سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایدیۆلۆجیی کوردستان: بنەمای هزری-دەروونیی نەتەوە

عادل کەریمی

 

پوختە

خوێندنەوەی ‘کوردستان’ لە بنەمایەکی هزری-دەروونییەوە دەست پێ دەکات: چونکە بنەمای هزری و دەروونیی تاک و کۆمەڵگە لەسەر ئایدیۆلۆجی ڕاوەستاوە. ئایدیۆلۆجی ئەو واتایەیە کە بە جیهانی دەدەین و بۆ بەدیهێنانی تێدەکۆشین. دۆخی ئاڵۆزی کوردستان، لە هەنگاوی یەکەمدا، پێویستی بە جمگەبەندیکردنی چەمکی و واتایی هەیە، تاوەکو هەنگاوە کردەییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و بەختەوەریی دانیشتووانی کوردستاندا بن. لەم دەقەدا، واتا و پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی شیکار دەکرێت و بەراوردکاری لە نێوان ئایدیۆلۆجییەکانی خێڵ، ئیسلام، کۆمۆنیزم و کورددا دەکرێت. لە کۆتاییشدا، ڕەوتی دامەزراندنی ئایدیۆلۆجیی نەتەوەیی و دەرکەوتنی لە ئەقڵییەت و ژیانی ڕۆژانەی کوردستاندا لێک دەدرێتەوە.

 

پێشەکی

بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونی مێژوویی کوردستان لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانیدا، دەردەکەوێت کە ڕەوشی ئایدیۆلۆجی لە کوردستاندا نانەتەوەیی و زۆرجار دژەنەتەوەییش بووە. لەگەڵ گۆڕانی پێکهاتەکان و تێپەڕین لە شێوەژیانی پێشمۆدێرن، بنەمای ئایدیۆلۆجی نەک هەر بیچمی پێشووی پاراستووە، بەڵکو ئاڵۆزییەکانی سەردەمیشی لەخۆگرتووە. کوردستان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا، گۆڕەپانی ململانێی “ئیزم”ە جۆراوجۆرەکان بووە کە ڕاستەوخۆ خزاونەتە ناو زەینی تاکی کوردەوە. ئامادەنەبوونی ڕووناکبیری کورد، کزیی بزووتنەوە سروشتییەکانی کۆمەڵگە، پەراوێزخرانی کوردستان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و دەستێوەردانی زلهێزان، بوونەتە هۆی جێمانی کوردستان لە کاروانی مۆدێرنیتە.

لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری سەرهەڵدەدات: ئایدیۆلۆجی چییە کە وا بە قووڵی کار دەکاتە سەر ئەقڵییەتی سیاسی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و شێوازەکانی ژیان؟ شیکردنەوەی ئەم مژارە کارێکی کورتخایەن و تاکەکەسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوام و بەکۆمەڵە. ئەم دەقە وەک سەرەداوێک، ئامانجی ئاگادارکردنەوەی ڕووناکبیرانی کوردستانە لە گرنگیی ژێرخانی دەروونیی کوردستان کە وەک بنەما بۆ هەموو بونیادەکان کار دەکات. واتا و پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی، بەراوردکردنی ئایدیۆلۆجیی خێڵ، ئیسلام، کۆمۆنیزم، کورد و کوردستان و لە کۆتاییدا ڕەوتی دامەزراندنی ئایدیۆلۆجیی نەتەوەیی، بەشە سەرەکییەکانی ئەم باسە پێک دەهێنن.

ئەم هەوڵە وێڕای ڕەهەندە زانستییەکەی، ئامانجێکی نەتەوەیی لەپشتە، کە ئەویش دیاریکردنی سنوورە زەینییەکانی کوردستان و ڕەواندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانی تاکی کوردستانییە. ڕەهەندی هزری-زانستیی ئەم تێکستە لەسەر خوێندنەوەی (لاکانی-ئاڵتووسێری-ژیژەکی) بونیاد نراوە و لەگەڵ دیدگایەکی نەتەوەخوازانەی کوردستانی ئاوێتە کراوە: بە جۆرێک کە ئەم دوو ڕەهەندە لێک دانەبڕاو و تەواوکەری یەکترین.

 

پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی

واتای ئایدیۆلۆجی بە کورتی بریتییە لە: سیستەمێک لە چەمک و نیشانەکان لە پەیوەندییەکی یەکگرتوو و سەقامگیردا، کە لە داللی ناوەندی، خاڵە ڕاگرەکانی پێکهاتە (پۆینت دو کاپیتۆ) و خاڵە پەراوێزییەکان پێکدێت. ئایدیۆلۆجی لە کرداردا دەردەکەوێت و کارگێڕانی ئایدیۆلۆجی لە زۆربەی چالاکییەکانیاندا لە چۆنیەتیی کارکردنی ئایدیۆلۆجیاکەیان نائاگان. لە نێوان داللی گەورە و خاڵە ڕاگرەکاندا، زنجیرەیەک لە دەلالەتەکان بە شێوەیەکی نائاگا و بەردەوام لە گەڕاندان و زەینی مرۆڤیش لەو مەودایەدا چالاک دەبێت. پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی لە ژێر کاریگەریی دۆخە جیاوازەکان یان هۆکارە نوێیەکاندا، ئەگەری گۆڕانی بەسەردا دەبێت.

لەو کاتەوەی کۆمەڵی مرۆیی بەها کۆمەڵایەتییەکان و سنووری نێوان گرووپە جیاوازەکانی ڕەچاو کردووە، ئایدیۆلۆجی ئامادەیی هەبووە. واتە لەو ساتەوەی ژیانی سروشتیی مرۆڤ بەهۆی بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە لە بوارەکانی پەیوەندیی نێوان نێر و مێ، هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و نەریتدا گۆڕانی بەسەردا هات، ئایدیۆلۆجی وەک سیستەمێکی واتایی لەدایک بوو. کەواتە ئامادەیی ئایدیۆلۆجی لە ژیانی مرۆڤدا بۆ مێژوویەکی نادیار دەگەڕێتەوە. ئایدیۆلۆجیی خێڵ و ئایین، دوو شێوەی دێرینن کە لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە و لە ڕاستیدا ڕێبازە فیکرییەکانی سەردەم لە گۆڕانکاریی ئەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

پێش چوونە ناو باسەکە، پێویستە چەند خاڵێک وەک بنەما و مەرجەکانی ئایدیۆلۆجی ڕەچاو بکرێن:

یەکەم: شێوە و شێوازی کارکردنی گشت ئایدیۆلۆجییەکان یەکە. پێگەی داللی ناوەندی، خاڵە ڕاگرەکان (پۆینت دو کاپیتۆ) و کارلێکی نێوانیان هاوشێوەیە. بۆ نموونە لە ئایدیۆلۆجییەکدا داللی گەورە خودایە و لە یەکێکی تردا وڵات؛ لێرەوە دەبێت لە ئایدیۆلۆجی وەک شێوە و توانستێکی سیستەمی زەینی-کردەیی تێبگەین.

دووەم: ئایدیۆلۆجی پاشخانێکی نائاگای زەینییە کە ئاراستەی ویست و چالاکیی مرۆڤ دیاری دەکات. ئایدیۆلۆجی ڕەوایی بەو کردەوانە دەدات کە لە پێناویدا ئەنجام دەدرێن، ئەگەرچی مرۆڤ دروشم و بانگەشەی زۆریش بکات، بەڵام کردەوەکانی نوێنەرایەتیی ئەو ئایدیۆلۆجییە دەکن کە بەسەر زەینیدا زاڵە.

سێیەم: ئایدیۆلۆجییەکان لەدایک دەبن، پەرە دەستێنن، دەگۆڕدرێن و ڕەنگە لە ناو ئایدیۆلۆجییەکانی تریشدا بتوێنەوە، هەرچەند کاریگەریی خۆیان لەوانیشدا جێ دەهێڵن.

چوارەم: خاڵە ڕاگرەکانی ئایدیۆلۆجی پڕجووڵەن و کۆی ئەوان پێناسەی داللی ناوەندی دەدەن بەدەستەوە. ڕەنگە نیشانەیەکی دیاریکراو لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئایدیۆلۆجییەکی تردا زەقتر بێتەوە: بۆ نموونە زمانی کوردی پێش سەرهەڵدانی نەتەوەخوازی ڕەهەندی سیاسیی نەبوو، بەڵام لە کاردانەوەی هەوڵی داگیرکەران بۆ سەپاندنی زمانی خۆیان، زمانی کوردی بوو بە نیشانەیەکی سەرەکی و سیاسی لە ئایدیۆلۆجیی کوردستاندا.

 

پێنجەم: خاڵە ڕاگرەکان چەمکی تاکڕەهەند نین، بەڵکو نوێنەرایەتیی کۆمەڵێک بەها دەکەن. وەک نموونە، مرۆڤ نوێنەری بەها مرۆییەکانە، یان زمانی کوردی هەم ڕەهەندە فیکرییەکە و هەم ڕێزمان و وشەکاری دەگرێتەوە.

شەشەم: ئایدیۆلۆجییەکانی سەردەمی نوێ، مەرج نییە هەڵقڵاوی ناسنامەیەکی تایبەت بن، بەڵکو زۆرجار بەرهەمی گۆڕانکارییە فیکری و سیاسییەکانن. بۆ نموونە ئایدیۆلۆجیی کۆمۆنیزم بۆ ڕووسیا نامۆ بوو و لێنین بەسەریدا سەپاند. ئیسلامی سیاسی و مارکسیزمیش بۆ کوردستان هەمان دۆخیان هەیە.

حەوتەم: ئایدیۆلۆجییەکان لە کەسایەتیی تاکدا ئاستمەندن. شێوازی پەروەردە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە؛ تاکێک لە ژینگەیەکی داخراودا گەورە بووبێت، بەرانبەر ئایدیۆلۆجییەکەی دەمارگرژ دەبێت، بەڵام پەروەردەی ئازاد تاکی بەهەڵوێست و نەرمونیان بەرهەم دەهێنێت. نەتەوەکانیش لە قۆناغی بیچمگرتنی ناسنامەدا زانیارییەکان چەواشە دەکەن، وەک ئەوەی لە ئایدیۆلۆجیی داگیرکەرانی کوردستاندا دەبینرێت.

هەشتەم: ئایدیۆلۆجییەکان لە بەستێنێکی گوتاریدا بەریەک دەکەون. گوتار وەک ڕەهەندی پەیوەندیی ئایدیۆلۆجی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا (زانست، هونەر، سیاسەت) ڕەنگ دەداتەوە.

نۆیەم: لە خاڵە ڕاگرەکاندا لێکچوون دەبینرێت، بەڵام وشەکان لە بەستێنە واتاییە جیاوازەکانەوە هەڵگیراون بۆ نواندنی جیاوازییەکان: ئەگینا سەرۆک خێڵ، ئەمیر و سەرۆک، لە جەوهەردا هاوشێوەی یەک دەور دەگێڕن.

لە درێژەدا ئایدیۆلۆجیی خێڵ، کۆمۆنیزم، ئیسلام و کوردستان بۆ خوێندنەوەی دۆخی ئێستا بەراورد دەکرێن.

 

ئایدیۆلۆجیی خێڵ

ژیانی مرۆڤ لە سروشتێکی بێبەزەییدا هەمیشە لە مەترسیدا بووە. بەهرەی زەین و سۆزداری مرۆڤی کردە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. لە سەرەتای ژیانی بەکۆمەڵەوە، زۆری نەخایاند کە مرۆڤ پێویستیی دیاریکردنی سنوورە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی هەست پێ کرد، بۆ نموونە فێر بوون کە پەیوەندیی نێوان نێر و مێ لە چوارچێوەی هاوسەرگیریدا ڕەوایە و لادان لێی سزای قورسی بەدواوە دێت. هۆکارگەلێکی وەک هەڵکەوتەی جوگرافی، ڕێژەی دانیشتووان و جۆری پەیوەندیی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ دراوسێکان، گرووپە مرۆییەکانیان لە چوارچێوەی خێڵدا لێک نزیک کردەوە. پێکهاتنی خێڵ بە شێوازی جۆراوجۆر بووە، لە فراوانبوونی بنەماڵەیەکی تاقانەوە تا یەکگرتنی چەندین خێڵ و پێکهێنانی فیدراسیۆنی گەورە، وەک فیدراسیۆنی ماد (٧٠٠ ساڵ پێش زایین). تا پێش سەرهەڵدانی دەسەڵاتداریی مۆدێڕن، پێکهاتەی دەسەڵات خێڵەکی بووە و تەنانەت ئیمپراتۆرییەکانی سەفەوی و عوسمانیش لە جەوهەردا لەسەر ئەم بنەمایە دامەزرابوون. زۆربەی پاشاکانی ئەو ئیمپراتۆرییانە لە ئاستی سەرۆک خێڵێکدا بوون. شیکردنەوەی ئەم شێوەڕوانینە خێڵەکییە، هەنگاوی یەکەمە بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستای کوردستان.

پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی خێڵەکی

خێڵ وەک داللی گەورەی ئەم پێکهاتەیە، پێویستی بە دالە سنووری و ڕاگرەکان (پۆینت دو کاپیتۆ) هەیە تا بتوانێت دەربکەوێت، بەبێ ئەم داللانە، پێکهاتەکە پووچەڵ و بێمانایە. ئایدیۆلۆجیی خێڵەکی، مانەوەی خێڵ دەکاتە پاساوی هەر کار و چالاکییەکی ناوەکی و دەرەکی.

١.  پەیوەندیی سەرەتایی: پێکهاتەی خێڵ لەسەر بنەمای سۆزداری و پابەندبوون بۆ خێڵ و پاشان بنەماڵە دادەمەزرێت. ئەمەش لە ترس لە دراوسێکان و هەوڵ بۆ دەستڕاگەیشتن بە لەوەڕگە و سەرچاوەی زیاترەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم جۆرە پەیوەندییە زۆرجار دەرگای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەو دەرەوە دادەخست و دەبووە هۆی لێکدابڕانی هۆز و ناوچە جیاوازەکان. لەم جۆرە پەیوەندییەدا، لەجیاتی پڕەنسیپ، پێوەر و دیسپلین، سۆزداری و متمانەی کەسی پێگەی تاکەکان دیاری دەکات. لە سەدەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای لاوازبوونی پێکهاتەی خێڵ، ئەم میکانیزمە و سۆنگە خێڵەکییەکە بۆ ئەقڵییەتی سیاسیی لایەنەکانی ئێستای کوردستان گوازراوەتەوە.

٢.  شەڕی مان و نەمان: هەوڵ بۆ مانەوە هەنگاوی یەکەمی هەر بزووتنەوەیەکە. بەهۆی ئەندازیاریی ناوەندەکانی دەسەڵات و دۆخی بژێوی، جەماوەری کوردستان هەمیشە لە ئاستی پاراستنی هەبوونی خۆیاندا ماونەتەوە. کوردان بەهۆی بژوێنیی خاکەکەیانەوە کەمتر ویستی دەستدرێژییان بۆ سەر دراوسێکانیان هەبووە، بەڵام هەمیشە لە لایەن تورک و عەرەب و عەجەمەوە پەلامار دراون، هەر بۆیە کۆی پەیوەندییەکانی خێڵ لە پێناو مانەوەدا بووە. هەوڵی مان و نەمان و بەرژەوەندیی خێڵەکی، دوو ڕووی یەک دراون.

٣.  بەرژەوەندیی خێڵەکی: هەر شتێک لە پێناو مانەوەدا بە قازانج بێت، دەبێتە بەرژەوەندیی خێڵەکی. ئەم جۆرە بەرژەوەندیخوازییە کورتخایەنە و بەدوای دەستکەوتی خێرادایە، توانای تێگەیشتن لە ستراتێژی نییە و لە باری دەروونییەوە هاوشێوەی منداڵێکی سێ ساڵانە کە تەنها خولیای دەستکەوتی دەستبەجێیە. ئەم نیشانانە لە ناو لایەنە سیاسییەکانی ئێستادا بەڕوونی دەبینرێن.

 

٤.  ئاژەڵداری، لەوەڕگە و زاوزێ: ئەم سێ توخمە هێزی خێڵیان دابین دەکرد. میکانیزمی زاوزێ بۆ بەردەوامبوونی ژیان و پێکهاتەی خێڵ پێویست بووە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کورد خاک وەک ناسنامەیەکی جێگیر نەبینێت، ئەوە بووە کە کۆچکردن لە ناو جوگرافیای کوردستاندا بەشێک بووە لە پرۆسەی گەڕان بەدوای سەرچاوەی ژیاندا. ئاژەڵداری و لەوەڕگە سێکوچکەی دەسەڵاتی ئابووریی خێڵ بوون.

٥.  نەریت و ئایین: ئەرکی نەریت و ئایین ڕاپەڕاندنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک هاوژینی، پرسە، دادوەری و چارەسەرکردنی کێشەکان بووە. نەریت و ئایین لە پێناو مانەوەی خێڵدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە هەندێک خێڵ لە پێناو مانەوەیاندا ئایینزای خۆیان بۆ شیعە گۆڕیوە تا لەناو نەچن.

٦. سەرۆک خێڵ: پێکهاتەی کۆمەڵگە لە چاخی پێشمۆدێڕندا بە تاکەکەس بەڕێوە دەچوو و ڕێسای جێگیر بوونی نەبووە. سەرۆک خێڵ دەبوو خاوەن لێهاتوویی و زیرەکی بێت تا کاروباری خێڵ ڕێک بخات. ئەم تایبەتمەندییە بۆ سەردەمی مۆدێڕنیش درێژ بووەتەوە، ئێستا یاسا و ڕێسا تەنها پاساوێکن بۆ بڕیاری تاکەکەسێک کە کاراکتێری سەرۆک خێڵی هەیە. ناوەندە دەسەڵاتەکانی سەردەستی کوردستان نموونەی دیاری دەسەڵاتێکن لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ. لە ناوخۆی کوردستانیشدا، بەتایبەت لە باشوور، بڕیارە گرنگەکان زۆرجار بە ڕێککەوتنی کەسی دەدرێن نەک بە دەنگدان لە پارلەمانی کوردستاندا.

