لە جیهانی عەرەبی، بەگشتی، ڕەگەزپەرستی عەرەبەکان ئەوەندە بەتینە بەرامبەر بە کوردی ژێردەستە و دابەشکراو و بێکەس بە ئاستێک هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە. لەوەش سەیرو سەمەرەتر، لە هەر دۆخێکدا بێت، عەرەب کورد بە زاڵم و خۆی وەک مەزڵوم وێنا دەکات.
بەپێچەوانەوە کورد ئەوەندەی عەتفیان بۆ عەرەب هەیە بۆ گەلە ستەمدیدەکەی خۆیان نیانە. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە بکەین، کورد کێشەی غەززەی بە هی خۆی دەزانی و فرمێسکی بۆ لێقەوماوانی فەلەستینی دەڕشت و کۆمەکی ماددی و مەعنەوی غەززەییەکانی دەکرد، کەچی یەک فەلەستینی یان عەرەب، بەگشتی، ئامادەی ئەوە نەبوون بە دێڕێک ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕووداوەکانی سووریا و دژ بە جۆلانی وشەیەک دەربڕن.
ئەمە لە کاتێک دایە، کە کورد گەلێکی موسڵمانە و هیچ کاتێک خۆی لە عەرەب جیا نەکردۆتەوە لە پرسەدا،هەموو کات کێشەی عەرەبی وەک کێشەی خۆی سەیر کردووە، بەڵام عەرەب چی؟ هەموو وڵاتانی عەرەب لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلام و بە ئەڵلاهو ئەکبەر و ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز خوێنی کوردیان حەڵاڵ کردووە، بۆ جیهاد دژی کورد سەریان پێوە نییە. شەقام و کۆڕبەندە سیاسی و کۆبوونەوە ژێربەژێر و نهێنیەکانیان و دەزگا و میدیاییەکانیانیان دژی کورد خستۆتە گەڕ و دژ بە گەلی ستەمدیدەی کورد بەکاری دەهێنن.
ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا بکەین، ئێستا گەورە تیرۆرستی وەک “ئەحمەد شەرع”یان لێ بوەتە مەهدی و بەشان و باڵیا هەڵەدەن کە نیوەی خاکی سووریای بەخشیوەتە ئیسرائیل لە بەرامبەر دەنگ نەکردن و پشتیوانی نەکردنی کورد لە سووریا.
سەرجەم عەرەب و دەوڵەتە عەرەبییەکان چاویان لە ئاست ئەو مەهزەلەیە نوقاندوە و کوردی موسڵمان بە کافر و بکوژ و زاڵم سەیر دەکەن، ڕێخۆشکەرن بۆ شەڕی نێوان سووریا و کوردانی ڕۆژاڤا کە لە ئێستادا شەڕی چوار دەوڵەتی بەسەردا سەپێنراوە و ڕوو بەڕووی سووریا و تورکیا و سعودیە و قەتەر بووەتەوە.
کورد پارێزگاری لە خۆی دەکات، کەچی دەبینین ئەو وڵاتانە دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانیشیان دژی کورد و بە قازانجی “ئەحمەد شەرع”ی تیرۆرست خستۆتە گەڕ و ئەوەی ناشی بیڵێن بە کورد و شەڕەڤانانی کورد دەیڵێن.
جەزیرەی قەتەری و عەرەبییە و حەدەسی سعودی و شەرقییە و زۆر کەناڵ و میدیای جۆراو جۆر هیچ نەما لەم چەند ڕۆژە بە کوردی نەکەن. بۆیە لەسەر کورد پێویستە ئەو کەناڵانە و ئەو لایەن و شوێنانەی وا ئەو کەناڵانەش تەمویل دەکەن تەحریم بکرێن و لە بەرامبەر ئەو دژایەتییەی ئەوان دەیکەن ڕۆحی کوردایەتی و هەست و بیری نەتەوایەتی زیندوو بکرێتەوە و کوردایەتی بکرێتە ڕوحی مقاوەمەت.
ئیتر گەلی کورد واز لە بیری تەسکی حیزبایەتی و ڕەنگ و ئایدیا بهێنێت و سنوورە دەستکردەکان تەحریم بکات و یەکگرتوو بێت، ئەگەر گەلی کورد یەکگرتوو بێت بێگومان چۆک بە گەورەترین دوژمن دادەدات و دەگات بە مافە ڕەواکانی خۆی کە چەندین سەدەیە لە پێناوی دا خوێن دەبەخشێت.
وەک لەم ماوەیە کورد لە باشوور باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نواندی، بوە هێزێک خەریکە جیهانی هێز دێنێتە سەر خەت و کێشەی کوردیش لەم ناوچەییەوە دەکاتە کێشەیەکی جیهانی. دیارە بەرهەمی ئەو دەسکەوتە بریتییە لە یەکگرتویی گەلی کورد بۆ براکانیان لە ڕۆژاڤا و بە دڵنیاییەوە بەرهەمی بە پێز دەبێت و بەو نەزمە کورد هەڵسوکەوت بکات ئەنجامی دڵخۆشکەری دەبێت و خۆری سەرکەوتن خەریکە لە ئاسۆ بدرەوشێتەوە.



