سلێمان مستەفا حەسەن
ئەزموونی مێژوویی گەلەکەمان ڕوونی دەکاتەوە کە هیچ دەوڵەتێک تا ئێستا هاوپەیمانی بەردەوام و متمانە پێکراوی کوردستانیان نەبووە. لە سەردەمی مەلیکی کوردستان، شێخ مەحموود تا کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی ١٩٩١ تا ئەزموونی ١٣ ساڵەی ڕۆژاڤای کوردستان، کورد هەمیشە پێویستی بە یەکگرتوویی، هۆشیاری و ستراتیجی درێژخایەن هەبووە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی، ئەگەرچی نوێ نەبوون، بەڵام شێوازی ئەنجامەکان و قۆناغەکەیان چاوەڕواننەکراو بوو.
ڕێکەوتنی سەرەتایی نێوان کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، لە ڕووی فۆرمی دیپلۆماسییەوە دەکرێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هێشتا زۆر نادیارە. متمانەدان بە هێزێک کە تازە لە لیستی تیرۆر دەرچووە، کۆکردنەوەی هەرسێک دەسەڵات لە دەست سەرۆک کۆماری کاتیی، هاوکات، دووبارە کردنەوەی دروشمی یەکپارچەیی خاک لەگەڵ بیری توندڕەوی مەزهەبی، مەترسییەکان زیاتر دەکات. ئەم مەترسییانە دەکرێت مافی کورد لە ژێر ناونیشانی سەروەرییدا بخاتە ژێر فشاری سیاسی و پلانی دەوڵەتی تورکیا و هەژموونی هێزە هەرێمییەکان.
بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە دەبێت بە ئاگایی و وردبینی بێت. ئەگەر ئەم قۆناغە ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی مافی ڕەوای گەلی کورد لە دەستووری کاتیی و هەمیشەیی سووریا، دەکرێت وەک دەرفەتێک و دەستکەوتێکی ستراتیجی سەیر بکرێت، نەک هەنگاوێکی مەترسیدار بۆ بەردەست خستنی کات و پووچەڵکردنەوەی ئەزموونی ١٣ ساڵەی ڕۆژاڤا.
لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا، کورد لە ڕۆژاڤا ئەزموونێکی سەرکەوتوو و بێ وێنەیان پیشان دا: خۆبەڕێوەبردنی ناوخۆیی، ژیانی پێکەوەی گەلان، پاراستنی مافی ژن و کەمینەکان، ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕی دژی داعش. لە هەموو ئەمانە، ئەم ئەزموونە سەلماندی کورد توانای حوکمڕانی و بەرپرسیاریەتی سیاسی هەیە و پاراستنیان لە بەرژەوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە.
هەڵوێستە نائومێدکەرەکانی هەندێک لایەنی نێودەوڵەتیش، بە تایبەتی ئەمریکا، شۆکێکی سیاسی بوو، بەڵام بەرەنگاری شەقام، خۆڕاگری شەڕڤانان و هاتنە دەنگی دۆستانی کورد بوونە هۆکاری گۆڕانی تەرازووی هێز. پێشکەشکردنی “پڕۆژە-یاسای پاراستنی کورد” لە کۆنگرێسی ئەمریکا دووبارە گرنگی و ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژی تیرۆریزم پشتڕاست کردەوە، ڕێگریش دەکات پەلاماری کورد بدرێت.
پەیامی شەقامی کوردیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەڵ دەنگی ڕەوەندی کوردی لە جیهان، بە دروشمی “یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە”، “٢ + ٢ = ١”، “کینە ئەم، کوردین ئەم”، تەواوی سنوورە دەستکردەکانی وەلا نا، پەیامەکە پەیامێکی ڕوون و ڕەوان بوو، پەیامی نەتەوەیەکی خاون ماف و ژیان و کەرامەت و خۆراگڕ بوو.
پوختەی قسە ئەوەیە: پشتبەستن بە هێزی دەرکی بە تەنیا ستراتیجییەکی سەرکەوتوو نییە. هێزی ڕاستەقینەی کورد لە یەکگرتوویی سیاسی، دروستکردنی مەرجەعیەتێکی نیشتمانیی، بنیاتنانی خانەی یاسایی، پاراستنی هێزی بەرگری و دیپلۆماسی گشتگیرییە. ئەگەر ئەمانە ببنە بنەما، هیچ گۆڕانکارییەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت ماف و ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان بسڕێتەوە، بیریشمان نەچێت ئایندەی سووریا بەم ئەقڵیەتی حکومەتی ڕاگوزەر و ناکۆکی و بەریەکەوتنی پاشماوەکانی گرووپە توندڕەوەکان و بەهەند وەرنەگرتن و نەخوێندنەوەی تەواوی پێکهاتەکانی سووریا، ئایندەی سووریا بەرەو ئایندەیەکی ناڕوون و نائارام دەبات، کە هەمیشە لە لێواری تەقینەودا دەبێت.



