هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان و دواتر خواستی سەپاندنی سیاسەتێکی مەرکەزیی توند، قۆناغێکی نوێ لە ململانێی سووریا دا دیاری دەکات، ئەویش قۆناغی دووبارە داگیرکردنەوەی تاکڕەوانەیه. ئیتر مەسەلەکە تەنیا مەسەلەی دووبارە وەرگرتنەوەی خاک نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە بە نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ئۆتۆنۆمی سیاسی، سەربازی و ئیداری، بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. لەم ستراتیجەدا کورد ناچار دەکرێت یان خۆهەڵوەشاندنەوە قبووڵ بکات: واتەدەبێت هێزە چەکدارەکانی وه‌كو تاکەکەسی تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن و پێکهاتە سیاسییەکانیان هەڵبوەشێنرێنەوە و ناسنامەی جیاوازیان وه‌كو كورد ڕەت بکرێتەوە. ئەم سیاسه‌ته، هەرچەندەبەفەرمی لەلایەن دیمەشقەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام بەڕوونی لەگەڵ خواستەکانی تورکیا دا هاوئاهەنگە، کە هه‌ر هێزێکی ڕێکخراو و دانپێدانراوی کوردستانی هێڵی سوورە بۆ ئه‌و لە بەرامبەر ئەم هەوڵی سڕینەوەی كیانی كورد لە ڕۆژاڤا، وەڵامێکی نوێ هاتە ئاراوە، كە كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌كە چاوه‌ڕوانی بوون و ئومێدیان پێی هه‌بوو، ئەویش لێکنزیکبوونەوەی سیاسی نێوان کوردانی ڕۆژاڤا و کوردەکانی باشووره.
ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کوردستانی عێراق
بەشداری باشووری کوردستان لە گفتوگۆکانی دەوروبەری ئایندەی کوردەکانی ڕۆژاڤا نە ڕێکەوتە و نە تەنیا بابەتی هاودەنگییە. بەڵكو زۆر بە قووڵی ستراتیجیشە. ئەمڕۆ باشووری کوردستان تاکە نموونەی بەدامەزراویکراوی کوردستانییە، کە دەوڵەتێکی ناوەندی دانی پێدا بنێت، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی و پەرلەمان و هێزی چەکداری شەرعی. دیداری نێوان تۆم باراك، نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکە و سەرکردە کوردەکانی باشوور، بەتایبەتی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەلایه‌ك، لەلایه‌كی تریشه‌وە جه‌نه‌ڕاڵ مەزڵوم عەبدی، بەرپرسی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محه‌مه‌د ئیسماعیل سه‌رۆكی ئه‌نه‌كه‌سە كە چه‌ندان گرووپی سیاسی كوردی له‌خۆ ده‌گرێ، پەیامێکی ڕوون بوو كە ناردیان. په‌یامێك كە تیایدا پرسی کوردی ڕۆژاڤا چیتر ناتوانرێت وەک پرسێکی پەراوێزخراو یان تەنیا ئەمنیەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. به‌ڵكو خەریکە دەبێتە پرسێکی سه‌ره‌كی ناوچەیی، بەردەوامییەکی سیاسیی کورد کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت. لە کاتێکدا ئەمریکا ڕەتی دەکاتەوە پابەند بێت بە ڕۆڵێکی درێژخایەن و تاكە هێز وەک گەرەنتیکەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێدەچێت ئەمریکا هانی ئەم بەهەرێمبوونەی پرسەکە بدات. بەم پێیە کوردستانی خواروو وەک ناوبژیوان و مۆدێل و قەڵغانی سیاسی مامەڵە دەکات.
یەکگرتوویییەکی بێوێنە و قووڵی ڕەمزی کورد
ئەوەی كە گرنگێتی تایبه‌ت ده‌به‌خشێت بەم ساتەوەختە، سروشتی بێ وێنەییه‌كه‌یه‌تی. بۆ یەکەمین جار سەرەڕای دووبەرەکی و ڕکابەریی ئایدیۆلۆجی و ململانێی ناڕاستەوخۆی دەیان ساڵە، کوردەکانی باشوور و ڕۆژاڤا بە یەک دەنگ قسە دەکەن. هه‌رچه‌ندە ئەم یەکگرتووییە نیشانەی یەکگرتن یان یەکسانی سیاسی نییە. ئه‌وان لەسەر کەمترین کۆدەنگی، بەڵام به‌شێوه‌یه‌كی بنەڕەتی هاوده‌نگن: كە ئه‌ویش ڕەتکردنەوەی له‌ناوبردنی سیاسی كوردە و بانگه‌شه‌ی دیالۆگ و قبووڵكردنی یه‌كتره!
