سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕێناسانی ژنی کورد و وەرچەرخانی مێژوویی

پێشەکی

   هەڵەیە ئەگەر وا تێ بگەین ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا ڕووبەڕووی جەنگێکی سەربازی بووەتەوە، ڕاستییەکەی ئەم ململانێیە جەنگێکی مێژووییە لە نێوان دوو جیهانبینیی دژبەیەکدا. جیهانێک کە تێیدا نێرسالاری تاوانکاری دەکات، دونیایەک، کە ژنی کورد تیایدا بەرەنگاریی و مرۆڤسازیی دەکات. نەک هەر لەگەڵ دونیای کۆنەپەرستیی عەرەبی و تورکی بەڵکوو لەگەڵ سەرمایەداری و توندڕەویی کۆڵۆنیالیستیدا، کە دەیەوێت مێژوو بەرەو دواوە بگێڕێتەوە. ئەمە پڕۆژەیەکە کە قەتەر و سعوودیە و تورکیا بە چاوپۆشیی ئەمریکا پەیڕەوی دەکەن و ئەورووپاش تەماشاکارێکی پاسیڤە.

   چەندان سەدە بوو کۆمەڵگە تەقلیدییەکان وێنەیەکی دیاریکراویان بۆ ژن تاشیبوو؛ کە لەسەر بنەمای بێدەنگی، ملکەچی و خۆشاردنەوە لە پشت پەردەکانی نەریت و پیرۆزی بنیات نرابوو، ژنی کورد نەریتی ئەو کۆمەڵگایەی تێک شکاند کە تیایدا کاڵایەک بوون بۆ جوانکاری و چێژی سێکسی پیاوان نەک هەر لەناو نادییەکانی شەوانە و شوێنی لەشفرۆشیدا بەڵکوو لەناو ماڵەکانیشیاندا. بەڵام ژنی کورد دەستکاریی ئەو نەریتە نامرۆڤانەی کردووە و ئێستا لەناو قۆناغی وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، کە نەک هەر لەگەڵ ڕابردووی خۆی، بەڵکوو لەگەڵ تێڕوانینە باوەکانی تەواوی ناوچەکەشدا لە پرۆسەی دابڕاندایە.

گۆڕانی پارادایمی مێینەی کورد لەناو جەرگەی جەنگ و سیاسەتدا

ئەوەی هێزە کۆنە پەرستەکانی توڕە کردووە هەتا ئاستی هێستریا، ئەوەیە کە ژنی کورد لە ئێستادا تەنها شەڕڤانی ناو سەنگەرەکان نییە، بەڵکوو کارەکتەرێکی چالاکی نێو دونیای جەنگ و سیاسەتە و هەر ئەوەشە کێشەی فیکری و سیاسیی گەورەی بۆ کۆنەپەرستیی دونیای عەرەبی، تورکی و تەنانەت مۆدێلی نیولیبرالیزمیش دروست کردووە و بەتەواوی تۆقاندوونی. ڕاونان و شکاندنی تیرۆریستان بە تریقەی تفەنگ و هەلهەلەکێشان لە مەیدانی جەنگدا، وێنەیەکی نوێی لە مێژووی جەنگ و سیاسەتدا نەخشاندووە. ژنی کورد تەنیا لە سەنگەردا نییە، بەڵکوو لە مەیدانی سیاسەت، دیپلۆماسی، پەروەردە و بەڕێوەبردنیشدا نەک هەر لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستانیشدا ئەو لۆژیکە هەزاران ساڵییەی وەلا ناوە کە لەسەر چەندین مینبەری جیاوازەوە هەتا ئێستاش بانگەشەی لاوازی و کەمعەقڵیی ژن دەکات. بۆیە ئەگەر کەمێک بە دیقەتەوە بڕوانین، کێشەکە هەر هەڵپەی نەوت و گاز نییە کە ئەمریکا پاشەکشە لە هاوپەیمانێتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات، بەڵکوو بەهاناوەچوونی تورکیا و شێخە کۆنەپەرستەکانی خەلیجیشە کە بەرهەمهێنەر و پشتیوانیی داعش و تیرۆرن لە ناوچەکەدا، ئامانجیش تێکشکاندنی ئەو مرۆڤسازی و نەتەوەسازییەی کوردە کە هەنووکە لە بەرانبەر فاشیزمی ناوچەکەدا ئامادەیە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی ئابڕووی ئەمریکا و ئەورووپاش تەواو بێت. ئەگەرنا قایل نەدەبوون دیلەکانی داعش بەرەڵا بکرێنەوە بۆ گیانی خەڵک.

بونیادنانی شوناسێکی نوێ

   ژنی کورد، کە ساڵانێک لەناو تەڵە و داوی ئابڕوو و شەرەفدا گیری خواردبوو و وەک بوونەوەرێکی بێدەنگ و بێڕەنگ وێنا دەکرا، ئێستا شەڕڤانە و کۆتاییی بەو ژیانە هێناوە. ئەمەش هەروا لەخۆڕا نییە بەڵکوو ریشەی لە کەلتووری کوردیدایە، بەڵگەش ئەوەیە کە لە سەدەی ڕابردوودا ژنانی کورد لەناو خەباتی سیاسیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا دەرکەوتن و دواتریش لەناو گەریلاکانی پەکەکەدا بوونە شوناسی ئەو پارتە سیاسییە و ئێستاش بوونە شوناسی هێزی کورد لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ پارادایمێکی نوێ لە دایک بووە؛ کە تێیدا ژن نایەوێت وەک هەویرێکی شل بخرێتە ناو هەر قاڵبێکی کۆمەڵایەتییەوە و شێوە بگرێت، یاخود بە دڵ و خواستی سیستمی پیاوسالاری شکڵ و شێوە بگرێت، ژنانی کورد چیدی لەتاو ستەم و زۆرداری ئاگر لە جەستەی خۆیان بەرنادەن بەڵکوو هۆشیاری و بوێرییان ئاگرێکە و هەموو ئەو سیستەم و قاڵبانە دەسووتێنێ کە ئازادییەکانیان تێیدا دەکوژرێ و خواستەکانیانی تێدا زیندانی دەکرێت. بە کردەوەش سەلماندوویانە کە خۆیان پارێزەری شکۆ و شەرەفی خۆیانن، بۆیە شەڕڤانن هەتا دەستی هەر پیاوێک ببڕن کە بە ناوی جیهادەوە بێن و چاو ببڕنە شەرەف و شکۆیان. هەموو دونیا گەواهیدەری ئەمەیە کە مەیدانەکانی جەنگی شەڕڤانان و تیرۆرستان پڕن لە تەرم و لاشەی کەوتووی تیرۆرستان و زیندانەکانی ژێردەستی شەڕڤانان پڕن لەو موجاهیدە هەوەسبازانەی هاتبوون ژنان بکەن بە کەنیزەک.

ئەم گۆڕانکارییە پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان، هەر بۆیە فاشیزمی تورکی و عەرەبی زیاتر لە هەر کاتێک دوژمنایەتیی کورد دەکەن و دەست بۆ هەموو چەکێک دەبەن و شەرم لە هیچ تاوانکارییەک ناکەن، چونکە تێگەیشتوون لەوەی کە ئیدی ژنی کورد ئەو مێینە ملکەچە نییە کە موجاهیدان و چەتە چەکدارەکانیان کەی بیانەوێ دیلیان بکەن و کەنیزەکیان بکەن و بیانگۆڕنەوە و بیانفرۆشن. بە کردەوە بینییان، موجاهیدە هەوەسبازەکانیان لە شەڕەکانی کۆبانێ و عەفرین و ڕۆژئاوادا زۆریان بە دەستی ئەو ژنە شەڕڤانانە کوژران. ئەوە بەرپەرچدانەوەیەک بوو کە هیچ کات چاوەڕوانی نەبوون، شێخەکانی خەلیج و ئیخوانەکانی تورک و عەرەب ترسێکی زۆریان لەوەیە ئەم هۆشیارییە بپەڕێتەوە بۆ ناوماڵی ئەوان و ژنان لەو سیستمە کۆنەپەرستی و پیاوسالارییە ڕاپەڕن و کۆتایی بە خەیاڵی شەهوەتبازی و زەواجی نیکاح و میسیارو زەواجی موتعە و بەکەنیزەککردنیان بهێنن.

