سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئاڵا، سایەیەک بۆ یەکڕیزی

عوسمان ساوجی

ئاڵا بەگشتی لە پارچە قوماشێک دروست دەکرێت کە بەگوێرەی خواست و ویستی ئەو لایەنەی دروستی دەکات قەبارە و شێوە و ڕەنگ و ئاماژەکانی سەری دیاری دەکرێن. هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە لە ئێستادا گرووپ و ڕێکخراو و کۆمەڵگە و کۆمپانیا و قەوارە سیاسی و ئایینییەکان و دەوڵەتانیش خاوەنی ئاڵای تایبەت بەخۆیانن. ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن لەڕێگەی ئەو ئاڵایەی دروستیان کردووە گوزارشت لە ناسنامەی خۆیان یان خاوەندارێتی خۆیان بۆ وڵاتێک، کۆمەڵگەیەک یان دامەزراوەیەک دەکەن، لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بپرسین، داخۆ ئاڵا چییە؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، دەبێت ئەوە بڵێین کە لێرەدا مەبەستمان ئاڵای نەتەوەییە، دەکرێت کەڵک لە پێناسەکردنێکی کورت بۆ ئاڵا وەربگرین، ئەوەش لەبەرئەوەی دواتر بزانین گرنگی و بایەخی ئەم پارچە قوماشە لە چی دایە و دەتوانێت چ کاریگەریەکی لەسەر کردار و ڕەفتار و بیرکردنەوەی ئەوانە دابنێت کە لایان پیرۆزە. لە پێناسەی ئاڵادا دەڵێین بریتییە لە سمبولی نەتەوەیی یان نیشتمانی کۆمەڵەگەیەکی مرۆیی کە لەو ڕێگەوە  تاکەکانی گوزارشت لە بوون و ناسنامەی خۆیان دەکەن و دڵبەندیان بۆی هەیە، ڕەنگ و ئاماژەکانی سەر ئاڵا گوزارشتە لە مێژوو، کولتوور، ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی نەتەوە و شانازی پێوە دەکرێت.

بەمەبەست لێرەدا زیاتر  دەستەواژەی ئاڵای نەتەوەیی لە جیاتی ئاڵای نیشتمانی  بەکاردەهێنین، چونکە لای هەمووان ئاشکرایە کە کورد سەرباری فراوانی جوگرافیای خاکەکەی و زۆری ژمارەی دانیشتوانی هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیی دایە و نەگەیشتووە بە مافی سەربەخۆیی. گومانی تێدا نییە ئەگەر نەتەوەیەک خاوەنی دەوڵەت بێت ئەوە ئاڵا سەرباری ئەو ڕەهەندە سیاسییانەی لە دواتردا باسیان دەکەین، دەبێت ئاماژە بۆ ڕەهەندی یاساییش بکرێت. ئەوەش پشتبەست بە سەروەری دەوڵەت کە دەتوانێت و پێویستە لە چوارچێوەی ئەوجوگرافیایەی دەسەڵاتی هەیە بەسەریەوە و فەرمانڕەوایی دەکات ئاڵای دەوڵەتەکەی دابنێت، ئەوە سەرباری دانانی لەسەر فڕۆکە و کەشتی و باڵوێزخانەکانی.

ئاڵای کوردستان تا ئێستا یەکێکە لەو سیمبولانەی کە زۆرینەی ڕەهای تاکی کورد کۆک و هاوڕان لەسەر بەپیرۆز ڕاگرتنی، چونکە ئەو ئاڵایە وەک یەکێک لە نیشانە و میراتیەکانی کۆماری کوردستانی پێشەوا قازی موحەمەد سەیردەکرێت و ئاماژەیەکی ڕوون و ڕەهاشە بۆ خواستی ئازادی گەورە ترین نەتەوەی بێبەش لە سەربەخۆیی.

سەبارەت بە ڕۆڵی سیاسی ئاڵا بۆ کورد دەبێت سەرەتا ئاماژە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی کورد بکرێت کە زۆرێک لە سیاسی و نووسەر و ڕووناکبیران بە “دەردە کورد” ناوی دەبەن. ئەم ناکۆکییە هێندە قووڵ و فرە ڕەهەندە کە داکشاوە بۆ ئاستی شارچێتی و خێڵگەرایی و تەنانەت خێزانەکان و تاکەکانیش. ئەمەش هانمان دەدات بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێین وەک پێشینانیش گوتویانە بۆ هەر دەردێک دەرمانێک هەیە. کەواتە دەبێت دەرمانێک، چارەیەک، چارەسەرێک هەبێت کە بتوانێت نەتەوەی کورد پاڵ بنێت بۆ ئەوەی قەڵەمبازێک بدات و ناکۆکییە لاوەکییە سیاسی و حیزبی و ناوچەییەکان لەپێناوی پرسە نەتەوەییەکاندا وەلابنێت.

دیارە پێشتر ناکۆکی حیزبی لەسەر دیاریکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بۆ کورد هەبوو. هەرچەندە ئەم ئاڵایە لە پەرلەمانی کوردستان ناسێنرا و نەدەبوو حیزبی کوردی بەدوای شوێنگرەوەیدا بگەڕێت، بەڵام وەک گوتمان دەردە کوردە و چارەسەری قوورسە. بۆیە ئاڵاش کەوتە بەر بەرداشی ناکۆکی و هەندێک ڕەوتی چەپ بەبیانووی ئەوەی هێزی کرێکاران دابەش دەکات و (پ)ەک{ەک}ەش بە پاساوی ئەوەی ئاڵایەکی شیاوتری سێ ڕەنگیان هەیە کە گوزارشتە لە کوردستانی گەورە، ڕەوتە ئیسلامییەکانش هەبوون کە وەک چۆن سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب”یان ڕەت دەکردەوە، زۆر کەیفیان بە ئاڵاکەش نەدەهات. بەڵام لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لەپێشهاتێکی دەگمەندا ئاڵای کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان و تەنانەت لە تاراوگەش وەک هێمای یەکێتیی و یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد بەدەستی تاک بە تاکی کورد و لەسەر شەقام و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکان دەشەکێتەوە.

هەرچەندە ئەم ڕووداوە بەداخەوە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکانی سەر بە تورکیا و دیمەشق  بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە و بەدیاری کراویش نزیکبوونەوەیان لە خاکی پیرۆزی ڕۆژاڤای کوردستان بوو، بەڵام هێشتا ناکرێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ئەم ڕووداوە گوزارشتە لە هۆشیاربوونەوەی تاکی کورد بەوەی کە دەکرێت لەسەروو بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبی و ناوچەییەکان بەرژەوەندیەکی باڵاتر هەبێت کە بەرژەوەندی نەتەوەییە.

ئاڵای کوردستان لەم دۆخەدا ڕۆڵی خۆی بینی و سنووری نێوان بەشەکانی کوردستان و سنووری حیزبەکانی تێپەڕاند، بۆ داهاتووش پێویستە هەمووان کۆکبن لەسەرئەوەی کە ئاڵای کوردستان ببێتە گرێبەستێکی سیاسی و ئەخلاقی شەرەف لە نێوان لایەنە سیاسیەکان کە هەمووان لەسایەیدا یەکڕیز و تەباببن.

لە کۆتاییدا گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە هاوشان لەگەڵ هەبوونی دۆزێکی ڕەوا و گوتارێکی یەکگرتوو هێمایەکی وەک ئاڵای کوردستانیش هەبێت کە لەپاڵ هەبوونی فرەییە سیاسی و چینایەتی و کۆمەڵایەتیەکان هەمووان لەسایەیدا یەکڕیزبن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO