ئیبراهیم شێخ وەسانی
لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆجیەکانەوە، لەناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکان، ئەو کاتەی زمانی قسەکردن دانەهێنرابوو، قژی نەبەستراوی ژن ئاماژەی هەبوونی ئاژاوە و شکستی کۆمەڵگەکەی بووە. لە غیابی زمان، کەزی و جەستەی مرۆڤ وەک لاپەڕەی کتێب وابوو، دەخوێندرایەوە. قژی پەیکەری شوێنەواری «ڤینۆس»ی مۆزەخانەی «مێژووی سروشت»ی شاری “ڤیەنا”ی پایتەختی “نەمسا” کەزییە. بەپێی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان، ئەو پەیکەرە تەمەنی ٣٠ هەزار ساڵە، بەڵام پرچ کردنە کەزی زۆر لە مێژووی ئەو شوێنەوارە کۆنترە.
لەلای ئەو دەستەڵادارانەی بانگەشەی خوایەتیان دەکرد کەزی هێمای پیرۆزیی بووە. فیرعەونەکانی میسری کۆن «پیاو، ژن» یان «قژ، ڕیش»یان دەکردە کەزی، پاشاکانی ئاشوورییەکانیش کەزی وردیان لە سمێڵ و ڕیشیان دروست دەکرد. لە کۆنتێکستی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کۆن قژ پیرۆز بووە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی قژی مرۆڤێک، سیمبوڵی کۆنترۆلکردنی شکۆ و ئیرادەی کەسەکە بووە. لەبەرئەوە، بەدرێژایی مێژووی ئیمپڕاتۆرییەکان، سووکایەتیکردن بە جەستەی مردوو، وەک چاو دەرهێنان، کەزی بڕین، هەروەها تاشینی قژ و ڕیشی دیلەکان سزایەکی ئیمپراتۆری بووە.
سزای سووکایەتی بە دیل و کوژراوی جەنگی ئەو ئیمپراتۆرانەی بانگەشەی خوایەتیان دەکرد، شۆڕبوویتەوە ناو ئایینە ئیبراهیمیەکانیش، لە ئایینی جوو بڕینی کەزی مانای فەتحکردنە.لە سفری دوانەی تەورات، سەبارەت بەچۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژنی شەڕکەری بەدیلگیراو، دەڵێت «سەری بتاشن، پەنجەکانی ببڕن». لەبەرئەوەی عیسای کوڕی مەریەمی پاکیزە نەگەیشتە دەستەڵات و بەگەنجیەوە لەسەر زەوی ڕۆیشت و چووە ئاسمان، مەسیحییەت بەبێ قانوون مایەوە، جەبری بێ شەریعەتی تەوراتی کردە سەرچاوەی شەریعەتی ئیمپراتۆریەتەکانی سەر بە ئایینی عیسایی. ئیمپراتۆرە مەسیحییەکانیش بەهەمان عورفی ئایینی موسایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دیل و کوژراوی جەنگ دەکرد.
ئاینی محەمەدیی بەپێچەوانەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکانی دیکە، سووکایەتی بە جەستەی مردووی حەرامکردووە، بێڕێزکردن، تاشینی قژ و ڕیشی دیلی جەنگ لە شەریعەتی ئیسلامیدا نییە، بەڵام لە سەردەمی دەستەڵادارێتی ئیسلامیشدا سووکایەتی بە جەستەی مردوو کراوە. دەستی باوانی ئەو دیمەشقیانەی شام لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەوییەکانیش ڕەشە بە گێڕانی شار بە شاری سەری لەلاشە جیاکراوەی نەوەی پێغەمبەر، ئیمان حوسێن وەک نموونە. لە ئەرشیفی مێژوویی ئیسلامی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر سووکایەتیکردن بە سەری حوسێن لەپێش چاوی ژنە دیلکراوەکانی ئەهلی بەیت لە مەجلیسی یەزید هەیە.
ئەدەبی زارەکی «نەوەی ئەفریقییە کۆیلەکراوەکان (Gullah Geechee) باسی ئەوە دەکات. ئەوکاتەی لە سەدەکانی شازدە و حەڤدە ئەمریکییە سپی پێستەکان، ئەفریقییە ڕەشپێستەکانیان دەکردە کۆیلە، چونکە جەستەی کۆیلەکان بەردەوام چاودێری دەکرا، کەزییەکان ژێرخانی ئازادی و مانەوەی کۆیلەکان بوون، باشترین شوێنی سەلامەت بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان بوون، کۆیلەکان پێش ئەوەی ڕابکەن تۆی دانەوێڵەیان لەناو کەزیەکانیان دەشاردەوە، دواتر دەیان چاند. ئەمەش مانەوەی دوای هەڵاتنی مسۆگەر دەکرد، کۆیلە ئەفریقییەکان بە مەبەستی چەواشەکردنی ئەمریکییەکان ڕێگاکانی هەڵهاتنیان بە شێوەی کەزی کۆد دەکرد.
ئەوڕۆکە، لەسەردەمی سیستەمی «میتا پۆست-مۆدێرنەش»، نمایشکردنی قژی ژن وەک لاپەڕەی دەقێکی مانادار پڕە لە واتا، بەسەیرکردنێک دەخوێندرێتەوە. بۆ نموونە، قژی نەبەستراوی ژن لە بارودۆخێکی ئاساییدا پەیوەندی دەربڕینی لایەنی ئیرۆتیکی هەستە مێینەکانی ژنەوە هەیە، کەزیش نیشانەی کۆنترۆڵی سێکسی ژنە. ئێستاش لە کولتووری کوردی و زۆربەی نەتەوەکانی دەوروبەری، کەزی بۆ «کچ، ژن، بێوەژن» پەیوەندی بە «پاکیزەیی، پەیوەندی شەرعی، دەستبەرداربوونی ژیانی دونیایی»وە هەیە.
مەبەست لەو نووسینە، قسەکردنە لەسەر کەزی شەڕڤان، لەلای من، کەزی سیمبولی شەرەف، بەرخودان و قوربانیدانە. ئەوڕۆکە ئەوانەی کەزیان هەیە، شەڕێکی پیرۆزی ئەنتۆلۆجی دژ بە سڕینەوەی کورد و کۆیلەکردنی ژن دەکەن. بەڵێ، ئیدی لێرە بەدواوە کەزی خاکە، یەکسانە بە ئازادی.
میشیل فۆکۆ لە کتێبی “Discipline and Punish”دا، پێی وایە دەسەڵاتەکان لە کاتی سەرکەوتن جەستەی هێزی تێکشکاوی دوژمنەکەیان دەکەنە مەیدانی نووسین و پەیامی سیاسی خۆیان، دەڵێت « ئەمەوییەکان ویستیان لە ڕێگەی جەستەکەی، ڕەوایەتی حوسێن بشکێنن، بەڵام جەستەکەی بووە سیمبۆلی تێکشکاندنی دەسەڵاتەکەیان». ئەرێ، سەری حوسێن و کەزی بڕاوی شەڕڤان، لۆگۆی شکست و شەرمەزارین بە تەویلی سەرانی ئەمەوییە کۆن و نوێکان لە دیمەشق.