ئازایەتی لە دانوستان و بەرەنگاربوونەوەی شۆڤێنیزمی ناوچەیی

ئامادەییی ئیلهام ئەحمەد لە دانوستانەکان و لە تەنیشت مەزڵووم عەبدی هاوڕێی و لە بەرانبەر تیرۆریستانی وەک جۆلانی و تۆم باراکی بازرگانی ئێسک و خوێن، بۆ خۆی مانای شەڕێکی قورسترە لە مەیدانی جەنگ. ئەوەی ژنی شەڕڤان لە مەیدانی جەنگ دەیکات و ئەوان لە مەیدانی گفتوگۆ و دانوستاندا دەیبینن، ساتەوەختێکی ناچارییە بۆ ئەوان، چونکە پڕە لە شەرمەزاری. بۆیە پەنا بۆ فێڵ و جەنگ و لەناوبردن دەبەن. ئەو دەمەی دەبینن ژنی کورد نوێنەرایەتیی دۆزێکی نەتەوەیی دەکات و لە بەرانبەریاندا ئازایانە وەستاوە، ئەمە ئەو سەردەمەیە کە دەزانن پێگەی پیاوەتییان لەق بووە و هەستی نێرسالاری دەهری و تووڕەیان دەکات. بە تایبەتیش کە مەرجەعی فیکرییان نەک هەر ژنی کورد، بەڵکوو هەر هەبوونی کورد لەسەر زەوی بە ڕەوا نازانن.

جیاوازیی ژنی کورد لەگەڵ زۆرێک لە ژنانی ناوچەکە لەوەدایە کە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر بڵێ (نا) تاوان نییە، بەڵکوو یەکەمین هەنگاوی مرۆڤبوونە. ژنی کورد چیتر ئامادە نییە نامرۆڤانە بژی و جەستە و ڕۆحی خۆی بکاتە قوربانیی ئەو چەمکانەی کە بە ناوی پاراستنی شەرەفەوە لە ئارادان، کە لە ڕاستیدا شەرەفپارێز نین بەڵکو لە مرۆڤبوون دایدەماڵن و دەیکەنە تۆپەڵە گۆشتێکی بێ‌بڕیار و بێ‌ئیرادە.

   ئەمڕۆ لەناو جەرگەی ئەو جەنگەدا کە عەشایەر و تیرۆریستانی تورک و عەرەب بە فێڵ و فریودان و چەکی نوێ و دەزگا میدیاییەکانیان بەرپایان کردووە، ناتوانن ئەو ڕقە بشارنەوە. بە تایبەتیش کە بینییان بە کرینی سەرەک خێڵە عەرەبەکان و خیانەتی لە سەدا حەفتای هەڵگەڕانەوەی چەکدارەکانیان، هەر نەیانتوانی ڕۆژئاوا بشکێنن. بەو ئاواتە نەگەیشتن کە لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ئەوقافی سووریادا هاتبوو، بۆ جێنۆسایدکردنی کورد، بۆیە موفتی و سیاسی و ڕۆشنبیر و رۆژنامەنوسی عەرەبی سووننە پێکەوە لە دژی کورد ڕاستترە بڵێین لە دژی ژنی کورد هاتوونە مەیدان. ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ شەڕڤان و کچانی کورد کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژیی قووڵن بۆ شاردنەوەی باری دەرونییان و پووچەڵبوونەوەی نیازی بەکاڵاکردنی ژنان نەک هەر ئەوەندە پرۆسەی زەواجی نیکاح و مەلها و بە کاولی کردنی ژنان لە دونیای تورکی و عەرەبیدا، کەوتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ژنی کورد دونیایەکی تری پڕ لە شانازیی نیشان داون و ئەوانیش پێیان هەزم ناکرێ.

   ئەوەی کە زیاتر لە هەر کات تووڕەیان دەکات ئەوەیە کە موجاهیدانی عەرەب هەزاران ساڵە لە وەهمی نەتەوەی سەردەست و پیرۆزدا ژیاون و ئێستاش لە بەرەی شەڕدا لە بەرانبەر دەست و تفەنگی ژنانی شەڕڤانی کورددا زەلیل و شکستخواردوون و لەسەر مێزی گفتوگۆدا ڕووبەڕووی قسەی جیاواز دەبنەوە و تووشی شڵەژان و تەنگژەی سایکۆلۆژی دەبن. ئیدی تووڕە دەبن و بەناچاری قژی شەهیدەکان دەبڕن و تەرمەکانیان لە باڵاخانەی بەرزەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە و لە کاتی لێپرسینەوەشدا پەنا بۆ درۆیەک دەبەن تەنانەت دۆستەکانیشیان بڕوای پێ ناکەن.

   ئەگەرچی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان وا دەردەکەوێ کە زیاتر عەرەبەکان و تورکەکان دژایەتی دەکەن، بەڵام نا، ئەزموونەکە دوژمنی زۆرە ـ لە کاتێکدا زۆرێک لە ژنانی دەوروبەرمان هێشتا لە دۆخی خزمەتکاری و ڕازیکردنی نۆرمی پیاوسالاریدا گیریان خواردووە، یاخود بوونە بەشێک لە کاڵای بازار و تۆڕی جۆراوجۆری بەبازاڕکردنی فرۆشتنی جەستە و ڕوخسار لە بازاڕی ئازادی نیولیبرالیزمدا، کەچی بە پێچەوانەوە لە هەندێک جێگەی کوردستاندا ژن ئەو دەمامکانەی فڕێ داوە. سەرباری سەختیی ژیان بەڵام چیتر لە پێوەری کۆمەڵگە دواکەوتوو و گەندەڵەکان ناترسێت، بەڵکوو گەریلایە، شەڕڤانە، پێشمەرگەیە، پەرلەمانتاری ئازا و ڕۆژنامەنووسی وریا و ئەکتەری سینەما و شانۆیە، چونکە ئیدی تێ گەیشتووە کە گەڕانەوە بۆ دواوە سوودێکی بۆ ئەو نییە. تێ گەیشتووە لەوە کە ژن هەتا لە خودی خۆی ون بکرێت زیاتر دەبێتە هۆی ئەوەی کاڵاکارانی ژنان ئارام بخەون، بۆیە بەئاگاییەوە تەماشای ناو چاوی جەهالەت دەکات و دەڵێت: بەسە. وەک مرۆڤێکی عاقڵمەند خاوەنی جەستە و بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی. ئەمە تەنیا ڕاپەڕینێکی ڕووکەش نییە، بەڵکوو ڕاچڵەکینێکی فیکری و مەعریفییە دژی ئەو گوتارەی نەریتی مێگەلی پیرۆز دەکات. ژنی شەڕڤانی کورد بەم تێکۆشانەی تەنیا خۆی ڕزگار ناکات، بەڵکوو نەتەوەکەی و تەنانەت پیاوی کوردیش لەو وێنە نەریتییە ناڕەوایە ئازاد دەکات و دەیەوێت پەیوەندییەکی مرۆڤانەی هاوسەنگ دابڕێژێتەوە.

   ئەو هێرشە بەربەری و مەترسیدارەی گروپە تیرۆریستییەکانی ناو سوپای سووریا و پاشماوەکانی داعش و بەرەی نوسرە و گرووپەکانی عەمشات و حەمزات بە پشتیوانیی چوار دەوڵەت کردیانە سەر دوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب، “شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە”، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە پیاوانی نەریتپارێز مێژوویەکی درێژیان لە توندوتیژی هەیە و دەیانەوێت پارێزگاری لەو نەریتەیان بکەن، هێرشی سەر ئەو دوو گەڕەکە، بەو هەموو توانستە سەربازییەوە، تەنیا تۆڵەکردنەوە نەبوو، بەڵکوو خۆئامادەکردن بوو بۆ شەڕێکی سەخت لەگەڵ شەڕڤانی کورددا، بەتایبەتیش ژنان، چونکە ئەزموونیان لە تێکشکانەکانی ڕابوردودا هەبوو، دەیانزانی کە بە خەرجی و خوێنێکی زۆر ئینجا دەتوانن داگیری بکەن، ئەو دوو گەڕەکە کوردییە ساڵانێکی زۆر بوو بە دەست شەڕڤانی بەئیرادەوە بوون، هیچ کام لەو هێزانە نەیانتوانیبوو پێ بنێنە ناویانەوە، تەنانەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاویشەوە. ئەمەش گرێیەکی دەروونی لە لای دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئیخوان دروست کردبوو. بەتایبەتیش کە موجاهیدەکانیان بە دەست ژنانی شەڕڤانەوە زۆرجار بە پەندو عیبرەت کرابوون.

   بەرگری و شەڕی ئەم جارەش بە چەکی سادە لە بەرانبەر هێرشێکی هەمەلایەنەی دوو دەوڵەتدا کە خاوەنی نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازین، هەر پەند و عیبرەت بوو بۆ ئەوان، ئەوەی راستی بێت، ئەفسانەی سەدە بوو. ئەگەرچی ژن و پیاوی شەڕڤان زۆریان شەهید بوون، بەڵام شکۆی خۆیان ڕادەستی موجاهیدە داوێنپیسەکان نەکرد. نەیانهێشت مێژووی ئەنفال و شەنگال دووبارە ببێتەوە. لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی ژنانی شەڕڤان تەنیا پاراستنی شەرەفی خۆیان نەبوو، بەڵکوو خەون و خەیاڵی بێشەرەفترین پیاویشیان پووچەڵ کردەوە. ژنی کورد نەبووە دیلی دەستیان بەڵکوو بوونە بکوژی ئەو جەلادە ڕیشدارانە کە خەونیان بە کۆیلەکردنی مرۆڤەوە دەبینی. ئەگەرچی لەشکری تورک و عەرەب جەنگەکەیان بردەوە بەڵام ئەخلاقیان دۆڕاند. بۆیە تەرمی شەهیدەکانیان دەشێواند و لاشەی شەڕڤانەکانیان لە باڵەخانەی بەرزەوە فڕێ دەدانە خوارەوە.

   گەلی کورد گەورەترین تێکۆشانی کرد و زۆرترین خوێنی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان بەخشی، لە شەڕی داعشدا، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە و داعش بە دەمامکێکی ترەوە لەناو سوپای سووریادا دژی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا دەجەنگن. بەڵام ئەو خەیاڵەیان لەسەری خۆیان دەرکردووە ببن بە خاوەن دیل و کەنیزەک. چونکە ژنە شەڕڤانەکان بە کردەوە سەلماندیان دەمرن بەڵام تەسلیم نابن.

   ئەگەر ئەم مۆدێلی شۆڕشە دوژمنی زۆر نەبوایە دەبوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان پشتیوانیی ڕۆژئاوا بن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، بەڵام وا دەرنەچوو، بۆیە مێژوو لەم بێدەنگییەی جیهان خۆش نابێت و ڕۆژگارێک دێت دادگاییی ئەم ساتەوەختە بکات. ژنی کورد لەوە تێ گەیشت کە دونیا تێکشکانی ژنی ئازاد قبووڵ دەکات و بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤایەتی ناکات. ژنی کورد لەو تاریکستانە هاتە دەرەوە و ئیدی شەڕی مان و نەمان دەکات، چونکە شکۆمەندی لە ئازادیدا دەبینێت و سەرمەشقە بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە دەیانەوێت لە کۆت و بەندەکانی مێژوو ڕزگاریان ببێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO