مێژووی ئەم دواییەی کورد، به‌تایبه‌تی ڕۆژاڤای كوردستان، بە قوربانیدان و ئازایەتی و به ده‌یان بەڵێنی شکاو له‌لایه‌ن هێزە ده‌ره‌کییەکان نه‌خش كراوه. لەگەڵ هەر قەیرانێکدا، هەمان شانۆگه‌ری خۆی دووبارە ده‌كاتەوە: دانپێدانان و به‌ڵێنی ئەخلاقیی نێودەوڵەتی، پاشان پشتلێكردنی سیاسی.
کورد، گەلێکی بێ دەوڵەت، بێ هاوپەیمانیی ستراتیجیی درێژخایه‌نە، به‌ڵام بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانێک کە له‌جیاتی دادپەروەری، لەسەر هاوسەنگیی هێز کار دەکات.
ئەم نووسینه نە داوای توندوتیژی دەکات و نە داوای ڕادیکاڵکردنی سەربازی دەکات، به‌ڵكوو بەرگری لە بیرۆکەیەکی داواکارتر و سەختتر دەکات: ئەو هێزەی ئەمڕۆ کورد پێویستی پێیەتی، سیاسییە. ئەم هێزەش تەنیا لە یەکڕیزییەوە سەرهەڵده‌دات.
فەلسەفەی فریدریش نیتچە کە زۆر جار بە هەڵە کورت دەکرێتەوە بۆ بانگه‌شه بۆ دڕندەیی، ڕێگەمان پێدەدات بە شێوەیەکی جیاواز بیر لە هێز بکەینەوە. لای ئەو، هێز بە مانای لەناوبردنی ئه‌وی دیکە نییە، بەڵکوو جەختکردنەوە و خۆڕێکخستن و دروستکردنی فۆڕمێکی هاوبەشە.
واتە: ژیان “لە دەرەوەی چاکە و خراپە” خۆی له خۆیدا ئیرادەی دەسەڵاتە و ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ. كه‌واته لاوازی، لەم ڕوانگەیەوە، واتای نەبوونی ئازایەتی نییە، چونكه مێژووی کورد تا ڕادەیەکی زۆر ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه زۆریش ئازایه، بەڵکوو بابه‌ته‌كه لای من بێتواناییە لە قسەکردن و مامەڵەکردن بە یەک دەنگ. ئاشكرایه كه لە نەزمی نێودەوڵەتیدا بەزەییهاتنه‌وه و مرۆڤایه‌تی و مافی مرۆڤ جێگرەوەی ستراتیجی نین. بۆیه تەنیا شەرعییەتی ئەخلاقی بەس نییە بۆ پاراستنی گەلێکی پارچەپارچەکراو. كه‌واته کێشەی ڕاستەقینەی کورد نە کولتوورییە و نە ئەخلاقییە، به‌ڵكوو سیاسییە.
هه‌روه‌كوو ده‌بینین پەرەسەندنی گرووپه حزبییە كوردییه‌کان و ئایدۆلۆجیا دژ به‌یه‌كه‌كان و ئەولەویەتەکانی ناوچەیی ڕێگرییان كردووه لە سەرهەڵدانی پڕۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی، هەر ڕێکخراوێک بەرگری لە دیدگای خۆی دەکات، لە قه‌واره و جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی خۆی، بەرگری لە ئەجێندای خۆی دەکات، به‌ڵام لەسەر حیسابی لاوازبوونی كورد.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیچە به بیرمان دێنێته‌وه کە هێز لە یەکێتیی ناوەوە دەست پێ دەکات. واتە: ئاژاوە و كینه و په‌رته‌وازەیی ناوەوە نیشانەی لاوازییە و یه‌كبوون نیشانەی دەسەڵاتە. بۆ گەلێکی بێدەوڵەت، ئەم یەکگرتنە ئایدیاڵێکی ئەبستراکت نییە، به‌ڵكوو به جیددییه‌وه پێویستییەکی ژیانییە. ئه‌مه‌ش بێگومان قوربانیدانێکی ڕۆحیی زۆری دەوێت: نەک هی فرەچەشنیی کوردی، بەڵکوو هی ئایدۆلۆجیای حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپ و بنه‌ماڵه، کاتێک ڕێگری لە کردەوەی دەستەجەمعیی هاوده‌نگی دەکەن.
تەحەدداکە ئەوە نییە هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە، بەڵکوو بە یەک دەنگ دانوستان و بەرەنگاربوونەوە و بوونی من وه‌كوو كورد بێ. دەنگێک کە توانای نوێنەرایەتیی کورد لەسەر شانۆی هه‌رێمی و نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی لۆبییەکی یەکگرتووی کورد و گۆڕینی هاوسۆزیی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیرییه‌كی سیاسیی ڕاستەقینە بكات.
واتە هێز و گەورەیی پێویستی بەوەیە مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر خۆیدا (زه‌رده‌شت وای گوت). زاڵبوون بەسەر خۆتدا، لێرەدا، واتە تێپەڕاندنی ڕکابەرییە ناوخۆییەکان بەناوی ئامانجێکی باڵاترەوە، ئەویش تاقه گه‌ره‌نتیی مانەوەی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی کوردە. بەپێچەوانەی خوێندنەوەی ڕووکەشانه بۆ نیتچە، ئەو هێزەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، نە دڕندەیی و نە شەڕی هەمیشەییه، به‌ڵكوو داهێنەر و فره‌گرووپ و پێشکەوتوانەیه.
واتە: هه‌روه‌كوو نیتچه ده‌ڵێ: “شەڕی لاوازەکانتان فێر ناکەم، بەڵکوو شەڕی خوڵقێنەرانتان فێر ده‌كه‌م”. كه‌واته بۆ کورد پرسیارەکە لەوەدا نییە کە توند‌وتیژتر بێت، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر، بەڵکوو یەکگرتووتر و ڕێکخراوتر و دەنگدارتر بێت به‌رامبه‌ر به دوژمن.
لە جیهانێکدا کە دینامیکی دەسەڵات زاڵە، یەکێتیی نەتەوەیی دەبێتە تاکە جێگرەوە بۆ په‌راوێزكردنی سیاسیی كورد. نیتچە بە ڕوونییەکی بێوێنه باسی ئه‌وه‌ی كردووه و لای ئه‌و كه‌سێك نەتوانێت فەرمان بە خۆی بکات، هەمیشە به گوێڕایەڵی و ژێرده‌سته‌یی دەمێنێته‌وه.
له كۆتاییدا، ده‌توانین به‌بێ دوودڵی بڵێین كه یەکگرتوویی کورد ئیتر ده‌بێت له دروشم و ئاوات بچێته ده‌ره‌وه، چونكه تاقه مەرجێکە بۆ مانەوەمان.


