سلێمان مستەفا حەسەن
ئایینی ئیسلام لە بنەڕەتدا بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و ڕەحمەت و ڕێزگرتن لە مرۆڤ. قورئانی پیرۆز مرۆڤەکان وەک نەتەوە و گەلی جیا ناساندووە، نەک وەک یەک نەتەوە، نەک وەک نەتەوەی سەردەست و ژێردەست. بەڵام ئەوەی لە مێژووی سیاسی دنیای ئیسلامی و ڕێکخراوی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی جیهانیدا بینراوە، زۆر جار جیاوازە؛ ئیسلام وەک باوەڕ مانایەکی ئایینی هەبووە، بەڵام ئەوان وەک سیستەمێکی دەسەڵات زۆر جار بووە ئامرازێکی داگیرکەری، بە تایبەت بەرامبەر بە نەتەوەی کورد.
کورد نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەم جیاوازییە. تورک، عەرەب و فارس، بە ناوی ئیسلام و بە قسەی «ئوممەتی یەکگرتوو»، وڵاتی کوردیان داگیر کردووە و مافی سەربەخۆیییان لێ ستاندووە و نکۆڵی لە بوون و ماف و زمانیدا دەکەن. ئەوان هەرگیز کوردیان وەک هاوباوەڕی یەکسان نەبینیوە، بەڵکوو وەک ژێردەست، لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بمێنێتەوە. هەر بەوەش نەوستاوەن، بەڵکوو بە تۆمەتی جیاجیا تاوانباری دەکەن؛ وەک جوداخواز، نەوەی جنۆکە، دۆستی ئیسرائیل، کوردی کێوی، هاوردە، هتد. لەم پرۆسەیەدا بۆ کورد، ئایین نەبووەتە ئامرازێکی ڕێزگرتن، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ داگیرکاریی، ئەنفال، کیمیاباران، ڕاگوازتن و سڕینەوە، تا کار گەیشتە جینۆسایدکردن.
بۆیە لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا وشەی «ئەنفال» بە تاڵترین شێوە واتایەکی پڕئازار و کارەساتبار لە بیرەوەری ئێمەی تاک بە تاکی کوردستانی دروست کردووە. ئەوەی لە قورئان دا هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی ژن و منداڵ و جینۆسایدکردنی نەتەوەیەکەوە نییە. بەڵام کاتێک دەسەڵاتداران، نوخبە و زانایان ئایین دەخەنە ژێر دەستی دەسەڵات، وشەکان دەگۆڕن بۆ داگیرکاریی. لەو ساتەدا تاوان و جینۆساید هۆکار و زەمینە و پاساوی جیاجیا بۆ دادەتاشرێت و بەرگی ئایینی لەبەر دەکرێت و گەلی کورد و مرۆڤایەتی پێ جینۆساید دەکرێت.
تەنانەت لەم کارە پڕتاوانکاریانەدا ئایەتی قورئانیشیان بەکارهێنا بۆ جینۆسایدکردنی گەلی کورد. وشەی «ئەنفال» کە لە قورئان دا واتای دەستکەوتی شەڕ و پاراستنی مافی گشتی هەیە، بەڵام لە دەستی دەسەڵاتدارانی تاوانکاردا گۆڕا بۆ جینۆسایدکردنی گەلی کورد (کیمیاباران، ئەنفال، ڕاگوازتن). ئەو کردەوانە تاوانی ئابڕووبەر بوون دژ بە مرۆڤایەتی، نەک تەنیا دژ بە نەتەوەی کورد.
بەڵام ئەوەی تاڵترە ئەوەیە کە لەو کاتەدا ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی و ٥٧ دەوڵەتی بە ناوی ئیسلامی هەڵوێستێکی ڕوون و ئەخلاقیان نەبوو بەرامبەر مەزڵوومیەت و دۆزی کورد. تەنانەت ساڵی ١٩٨٨، کۆنگرەی یەکێتیی زانایانی ئیسلام، کە دەبێت دەنگی ئایین و ئەخلاق و دەنگی زوڵملێکراوان بێت، بەڵام لەو کۆنگرەیەدا هەموویان کەڕ و لاڵ و کوێر بوون. لەم بارەیەوە گەورە توێژەرە لێکۆڵەری تورکیا ئیسماعیل بێشکچی لە کتێبی «کوردستان؛ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە» دەڵێت: لە ١٦/٣/١٩٨٨ ڕژێمی عێراق بە چەکی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردوومان کرد. لەم بۆردوومانەدا ٥ هەزار کەس لە ژن و منداڵ و پیر و لاوی کورد بوونە قوربانی. بێشکچی درێژە بە نووسینەکەی دەدات و دەڵێت: کۆنفرانسی باڵای ئیسلامی لە ڕۆژی ٢٠ی ئازاری ١٩٨٨ بەڕێوەچوو. لەو کۆنفرانسەدا بە ڕاپۆرت زۆر بە وردی گفتوگۆی لەسەر هەموو ئەو بابەتانە کرا کە پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەبوو؛ هەر لە مەسەلەی ئەفغانستانەوە تا مەسەلەی فەلەستین، لەوێوە بۆ جەنگی عێراق-ئێران و لەوێشەوە بۆ هێنانەدی مافی تورکمانەکانی بولگاریا، ئینجا بڕیاریشیان لەبارەوە درا. بەڵام بەکۆمەڵکوشتن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تر، هەروەها ڕاگوازتن و ئەنفالکردنی کوردان، تەنانەت بە وشەیەک نەک ئیدانە و سەرزەنشت نەکرا، بەڵکوو باسیشیان لێوە نەکرد. درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لەو کۆنگرەیەدا یەکێتیی سۆڤیەت و ئیسرائیل و بولگاریا تاوانبار و سەرکۆنە کران، چونکە ڕووسیا لە ئەفغانستان بوونی هەبوو، گوایە تورکمانەکانی بولگاریا دەچەوسێنرێنەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل دژایەتی دەوڵەتی فەلەستین دەکەن؛ بەڵام هیچ کەسێک بیری لەوە نەکردەوە سەرکۆنە و سەرزەنشتی سەدام و ڕژێمەکەی بکات.
ئەم تاوانانە تەنیا نەبوون بە ڕابردووی مێژوویی شووم، بەڵکوو ساڵی ٢٠١٤ داعش بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرد؛ ژن و منداڵانی فرۆشت و کردیانی بە سەبایە، هەزاران لە گەنجان و پیاوانیشی زیندەبەچاڵ کرد و شەهیدی کردن. تا ئەمڕۆش بە هەزاران لە قوربانیانی شەنگال بێسەروشوێنن. دەبێت نادادی و شەرمەزاری گەورەتر لەوە چی بێت؟ پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئەمە بە ڕاستی ئیسلامە؟ یان داگیرکەرانی کوردستانن کە بە ناو و بەرگ و شێوازی جیا درێژە بە داگیرکاری و جینۆسایدی کورد دەدەن؟ هەروەها لەم ڕۆژانەدا، لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٦ لە سووریا، دووبارە دەنگی هەڕەشە و داوای ئەنفال و فتوحات و تەکبیر دژ بە کورد دەبیسترێت لەسەر زاری موفتی گەورەی سووریا و وەزیری کاروباری ئایینی سووریا. لە هەمان کاتدا جیهانی عەرەبی، شەقامی عەرەبی و میدیای عەرەبی دەورێکی زۆر کارەساتبار و خراپ و پڕفتنەیان نواند. میلیشاکانی سەربە تورکیا بەشداری هەموو ئەو شەڕ و نەهامەتییانەدا کرد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا ئایین وەک چەکێکی ئامادە لەلایەن بکەرەکان دژ بە گەلی کورد بەکار دەهێنرێت؛ بۆ قڕکردن، بۆ داگیرکردنی خاکەکەی، بۆ تاڵانکردنی سەروماڵی و بۆ سڕینەوەی مێژوو و کولتوور. هەڕەشە و مەترسییەکە هەمیشە ئامادەیە.
کەس نکۆڵی لەوە ناکات کوردستان لە ڕێکەوتنی شوومی لۆزان دابەشکرا؛ بەڵام کارەساتی گەورە ئەوەیە ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە بە ناوی ئیسلام قسە دەکەن و چەمکێکی ئایینی ئیسلام بەکار دەهێنن بۆ ڕەوایەتیدان بە ئەنفال و جینۆسایدکردن، بەڵام کار بە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) ناکەن. خودای گەورە لە سوورەتی (ئەلحەجەرات)، ئایەتی (١٣) دەفەرموێت: «ئێمە ئێوەمان لە گەل و نەتەوەی جیاواز دروست کردووە بۆ ئەوەی یەکتر بناسن.» ئەم ئایەتە جیاوازی و ڕێزگرتن لە نەتەوەکان دەکاتە بنەما، نەک داگیرکاریی و جینۆسایدکردن و ئەنفالکردن. هەروەها پێغەمبەری مەزن (د.خ.) دەفەرموێت: «ئەو کەسەی شتە باشەکان بۆ براکەی وەک خۆی نەخوازێت، موسڵمانی تەواو نییە.» ئەم فەرموودەیە ڕوونە: موسڵمانبوون بە کردارە، نە بە دروشم.
بەڵام لە پراکتیکدا زۆر جار کورد لەلایەن تورک، عەرەب و فارس وەک نەتەوەیەکی «نەوەی جنۆکە» ناسراوە؛ نەتەوەیەک کە دەبێت بێدەنگ بێت و مافی خۆی داوا نەکات. ئەمە دژ بە ڕۆحی ئیسلام و ئوممەی ئیسلامە. ئەگەر نا، تۆمەت ئامادەیە و پاسا و ئامادەیە بۆ ئەنفالکردن و داگیرکاریی، لەکاتێکدا ئایینی ئیسلام دژی مافی چارەنووس بۆ گەلان نییە.
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو کەوتووەتە بەر شاڵاوی سڕینەوە و داگیرکاری. شاراوە نییە گەلی کورد لە چەندین پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبی پێکهاتووە و کوردستانیش هەمیشە لانکەی پێکەوەژیان بووە و جیاوازی ئایینی و مەزهەبی خاڵی ناکۆکی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی نەبووە. هەروەها کورد هیچ کاتێک دەمارگری و پەرگیر نەبووە. ڕاستە زۆرینە موسڵمانە، بەڵام موسڵمانێکی کوردی؛ کە پێشەواکانی سەڵاحەدین ئەیووبی و مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و ناڵی و مەحوی و مەلای گەورە و زەڵمی و مودەڕیس و دەیانی تر بوون. ئەوانە هەمیشە بۆ سەربەرزی نەتەوەی کورد تێکۆشاون و دەنگیان هەڵبڕیوە، بەڵام قەت بازرگانییان بە ئایینەوە نەکردووە و نەبوونەتە بەردەباز بۆ دوژمنان.
بۆیە گەلی ئێمە دەتوانێت بە سەربەرزییەوە شانازی بە موسڵمانبوونی خۆی بکات. موسڵمانی و دینداری ڕەسەنی کوردی بێهاوتایە لە خوداپەرستی و ڕۆحانیەت. ئێمەی کورد ئایینی ئیسلام لە ویژدان و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و ئاکاری دایک و باوک و باپیرانمانەوە بینوە و دەبینین و ناسیومانە؛ بەڵام نابێت ڕێگا بدرێت دینداری کورد تێکەڵ بە ئەجێندای دەرەکی بکرێت بۆ بەکۆیلەکردنی کورد و درێژەدان بە داگیرکاریی، یان بەکاربهێنرێت بۆ دژایەتی پرسی نەتەوەی ستەمدیدە و بێبەشکردنی لە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
دین پەیوەندییەکی پاکە؛ پەیوەندیی پاکی نێوان مرۆڤ و خوایە. بەڵام نەتەوە، زمان، خاک، هەستی بەیەکەویی و بەها، ئازادی پەیوەندییە نێوان مرۆڤ و ژیانە. نەتەوەیەک کە مافی ژیان و ئازادی نەبێت، ئیمانی ئازادیشی لە مەترسیدایە.
قورئانی پیرۆز و کتێبە ئاسمانییەکان ئەنفال بە ڕەوا دانانێن. هیچ ئایینێک ڕێگا نادات مرۆڤ و نەتەوەی جیا، هەڵگری ئایینی جیا، مەزهەبی جیا، زمانی جیا و ڕەنگی جیا جینۆساید بکرێت و مافی ئازادی و هەڵبژاردنی مافی چارەنووسی لێ زەوت بکرێت.
ئەگەر دەوڵەتانی ئیسلامی و یەکێتیی زانایانی ئیسلامی دەیانەوێت ڕێزی خۆیان بپارێزن، دەبێت ڕووبەڕووی ئەم مێژووە پڕ شەرمەزارییە بوەستنەوە و هەڵوێستێکی ئەخلاقی و دادپەروەرانە بگرنە بەر.
کورد دەتوانێت موسڵمانی ئازاد بێت و دژی داگیرکەران بوەستێتەوە. ئەمە ناکۆک نییە لەگەڵ دینداری و ئیمان، بەڵکوو هەڵوێستێکی مرۆڤایەتی و ئایینی ڕاستە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە هەموو ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر کورد و لەسەر کورد کراون، لەلایەن دەوڵەتانی ئیسلامییەوە کراون؛ سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە بێدەنگی جیهانی ئیسلامی و دەوڵەتانی ئیسلامییە لە بەرامبەریاندا. ئەو جیهانەی کە خۆی بە «ئوممەتی ئیسلامی» ناساندووە، کاتی ئەوە هاتووە زانایانی ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان و نووسەرانی کورد بە دەنگی دلێر و زوڵاڵی کوردانە بێنە دەنگ و بە پلان و بەرنامەی ستراتیژی داوای ماف و ژیان و شکۆ و یەکسانی لە دەوڵەتە بە ناو ئیسلامەکان بکەن. کاتی ئەوە هاتووە بە ناوی گەلی کورد لە هەرچوار پارچە بە دەوڵەتانی ئیسلامی بڵێن داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەن لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ستەم و نادادییەی بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە کراون بەرامبەر نەتەوەیەکی دابەشکراو و داگیرکراو. کاتی ئەوە هاتووە ڕێگە نەدەن نەیارانی کورد لە ڕێگەی ئایینی ئیسلام دژایەتی دۆزی نەتەوەی کورد بکەن و ڕێگە لە کارە نەخوازراو و هاوردەکانیش بگرن. ئەوەی پێویست بوو دکتۆر عەلی قەرەداخی بیکات و نەیکرد، دەرفەتێکی مێژوویی بوو کە هەموو ئەو زوڵم و نادادی و مێژووە ڕەشە بەیان بکات و پەیامێکی کوردانە و موسڵمانانەی دروست و پاک بە گوێ جیهانی ئیسلامیدا بدات و وازی لە کورسییە لەرزۆکەکە هێنابووایە و هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە و کوردانە و موسڵمانانەی خۆی بۆ ئەبەد تۆمار بکردایە، دڵنیام دەبوو بە چرایەکی هەمیشەی لە چاوی نەتەوەکەی، هەروەها لە چاوی مرۆڤدۆست و ستەمدیدان.



