسییەکانی بە ڕووی تۆم باراک دا گوتی “نا”. ئەگەرچی ئەو “نا”یە ڕۆژانی خوێناوی و شەڕی قورس و شکستی سەربازییان بەدوای خۆیدا هێنا و تەواوی کوردستانی خستە دوودڵی و ترسی لەبارچوونی ئەزموونەکەی هێنایە پێشەوە و وادەردەکەوت کە شەرع و باراک وەک بازرگانێکی سیاسی و تورکیا وەک بەرتیلدەر بە باراک سەرکەوتوون بەڵام گورزێکی گەورەش بوو بەر باراک کەوت و نەیتوانی بوو بیشارێتەوە کە لە کۆبوونەوەیەکی تردا لە دیمەشق بە مەزڵوم عەبدی بڵێت: تۆ منت شەرمەزار کرد.
هاوکات دڵخۆشی ئەردۆگانـیش زۆری نەخەیاند کاتێک گوتی: ئێستا هەست بە بەختەوەری و خۆشی دەکەم بەوەی گەلی سووریا بەدەستی هێنا لە ئازادی و سەرکردایەتییەکی بە بەزەیی، لەکاتێکدا، من بە درێژایی ١٤ ساڵ دڵتەنگ بووم! هەڵبەت دڵخۆشییەکەی زۆری نەخایاند هەموو جووڵە دیبلۆماسی و پەرلەمانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا ئاماژەن بۆ کۆتاییهاتنی ئارامگرتنی یاسادانەرانی ئەوروپا. بۆیە ئەوەی ئەردۆگان و باخچەلی چاوەڕانی بوون نەهاتەدی، کە دڵخۆشبوون بەوەی لەدوای گرتنی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بە بەرتیلدان بە تۆم باراک، هەسەدە کۆتایی پێ دێنن.
بەپێچەوانەوە ئامادەیی شەڕڤان و نوێنەرە سیاسیەکانیان و هاتنەدەنگی کوردان لە هەموو جیهاندا ڕیسەکەی لێکردنەوە بەخوری نەک هەر لە سووریا بەڵکو ئەمریکا و ئەوروپاییەکانیشیان بەئاگا هێنایەوە و بە هەموویان گورزێکی کوشندەیان لە پڕۆژەی “عوسمانی نوێ”ی ئەردۆگان لە سووریا وەشاند. چیدی متمانەیان پێ ناکرێت و چیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دڵەڕاوکێ ناڕوانێت هەتا ئەردۆگان بۆشایی سووریای بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردن و پەروەردەکردنی میلیشیای تیرۆریست و جیهادی کە لەڕابردوودا پارەیەکی زۆریان خەرج کردبوو بۆ لەناوبردنیان.
بەڵام ئەم دۆخە تاریکە زۆری نەخایاند. دوو هۆکاری سەرەکی بوونە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکە. یەکەم، بانگەوازی “نەفیری عام”ی مەزڵووم عەبدی و ئامادەیی و خۆڕاگری شەڕڤان و دەستکردنەوە لە هێزە هێرشبەرەکانی دیمەشق و هاوکات هاتنە دەنگی کوردان لە هەموو جیهاندا، بە جیاوازیی بیروبۆچوونیانەوە، ڕاوەستان لە سەر شەقام و سەکۆ سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا. دووەم: هەڵوێستی دامەزراوەیی ئەمریکا بوو کە زوو دەریان خست تۆم باراک فێڵی کردووە و ئەمریکا لە ئەجێندایدا نییە دەستبەرداری ڕۆژاڤا بن چونکە هاوپەیمانێکی ستراتیجییە.
هەر زوو سیاسەتمەدارانی واشنتۆن ئاماژەیان دایە دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشق بەوەی هێشتا جێگەی متمانەیان نییە، لە کاتێکدا کورد سەلماندوویەتی کە نەک هەر شەڕکەرێکی بەتوانایە، بەڵکو نموونەیەکی سەرکەوتووی ئیداری و سیاسییە. بە زمانی جیاوازی دیبلۆماسی ڕایان گەیاند کە وازهێنان لە ڕۆژاڤا واتای ڕادەستکردنی سووریایە بە تورکیا و هێزە توندڕەوەکان و مورتەزەقەکانی تورکیا. ئەمەش هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا بە تەواوی تێکدەدا. دەنگێکی بەهێزی ویژدانی سیاسی لەناو خودی ئەمریکا، کە سیناتۆر لینزی گراهام نوێنەرایەتیی دەکرد، هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی واشنتۆن “ئابڕووی خۆی” بپارێزێت و بە دەستبەردان لە هاوپەیمانە کوردەکەی هێندەی تر ئابڕووی سیاسی خۆی نەبات.
دەرئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانە، لە دانیشتنی کۆنگریسی ئەمریکا و دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا و بڕیاردان بە پاراستنی کورد و دواتریش بەشداری مەزلووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونێخ لە شوباتی ٢٠٢٦دا گۆڕانکاریی لە هاوکێشەکاندا بەڕوونی دەرکەوت. پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی ٣٦٣ دەنگ بەرامبەر ٧١ دەنگ، پشتیوانی لە هەسەدە و بەڕێوەبەری خۆسەر کرد و بەکردەوە ڕۆڵی تورکیا لە باکووری سووریا شەرمەزار کرا و ئەنقەرە تۆمەتبار کرا بە هۆکاری نائارامی ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ توندڕەوەکان و بەردان و هەڵاتنی زیندانیانی داعش؛ هەروەها بەهەڕەشەش بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا، بۆیە بەڵێنی ٦٢٠ ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بۆ پشتگیریکردنی ئاسایش و حوکمڕانیی ناوخۆی دەدات.
بانگهێشتکردنی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، بۆ کۆنفرانسی میونێخ زۆر گرنگە، ئەوە بەتەواوی تورکیای توڕە کرد چونکە باش تێگەیشتن ئەوە تەنها داوەتکردنێک نییە بەڵکو دانپێدانانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە. هەر بۆیە تورکیا تەنها بەناڕەزایەتی دەربرین نەوەستا، بەڵکو بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کرد. دیمەنی دانیشتنی شاندی ڕۆژاڤا لەگەڵ بەرپرسانی جیهان، لەوانە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی فەڕەنسا و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و سعودیە، بورکانێکی دیپلۆماسی بوو کە بە ڕووی تورکیا و هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەدا تەقییەوە، کە هەوڵیاندا بوو ڕۆژاڤا بخەن و کۆتایی بەو ئەزموونە بهێنن. بەڵام ڕۆژاڤا نەکەوت بەپێچەوانەوە نوێنەرانی بەتەنیشت وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی گرنگ بوون بەتایبەتیش ئەو گەرموگوڕییەی لە پێشوازییکردن و بەڵێنەکانیاندا دەرکەوتن، زیاتر جەتکردنەوە بوون لە جددی بوون و لێکەوتەکانی بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دانپێدانان بە ڕۆژاڤا وەک قەوارەیەکی خۆسەری سیاسی و ئیداریی، هەموو ئەمانە ئاماژەی ڕوون بوون بۆ دۆست و نەیارانی ڕۆژاڤا، بەتایبەت بۆ تورکیا و دیمەشق، کە کورد چیتر کارتی یاریی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لە داڕشتنەوەی ئایندەی سووریا دا.
ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماسییە بەتایبەتیش لەدوای ئەو دۆخەی بەسەر ڕۆژاڤایاندا هێنابوو شکستێکی گەورە بوو بۆ تورکیا، بۆیە بیانووی بانگهێشتکردنی شاندی ڕۆژاڤای کوردستان بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردبوو، بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ئەم شکستەو قووڵایی ڕقوقینە و دژایەتیی تورکیا، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەمایانەی تورکیای لەسەر دامەزراوە. هەتا بزانرێت ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەیە ڕەگێکی مێژوویی هەیە، و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێککەوتننامەی سیڤەر لە ١٠/٨/١٩٢٠. ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ داننان بوو بە مافەکانی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. بەڵام لەبەرانبەردا مستەفا کەمال ئەتاتورک، ئامادەبوو دەستبەرداری هەموو میراتێکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ببێت و هەموو مەرجێکی زلهێزەکانیش قبووڵ بکات، تەنها لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەندانەی کە پەیوەست بوون بە مافی کوردەوە. بۆیە لە ڕێککەوتننامەی لۆزان دا کە لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ دا کرایە جێگرەوەی سیڤەر، مافەکانی کورد بە تەواوی وەلانا و “ئەتاتورک”یش پابەند بوو بە جێبەجێکردنی مەرجەکەی لۆرد کێرزن، نوێنەری بەریتانیا، کە بریتی بوون لە چوار خاڵ لەوانە: پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکی تورکیا بە ئیسلامەوە، هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، دەرکردنی خەلیفە و دانانی دەستوورێکی مەدەنی (عەلمانی). ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە عەلمانیەتی تورکیا لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پرسی کورد دامەزراوە، ئەم عەقڵیەتە هەتا ئەمڕۆش لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانی تورکیاوە، جا چەپ بن یان ڕاست عەلمانی یان ئیسلامی هەموویان وەک یەک پەیڕەوی دەکەن.
بەم پێیە دەتوانین بڵێین ڕۆژاڤا نەک شکستی نەهێنا بەڵکو وەک چۆن لەمەیدانی جەنگدا شکستی بە هێزەکانی تورکیا و دیمەشق هێناوە لەکاری دیپلۆماسیشدا شکستی بە تورکیا هێنا. ئیدی تورکیای دوای کۆنفرانسی میونیخ دەبێت بیرێکی دی بکاتەوە. ئەو کە ساڵانێکە دەستێکی باڵای لە تێکدانی سووریا دا هەبووە بەهۆی دروستکردنی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان و هێرشی بەردەوامی درۆنەکانییەوە، کێشەی بۆ ڕۆژاڤا ناوەتەوە ئیدی دەبێت جۆرێکی تر مامەڵە بکات چونکە لە میونیخ ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ بووەوە: بەوەی چیتر ناتوانێت نکۆڵی لە کورد بکات، ناتوانێت بوونیشی بسڕێتەوە. کەواتە ئێستا کورد لە شوێنێکە ناتوانێت سیاسەتەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت. ئەوپەڕی دەتوانێت شەڕی لەگەڵدا بکات و گەمارۆی ئابووریی بخاتە سەر کۆبانێ و هەوڵی تێکدانی ڕەوشەکان بدات. بۆ نموونە، دەتوانێت دەست وەربداتە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق. بەڵام ئایا دەتوانیت سەربکەوێ؟ بەتایبەتیش کە دەزانێت ئەوانە کارتەکانی کۆتایی فشارن کە بەدەستییەوە ماون، بەڵام لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی بۆ ڕۆژاڤا دروست بووە، کاریگەرییان سنووردار دەبێت. لە ئێستادا ڕەنگە باشترین بژاردە بۆ تورکیا ئەوە بێت کە بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەناو وڵاتەکەی خۆیدا بکاتەوە، نەک بە هەناردەکردنی قەیرانەکان، ئاسایشی تەواوی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
هاوکات، سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر سووریای دوای ئەسەد، کە لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرێسدا باسی لێوە دەکرێت، دەلاقەیەکی تری هیوایە. واشنتۆن چیتر سزاکان تەنها وەک ئامرازی سزادان نابینێت، بەڵکو وەک کەرەستەیەکی فشار بەکاری دەهێنێت، کە هەنگاو بە هەنگاو لە بەرامبەر دەستکەوتی بەرجەستەدا کەمیان دەکاتەوە. “پێنج خاڵی بەشداریی” ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێی سووریا بریتیین لە:
نەهێشتنی هەژموونی ئێران، تێکشکاندنی یەکجاریی داعش، پاراستنی کەمینەکان و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان. کەواتەی ئەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانان پێویستیان پێیەتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤایە لەبەرئەوەی جێگەی متمانەیە و خاوەنی ئەزموونێکی سەرکەوتووە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە جێبەجێ کردنیاندا ببینێت.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین بەڵی ڕۆژی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستانەوە هەڵهاتووە. وێنەکانی دوێنێی کۆنفرانسی میونێخ و مانگی ڕابردووی کۆبوونەوەکەی هەولێر، چیرۆکی گەورەیی پرسی ڕۆژاڤا و نوێنەرەکانی، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و هاوڕێکانیان، وەک کەسایەتی سیاسی و دبلۆماسی دەگێڕنەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیدی دەتوانین بێ خەم سەر بخەینە سەر سەرین. ڕۆژ هەڵهاتووە، بەڵام ڕێگایەکی دوورودرێژ لە پێشمانە. ئەویش چارەسەری کۆتایی کێشەی کوردە کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا. هەتا ئەو عەقڵیەتەی نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات لە ئەنقەرە باڵادەست بێت، نەک هەر باکوور، بەڵکو هیچ بەشێکی تری کوردستان ئارامی بە خۆیەوە نابینێت. سەرکەوتنەکانی ڕۆژاڤا هەنگاوێکی گەورەن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە هەرگیز ئاوا نەبێت، پێویستە هێزە کوردستانییەکان لە هەموو پارچەکان، بەتایبەت لەناو خودی ڕۆژاڤا دا، لەژێر چەترێکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆببنەوە و بەیەکگرتووییەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببنەوە.



