بەبێ تێگەيشتن و گەڕانەوە بۆ سەرەتای ڕووداوەکانی سووريا و ڕۆژاڤا لە ٢٠١١ـەوە، ئەستەمە بتوانرێت تێگەيشتنێکی دروست و ورد لەسەر ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دروست ببێت. بەشێک لەوانەی ئەمڕۆ قسە لەسەر ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان دەکەن، ئەوانەی ستايشی دەکەن یان ڕەخنەی لێ دەگرن، ستايش و ڕەخنەکانيان لەسەر بنەمای ئەم چەند هەفتەیەیی دوایی بووە. دەکرێت بڵێم زیاد لە ١٠ ساڵە چاودێرييەکی بەردەوامی دۆخی سووريا و ڕۆژاڤام کردووە بەبێ دابڕان، چ لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبی چ لە پاش ئەو.ئاگاداری زۆر وردەکاری و ڕووداو و گۆڕانکاریم لەسەر ئەو پرسە.بۆیە پێموایە زۆرێک لەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ دەخرێتە ڕوو، ورد نين، چونکە زۆربەی زادەی ئەم چەند هەفتەیەیە.بۆچوون و تێگەيشتنێکی دروست دەبێت لە ئەنجامی تێگەيشتن بێت لە ئەزموونی ڕۆژاڤا لە ٢٠١٢ـەوە تا ئێستا. لێرەدا تەنيا ئاماژە بە چەند خاڵ و لایەنێک دەدەم لەوبارەیەوە.
یەکێک لە هەڵەکان بريتييە لەوەی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕۆژاڤا لە پێش و پاش ٢٠١٨-٢٠١٩ حوکم لەسەر ئەو ئەزموونە بدرێت. خۆسەری و هێزەکانی سووریای ديموکرات (هەسەدە)ی ئەمڕۆ، زۆر جياوازە لە خۆسەری پێش ٢٠١٨. زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن ئاگاداری ئەم ئەزموونە نين لە پێش ٢٠١٨. هاوکات زۆربەی ئەوانەی ستايشی دەکەن ئاگاداری هەڵەکانی ئەو ئەزموونە نين پێش ٢٠١٨.
سەبارەت بەوانەی ڕەخنە لە کوردانی ڕۆژاڤا دەگرن بەوەی کە هيچ داوا ناکەن، یاخود پڕۆژەیان نييە، یان پڕۆژەیەکی تەنيا سوورييە، نەک کوردی. ئەمە زیاتر ڕاستە بۆ پاش ٢٠١٨-٢٠١٩، بە تايبەت پاش کەوتنی ئەسەد تا ئێستا، نەک بۆ ماوەی پێشتر. بەشێکی زۆر لە خەڵک بێئاگان لەوەی لە ١٧ی ٣ی ٢٠١٦ لە شاری “رميلان” لە حەسەکە، ئيدارەی خۆسەری بە فەرمی و ئاشکرا فيدراليزمی ڕاگەياند، بە عەمەليش جێبەجێ کرا. ئيدارە و پۆليس و سەرباز و سيستەمی پەروەردە و ئابووری خۆی هەبوو. تەنانەت نوێنەر و نوێنەرایەتی لە چەندين وڵات کردەوە و دانا، بۆ نموونە، ئەڵمانيا، فەڕەنسا، سويسرا، ئەمريکا، ڕووسيا، بەلجيکا، سويد و هەرێمی کوردستان. ناوچە سەرەکييەکانی ئەو خۆسەرييە فيدراڵيە حەسەکە و کۆبانێ و عەفرين بوو. ئەم ناوچانە پێشتر لە ٢٠١٢ـەوە هەنگاو بە هەنگاو لە لایەن کوردەوە ڕزگار کرا و خۆسەرييەکی ديفاکتۆی تيا دامەزرا. هەتا ٢٠١٥، بە گشتی ميديا و ئەندامانی ئيدارەی خۆسەری وشەی “ڕۆژاڤا”یان بەکاردەهێنا بۆ ئەو ناوچانە. لە کۆبوونەوەکەی ٢٠١٦ لە حەسەکە، ويستيان بەفەرمی ناوی بنێن فيدراليزمی ڕۆژاڤا، باکووری سووريا. بەڵام عەرەب و نەتەوەکانی تر کە ژمارەیان زۆرە لەو ناوچانە، مەرجەکەیان ئەوە بوو وشەی ڕۆژاڤا لاببرێت. بۆیە کرا بە فيدراليزمی باکووری سووريا و بە فەرمی ڕاگەێنرا. هەر چەند لەسەر ئاستی ميديا و خەڵک هەر ڕۆژاڤا بەکاردەهات.
ئيدارەی خۆسەری داوای لە دەوڵەتان و لایەنە ناوخۆییەکان و ديمەشق کرد دانی پێ بنێن، بەڵام ديمەشقی ئەسەد ڕاستەوخۆ ڕەتی کردەوە. بە پاساوی جوداخوازی. ئەوەی سەير بوو لایەنە ئۆپۆزسيۆنەکانی سوورياش هەمان هەڵوێستی ئەسەد-یان هەبوو و ڕەتيان کردەوە. هەموو پاساوەکەش ئەوە بوو کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، لە کاتێکدا ئيدارەی خۆسەر بە فەرمی ڕايگەياند بەشێکن لە سووريا و نابنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەوەی کە زۆر گرنگ بوو، ئەمريکا لەسەردەمی ئۆباما، ئامادە نەبوو دان بەو فيدراليیە بنێت و وەزارەتی دەرەوە گوتی هەموو ڕاگەياندنێکی تاک لایەنە بۆ هەر جۆرە ئۆتۆنۆميیەک لە سووريا ڕەت دەکەينەوە. ديارە تورکيا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەو پرسە.
هەر لەگەڵ ڕاگەياندنی فيدراليزم لە لایەن ئيدارەی خۆسەری، تورکيا بڕياریدا دەستتێوەردان بکات بۆ ڕێگرتن لە قەوارەیەکی نوێی کوردستانی، بەڵام دەرەفەت نەبوو خێرا دەستتێوەردانێکی سەربازی بکات. چاوەڕێی دەرەفەتێک بوو کە ئەمريکا گڵۆپی سەوز هەڵ بکات.هاتنی ترەمپ لە ٢٠١٧ ئەو دەرەفەتە بوو کە ئەردۆگان چاوەڕێی بوو.
ئەوە بوو لە ٢٠١٨، تورکيا توانی لە ڕێگەی ميليشياکانييەوە عەفرين داگير بکات، لە ٢٠١٩ توانی ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی داگير بکات، دیسان بە گڵۆپی سەوزی ئەمريکا. هەر لەو سەردەمە، ئيدارەی خۆسەر و هەسەدە بە هاوکاری ئەمريکا ناوچەیەکی فراوانی لە ڕەقە و دێرەزوور کۆنتڕۆڵ کرد و داعشی تيا دەرپەڕاند. ئەم ڕووداوانە بوونە هۆکاری گۆڕانکارييەکی جەوهەری: پێشتر ڕووبەری ئيدارەی خۆسەر بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە کوردييەکان پێک دەهات، بەڵام پاش ئەو ڕووداوانە، ڕووبەری ئيدارەی خۆسەر زیاتر لە ناوچە عەرەبييەکان پێک دەهات و دانيشتووانەکەی بوونە زۆرينە عەرەب. بۆ نموونە ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەی ئيدارەی خۆسەر شارێکی وەک عەفرين کە زیاد لە ٩٠٪ی کوردە لەدەست بدات، لەبەرانبەردا شارێکی وەک ڕەقە یان دێرەزووری دەستکەوت کە ٩٠٪ی زیاتری عەرەبە. ناڕاستەوخۆ ئەمريکا ويستی بەم مامەڵەیە تورکيا ڕازی بکات بە گرتنی ناوچەیەکی گەورەی لە ڕۆژاڤا، هاوکات ناوچەیەکی گەورەتر بداتە هەسەدە و ئيدارەی خۆسەر بۆ ئەوەی هەر وەک هاوپەيمانی بمێننەوە، بەڵام ناوچەیەک کە عەرەبييە و زیانی دەبێت بۆ دەسەڵاتی ڕۆژاڤا، وەک دواجار دەرکەوت.
لە دۆخێکی وادا، ئيدارەی خۆسەر بۆ ئەوەی بيەوێت دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت لە ناوچەیەکی زۆرينە عەرەب، بێگومان ئيتر قوورسە باس لە کورد و ڕۆژاڤا بکات، یاخود داواکردنی فيدرالی لەسەر بنەمای نەتەوەیی. لەمەوە ئيتر وا دەرکەوت کوردانی ڕۆژاڤا سەريان لێ شێواوە و نازانن چيان دەوێت. ئەگەر باس لە هەمان فيدرالییەکەی ٢٠١٦ بکەن کە لەسەر بنەمای ناوچە کوردييەکان دامەزرا، گونجاو نابێت بۆ ڕەقە و دێرەزوور و ناوچە عەرەبييەکانی تر کە بە توندی هەموو هەژموونێکی کورديان ڕەتدەکردەوە و چاوەڕوانی دەرەفەتێک بوون بۆ هەڵگەڕانەوە. فيدراليەکەی ٢٠١٦ بنەماکەی کورد و ڕۆژاڤا بوو، لە دوای ئەو ڕووداوانە واقیعەکە گۆڕا، ناکرێت فيدراليیەکی کوردی بۆ ناوچەیەک داوا بکرێت کە زۆرينە عەرەبە.
کەواتە بەديل چييە؟ ئیدی داواکردن و بانگەشە بۆ خۆسەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووريا و برایەتی گەلان و سوورياییبوون بکرێتە پێوەری سەرەکی، نەک ڕۆژاڤا و کوردبوون، کە دەرکەوت ئەوەش شکستی هێنا و سوودی نەبوو. جگە لەوەی هەسەدە لە ٢٠١٥ دامەزرا، پێشتر هێزی سەربازی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی سەرەکی کورد بوون و ناوچە کوردييەکانيان بەڕێوە دەبرد. دواتر لەبەر شەڕی داعش کە ئەمريکا دەيويست لەگەڵ کورد ئەو شەڕە بکات، داوای کرد هەسەدە دابمەزرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە چەکدار بێنە ڕيزەکانی و لە دەرەوەی ناوچە کوردييەکانيش شەڕ بکەن. واتە “برایەتی گەلان” تەنانەت لە لایەن ئەمريکاوەش بەکارهات و پەرەی پێدرا لە ڕۆژاڤا.
بە کورتی لێرە مەبەست ئەوەیە، کوردانی ڕۆژاڤا نەک هەر داوای فيدراليان کردووە، بەڵکوو بە فەرمی ڕايانگەياند و لە واقیعدا جێبەجێ دەکرا، بەڵام هەر قبوڵ نەکرا، چونکە دۆخی سووريا زۆر جياوازە لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ کە ئەمريکا لە بەرژەوەندی بوو هەرێمێک بۆ کورد دروست بکات، لە سووريا ئەو بەرژەوەندييەی بەو شێوەیە نەبوو، ڕوون و ئاشکرایە بەبێ ئەمريکا کورد ناتوانێت ببێتە خاوەن قەوارەیەکی فەرمی.
هەڵەکانی ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان چی بوون؟
ئەوانەی ستايشی ئەو ئەزموونە دەکەن و هەموو بەرپرسيارێتييەکە دەخەنە ئەستۆی ئەمريکا لەم ڕووداوانەی کە ڕوويدا، ئەو هەڵانە پشتگوێ دەخەن کە کورد خۆی نەدەبوو بيکات و نەدەبوو گوێڕایەڵی ئەمريکا بێت لەو بابەتانە. بۆ نموونە، ڕوون و ئاشکرایە ئەمريکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی دەيويست تەرکيز بکاتە سەر شەڕی داعش، لە دۆخێکی وادا دەيويست تورکيا ڕازی بکات لە ڕێگەی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ داگيرکردنی ناوچە کوردييەکان. هەروەها، پێويستی بە هەسەدە بوو بۆ شەڕی داعش، بۆ ئەوەی ڕازی بکات ناوچەی عەرەبی پێدەدا. سەرکردەکانی ئيدارەی خۆسەر دووربين نەبوون، دەبوو ئەو مامەڵەیە ڕەت بکەنەوە. دەبوو بە ئەمريکايان بگوتایە ئەگەر تورکيا عەفرين و سەرێ کانی بگرێت، ئەوا ئێمە شەڕی داعش ناکەين و تەنيا بەرگری لە ناوچەکانی خۆمان دەکەين. یاخود هەر بە واقعی دەستبەرداری شەڕی داعش بان و هەموو هێزی خۆیان تەرخان بکردایە بۆ بەرگری لە عەفرين و سەرێ کانێ. نەک ڕێ بدەن ئەو مامەڵەیەیی ئەمريکا بە چەند مانگێک جێبەجێ بکرێت و لەولاوە بڕۆن ڕەقە و دێرەزووری بۆ ئازاد بکرێت. پاشان ئەمريکا لە ٢٠١٦ کە ئامادە نييە دان بە فيدراليەتی ڕۆژاڤا بنێت، بۆچی پاش ئەوە بەو ئاسانييە شەڕی بۆ بکرێت لە ديرەزوور و ڕەقە و حەلەب!
یەکێک لە هەڵەکانی دیکە ئەوەیە کە گوایە ئيدارەی خۆسەری نزيکتر بووە لە بەرەی ئێران و ئەسەد و ڕووسيا، نەک ئەمريکا، بۆیە ئەمريکا دەستبەرداری بوو. ڕاستی ئەوەیە سەرکردایەتی ڕۆژاڤا زۆربەی کات کوێرانە فەرمان و ويستەکانی ئەمريکايان جێبەجێ دەکرد. لێدوان و بۆچوونی سياسی و سەرکردە سەربازييەکانی ئەمريکا لەبارەی هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاڤا لە ١٠-١٢ ساڵی ڕابردوو و وەسفکردنيان وەک هاوپەيمانێکی متمانەپێکراو، نيشانەی ئەو دڵسۆزييە کوێرانەیەیی ئيدارەی خۆسەرە بۆ ئەمريکا. لەم ڕەهەندەوە، کورتبينی و تێنەگەيشتنی ئيدارەی خۆسەر لە ئەمريکا و سياسەت بە گشتی بەرپرسی سەرەکييە، نەک خودی ئەمريکا کە سياسەتی خۆی دەکات و تەنيا بەرژەوەندی خۆی دەبينێت. دەبوو کورديش بەرژەوەندی خۆی بکاتە بنەمای سەرەکی. ئەوەی کە دەبێت بيزانين، سەرچاوەی هەڵەکانی ئەزموونی ڕۆژاڤا بۆ ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩ دەگەڕێتەوە نەک بۆ ئێستا و سەردەمی دوای ڕووخانی ئەسەد. هەڵەکانيش ئەوە نەبووە کە بە گوێی ئەمريکای نەکردووە یان لە بەرەی ئەمريکا نەبووە، بەڵکوو کوێرانە لە بەرەی ئەمريکا بووە و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرد. لە ڕاستيدا ئيدارەی خۆسەر لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسيۆن (زۆربەی تيرۆريست بوون) و ڕژێمی ئەسەد، چووە بەرەی ئەمريکا، بە تايبەت لە ٢٠١٤ەوە. ئەمە بڕيارێکی زۆر دروست بوو، ئێستاش هەر ناچارە وا بکات، بەو مەرجەی کۆمەڵێک بنەما و هێڵی سووری سياسی هەبێت، کاتێک داواکارييەکی ئەمريکا بە تەواوی لە زیانی کوردە، نابێت بە گوێی بکرێت، بە تايبەت ئەو کات کە ئەمريکا بەديلێکی وەک کوردی نەبوو و بە ئاسانی نەيدەتوانی دەستبەرداری بێت.
ئەوەی بە وردی ئاگاداری ڕووداوەکانی سووريا بێت لە ٢٠١١ەوە، بۆی دەردەکەوێت ئيدارەی خۆسەریی ڕۆژاڤا لە ٢٠١٨ەوە ئيتر بەرەو ونبوون و سەرلێشيواوی دەڕوات؛ لە ڕۆژاڤاوە دەبێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووريا بە فيعلی، ناوچەی کوردی و کوردستانی لە دەست دەدات و ناوچەی عەرەبی و سووری بەدەست دەهێنێت، داواکاری و پڕۆژەیەکی ڕوونی نامێنێت، فيدراليە ديفاکتۆکەی ٢٠١٦ و پێشتر، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نەمان دەڕوات. فاکتەری سەرەکی بۆ ئەمە تێنەگەيشتنی سەرکردایەتی ڕۆژاڤا بوو. هاوکات بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا ئەوەی دەخواست، لەمەدا تورکيا ڕۆڵی سەرەکی تيادا دەبينی و دەبينێت. ئەگەر فاکتەری تورکيا بخەينە دەرەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەمريکا هەر لە ٢٠١٦ دانی بە فيدراليەکەی ڕۆژاڤا دەنا. ڕەخنەی سەرەکی دەبێت ئەوە بێت بۆچی ئيدارەی خۆسەر لەسەر ويستی ئەمريکا بە ئاسانی دەستبەرداری عەفرين و سەرێ کانێ بوو بەرانبەر بە ڕەقە و دێرەزوور، نەک بۆچی داوای فيدراليزم بۆ کورد ناکەن لە ناوچەیەک کە زۆرينە عەرەبە لە ڕووی دانيشتوان و ڕووبەرەوە. مانای نييە بە جۆلانی و ئەمريکا بگوترێت ڕەقە و دێرەزوورم بدەنێ وەک هەرێمێکی کوردی، لە کاتێکدا زۆرينەی ڕەقە و دێرەزوور نەک هەر سووری و عەرەبن، بەڵکوو بە دوای دەرەفەتێک دەگەڕێن کورد کۆمەڵکوژ بکەن. هەڵەی تێگەيشتنی ئيدارەی خۆسەر لەوەی لە بری عەفرين و سەرێ کانێ، ڕەقە و دێرەزوور قبوڵ بکەن، لەم ڕووداوانەی دوایی بە ڕوونی دەرکەوت. بۆ نموونە کاتێک هەسەدە ٢٥٪ی خاکی سووریای بەدەست بوو و لە لوتکەی هێزی خۆیدا بوو، نەيتوانی یەک ڕۆژ بەرگری بکات لەو ناوچە فراوانە، بەڵام لەو کۆبانێيە بچووکە دوو هەفتە بەرگری کرد و نەکەوت. هۆکارەکە سادەیە، لە ناوچەی کوردی حوکمکردن و بەرگريکردن ئاسانە بۆ هێزێکی کوردی، لە ناوچەی عەرەبی ئەستەمە. ئەو قوربانی و وزەیەیی ئيدارەی خۆسەر لە ڕەقە و دێرەزوور بەخشی، لە عەفرين و سەرێ کانی بيکردایە دەکرا وەک حەسەکە و کۆبانێ لە ژێر دەسەڵاتی کورد بمێننەوە
ئێستا چی بکرێت؟
لە ئێستادا ئەگەر سەرکردایەتی ڕۆژاڤا وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو ببينن، هاوکات ئەگەر هاوکێشەی نێودەوڵەتی و ئيقليمی و سياسەتی ئەمريکا بگۆڕێت (ئەگەر هەیە لە دوای یەک لابوونەوەی کەيسی ئێران ئەم گۆڕانکارييە تا ڕادەیەک ڕووبدات) ئەوا دۆخەکە تا ڕادەیەکی کەم نزيکترە لە دۆخی نێوان ٢٠١٢-٢٠١٦ بە بەراورد بە دۆخی دوای ٢٠١٨-٢٠١٩، لەو ڕووەوەی کە دەسەڵاتی خۆسەری تەنيا لە حەسەکە و کۆبانێ ماوە، واتە نزيکترە لە ڕۆژاڤا وەک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووريا. لە ئێستادا داواکاری لەسەر بنەمای کوردبوون، لۆجيکتر و ئاسانترە. وردە وردە لە گوتاری ئيدارەی خۆسەر و ديمەشق و جيهان درک بەوە دەکرێت کە مەسەلەکە بووەتە کوردی، ئەمە دەبێت زیاتر کاری لەسەر بکرێت. ئەم قۆناغە پێويستی بە فکر و سياسەت و مامەڵەی جياوازە، بە پڕۆژەی پەکەکە ناکرێت و دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەوەی بەدەست هاتووە پەکەکە ڕۆڵی تیا هەبووە، بەڵام هەر خۆی دەکرێت هەمووی لەناو ببات، ئەگەر نەکشێتەوە و هەڵنەوەشێتەوە لە ڕۆژاڤا.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕەخنە و هەڵە و فاکتانەی ئاماژەی پێ کرا، ڕۆژاڤای کوردستان لە ئێستادا گەيشتووە بە کۆمەڵێک دەستکەوت، بە بەراورد بە پێش ٢٠١١، زۆر گەورە و گرنگن، هەر چەند لە ئاستی چاوەڕوانی و قوربانيدانەکە نين. ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە زیاد لە ١٠٠ ساڵ جارێ نەگەيشتوون بەو دەستکەوتانە، وەک جۆرێک لە داننان بە کورد و خوێندن بە زمانی کوردی، جۆرێک لە ئيدارە و هێزی چەکداری کوردی لە ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان. تەنانەت باشوور ٥٠ ساڵ و زیاتری ويستووە بگاتە ئەو دەستکەوتانە. بێگومان هاوشێوەی باشوور، فاکتەری سەرەکی هەر ئەمريکا و هاوکێشەی نێودەوڵەتی بووە لەو دەستکەوتانە. ئەوەی گرنگە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکرێت و هەوڵبدرێت هەنگاو بە هەنگاو عەفرين و سەرێ کانێ بهێنرێنە ناو چوارچێوەی حەسەکە. هاوکات، هەموو هەوڵێک بدرێت لەم قۆناغە کە ڕۆژاڤا پشتيوانی نييە، خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت و درێژە بە ئاگربەستەکە بدات. هەروەها، هەموو کات ئامادەکاری هەبێت بۆ بەرگری لە کاتی هێرش و شکاندنی ئاگربەستەکە.
دواجار کورد دەبێت بگاتە ئەو باوەڕەی، کاتێک ئامانج و پڕۆژە و دروشمی سەرەکی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەبێت، بە دڵنياییەوە بەو هەموو قوربانیدان و ماندووبوونە هەر دەگات بەو جۆرە دەستکەوتانە، ئيتر بە پێی بارودۆخ زیاد و کەم دەکەن و هەموو کاتيش لەبەردەم مەترسی دەبن.



