ڕەوا هەژار
ئەگەر لەم هەل و مەرجە پڕ تەنگ و چەڵەمەیەدا کە ڕۆژاڤای نیشتمان کەوتۆتە بەر دەم و دانی گورگێکی هار و برسی، ئێمە بمانەوێت لە دەرەوەی ژاوەژاوی هەواڵەکان و بە چاوی ژیری لە دۆخەکە بڕوانین، دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەین کە ئەوەی ڕوودەدات تەنها بۆردومانکردنی چەند شار و گوندێک نییە. نەخێر، پرسەکە زۆر لەوە قووڵترە. ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت، پێکدادانی دوو بیرکردنەوە و ڕوانینی دژبەیەکە کە یەکێکیان بوونی سروشتیی ئینسانە کە دەیەوێت بە ئازادی هەناسە بدات و بە لایەنی هەرە کەمەوە مافی ژیانی هەبێت و کورد نوێنەرایەتی دەکات؛ ئەوی تریان بوونی دەستکرد و میکانیکیی دەوڵەتێکی کەلـلەشەق و داپڵۆسێنەرە کە دەیەوێت بە زەبری ئاگر و ئاسن خۆی بسەپێنێت و تورکیا نوێنەرایەتی دەکات.
ئەو هێزەی ئەمڕۆ پەلاماری ڕۆژاڤا دەدات، تەمسیلێکی واقیعی و ڕووت و ڕەوانی شەیتانە لە هەیکەلی دەوڵەتدا. مەبەستم لە شەیتان لێرەدا خێوێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو مەبەستم لەو هێزە ڕوخێنەرەیە کە ناتوانێت ژیان قبوڵ بکات مەگەر ئەوەی ژیانەکە ملکەچی فەرمانی ئەو بێت. تورکیا، بەو سیستەمە سیاسی و سەربازییەی کە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەویتر دامەزراوە، هەمیشە مانەوەی خۆی لە سڕینەوەی ئێمەدا بینیوەتەوە و دەبینێتەوە.
تۆ چۆن دەتوانیت بۆ چرکەیەکیش لەم جەللادە گەورەیە خافڵ بیت؟ کەواتە ڕوونە کە لێرەدا دەبێت لۆژیکی ئێمە چی بێت.
بە بڕوای من، هەر جۆرە پەرتبوونێکی سەرنج، هەر جۆرە سەرقاڵبوونێک بە وردەکارییە لاوەکییەکانەوە، لەم ساتەدا جۆرێکە لە خۆکوژیی مەعریفی و سیاسی. چاوی کورد، ئەقڵی کورد و هەموو وزەی بەرگریی کورد دەبێت وەک تیشکی خۆر لەسەر یەک خاڵ چڕ ببێتەوە، کە ئەویش تورکیایە. بۆچی؟
چونکە لە یاسای سروشت و لە یاسای ململانێی مێژوویشدا، هەتا تۆ ئەو بەربەستە سەرەکییە تێک نەشکێنیت کە ڕێگەی هەناسەدانی لێ گرتوویت، هەر جوڵەیەکی ترت بێهودەیە. تورکیا ئەمڕۆ نوێنەری باڵای زۆرداری و ڕقێکی دەوڵەتییە لە ناوچەکەدا. ئەو هێزەیە کە دەیەوێت بە ئێمە بڵێت مافی ئێوە لە ژیاندا بەستراوە بە ڕادەی کۆیلایەتیتان بۆ ئێمە. ئا ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە دەبێت ئێمە بە هەموو هێزی جڤاکیمانەوە ڕەتی بکەینەوە.
ئەم جەنگە، جەنگی مان و نەمانە. نەمان نەک بەو مانایەی جەستەمان لەناو بچێت، بەڵکو بەو مانایەی ئیرادەمان، کیانمان و ئەو دنیابینییەی کە بەرەو ئازادبوون هانمان دەدات تێکبشکێت. هەتا ئەو کاتەی تورکیا بەو غرورە فاشیست و بەو هێزە شەیتانییەوە لەبەردەمماندا قوت بووبێتەوە، هەتا ئەو کاتەی ناچار بە پاشەکشە و پاشگەزبوونەوە نەکرێت، ئێمە ناتوانین بانگەشەی هیچ دۆزێکی ئینسانی بکەین و بە سادەترین مافی ئینسانی خۆمان بگەین. چۆن دەتوانیت باسی باخچەی ئازادی بکەیت لەکاتێکدا شۆفڵێک خەریکە ڕەگی گوڵەکانت دەردەهێنێت؟
کورد دەبێت تێبگات؛ ئەمڕۆ ڕۆژاڤا سەنگەری پێشەوەی بەرگرییە لە کەرامەتێکی زۆر ئینسانی و زۆر ڕەوا. شکانی ئەو سەنگەرە و خامۆشکردنی ئەو ڕۆحی بەرەنگارییە، بە واتای سەرکەوتنی سیستەمی کۆیلایەتی دێت بەسەر غەریزەیەکی ئازا و ئازاددا. بۆیە، ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی و لۆژیکیی هەموومانە کە بەبێ هیچ دوودڵییەک، خۆمان ڕێکبخەین، نەتەوەسازی بکەین و بە گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانی و لۆبییەکی نێودەوڵەتییەوە پەنجەی تاوان بۆ تورکیا ڕابکێشین و هەموو هەوڵێکمان بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو هێزە و شکاندنی ئەو بتە بێت.


