پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی ڕێكه‌وتی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٦ لە شاری جنێڤ له سویسرا، لە گۆڕەپانی نەتەوەکان، هێشتا ڕووناکی لە جاده‌كاندا کاڵ بوو. چه‌ند ژنێكی كورد خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ خۆپیشاندان بۆ ڕۆژاڤا. ئاڵاکانی کوردستان هێواش هێواش هەڵدەکران. دەنگەکان هێشتا نەببوونە دروشم. زۆرتر مرۆڤ گوێی لە دەنگی کزی هەنگاوەکان و سڵاوەکان ده‌بوو، له‌كاتێكدا منداڵان هێشتا بە پاڵتاكانیانه‌وه لکابوون. له ناكاو ژنێكی ڕۆژاڤا هات بۆ لام و زۆر به ڕێزه‌وه سڵاوی لێ كردم. ئەو دەیزانی کە من دەنووسم. خێرا تێگه‌یشتم كه ئەو ژنە نه‌هاته لام بۆ ئه‌وه‌ی باسی ستراتیجی سەربازی و هاوسەنگی ناوچەیی لەگەڵ مندا بكات. به‌ڵكو باسی ئەو ده‌ماقاڵیه‌ی بۆ كردم كه سه‌ر له بەیانی ئەو ڕۆژە لە ماڵی خۆیان له شاری لۆزان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا كردبووی. له ماڵی ئه‌ودا له هه‌فته‌كه‌دا ته‌نها شەممە و یه‌كشه‌ممه ڕۆژی شاشەیە، سکرین. ڕۆژێک پێشتر کچە شەش ساڵانەکەی پلانی خشتەی خۆی دانابوو بۆ ڕۆژی شه‌ممه و یه‌كشه‌ممه: کارتۆن، تابلێت، ئەم خۆشیه بچووکە هەفتانەیەی کە منداڵان بە جددی بەرگری لێ دەکەن. دایكه‌كه گوتی؛ بەیانی زوو بە هێواشی دەرگای ژووری منداڵه‌كانم کردەوە. چه‌پكێك ڕووناکی له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بەسەر ده‌موچاویاندا ڕژا. کچەکەم هێشتا لە ژێر پێخه‌فه‌کاندا بوو، قژی شل بوو، دەموچاوی لە خەودا گەرم بوو.
- ده‌ێ زوو ڕابن، خۆ ئامادە بكه‌ن، ئیڕۆ ئه‌م دچین شارا جنێڤێ ژی بو خۆپیشاندان…… (بێدەنگی)
- نا دایه ئیڕۆ شەممەیە…
ئه‌و دەنگە، هیچ یاخیبوونێکی پێوه دیار نەبوو. به‌ڵام وا پێده‌چوو كه ڕێکخستنی ئاشنای ڕۆژانه‌ی ماڵه‌كه‌ی خستبێته هه‌ژان. پاشان خۆم لێ نزیک كرده‌وه و بە نەرمی پێم گوت؛ ئه‌م دێچین ژی بۆ خۆپیشاندان ژی بۆ ڕۆژاڤایێ.
- نا دایه، ئه‌ز ناهێم ، ئیڕۆ شه‌ممه‌یه، ئه‌ز دخوازم تماشای كارتۆنێ لێ ته‌له‌فیزیۆن بكه‌م.
- تۆ عەرەب نیت، بۆ ناتەوێت بێیت؟ كچكا من، چه‌وا؟ ته ناخازی بێی ژی بۆ خۆپیشاندان؟ توو نه كوردی؟ خۆ ته نه عه‌ره‌بی.
له‌گه‌ڵ بیستنی وشه‌ی “عه‌ره‌ب”، كچەكه‌م هاواری لێ هه‌ڵسا و دەستی کرد بە گریان.
- ئه‌ڤ چییه كچكا من؟ تو چما هاتیه گرین؟ چما توو وه‌لۆ تووڕه بووی؟
بە گریانەوە،
- چما ته دبێژیه من عەرەب؟ ئه‌ز نه عه‌ره‌بم، ئه‌ز كوردم.
کاتێک ئه‌م دایکه ئەم به‌سه‌رهاته‌ی بۆم گێڕایه‌وه، چاوه‌كانی زۆر شتیان پێ ده‌گوتم؛ نە دوژمنایەتی و نە لووتبەرزی بوو. به‌ڵكو نیگاكان هەستێکی نائارامیان ده‌گه‌یاند. هه‌ستێك بوو ده‌گه‌ڕا به‌دوای دۆزینەوەی ئەو شته‌ی كه له ئێستاوە لە ناخی منداڵەکەیدا دەژی. ئەو هه‌سته‌ی كه له‌گه‌ڵ فرمێسكه‌کانی چاوی منداڵه‌كه‌یدا ده‌هاتنه خواره‌وه. هه‌ستێك كه ڕەتکردنەوەی ئەوی تر نەبوو. به‌ڵكو دووپاتکردنەوەیەک بوو له هۆشیارییەکی پێشوەختەی بوون، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، نه‌وه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی كه دوژمن ده‌یه‌وێ. ئه‌وهۆشیارییه‌ی كه بریتییە له؛ دایه من دەزانم کێم! من ئه‌وی دیكه نیم و ڕه‌تی ده‌كه‌مه‌وه كاتێ من وه‌كی ئه‌وه‌ی كه‌هه‌م بانگ نه‌كرێم و ناو نه‌نرێم!
ئیتر من زوو تێگه‌یشتم، كه ئا لێره و له‌و ساته‌دا، له مێشك و بوونی ئه‌و ژنه كورده‌دا گێڕانەوەی کەسی لەگەڵ مێژووی سیاسی ئه‌و منداڵه یەکتر ده‌گرنه‌وه.
له ڕووی كۆمه‌ڵناسیه‌وه واپێده‌چێ كه بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت، گواستنەوەی زمان و كو‌لتوور بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە ڕوونادات. لە مەنهەجی خوێندنگە نیشتمانییەکانیشدا ڕوونادات. پشت بە میدیای بەهێز و گێڕانەوەی فەرمیش نابەستێت. به‌ڵكو ڕێک وه‌ك ئه‌م به‌سه‌رهاته بۆمان ده‌رده‌خات، به پله‌ی یه‌كه‌م و به‌ر له هه‌موو شتێك لە ماڵەوە ڕوودەدات. بەو زمانەی کە لە دەوری سفره‌ی نانخواردندا قسەی پێ دەکرێت، لە چیرۆک و گێڕانه‌وه‌كانی ئەو گوندانەی کە لە دوای خۆیان بەجێهێڵراون. لە فێربوونی گۆرانییه‌كان بەبێ بیرکردنەوە كه له ناخی بوونی تاك دا جێگیر كراون. لەو بێدەنگیانەی کە دەوری زەبر و زەنگیان داوه.
لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا کە بە دەیان ساڵ نکوڵی سیاسی و کولتووری لەلایه‌ن تورک و عه‌رەب و فارس ئه‌زموون ده‌كرێ، هه‌وڵی سڕینەوەمان نەک هەر له ڕێگه‌ی داگیركردنی خاکمان دراوه، به‌ڵكو به هه‌وڵی له‌ناوبردنی زمان و ڕەمزی و ناسنامەشمان بووە. قەدەغەکردنی زمان، گۆڕانکاری لە ناوی كوردی، سەرکوتکردنی دەربڕینە کولتوورییەکان، به سیاسەتی تواندنەوە زۆرجار هەوڵ دراوە ئەو شتانەمان نه‌بینراو بكرێن كه هه‌زاران ساڵه هه‌ن و بوونیان هه‌یه.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، ده‌بینین كه خۆڕاگری و بەرخۆدان چەندین شێوەی به خۆیه‌وه گرتووە. هەندێک جار چەکداریی، زۆرجاریش سیاسی. بەڵام لە سەرووی هەمووشیانەوە ناوخۆیی. لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی کوردستان دا گواستنەوەی نه‌ریت و كو‌لتوور له‌ناو خێزان بۆتە هێڵی بەرگری وه‌كو قوتابخانەیەکی هاوتەریب و هه‌ندێ جاریش وه‌كو گێڕانه‌وه‌ی یادەوەرییەکی نهێنی.
بۆیه دایك وه‌ك وەک ئەرشیفێكی زیندوو، ڕۆڵی ناوەندی لەم گواستنەوەیەدا ته‌نها کلیشەیەکی سۆزداری نییە. به‌ڵكو واقیعێکی کۆمەڵناسیشە. ئەوانن کە زمانەکەمان فێری منداڵەکانمان ده‌كه‌ن کاتێک لە قوتابخانە ناخوێندرێت. ئەوانن کە چیرۆکی گوندە وێرانبووەکانیان بۆ دەگێڕنەوە، ئەوانن کە ڕێوڕەسمەکان و گۆرانییەکان و چیرۆکەکان دەپارێزن و ده‌یانخه‌نه ناو قووڵایی هۆشیاریی ناهۆشیاریی نه‌وه‌ی داهاتوومان.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی باسه ئه‌وه‌یه كه لە چوارچێوەی ڕەوەندی كوردی دا ئەم بەرپرسیارێتییەی دایكان زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كرێت. بە تایبەتی لە ئەوروپا، کە چەندین دەیەیه هەزاران خێزانی کوردی تێیدا دەژین. زمانی زۆرینە لە قوتابخانەکان و لە میدیاکاندا زاڵە بەسەر کایەی گشتیدا. ئیتر زمانی کوردی دەبێتە زمانێکی خۆماڵی و ناسک و وابەستە بە ئیرادەی خێزان.
بۆیه پرسی زمانی کوردی لەنێو ڕەوەندی کوردی‌دا بابه‌تێكی زۆر گرنگە و ده‌یان پرسیاری وجودی دێنه به‌رده‌م دایك و باوكان، وه‌كو؛ لە چ نەوەیەکدا زمانی دایك بوونی نامێنێت؟ چەند وشەی كوردی لە ژیانیاندا دەمێنێتەوە؟ چەندیان لەدەست دەچن؟
ئه‌م پرسیارانه زۆر جار ده‌بنه هۆی گرژی و دله‌ڕاوكێیی به‌رده‌وام له نێوان یەکگرتن و پاراستنی ناسنامەدا. دایک و باوک دەیانەوێت منداڵەکانیان لەو کۆمەڵگایەدا سەرکەوتوو بن کە تێیدا دەژین. ئەوان دەیانەوێت هەموو دەرفەتێکیان پێ بدەن. بەڵام ترسیان لەوەش هەیە کە ئاسوودەیی و سەقامگیری تاراوگە وردەوردە ببێته هۆی تواندنەوەیان و یادەوەری بەکۆمەڵی كوردیان هەڵبوەشێنێتەوە. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و شته‌ی ئه‌م دایكه ئازایه لە فرمێسکەکانی کچەکەیدا هەستی پێ کردبێت ئه‌وه بووبێت: چۆن وا بكات كه بەردەوامی هه‌ستی ئینتیما و گێڕانه‌وه‌كان نه‌پچڕێن و له یاده‌وه‌ری و بنیاتنامه‌ی ناسنامه‌ی منداڵه‌كانیدا به‌رده‌وام بێ؟
پڕۆژەی سیاسی ڕۆژاڤا دیدگای نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی ژنانی کورد بەخشیوە. ژنان بە ڕێکخستنی هاوسەنگی جێندەری و هاوسەرۆکایەتی و یەکەکانی بەرگری ژنان، نەک تەنها وەک شەڕکەر بەڵکو وەک ئەکتەری سیاسیش شوێنێکی ناوەندی به‌خۆیه‌وه گرتووه.
بەڵام وا پێده‌چێ كه ئەم ڕۆڵە ته‌نها لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جه‌نگ دەست پێ ناکات. به‌ڵكو لە ماڵەوەش دەست پێ دەکات. ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی کە ڕۆژاڤا بانگەشەی بۆ دەکات، واته دیموکراسی ناوخۆیی، فرەیی، یەکسانیی جێندەریی، لەسەر بنەمای واقیعێکی کۆمەڵایەتی درێژخایەنتر دامەزراوە: ئەویش گواستنەوەی زمان و چیرۆك و مێژووه کە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ژنانەوە مسۆگەر دەکرێت.
ئه‌و دایكه له فرمێسكه‌كانی منداڵه‌كه‌ی دا به‌رده‌وامییه‌كی بینی.
لە نێوان ئەو دایکانەی کە چیرۆکی گوندێکی ونبوو دەگێڕێنەوە و ئەو ژنه چالاکوانانەی کە مەجلیسێکی ناوخۆیی ڕێک دەخه‌ن، لەگەڵ ئه‌و دایكانه‌ی كه به زمانی كوردی چرپه ده‌كه‌نه گوێی منداڵەکان و داواکارییه‌كان بۆ مافی دانپێدانانی کولتووری بەردەوامییەک هەیە.
فرمێسکی منداڵ واتای چییە
لە گۆڕەپانەکەی جنێڤ هێواش هێواش خۆپیشاندان دەستی پێ کرد. دروشمەکان ئاسمانیان پڕ کردبوو له ده‌نگی پڕ جۆشی ژنانی كورد. ئاڵاکانی كوردستان بەرزتر و بەرزکرانەوە.
دایکەکەش كه وه‌كو شێر بەشداری کاروانەکە بوو داوای لێ نەکردم دژی کەس بنووسم. ئەو تەنیا دەیویست ئەم ساتە لە ژووری منداڵه‌كه‌یدا قەتیس نەمێنێت.
هه‌موومان ده‌زانین كه لە کۆمەڵگا کوردەوارییە هاوچەرخەکاندا، گواستنەوەی كو‌لتوور له دایكه‌وه بۆ منداڵه‌كانی وردەکارییەکی فۆلکلۆری نییە. به‌ڵكو بابەتی مانەوە و وجودی ڕەمزیشە. هەر نەوەیەک هەڵگری ئەو پرسیارەیە: چی له دوای خۆمان جێ ده‌هێڵین؟
*****
دەوڵەتان دەتوانن زمان و ناسنامه‌مان لێ قەدەغە بکەن، ئاوارەمان بکەن، دووبارە نه‌خشه‌ی داهاتوو و بوونمان بکێشنەوە. بەڵام ناتوانن ڕێگری بكه‌ن له‌وەی کە لە بەیانییەکی شەممەدا لە ڕووناکی کاڵ و کەمی ژووری نووستنی منداڵێک‌دا دەگوازرێتەوە. دایکانی کورد بە سادەیی زمانێک یان ڕێچکەیەک ناگوازنەوە. به‌ڵكو ئه‌وان کەرامەتێكیش به منداڵه‌كانیان ڕاده‌سپێرن. ئه‌وانن كه باری پڕ له ترسی له‌ناوچوونیان به لایه‌كی كۆڵی خۆیان دا داوه و له لایه‌كه‌ی تریش كۆڵی خۆڕاگری بۆ به‌رده‌وامیمان له بوون. ئه‌وه‌تا هەندێک جار، ئەم خۆڕاگرییە لە ڕستەیەکی لەرزۆکدا ده‌بینرێت؛
- بۆچی به عه‌ره‌ب ناوم ده‌به‌یت؟ من عه‌ره‌ب نیم!!
بێگومان له ناو ئەو پرسیارەدا هیچ هه‌ستێكی ڕق و کینە بوونی نەبوو. به‌ڵكو ته‌نها هاوارێك بوو بۆ مانه‌وه‌ی یادێك و بوونێك كه هێشتا له ژیاندا ماوه و ده‌یه‌وێ به‌رده‌وام بێت.