کوردەکانی ڕۆژاڤا داوای سەربەخۆیی و دابەشکردنی سووریا ناکەن. داواکارییەکەیان ڕوونە و بەجۆرێك حیسابی بۆ کراوە، كە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بەرگری لێ دەکرێت. بۆ ئەوەی وەک هێزێکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو بناسرێت، هه‌روەک پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دا، ئه‌وانیش وەکو شه‌ڕڤان یاخود سه‌ربازانی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دا تێکەڵ بکرێن.
به‌هێزی و گرنگی هێمایی
کوردەکانی ڕۆژاڤا بە په‌یڕه‌وكردن و سوود وه‌رگرتن لە ئەزموونی باشووری کوردستان، چیتر بە هەڵوێستی لاواز یان بە پەلە قسە ناکەن، بەڵکو لە نموونەیەکی هەبووەوە قسە دەکەن. ئەوان داوای داهاتوویەکی گریمانەیی ناکەن: واقیعێک نیشان دەدەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە کار دەکات. بۆیە لە پشت ئەم یەکگرتووییەدا چەندین داینامیک خه‌ریكە سەرهەڵدەدەن.
یەکەم: پەیامێکی ناڕاستەوخۆ کە ئاراستەی ئەنقەرە و دیمه‌شق کراوە: پرسی کورد چیتر بە گۆشەگیری یان سەرکوتی ناوخۆیی چارەسەر نابێت. ئێستا بەشێکە لە بەردەوامییەکی ناوچەیی، کە هەر هێرشێک بۆ سەر هه‌ر لایه‌نێكی كوردی لە سەرانسەری کۆی گشتی كورد دا دەنگ دەداتەوە!
دووەم: پێشبینییەکی سیاسی: لە سووریایەکدا کە پێدەچێت لەجیاتی ئاشتەوایی ڕاستەقینە، بەرەو چه‌قبه‌سته‌یی ململانێکان بڕوات ، تەنها ئەو ئەکتەرانەی كە ئەمڕۆ پێکهاتە دانپێدانراوەکانیان هەیە، داهاتوویان دەبێت.
لە کۆتاییدا، ده‌كرێ وا بیر بكه‌ینه‌وە كە ئەم هاوده‌نگیە و به‌تایبه‌تی بانگه‌وازه‌كه‌ی مەسعود بارزانی گوزارشت لە وەدیهاتنی هۆشیارییەکی مێژوویی دەکات. دوای عەفرین، دوای ئەو ناوچانەی دیمەشق کۆنترۆڵیان کردۆتەوە، کورد تێگەیشت کە دابەشبوونیان بەرەو لەبیرچوونەوە و په‌راوێز خستنیان دەبات، لە کاتێکدا یەکگرتوویی هەرچەندە ناسکە، به‌ڵام له‌وانه‌یە بوارێک بۆ دانوستان و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن بکاتەوە. لەهه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێ وریا بین كە ئەم ساتە نە سەرکەوتنە و نە گەرەنتیشه. به‌ڵكو هه‌نگاوێكی زۆر ناسکە كە لەبەر فشارە ناوچەییەکان و حیساباتی زلهێزەکان هاتۆتە دی. بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بە شێوه‌كی زۆر قووڵ ساتێكی مێژووییە بۆ هه‌ر چوا پارچه‌ی كوردستان. چونكە ئه‌مجارە کورد تەنیا لە ڕوانگە و هه‌ستی خیانەت و په‌رته‌وازه‌یی و دەربەدەرییەوە قسە ناکات. به‌ڵكو لە ئەزموونێکی سیاسی بەدەست هێنراوەوە، لە هەستکردن بە بەردەوامیی و بەیه‌كده‌نگی قسە دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی پارچەپارچەدا، ئەم یه‌كدەنگیەی کورد لە نێوان باشوور و ڕۆژاڤا تەنها ستراتیجی مانەوە نییە بۆ كورد، به‌ڵكو له‌وانه‌یە وه‌كو هه‌نگاوێكی سیاسی بنەڕەتیش بۆ داهاتوویه‌كی جیاواز حیسابی بۆ بكرێت.