 

ئایدیۆلۆجیی ئیسلام

ژێرخانی ئیسلامی نەریتی و ئیسلامی سیاسی خاوەن یەک پێکهاتەی ئایدیۆلۆجین. جیاوازییەکە تەنها لەوەدایە کە ئیسلامی سیاسی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات یان بەشداری تێیدا، پەنا بۆ چەواشەکاری دەبات، هەروەک سەلەفییەکان دەربارەی ڕەوتی ئیخوانولموسلمین دەڵێن، ئەوان لەسەر بنەماکانی ئایین شلگیرن. بەڵام هەر کە گەیشتنە لوتکەی دەسەڵات، دەگەڕێنەوە بۆ شێوازە دەسەڵاتدارییە پێشمۆدێڕنەکان، کە تورکیا نموونەیەکی بەرچاوی ئەم دۆخەیە. خودا داللی ناوەندیی ئایدیۆلۆجیی ئیسلامە. ئەمە ئەو چەمکەیە کە مرۆڤ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی دەربارەی ژیان، سروشت، مەرگ و ڕووداوە سەرسووڕهێنەرەکان، لە زەینیدا خولقاندی و گەشەی پێ دا. لە ئایینە جیاوازەکاندا، وێناکردنی خودا جیاوازە. ئیسلام لە دوای ئایینی جوو و مەسیحییەت دەرکەوت و خۆی بە تەواوکەر و پێگەیشتووی ئایینە ئیبراهیمییەکان دەزانێت. پێی وایە ئەو وێنایەی کە لە خودا پێشکەشی دەکات، وێنایەکی تەواو و بێخەوشە، بەڵام پرۆسەی واتابەخشین بابەتێکە و چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان دالەکان لە دەرکەوتە کردەیییەکاندا بابەتێکی ترە. ئەم دەقە بەدوای ڕێچکەی دووەمدا دەچێت.

پێکهاتەی ئایدیۆلۆژیی ئایین 

 

دەقی پیرۆز: ئیسلام هاوشێوەی هەر ئایینێکی تر، لەسەر دەقێکی پیرۆز بونیاد نراوە. لەم ئایدیۆلۆجییەدا، دەقی پیرۆز سەرچاوەی یەکەم و بنەڕەتیی هەر بڕیار و هەڵوێستێکە لە کایەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا. قورئان لە پلەی یەکەم و فەرموودە و گێڕانەوەکان لە پێغەمبەرەوە لە پلەی دووەمدان. پرۆسەی ڕاڤەکردن لە ناو بازنەی دەقی پیرۆزدا، دەبێتە هۆی دابەشبوونی بزووتنەوەکانی ناو هەر ئایینێک کە ئیسلامیش دەگرێتەوە. ناکۆکی و پێکدادانی حکوومەتەکان لە ناو جیهانی ئیسلامیدا، لە سەرەتای دەسەڵاتی ئیسلامییەوە تا ئێستە بەردەوامە. هەر لایەنێک بەپێی ڕاڤەی تایبەتی خۆی بۆ دەقی پیرۆز، خۆی بە تاقە هەڵگری ڕاستی و دروستی دەزانێت. ململانێی دەسەڵات لە نێوان جەمسەرەکانی وەک تورکیا، ئێران و سعوودیە بۆ پەلکێشانی هەژموونیان بەسەر جوگرافیای ئیسلامیدا، وێڕای بەرژەوەندیی یەکە سیاسییەکانیان، لەسەر ئەو ژێرخانە ناکۆکە بونیاد نراوە کە لە ڕاڤەکردنی دەقی پیرۆزەوە سەرچاوە دەگرێت. دەقی پیرۆز ڕەخنە و دەستکاری هەڵناگرێت، مەگەر ئەوەی بخرێتە لاوە، بەڵام ئەگەر بوو بە سەرچاوەی یاسادانان و دیاریکردنی سزا، ئەوا هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک قبووڵ ناکات.

دژایەتیی ئایدیۆلۆجییەکانی تر: کاتێک دەقی پیرۆز دەبێتە سەرچاوەی ڕاڤەکردن، هەر بۆچوونێکی جیاواز یان دژبەر ڕەت دەکرێتەوە و نکۆڵیی لێ دەکرێت. ئەگەر بۆچوونێک وەک دژبەر هەژمار بکرێت، هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت. ئەو مەرجانەی کە سوپای ئیسلام لە شەڕەکانیدا ڕایدەگەیاند، بریتی بوون لە: یان باوەڕهێنان، یان پێدانی سەرانە (جەزیە)، یانیش شەڕ. لەم دیدگایەدا، پەیڕەوانی ئایینەکانی وەک مەجووسی، مەسیحی و جوو کە باوەڕیان بە ئیسلام نەهێناوە، ناچنە بەهەشتەوە. ئەم خاڵە تایبەتمەندییەکی گشتیی زۆربەی ئایینەکانە؛ هەر لایەنێک دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی زیاتر بووبێت، ئەوانی تری چەوساندووەتەوە، کە ئەمەش دەرکەوتەی کردەییی نکۆڵیکردنە لەوانی تر.

دەسەڵاتی ڕەها و هێزی چەکداری: دەسەڵاتی ئایینی کە پاڵپشت بە دەقی پیرۆز و نکۆڵیکردن لەوانی تر ڕاوەستاوە، دوو میکانیزم یان ئامرازی سەرەکیی بەدەستەوەیە. دەسەڵاتی ڕەها لەو چەمکە شەرعییەوە سەرچاوە دەگرێت کە داوای گوێڕایەڵی بۆ خودا، پێغەمبەر و خاوەن دەسەڵاتەکان دەکات. ئەگەرچی هەندێک لە موسڵمانان دەڵێن حاکمی ئیسلامی دەبێت لەژێر چاودێریی شەرعدا بێت، بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە سیستەمی ئایین هەمیشە بووە بە ئامرازی دەسەڵاتداران. ڕەوایی دان بە دەسەڵاتی ڕەها و نکۆڵیکردن لەوانی تر، دەسەڵاتدارییەکی توندوتیژ بەرهەم دەهێنێت، هەر بۆیە هێزی چەکدار دەبێتە یەکەم ئامرازێک کە دەسەڵاتی تووڕە بۆ سەرکوتکردنی بەرانبەر بەکاری دەهێنێت. تاکەکەسی دەمارگرژیش بەهەمان شێوە، چونکە پێشوەختە بڕیاری “نەخێر”ی بۆ بەرانبەرەکەی داوە و تەنها باوەڕی خۆی بە ڕاست دەزانێت، پەنا بۆ توندوتیژی دەبات.

نەریت: میکانیزمی نەریت میراتی ژیانی خێڵەکییە کە ئایینەکان بۆ بەردەوامبوونی خۆیان پشتی پێ دەبەستن. ئیدیای ئایینەکان دوای سەرهەڵدانیان، بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا، نەریت و شێوازی هەڵسوکەوت دیار دەکەن؛ واتە بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی وەک هاوژینی، پرسە، پەرستش و حەج، دەق و نەریت بەرهەم دەهێنن. ئەگەرچی لە سەرەتادا باوەڕی بڕواداران هاندەری ئەم نەریتانە بووە، بەڵام دواتر نەریتەکە دەبێتە جۆرێک لە ڕاهاتنی کۆمەڵایەتی و لە جەوهەری باوەڕەکە دادەماڵرێت. مێژووی ئایینە ئیبراهیمییەکان ئەم پرۆسەی بەتاڵبوونەوەیە دەسەلمێنێت.

تاکپەرەستی: ئەم ڕەهەندەش میراتێکی ژیانی خێڵەکییە. بەو جیاوازییەی کە لە ژیانی خێڵەکیدا ئەزموون و بوێری تاکێکی دەگەیاندە لوتکەی سەرۆکایەتی، بەڵام لە ئاییندا پێشەنگی ئایدیۆلۆجی دەبێتە نموونەی باڵا. هەروەها ئەو تاکانەی کە تایبەتمەندییە ئایینییەکان لە کەسایەتییاندا کۆ دەبێتەوە یان لە خزمەتکردنی ئاییندا چالاک بوون، دەبنە جێگەی پیرۆزی، وەک هاوەڵانی پێغەمبەر.

بەرژەوەندیی وڵاتی پێگە: لە ئایینی ئیسلامدا ئەگەرچی پێوەر بۆ ڕێز و پلەوپایە تەنها پارێزکاری (تەقوا)یە و باس لە یەکسانیی نەتەوەکان دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا و لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە تا ئێستە، عەرەب بەهۆی ئیسلامەوە خۆی بە باڵادەست زانیوە و نەتەوەکانی تری وەک مەوالی و عەجەم ناوبردووە؛ تەنانەت سەبارەت بە کوردیش بۆچوونی نەرێنییان هەبووە. تا ئەو کاتەی خەلافەتی ئیسلامی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەدەستەوە بوو، عەرەب لە ڕووی زمان و کلتوورەوە باڵادەست بوو. دواتر کە تورکەکان هاتن، خەلافەت بوو بە ئامرازی شەرعییەت دان بە دەسەڵاتی ئەوان. ئایدیۆلۆجییە جیهانخوازەکان ئەگەرچی لە سەرەتادا بانگەشەی بێسنووری دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا دەبنە ئامرازی ئەو حکوومەتانەی کە ڕێگەی چالاکییان پێ دەدەن. ئەو ناسنامانەی بۆشایییان هەبوو، وەک تورک و عەجەم، ئیسلامیان کردە کۆڵەکەیەک بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان. بنەمای ناسنامەیی ئێران لەسەر تێکەڵەی فارس-شیعە و تورکیا لەسەر تورک-سوننە بونیاد نراوە. بەم پێیە، ئیسلام لەبری ئەوەی لە سەرووی نەتەوەوە بێت، بووە بە ئامرازی ڕەواییدان بە دەسەڵاتی تورکی، عەجەمی و عەرەبی و لە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانیش بەکار هێنراوە، وەک چۆن تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا پێش هێرشکردنە سەر عفرین، سوورەتی فەتحی وەک پاساوێکی ئایینی بەکار هێنا.

 

ئایدیۆلۆجیی کۆمۆنیزم

گۆڕانکارییەکانی سەدەی هەژدەیەمی زایینی لە زەینی کارڵ مارکسدا بوونە هەوێنی وێناکردنی جیهانێکی نموونەیی ئارمانجی (یۆتۆپیا)، کە تێیدا چینی ڕەنجدەر (پڕۆلتاریا) دەسەڵاتێکی گشتگیر و دادپەروەر دادەمەزرێنێت. ئەم دیدگایە بۆ خوێندکاران و ڕێکخەرانی کرێکاران جێگەی سەرنج بوو. لە ڕاستیدا دوو چینی جیاواز زیاتر تێکەڵی ئەم بزووتنەوەیە بوون: یەکەم، ڕۆشنبیران و خوێندەواران کە لە بنەڕەتدا سەر بە چینی مامناوەند و دەستڕۆیشتوو بوون، دووەم، کرێکاران کە زۆربەیان نەخوێندەوار و سەر بە چینی هەژاری کۆمەڵگە بوون. وەک دەبینرێت، پێکهاتەی بزووتنەوە کۆمۆنیستی، مارکسی و سۆسیالیستییەکان لە کوردستاندا لەم دوو چینە پێک هاتبوون. ڕۆشنبیران بانگەشەیان بۆ جیهانێکی دوور لە چەوسانەوە دەکرد و هەژارانیش دەیانویست لە ناو ئەو جیهانەدا بژین. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، ڕەنگ و ڕواڵەتی بزووتنەوە چەپەکانی گۆڕی، بەڵام بەپێی ڕووداوەکانی سەدەی بیستەمی زایینی، دەتوانین بڵێین ئایدیۆلۆجیی مارکسی-کۆمۆنی-سۆسیالیستی خاوەن پێکهاتەیەکی تایبەت بووە و هەیە، کە لێرەدا خاڵ بە خاڵ شیکاری بۆ دەکەین.

پێکهاتەی ئایدیۆلۆجیی کۆمۆن

کۆمۆن: یۆتۆپیایەک کە تێیدا مرۆڤ بەبێ چین و جیاکاری و لە ناو بەختەوەریدا دەژی. وەک لاکان دەڵێت ئەمە دالێکی بەتاڵە. پێویستە لێکدانەوە بۆ ئەوە بکرێت کە خاڵە ڕاگرەکان (پۆینت دو کاپیتۆ) لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا چۆن لە چوارچێوەی کرداردا دەرکەوتوون بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بگەیەننە ئاستی کۆمۆن. ئەمە بە واتای سڕینەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەک دێت کە چینایەتی و بێدادی و هەڵاواردنی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندبێت.

 

سڕینەوەی تاک: ئەمە ڕەهەندێکی جڤاکیی ئەم بزووتنەوەیەیە کە تێیدا تاک لە پێناو کۆمەڵگەدا دەسڕێتەوە. بانگەشەکردن بۆ یەک چین و یەک شێوازی ژیان بێ هیچ گومانێک بە واتای لەناوبردنی سەربەخۆیی تاک دێت. لە یەکێتیی سۆڤیەتدا زانستی دەروونناسی وەک بەرهەمێکی ڕۆژئاوایی دەبینرا، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە جەختیان لەسەر بەهرە و لێهاتوویی تاکەکەسی دەکردەوە. پێشگریمانەی ئەوان لەسەر یەکسانبوونی ڕەهای مرۆڤ بوو. ئەوان تەنها ئەو بەشانەیان لە دەروونناسی وەردەگرت کە باسیان لە میکانیزمە گشتگیرەکان دەکرد، وەک کارەکانی پاڤلۆف لەسەر مەرجدارکردنی ڕەفتاری مرۆڤ.

نکۆڵی لەوانی تر- هێزی سەخت: ئەم دوو خاڵە دوو دیوی یەک دراون و لە ئایدیۆلۆجیی ئایینەوە گوازراونەتەوە بۆ ناو کۆمۆنیزم. ئەو ڕێبازانەی کە خۆیان بە خاوەنی تاقانەی ڕاستی و دروستی دەزانن، دوو تایبەتمەندییان هەیە. یەکەم ڕێبازەکانی تر بە هەڵە و دواکەوتوو دادەنێن. دووەم لە مرۆڤ وەک ئامراز دەڕوانن نەک وەک کەسایەتییەکی ئازاد لە بڕیارداندا. ئەم ڕێبازانە تا دەسەڵاتیان لە ناو کۆمەڵگە یان یەکەیەکی سیاسیدا زیاتر بووبێت، ئاستی نکۆڵیکردنیان لەوانی تر و بەکارهێنانی هێزی سەخت بۆ سڕینەوەیان گەورەتر بووە. لە ئەزموونی دەسەڵاتی ئایینی و کۆمۆنیزمدا ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەردەکەوێت.

دەسەڵاتی ناوەندی- سەرۆک: ئەم دوو خاڵە تەواوکەری یەکترن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هەردوو خاڵی پێشووەوە هەیە. ئەوانەی نکۆڵی لەوانی تر دەکەن خاوەن پێکهاتەیەکی ڕەهان. پێکهاتەی ئایدیۆلۆجیی ڕەها لە شێوازی دەسەڵاتداریدا ناوەندگەر و پاوانخوازە و لوتکەی دەسەڵات لە کەسایەتیی سەرۆکدا کۆدەکاتەوە. بە ڕوانگەیەکی تر دەتوانین بڵێین تاکپەرستیی خێڵەکی خزاوەتە ناو کۆمۆنیزمەوە. ئەگەرچی شوێنکەوتووانی ئەم ڕێبازە ڕەنگە ئەمە ڕەت بکەنەوە، بەڵام لە هەموو ئەزموونەکانی بەرەی چەپدا لە ماو تسی تۆنگەوە تا کاسترۆ و گیڤارا ئەم کارەکتەرە بە ڕوونی دەردەکەوێت.

هێزی کار و بەرهەم هێنان- بەرژەوەندیی وڵاتی پێگە: باوەڕی کۆمۆنیزم لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەرهەمی کار و کارگەکان وەستاوە. ئامانجە باڵاکەی بریتییە لە سڕینەوەی چینایەتی بە جۆرێک کە هەموو مرۆڤایەتی تێیدا بەشدار بن و بحەسێنەوە. لە سەرەتادا دەسەڵاتداریی چەپ بە ڕێبەرایەتیی لێنین هەوڵی بۆ ئەمە دا، بەڵام لە درێژەدا کایەی هێز و بەرژەوەندیی دەسەڵات و یەکە سیاسییەکان ئاراستەی هەڵوێست و چالاکییەکانیانی دیاری دەکرد. چینی کۆمۆنیستی نموونەیەکی بەرچاوی ئەم وەرچەرخانەیە. دوای لێنین هەر حکوومەتێکی چەپ لە هەر یەکەیەکی سیاسیدا دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، هەڵسوکەوتی لەگەڵ وڵاتانی تردا تەنانەت بەرانبەر بە چەپەکانی تریش بەپێی بەرژەوەندیی یەکە سیاسییەکە و دەسەڵاتی خۆی بووە.

نەریت: بەرەنگاربوونەوەی نەریتە باوەکان خاڵێکی دیاری بزووتنەوە چەپەکان بوو. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە نەریتەکان هەڵە و هۆکاری چەوسانەوەی چینی هەژار و ژنان و منداڵان بوون، بەڵام ئەو چەپانەی نکۆڵییان لە کۆمەڵگەی خۆیان دەکرد تەنانەت نەریتە ئاساییەکانیشیان قبووڵ نەدەکرد. بۆ نموونە هەندێک لە چەپە کوردەکان گاڵتە بە جلوبەرگی کوردی دەکەن و زمانی کوردی بە ناتەواو دەزانن و بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان وەک نەریت کراسی سوور و شەرواڵی لی دەپۆشن و زمانی فارسی یان تورکی و عەرەبی بەسەر زەینیاندا زاڵە و هۆگری ئاڵای ناوەندە داگیرکەرەکانی کوردستانن. ئەندامە کوردەکانی حیزبە کۆمۆنیستییەکانی عێراق و سووریا و ئێران و تورکیا تا ئێستاش بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە.

 

ئایدیۆلۆجیی کورد

١: هەستکردن بە جیاوازی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەمی زایینییەوە دەستی پێ کردبوو. شاعیران و نووسەرانی کورد کە دەتوانین بڵێین زۆربەیان پیاوانی ئایینی (مەلا) بوون، بە قووڵی هەستیان بەم جیاوازییە کردبوو. وەک خانای قوبادی ئاماژەی پێ دەکات:

هەرچەن مەواچان فارسی شەکەرەن / کوردی چە لای من بەل شیرینتەرەن

مەعلوومەن جە دەور دنیای بەدئەندێش / هەرکەس دڵشادەن بە زوان وێش

٢: بیری نەتەوەخوازی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی زایینیدا بە چڕی لە ئەورووپادا چالاک بوو و شەپۆلەکانی بەرەو ڕۆژهەڵات دەهات. شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە هەشتاکانی ئەم سەدەیەدا بە ڕاشکاوی خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو.

٣: سەرهەڵدانی کۆمەڵە و ڕێکخراوە جیاوازەکان لە کوردستاندا وەک خۆیبوون، هیوا و ژێ کاف.

٤: هاتنی بیری ڕزگاریخوازی کە هەوێنەکەی لە مارکسیزم-لێنینیزمەوە وەردەگرت.

٥: بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر نەتەوەخوازیی نەتەوە دراوسێکان و کاریگەرییە کلتووری و سیاسییەکانی ئەوان.

٦: ئاستی تایبەتی ناسنامەخوازی کە تێیدا هەوڵێکی چڕ بۆ خۆپێناسەکردن درا.

ئایدیۆلۆجیی کورد

 

ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا لە لێکدانەوەی خاڵە ڕاگرەکاندا (پۆینت دو کاپیتۆ) بەم شێوەیەی خوارەوە دەردەکەون:

کورد: زەقبوونەوەی جیاوازیی نێوان کورد لەگەڵ نەتەوەکانی عەرەب و تورک و فارسدا کۆڵەکەی سەرەکیی داللی کورد پێک دەهێنێت. لێرەدا دالە ڕاگرەکان (پۆینت دو کاپیتۆ) ئەرکی ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەم دالە دەگرنە ئەستۆ.

زاتگەرایی: ئەم چەمکە لە هەستکردن بە جیاوازی و بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەخوازیی دراوسێکان و هەوڵدان بۆ خۆپێناسەکردن سەرچاوە دەگرێت. ئاستی نەتەوەخوازی بۆ خۆپێناسەکردن هەنگاوێکە کە دوای هەستکردن بە جیاوازی دێت. لە لایەکی تریشەوە نەتەوە دراوسێکان لە هەمان هەوڵدا بوون. ڕەوایی دان بە نەتەوەخوازی لە نێو گەلانی ڕۆژئاوادا بوو بە بنەمایەک بۆ بەڵگەمەندکردنی نەتەوەخوازیی نەتەوەکانی تریش. ڕۆژئاوا بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی کڵێسە لە سەدەی شازدەیەمی زایینییەوە تێدەکۆشی. زیندووکردنەوەی کەلتووری یۆنان و ڕۆم و زەقکردنەوەی کەسایەتیی وەک زەردەشت لە بەرانبەر مەسیحدا لەو هەوڵانە بوون. گێڕانەوەی مێژوو بۆ ڕەواکردنی نەتەوەخوازی لە نێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا باو بوو و دواتر گشت جیهانی گرتەوە. نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات بەرهەمە ڕۆژهەڵاتناسییەکانی ڕۆژئاوایان وەک ئامرازێک بۆ خۆسەپاندن بەسەر یەکتردا بەکار برد. حکوومەتە سەردەستەکان ئەو بەرهەمانەیان کردە هەوێنێک بۆ ساختەکردنی مێژوو. ئەم دیاردەیە لە ئێراندا لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا و هەروەها لە تورکیاشدا بە ڕوونی دەبینرێت. بزووتنەوە کوردییەکان بە کاریگەریی ئەوان و بەرهەمە ڕۆژهەڵاتناسییەکان هەوڵیان دا پێناسەیەک بۆ کورد دابڕێژن. ئەگەر لە ڕۆژئاوا گەڕانەوە بۆ یۆنان و ڕۆم هەبووبێت و لە ئێرانی پەهلەوی گەڕانەوە بۆ سەردەمی هەخامەنشی هەبووبێت ئەوا کوردیش بۆ ڕەواکردنی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵاتی مادەکان و خۆی بە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەو زانیوە. تورکیا بە خەیاڵپڵاوی زمانی خۆر ناسنامەی تورکیی کردە سەرچاوەی ژیاری مرۆڤایەتی. لەم نێوەندەدا ئایینی زەردەشتی و سۆسیالیزم کە هەڵگری بیری ڕزگاریخوازی بوون بوونە دوو بنەمای سەرەکی بۆ بیرکردنەوەی کۆمەڵەی کاژیک. هەوڵدان بۆ خۆپێناسەکردن بیرمەندانی هان دا کە بچنە ناو قووڵایی مێژوو و تەنانەت چیرۆکە ئایینییەکانیش بپشکنن وەک ئەوەی دەڵێن ئیبراهیم کە باوکی پێغەمبەرانە کورد بووە. کۆی ئەم بۆچوونانە هەوڵ دەدەن ناسنامەیەک پێناسە بکەن کە لە مێژوویەکی نادیارەوە بوونی هەبووە و نەگۆڕدراوە. بۆ نموونە زمان کە لە ڕەوتی گەشەی مرۆڤدا هەمیشە دەگۆڕێت و پاراو دەبێت بەڵام لە ڕوانگەی نەگۆڕدا شانازی بە زمانێکەوە دەکرێت کە گوایە دەستکاری نەکراوە. ترسی لەناوچوون هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم جۆرە ڕوانگەیەیە.

مان و نەمان و نەریت پەرستی: دۆخی مان و نەمان وەک دیاردەیەکی خێڵەکی پەلی هاوێشتە ناو سەردەمی مۆدێڕن بەڵام بە شێوەیەکی قووڵتر و بەرفراوانتر. ئەم دۆخە تا ڕادەیەکی زۆر سێبەری بەسەر ئەقڵییەتی سیاسیی لایەنە کوردییەکاندا کێشا. بەهۆی دەستێوەردانی زلهێزانەوە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب بەسەر پارچەکانی کوردستاندا زاڵ بوون. لێرەوە کورد لە دژی دەسەڵاتگەلێک شەڕی دەکرد کە خاوەنی مافی نێودەوڵەتی بوون و هەوڵی تواندنەوەی نەتەوە ژێردەستەکانیان دەدا. کورد بۆ ئەوەی لە ناو نەچێت هەوڵی دا زمانی کوردی بە ڕەسەنی ڕابگرێت و کەلەپوور و جلوبەرگ و فۆلکلۆر و نەریتە جۆراوجۆرەکان بکاتە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی خۆی. لە پاڵ ئەمەشدا لە کاتی گۆڕانی دەسەڵاتی داگیرکەراندا ڕادەپەڕی و بۆ ماوەیەک شەڕی دەکرد.

پاڵەوانی، کارەسات و سۆزداری: لە ژیانی خێڵەکیدا پاڵەوانی و کارەسات هەمیشە دووبارە دەبوونەوە. بەیت و بەسەرهاتەکان لە ڕوانگەی کوردەوە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەن کە هەڵگری ماکی پاڵەوانی و کارەساتن. شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتە پێشمۆدێڕنەکانی وەک سەفەوی و عوسمانی ئەم خولە نیشان دەدەن. شەڕی خانی لەپزێڕ لە قەڵای دمدم نموونەیەکی دیارە کە بە پاڵەوانێتی دەست پێ دەکات و بە کارەسات کۆتایی دێت. ئەم خولە لە بەستێنێکی سۆزداریدا دووبارە دەبێتەوە. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی سۆزدارە و سۆز بەشێکە لە سروشتی ئەم مرۆڤە کە لە هەڵسوکەوت و شێوەژیانیدا دەردەکەوێت. مرۆڤ هەرچەندە سۆزدارتر بێت ناتوانێت بەرژەوەندیی درێژخایەن لێک بداتەوە و ئامرازەکان بە دروستی بناسێت. سۆزداری یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتن لە سیاسەت و ستراتێژی.

تاکپەرستی: ئەم خاڵە ڕاستەوخۆ لە بیری خێڵەکییەوە سەرچاوەی گرتووە و تەنها تایبەت نییە بە کوردستان بەڵکو هەر کۆمەڵگەیەک ڕێسا و سیستەمی تێدا لاواز بێت دەگرێتەوە. لە کاتی نەبوونی میکانیزمی کارکردن و ڕوانگەی سیستەمیدا تاکەکەس زەق دەبێتەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا سەرۆکخێڵ بەهۆی لێهاتوویی یان بنەماڵەوە دەبوو بە سەرکردە ئەوا لەم سەردەمەشدا تاکەکەس بەهۆی هەمان تایبەتمەندییەوە بەرچاو دەبێت. زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەم ئاراستەیەدا ڕۆیشتوون.

وێنای لێڵی وڵات: مامۆستا هەژار دەگێڕێتەوە کە جارێک بە مەلا مستەفا بارزانی گوتووە دەڵێن ئەگەر کورد ببێت بە دەوڵەت دەگاتە دەریای ناوەڕاست بەڵام بارزانی لە وەڵامدا گوتوویەتی کوردستان لە بەندەری ئەسکەندەروونەوە تا تەنگەی هورموزە. لەگەڵ ئەوەشدا لە کردەوەدا شۆڕشی باشوور پەیوەندییەکی ئەوتۆی بەم بۆچوونەوە نەبوو. مەبەست لە وێنای لێڵی وڵات ئەوەیە کە نەتوانراوە هەنگاوەکان بۆ ڕزگارکردنی تەواوی خاکی کوردستان دیاری بکرێن. خوێندنەوەیەکی قووڵ و گشتگیر بۆ جوگرافیای کوردستان و دانیشتووانەکەی لە ئارادا نەبووە.

خۆبەکەمزانین بۆ دەسەڵاتداری: لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی هیوا و ژێ کاف دا ئامانجەکە ڕزگارکردنی گشت کوردستان بوو. بەڵام بەهۆی سەرکوتی بەردەوام و نەبوونی ئەقڵییەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو ئاستی داخوازییە سیاسییەکان دابەزی. بەرژەوەندیی نەتەوەیی هاتە ئاستی بەرژەوەندیی کورتخایەنی لایەنەکان. هەڵوێستی خێڵ لە بەرانبەر ناوەندەکانی دەسەڵاتدا بە ڕەنگ و ڕوواڵەتێکی حیزبی سەری هەڵدایەوە. ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەستەبژێری کورد دەسەڵاتی سیاسیی بۆ کوردستان دەویست ئەوا تا ساڵی ٢٠٢٥ ئەو داخوازییە تەنها بۆ وەرگرتنی پێگە لە ناو ناوەندە داگیرکەرەکاندا کورت بووەتەوە. ئەگەرچی لایەنەکان لە دروشمەکانیاندا باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکەن بەڵام لە کردەوەدا ئەم باوەڕە ڕیشەی دانەکوتاوە.

 

ئایدیۆلۆجیی کوردستان

وێڕای ئەوەی لە مێژووی خەباتدا هەندێک لە ماکەکانی نەتەوەیی هەبوون بەڵام پێویستە ئەم ئایدیۆلۆجییە دووبارە دابڕێژرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. گۆڕانکاریی پێویست دەبێت لە خوێندنەوەی دالەکان و میکانیزمەکاندا ساز بکرێت بە بێ ئەوەی دەست لە بیچمی گشتیی ئایدیۆلۆجییەکە بدرێت. ئایدیۆلۆجیی کوردستان ئەو چوارچێوە هزرییەیە کە ڕەوایی بە دەسەڵاتداریی دانیشتووانی کوردستان بەسەر خاکی خۆیاندا دەدات. ئەم ئایدیۆلۆجییە دەبێت پەل بکێشێت بۆ ناو هەموو لایەنە سیاسییەکان و پەروەردە و کلتوور. داڕشتنی ئایدیۆلۆجیی کوردستان هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران چونکە ئەوان هەوڵیان داوە ئایدیۆلۆجیی خێڵ و ئایین و چەپ بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان و ڕێگری لە یەکگرتنی زەینی تاکی کورد بکەن. لە داڕشتنی ئەم ئایدیۆلۆجییە نوێیەدا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕابردوو پێویستە چونکە تێگەیشتنی هەڵە لە ڕابردوو گەورەترین بەربەستە لە بەردەم بزووتنەوەی نەتەوەییدا.

ئایدیۆلۆجیی کوردستان

کوردستان: داللی کوردستان دالێکی سیاسییە کە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانی کوردستان لەخۆ دەگرێت.

مرۆڤ: مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە سەرووی هەر جۆرە ڕێباز و ئیزمانێکی ترەوە ڕاوەستاوە. بۆ داللی کوردستان، داللی ڕاگری سەرەکی مرۆڤە. ژیانی تاکەکانی مرۆڤ پێکەوە و لە ژینگەیەکدا واتای دەبێت. ئەمە ئامانجێکی بوونخوازانەیە و هەر بابەت و بڕیار و دەسەڵات و بەهایەکی کۆمەڵایەتی دەبێت بکەوێتە خزمەت بەختەوەریی مرۆڤەوە. پێناسکردنی مرۆڤ و پەیوەستکردنی کوردستان بەو پێناسەیەوە هەوێنی داللی گەورەی کوردستانە. مرۆڤبوون لەسەر ئەم بنەمایانە ڕاوەستاوە:

یەکەم: مافی تاکبوون بۆ ئەوەی تاک بە ئاگاییەوە خۆی لە ناسنامەیەکی ڕەگەزی یان نەتەوەیی یان بزاڤێکی هزریدا ببینێتەوە و لە هەر بارودۆخێکدا سەربەستانە بڕیار لەسەر هەڵوێستی خۆی بدات، بەو مەرجەی پابەند بێت بە بیچمی هزریی کوردستانەوە و پێکهاتەی سیاسیی کوردستان قبووڵ بکات. ئەم مەرجە لە جیهاندا وەرگیراوە. بۆ نموونە کۆچبەرەکان لە وڵاتێکی تردا ڕێز لە خاک و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەگرن، ئەگەر وەرینەگرن دەردەکرێن. سیستەمی پەروەردەی کوردستان دەبێت تاک بە جۆرێک پەروەردە بکات کە ببێتە خاوەن کەسایەتیی سەربەخۆ، بە پێچەوانەی ئەو ڕەوتانەی وەک ئیسلامی سیاسی و مارکسیزم و فاشیزم کە بەرژەوەندیی خۆیان لە سڕینەوەی تاکدا دەبیننەوە.

 

دووەم: ڕەوتە هزری و کۆمەڵایەتی و ئایینە جیاوازەکان ئازادن بۆ چالاکیی ناوخۆیی و وتووێژ بەو مەرجەی یەکەی چالاکیی خۆیان بە کوردستان بزانن و ڕێز لە پێکهاتەکەی بگرن و لە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردستان نەبن. چەپ و ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆجیی داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدەن پێویستیی سەروەریی سیاسی بۆ کوردستان لە زەینی تاکی کورددا بشارنەوە.

لە خوێندنەوەی خێڵەکی و کوردیدا کوردبوون دەبەسترێتەوە بە ڕەچەڵەک و خوێنەوە. بەڵام کوردبوون ناسنامەیەکی کراوەیە و هەر تاکێک بنەماکانی وەربگرێت دەبێتە هاووڵاتیی کوردستان. بۆ نموونە ئیزماعیل بێشکچی هاووڵاتییەکی بەڕێزی کوردستانە با بە ڕەچەڵەک تورکیش بێت، لە بەرانبەردا ئەو جاشقەڵەمەی خزمەتی داگیرکەر دەکات لە کوردبوون بەدەرە. کوردبوون بەپێی ڕەچەڵەک تەنها حەزێکی مێژووییە وەک ئەوەی لە میسر هەندێک خێڵ هەن، بەڵام کوردەکانی خوراسان لەبەر ئەوەی خۆیان بە کوردستانەوە پێناسە دەکەن کوردستانیین. هەر بۆیە کوردستانیبوون جێگەی کوردبوون دەگرێتەوە.

پێشگریمانەیەکی تری مرۆڤبوون بریتییە لە هاوتایی ژن و پیاو و وەرگرتنی ڕەگەزە پەراوێزخراوەکان. ئەم خاڵە پێویستی بە بەرنامەی درێژخایەن و پەروەردەی تاکەکەس هەیە. ئەم هاوتاییە دەبێت لە دەرفەتی بەشداریکردن لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕەنگ بداتەوە.

لە ئایدیۆلۆجیی داگیرکەردا نکۆڵی لە مرۆڤبوونی کۆمەڵگەی داگیرکراو دەکرێت. لە حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە هەڵاواردن هەبووە و گیانی تاکی کورد بێبایەخ کراوە. یەکەم هەنگاوی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر ئەوەیە کە بە ڕوونی خۆت بە مرۆڤ بزانیت و بیکەیتە بنەمای هەڵوێستەکانت. ئەکتی کوردستان خۆڕزگارکردنە نەک تەنها تۆڵەکردنەوە. ڕقی پیرۆز بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤە لە کۆیلایەتی نەک تەنها بۆ کاردانەوەی توندوتیژ.

زمان: لە ژیانی خێڵەکیدا زمان نیشانەی جیاوازیی شێوەی ژیانی جوگرافیا مرۆییەکان بوو کە دواتر بە نەتەوە ناونران. تا هاتنی سیستەمی پەروەردەی مۆدێڕن حکوومەتەکان زمانیان بۆ تواندنەوەی نەتەوەکان بەکار نەدەهێنا. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا داگیرکەران هەوڵیان دا زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی بسەپێنن. ستراتێژیی یەک زمان و یەک نەتەوە بنەمای سیستەمی ئێران و تورکیایە. لە بەرانبەر ئەمەدا لە ئایدیۆلۆجیی کوردیدا دژکردەوەیەک دروست بوو بۆ پاراستنی زمانی کوردی وەک ئەوەی لە کاژیکنامەدا هاتووە.

لە ئایدیۆلۆجیی کوردستاندا مەبەست لە زمان زمانی کوردییە. زمان چەمکێکی سیاسییە و دەسەڵاتدار بۆ جوگرافیای سیاسیی خۆی دیاری دەکات. زمانی کوردی بریتییە لەو پێکهاتە زمانییانەی کە جوگرافیای زمانی و کەلتووریی کوردستان لە تورک و عەرەب و عەجەم جودا دەکاتەوە. ئەم بڕیارە مافی کەمینەکانی وەک ئاشووری و تورکمان و عەرەب لەبەرچاو دەگرێت و حکوومەتی کوردستان دەبێت ئاسانکارییان بۆ بکات تا بە زمانی خۆیان بخوێنن.

زمانی کوردی دەبێتە زمانی دەسەڵات و لەم بەستێنەدا ناسنامەی کوردستان گەشە دەکات. زانست و ئەدەب و هونەر و بیناسازی بەشێکن لە بەستێنی زمانی کوردی. لە واتای گشتیی زماندا هێماکانی وەک پێشمەرگە و مرۆڤ و خاک چارچێوەی بیری کوردستانی ساز دەکەن. گرنگە هەر تاکێک هەوڵ بدات ئەم هێمایانە لە زەینیدا یەکبگرنەوە و هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت هێما نەتەوەییەکان بۆ خۆی پاوان بکات.

مێژوو: لە گێڕانەوەی کوردستانی مێژوودا کوردستان وەک پێکهاتەیەک وێنا دەکرێت. لێرەدا بەراوردکردنی خوێندنەوەی زانستیی ڕۆژئاوا و خوێندنەوەی داگیرکەران و خوێندنەوەی کوردستانی پێویستە. ڕۆژهەڵاتناسەکان ڕۆژهەڵاتیان کردە بابەتێکی لێکۆڵینەوە، کارەکانی ئەوان بۆ ئێمە بەکەڵکن بەو مەرجەی وەک ماددەیەک بۆ خۆپێناسەکردن بەکاریان بهێنین نەک وەک ئەوەی خۆمان ببەینە ناو ئەو وێنایەی ئەوان بۆیان کێشاوین.

داگیرکەران لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەسکەوتە ڕۆژهەڵاتناسییەکانیان بۆ ڕەواکردنی داگیرکاری بەکار هێناوە. ئەوان خۆیان بە ناوەند و شارستانی دەزانن و کوردستان بە پەراوێز و خێڵەکی دادەنێن. ساختەکاریی مێژوویی لە ئێران و تورکیادا گەیشتە ئاستێک کە دەنگی ناڕەزایەتی لە ناوخۆشیاندا لێ کەوتەوە. خوێندەوارە کوردەکانیش هەوڵیان دا خوێندنەوەیەکی کوردی دابڕێژن بەڵام هەندێک جار کەوتنە ناو داوی لاساییکردنەوەی داگیرکەران، بۆ نموونە ئەگەر عەجەم شانازیی بە هەخامەنشییەوە بکردایە کوردیش شانازیی بە مادەوە دەکرد.

گێڕانەوەی کوردستانی لە بەستێنی سیاسیدا زانستی و ڕەخنەگرانەیە. لەم ڕوانگەیەدا مێژوو بەردەوام و یەک پارچە نییە بەڵکو فرەجۆرە. خوێندنەوەی کوردستانی لە پێناسەکردنی ئەوانی تردا کەڵک لە مێژوو وەردەگرێت. کورد بە داگیرکەرانی ڕۆژهەڵاتی گوتووە عەجەم و بە عوسمانییەکانی گوتووە ڕۆم. ئێستاش دیسکۆرسی فارس-شیعە و تورک-سوننە هەوێنی دەسەڵاتی ئەوانن. عەرەب بە پێچەوانەی ئەوان پەنای بۆ ساختەکاریی ناسنامەیی نەبردووە بەڵکو ڕاستەوخۆ بە کوشتن و بڕین و نکۆڵیکردن هەوڵی لەناوبردنی کوردی داوە.

لە گێڕانەوەی کوردستانی مێژوودا چەند خاڵێکی گرنگ هەن. یەکەم دەستەبژێری نەتەوەخواز لە ناو مامۆستایانی ئایینییەوە دەرکەوتن. هەروەها بیرمەندانی وەک جەمال نەبەز لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی کوردی ڕۆیشتن. خوێندنەوەی کوردستانی بەپێی ڕاستی و بەرژەوەندییەکانی کوردستان بڕیار لەسەر دیاردەکان دەدات.

خاک: لە مێژوودا خاکی کوردستان بە ناوی خاکی کوردان ناسراوە. هۆزە کوردەکان بەهۆی زەبروزەنگی حکوومەتەکانەوە بەرەو ناوەندی کوردستان کشانەوە. کێشانی وێنەی کوردستان گران نییە، گرنگ ئەوەیە خاک ببێتە بنەمای دەوڵەت و ئەقڵییەتی سیاسیی کوردستان. لە ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی جووڵەی کۆمەڵایەتی پێویست، وێنایەکی لێڵ لەسەر خاک هەبووە. بۆ نموونە لە باشووری کوردستان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە چونکە لە ئەقڵییەتی سیاسیی ئەواندا خاک هێڵی سوور نییە. پێویستە خاکی کوردستان ببێتە هەوێنی ستراتێژیی خەبات.

پێشمەرگە: پیاو لە هۆزە کوردەکاندا هەمیشە پارێزەری خاک بووە. لە میرنشینەکاندا هێزی چەکداری ڕێکخراو هەبووە، وەک میرنشینی سۆران کە خاوەن تۆپخانە بووە. دوای هەرەسی میرنشینەکان، هێزی چەکدار لە دەوری شێخەکان کۆ بوونەوە. لە تەنیشت ئەمانەدا جوامێرانی وەک “چەتە” هەبوون کە لە بەرانبەر زۆرداریی حکوومەتدا ڕاپەڕیبوون. بە دامەزرانی کۆماری کوردستان چەمکی پێشمەرگە بۆ مافی نەتەوەیی جێگیر بوو. ئەگەرچی لە پارچەکانی تر ناوی شەڕوان و گەریلا بەکار دێت، بەڵام چەمکی پێشمەرگە بەهۆی ڕیشەی کلتووری و مێژووییەوە گشتگیرترە. کێشەی هێزی پێشمەرگە ئەوەیە کە ئێستا حیزبییە و ئەمەش بووەتە هۆی شەڕی ناوخۆ. پێویستە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو پێک بهێنرێت کە تەنها پابەند بێت بە بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە.

بەرژەوەندیی نەتەوەیی: دوای ئەوەی نەتەوەخوازی بوو بە بنەمای دەوڵەتی مۆدێڕن، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی ڕێک خران. مارکسیستەکان ناسنامەخوازی بە دواکەوتوویی دەزانن و دژی نەتەوەخوازین، بەڵام لە ڕاستیدا ئایدیۆلۆجییە جیهانگیرەکان لە هەر شوێنێک بن دەکەونە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەو وڵاتەوە. لە کوردستاندا ئەمە پێچەوانە بووە، چونکە بزووتنەوە ئیسلامی و چەپەکان زۆرجار خزمەتیان بە داگیرکەران کردووە. پرسیار ئەوەیە بۆچی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لای ئێمە بزرە؟ چونکە ئایدیۆلۆجیی کوردستان بە تەواوی جێگیر نەبووە و هێشتا توخمەکانی بیری خێڵەکی لە ناو لایەنە سیاسییەکاندا ماونەتەوە.

لە کوردستاندا تاقمێک هەن کە پێیان دەگوترێت جاش. جاش چەمکێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجییە بۆ ئەو کەسانەی خزمەتی داگیرکەر دەکەن. هەر خاڵێکی ئایدیۆلۆجیی کوردستان تاقمێک لە بازنەی نەتەوە فڕێ دەداتە دەرەوە. ئەو ئایدیۆلۆجییانەی شەرعییەت دەدەنە داگیرکەر، ڕاستەوخۆ دژی هەبوونی کوردستانن. پێویستە خاڵە سنوورییەکان بەهێز بن تا جاشایەتی بە هەموو ڕەنگەکانییەوە ئاشکرا بێت. ئەگەر کەسێک بە کوردییەکی پاراویش قسە بکات بەڵام لە خزمەت داگیرکەردا بێت، ئەوا بە جاشێکی ئاگامەند دادەنرێت. ئەو کەسانەش کە دەیانەوێت لە ناوەڕاستدا بوەستن و لە هەردوو لا سوودمەند بن، زوو دەردەکەون.

 

بەراوردکردنی ئایدیۆلۆجییەکان

ئەو ئەقڵییەتە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەی کە باوی سەردەمە، لە خێڵ و ئیسلام و کۆمۆنیزم و کوردایەتیی کۆندا غائیبە. لە ڕاستیدا ئەم ئاراستە فیکرییانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بوونەتە ئامرازێک بۆ توندترکردنی داگیرکاریی کوردستان. هەر بۆیە ئەو خاڵانەی کە بەرانبەر بە خاڵە پڕخەسارەکان ڕادەوەستن لێک دەدەینەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕەنگە خاڵێک لە چەند شوێنێکی جیاوازدا ئەرک وەربگرێت.

پەیوەندیی سەرەتایی ناتوانێت تاکی ئازاد پەروەردە بکات و سیستەمی مۆدێڕن و ستراتێژی و میکانیزم بەرهەم بهێنێت، هەروەها ناتوانێت بەپێی شیاوی و پێویستی ئەرکەکان دابەش بکات. چالاکییەکان ئەگەر هەبێ، ناتەواو و کورتخایەن و بێئاکام دەبن، کە ئەمەش لەم سەردەمەدا بە واتای دواکەوتن و خەسار دێت. سڕینەوەی کەسایەتیی تاک لە کۆمۆنیزمدا ئەگەرچی هەوڵێک بوو بۆ بەرگری لە بێدادی، بەڵام فانتزییایەکی پڕخەسار بوو. خۆبەتاک زانین بەرهەمی گەشەی زەین و پێگەیشتنی مرۆڤە. کاتێک تاکایەتی لە مرۆڤ دەسەندرێتەوە تا ڕێگری لە گەشەی زەینی بکرێت، ڕەنگە بۆ ماوەیەک سەر بگرێت، بەڵام سروشتی مرۆڤ کارێکی وا هەڵناگرێت. دەقی پیرۆز و زاتگەرایی هەڵگری سیفەتی نەگۆڕین و دەرهاوێشتەی زەینێکی دابڕاون لە ئەزموونی ژیان، هەر بۆیە لە داینامیزمی کۆمەڵایەتیدا پەراوێز دەخرێن. بەڵام مرۆڤبوون واتە ئەزموونی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و ئەوانی تر و ژینگەدا. ڕەهەندی سیاسی دەچێتە خانەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی ترەوە. بە پێچەوانەی چەپە کلاسیکەکان کە نەتەوەخوازی بە زاتگەرایی دادەنێن، ناسنامەیەک کە لەسەر بنەمای مرۆڤبوون سەرهەڵدەدات، بگۆڕە. ڕەنگە دوای ڕزگاریی کوردستان خاڵە ڕاگرەکان بگۆڕدرێن، بەڵام لە دۆخی ئێستادا نەتەوەبوون کورۆکی پێناسەی مرۆڤە. بۆ نموونە کورد ئێرانی نییە، بەڵام بەپێی داگیرکاری، لە وەرگرتنی بەڵگەنامەکاندا بە ئێرانی هەژمار دەکرێت. تاکی مرۆڤ ڕێی بۆ خۆش دەکرێت کە بە ئامانجی خۆناسین و خۆناساندن بەوانی تر پەروەردە بکرێت. تاک بە مەرجی وەرگرتنی پێکهاتەی کوردستان، ئازاد و خۆبڕیاردەرە.

هاوکێشەی من و ئەوی تر لە نێوان تاک و تاقم و چین و نەتەوەکاندا ڕوودەدات. بەڵام شەڕی مان و نەمان و نکۆڵیکردن لە ئەوانی تر و نەریتپەرەستی تەنها هەوڵێکی پەرتەوازە و ناسەقامگیرن بۆ مانەوە. ئەمانە لە ڕاستیدا درێژکراوەی شەڕی مان و نەمانی خێڵن و تەنها ناوەڕۆکیان جیاوازە. لە بەرانبەردا، لە ئایدیۆلۆجیی کوردستاندا “زمان” ڕاوەستاوە. زمان بە واتا گشتییەکەی کە هەموو دیاردە و ڕووداوێک دەگرێتەوە. ئەگەر زمان لە خێڵدا سروشتی بێت و لە ئایدیۆلۆجیی کوردیدا وەک زات ببینرێت، ئەوا لە کوردستاندا هەنگاوێک بەرەو پێش دەچێت. لێرەدا زمان دەبێتە بەستێنی خۆناسین و بیرکردنەوە و دامەزراندن. واتە دەسەڵاتی زمان قووڵتر دەبێت و ڕێ لەوە دەگرێت داگیرکەر زمانی کوردی بە پەراوێز بخات. داگیرکەر کاتێک نەتوانێت بە دامودەزگای ئایدیۆلۆجی کوردستان بگرێتە خۆی، هێزی سەخت بەکاردێنێت کە لە گوشارەوە تا ڕەشەکوژی دەگرێتەوە. بەرەنگاربوونەوەی کوردستان لە دژی داگیرکەر بە هەر دوو هێزی نەرم و سەخت دەکرێت و ئەمانە تەواوکەری یەکترین.

بەرژەوەندیی خێڵەکی و خۆبەکەمزانین بۆ دەسەڵاتداری دوو ڕووی یەک دراون. ئەقڵییەتی خێڵەکی کورتمەودایە و هەمیشە خۆی بە چاولەدەمی ناوەندی دەسەڵات زانیوە، چونکە خۆی بۆ دەسەڵاتداری بە ڕەوا نەبینیوە. بەرژەوەندیی وڵاتی پێگە خاڵێکە کە لە کردەوەی بزاڤە ئیسلامی و چەپەکاندا بە ڕوونی دیارە. بۆ نموونە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە هێڵی سوور دەزانێت و ئیخوانولموسلمینیش هەمیشە لە بەرژەوەندیی داگیرکەردا بووە. مێژوو و دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لێک دانەبڕاون. گێڕانەوەی کوردستانی لە مێژوودا هەوێنی خۆیبوون و هەوڵدانە بۆ دەسەڵاتداری. ئیسلامی سیاسی بە گوتار و ڕاوێژی خۆی ڕەوایی بە داگیرکەران دەدات، بەڵام گێڕانەوەی کوردستانی بە میتۆدی زانستی و بە وەرگرتنی ئایین وەک توخمێکی ژیان، ڕەوایی بە دەسەڵاتداری و بەرژەوەندیی کوردستان دەبەخشێت.

 

خێڵ و کۆمۆنیزم تەنها ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بۆ گرنگە تا بە زیندویی بمێننەوە. ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆجیی کوردی ڕوانگەیەکی ڕوونیان لەسەر ئابووری نییە، هەربۆیە حکوومەتە ئیسلامییەکان بوونەتە پاشکۆی زلهێزان و لایەنە کوردییەکانیش تووشی دەسکورتیی ئابووری بوون. ئایدیۆلۆجیی کوردستان، وڵات لە جوگرافیای کوردستاندا بە پێکهاتەیەکی سەربەخۆی سیاسی و ئابووری دادەنێت کە پوتانسیێلی ناوخۆ و پەیوەندیی دەرەکی لە پێناو سەربەخۆییدا یەکدەخات. لێرەوە کار بۆ سازکردنی بنەماکانی وڵات دەکرێت.

نەریت و ئایین و تاکپەرەستی و پاڵەوانی و کارەسات لە یەک بازنەدا کۆ دەبنەوە. خێڵ و ئایین دوو پێکهاتەی پێشمۆدێڕنن کە شێوەکەیان بۆ ناو ئایدیۆلۆجییەکانی سەردەم گواستراوەتەوە. ئایدیۆلۆجیی چەپ و کوردایەتی ڕاستەوخۆ نەریتیان لە خێڵ و ئایینەوە وەرگرت، بەڵام بە شێوەیەکی دەمارگرژانەتر و سۆزدارانەتر. ئەم هەڵوێستە لە هەڵسوکەوتیاندا دیارە. بەڵام لە ئایدیۆلۆجیی کوردستاندا مرۆڤ و زمان بنەمای بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین. واتە لە پێناو ئازادیدا بەها و نەریتەکان دەگۆڕدرێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بیستنی دەنگە نەبیسراوەکان و گۆڕانی ئەقڵییەت کە لە زماندا ڕەنگ دەداتەوە.

سەرۆک خێڵ و دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵاتی ڕەهای ئەمیر و تاکپەرەستی یەک دیاردەن. بەهۆی ژیانی خێڵەکییەوە کەسێک دەبوو بە سەرگەورە، بەڵام لە ئیسلام و کۆمۆنیزمدا ئەم دەسەڵاتە بە ئایدیۆلۆجی پاساو دەدرێت. لە ئایدیۆلۆجیی کوردیدا وێنای سەرۆک لە خێڵ و ئایین و تەریقەتەوە وەرگیراوە. لێرەدا کەسێک دەبێتە ڕێبەر بەڵام بە کاراکتێری سەرۆکخێڵەوە، چونکە زۆرینەی بڕیارەکان لای ئەوە نەک بەپێی بنەماکانی حزب. بەڵام لە ئایدیۆلۆجیی کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بنەمایە. دەسەڵات و بەرژەوەندییەک کە ڕێسای کوردستان سنوورەکانی بە ڕوونی دیاری دەکات. واتە لە پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرە ڕاستەقینەکان ڕێسا دادەڕێژن و هەمووان پەیڕەوی دەکەن. ئەو کەسانەی لە قۆناغێکدا ئاڵاهەڵگری خەبات بوون، دەبنە هێما و مێژوو دەڕازێننەوە و وەک بەشێک لە نەریتی هزری بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێننەوە.

بەراوەردکردنی خاڵە ڕاگرەکانی ئایدیۆلۆجییەکان

خێڵ

کۆمۆن

ئیسلام

کورد

کوردستان

پەیوەندیی سەرەتایی

سڕینەوەی تاک

دەقی پیرۆز

زاتگەرایی

مرۆڤ

شەڕی مان و نەمان

نکۆڵی لەوانی تر- هێزی سەخت

دژایەتیی ئایدیۆلۆجییەکانی تر- هێزی سەخت و چەکداری

مان و نەمان- نەریتپەرەستی

زمان- پێشمەرگە

بەرژەوەندیی خێڵەکی

بەرژەوەندیی وڵاتی پێگە

بەرژەوەندیی وڵاتی پێگە

خۆبەکەم زانین بۆ دەسەڵاتداری

مێژوو – دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی

ئاژەڵداری، لەوەڕگە، زاوزێ

هێزی کار و بەرهەم هێنان

پاشکۆی زلهێزان

سەرچاوەی کاتی و کەموکورت

وڵات: پێکهاتەیەکی ئابووری- سیاسی

نەریت و ئایین

نەریت

نەریت- تاکپەرەستی

پاڵەوانی/ کارەسات- سۆزداری- وێنای لێڵی وڵات

مرۆڤ- زمان

سەرۆک خێڵ

دەسەڵاتی ناوەندی – سەرۆک

دەسەڵاتی ڕەهای ئەمیر

تاکپەرەستی

دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO