فیلمی سینەمایی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” سینەمای کوردی، لانی کەم، لە ئاستی ناوەڕۆک و پەیام و ناسنامەسازی و خۆناسی و تابۆشکێنی بردە ئاستێکی دیکە.
فیلمەکە کە یەکەم فیلمی سینەمایی دەرهێنەر “هەوراز محەمەد”ە، لە ڕاستیدا لە پەنجایەمین فیلمی دەرهێنەر دەچێت نەک یەکەم فیلمی. ئەو فیلمە کە ماوەیەکە لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت و لە چەندین فیستیڤاڵ بەشداری کردووە درامایی و سیاسیی-کۆمەڵایەتییە، لە نووسینی “هەوراز محەمەد” و “مەنسوور تەیفوریی”ـە، بەرهەمهێنەرەکەی “ڕەوەز حەمەساڵح”ـە،بەڵام وەک بەرهەمی دەزگای كولتووریی غەزەلنووس و كۆمپانیای لامیدیا ناسێنراوە.
“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” فیلمێک نییە کە دۆستانی فیلم بچن تەماشای بکەن و چێژی لێ وەرگرن بەڵکو فیلمێکە کە کارێکی دروست و پێویستە بە بەردەوامی لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان و دامودەزگا و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان نمایش بکرێت، تاکو کچان و کوڕان، ژنان و پیاوانی ئەم نیشتمانە وانەی لێ وەرگرن و ئاشنا بن بە کۆدەکانی ناسنامەی کوردی، خۆناسی، هاوکات بینینی مێژووی پڕکارەسات و تاوانی نەتەوەی کورد لەسەر شاشە.
فیلمەکە بەقووڵیی ئەکادیمی و پسپۆڕییانە ڕۆچووەتە ناو کۆمەڵێک پرسی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم دەکات. دابەشکاریی و داگیرکاریی کوردستان پرسی سەرەکیین لە فیلمەکەدا. سێگۆشەی سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان شانۆی سەرەکی ڕووداوەکانی فیلمەکەیە. شەڕی سەپێنراوی عێراق-ئێران بە سەرپێیش بێت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەندامانی ئاسایی کۆمەڵگەی کوردی پیشان دراوە.
هاوکات، شەڕی ناوخۆیی، کوردی-کوردی، قۆناغی پاش ڕاپەڕین نەک لەبیر نەکراوە بەڵکوو کڕۆکی پرس و پەیام و ئامانجەکانی فیلمەکە پێک دەهێنێت. من بە حوکمی توێژینەوەکانم لەسەر کتێبەکانی مێژوو لە قوتابخانەکانی کوردستان، چەند جارێک لەگەڵ دانەرانی پڕۆگرامەکانی خوێندن قسەم کردووە و ڕەخنەی ئەوەم گرتووە کە بۆچی لە کتێبەکانی خوێندنی مێژوودا باس لە شەڕی ناوخۆیی ناکەن؟ بەکورتی، وەڵامیان ئەوە بووە کە لە دیدی کێوە، لە دیدی کام لایەنەوە باسی بکەین؟ من هەمیشە گوتوومە، ئەگەر ئەوە زەحمەتە کە بێلایەن بن، کە پێم وانییە، ئەوا دەکرێت تەنیا قسە لەسەر زیانە گیانی و ماڵییەکان و کاریگەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی شەڕی ناوخۆ بکەن؛ بە قوتابیانی ڕابگەیەنن کە شەڕی ناوخۆ چ نەهامەتییەکی بەسەر کورد دا هێناوە. فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” ڕێک ئەو کارە دەکات، تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە مرۆیی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکانی شەڕی خۆکۆژی لەسەر کچان و کوڕانی ئێمە، ژنان و پیاوانی کوردستان. زۆر سەرکەوتووانەش ئەم کارەی کردووە، بەوەی کە ئەم پرسەی کردووە بە تەوەری سەرەکی فیلمەکە. لەرزینی دەست و خەونە مێردەزمەییەکانی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە، هاروون، دەرهاوێشتەی ئەو کاریگەرییە دەروونیانەن کە دەرهێنەر دەیەوێت بە بینەری نیشان بدات. ئەوە بێجگە لەوەی کە دەرگا نەماوە هاروون لێی نەدا، بۆ چارەسەرێک بۆ دۆخە ئاڵۆزەکەی.
لەم ڕانانەدا، نامەوێ خۆ لە قەرەی ڕووداوەکان بدەم، ئەوە بۆ بینەر لێ دەگەڕێم، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە فیلمەکە هەڵوەستەیەکی زۆر قووڵ و چاکی لەسەر کۆدە کولتوورییە کوردییەکان کردووە و هەوڵی داوە شیان بکاتەوە و قووڵایی مێژووییان نیشان بدات، وەک بەشێک لە بەدواداگەڕانی ناسنامەی دێرینی کوردی، کە زیاتر مەبەست لێیان خۆناسییە. خۆناسییەک نەک سەرچاوەکەی تێگەیشتنی ئەوانی دیکە بێت بۆ کورد، بەڵکوو خودی کورد بۆ خۆی.
ناسنامەسازی و خۆناسی کە بەشێکی سەرەکی فیلمەکە پێک دەهێنێت، گرنگییەکەی لەوەدایە کە ماوەیەکە گوتاری خودنەفرەتی و ناشیرینکردنی کورد و کولتوور و مێژووەکەی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان و دەزگا و پەیجە سێبەرەکانیان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر خود و ئیگۆی ئینسانی کورد داناوە. هەوڵەکانی ئەم فیلمە، لەم بوارەدا دەچێتە خانەی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری خودنەفرەتی و داگیرکاریی.
کاریگەرییەکانی ئەم فیلمە بەڕادەیەکە، کە زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم لە خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو دەقەکان، کوتانەکان، بە بەربڵاوی لەسەر ناوچەوان و ڕوومەت و چەناگەی کچانی ئێمەدا دەبینران، کە دەکرێت بیگێڕینەوە بۆ کاریگەریی فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور”.
هاوتەریبی، نەتەوەسازی و نیشتمانسازی کە خۆی لە ناسنامەسازی و خۆناسیدا دەردەخست لە فیلمەکە، گرنگی ژینگە و زێد و خاک و نیشتمان و جوگرافیا لە تێگەیشتن و جیهانبینیی مرۆڤی کورد دا بەجوانی نمایش کراوە، هەر لە پەیوەندی مرۆڤ بە خاک و دەوروبەری تا دەگاتە مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەکان.
فیلمەکە ڕۆڵی مۆسیقا نەک هەر لە ژیانی سادە و ڕۆژانەی مرۆڤی کورد نیشان دەدات، بەڵکوو قووڵایی مێژوویی و ڕۆچوونی بەناو دینە کۆنەکانی کوردستان و عیرفان و ڕۆحانییەتی ئینسانی کورد نمایش دەکات. ئەوەی لە پەیوەند بە مۆسیقا زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەوەیە، کە فیلمەکە وەک نەریتی سینەما،ساوند تراکێکی گشتگیری نییە، واتە مۆسیقایەک، یان گۆرانییەک، کە هەر لەسەرەتای فیلمەکە تا کۆتایی لەگەڵ ڕووداوەکان بە ڤێرژنی جیاجیا دووبارە و چەندبارە پەخش بکرێتەوە، بەڵکوو دەرهێنەر و هاوکارەکانی کەڵکیان لە دەوڵەمەندیی گۆرانی و مۆسیقای کوردی وەرگرتووە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. سەرەڕای جیاوازی تایبەتمەندیتی گۆرانییەکان، بەڵام هەموویان وەک تەواوکەری یەکدی دێنە پێش چاو، نەک بێزارکەر و دابڕکەر بن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕیتمی گۆرانی کوردی لە دێرسیمی باکووری کوردستانەوە تا دەگاتە کرماشان لە ڕۆژهەڵات، سەرەڕای جیاوازیان، لە یەک نزیکن.
وەک چارەسەرێک بۆ تێپەڕاندنی گرێی شەڕی ناوخۆ، دەرهێنەر و سیناریست و بەرهەمهێنەری فیلمەکە، کە هەر سێکیان ئەکادیمیستن، پێشنیازی ڕووبەڕووبوونەوە و دانپێدانان دەکەن. پێدەچێت پێیان وابێت، وەک نیڵسن ماندێلا، لە کوردستانیش وەگەڕخستنی “کۆمسیۆنی دەرخستنی ڕاستییەکان و ئاشتەوایی” زەرورەتێک بێت، هەم بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، هەم وەک بنەمایەک بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و تێپەڕاندنی گرێکوێرەی شەڕی ناوخۆ.
ڕۆڵی ژن لە ژیانی کوردەواری زۆر بە زەقی لەم فیلمەدا خراوەتە ڕوو. هەم لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە کە ژنن، هەم پرسە مامەڵە لەگەڵ کراوەکانی کە دۆزی ژنان نمایش دەکات. ژن لە “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” هەم ژیانی سەختە وەک هەر بوونەوەرێکی دیکەی کورد، هەم ئاوات و ئامانجەکانی دوور. بەڵام وەک لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت سەختیی ژیان و ئەستەمیی ئامانجەکان کۆڵی بە ژنی کورد دا نەداوە. ڕووداوەکانی فیلمەکە، وا لە بینەر دەکات کە قوربانیدانی دایک و هاوسەر و خوشکەکانی خۆی بەبیر بێتەوە، هاوکات چیرۆکەکانی فیلمەکە پێمان دەڵێت، کە چەند ژیانی کوڕان و پیاوانی ئەم نەتەوە خۆشینەدیوە سەختە، ژیانی کیژ و دایکانی ئەم وڵاتە دە هێندە پڕ مەینەتیترە.
پان-کوردیزم لە فیلمەکە بە زەقی هەستی پێ دەکرێت. پرسی کورد “یەکە یەکە”، پێش ئەوەی لەسەر شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی سەدای هەبێت لەسەر دەستی بەرهەمهێنەرانی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” هۆڵەکانی سینەمای پڕ کردبوو. لە چایخانەیەکی سەر سنوور، گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگە دەبینرێن، کۆڵبەریش لەو لاو ئەم لا دەردە دڵی خۆی دەکات و باس لە کارە تاقەتپڕوکێنەکانی دەکات. لە ڕاستیدا، چایخانەکە ڕووبەری بەیەکەوە بوون و گفتوگۆ کردنی خەم و نیگەرانییەکانی کوردستانیانی هەموو پارچە داگیرکراوەکانی کوردستانە، لە فیلمەکە.
بەکورتی، فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور”، سەرەڕای گرفتە دارایی و توانا مرۆییەکانی کە ڕووبەڕووی سینەمای کوردی بووەتەوە، کەچی، بەو بودجە کەمەی بەردەستیان، فیلمێک بەرهەم هاتووە کە نەک هەر لە ئاستی ناوەڕۆک و چیرۆک و پەیام و بەها باڵایە، بەڵکوو لە بوارەکانی سینەمۆتۆگرافی و دەنگ و نواندن لە ئاستێکی فرە بەرزدایە.
من پێم وایە هەموو مرۆڤێک هەق وایە ئەم فیلمە تەماشا بکات، لەوەش زیاتر، واچاکە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا نمایشکردنی ئەم فیلمە بکەن بە ئەرک بۆ قوتابیان، تاکو لە هۆڵەکانی خوێندن قسەی لەسەر بکرێت و ڕاپۆرتی لەسەر بنووسرێت.



