سلێمان مستەفا حەسەن
زۆربەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، خۆیان بە ناوی ئیسلام ناساندووە، بەڵام ئیسلامیان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێناوە، نەک وەک بنەمایەکی ئەخلاقی باڵا و یەکسان. دەیان بەڵگە هەیە هەمیشە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان بەکار هێناوە بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی و جینۆساید کردنی کورد.
لە سەردەمی خەلافەتەکاندا دەیان گوت دەوڵەت دەوڵەتی خەلافەتە نەک دەوڵەتی نەتەوە، لە لایەکی تر دەڵێن کورد نەوەی جنۆکەیە. لە ١٩٨٨بە ئایەتی ئەنفال تاوانی جینۆسایدیان ئەنجامدا، لە شنگال بەناوی ئایین و ئەڵاهو ئەکبەر دایک و خوشکانیان کردین بە سەبایە و کەنیزەک.
لە تازەترین تاوانی قێزەونیشیاندا وەزارەتی بەناو کاروباری ئایینی سووریا، لە گشتاندنەکەیدا بۆ مینبەری مزگەوتەکان دەڵێت تەکبیر لێدەن، هەروەها دەڵێت فەتحە و ئایەتی ئەنفال بەکار دەهێنێت بۆ هەستان و جۆشدانی هەستی ڕەگەزپەرستی دژی کورد. لە گەڕەکی شێخ مەقسوود سووکایەتی بە جەستەی شەرڤانێکی کورد دەکەن و لە باڵەخانەیەکی بەرز فڕێیدەدەنە خوارەوە. لە لایەکی تر جەستەی شەرڤانیك دەشێوێنن کەزیەکەی دەبڕن.
ئەوە ١٠٣ ساڵە، بە تۆمەتێکی ئامادە، بەناوی ئیسلام و ئیسرائیل، لە دوای ڕێککەوتنە شوومەکەی لۆزان بە بەرنامە هەر چوار دەوڵەتی بە ناو موسڵمان ئەنفالمان دەکەن و بەکافر و تێکدەر و جوداخواز و موخەریب و مارکسی و ئیسرائیلی دووەم و نەوی جنۆکە و کوردی کێوی و بەکرێگیراو و تیرۆریست ناوزەدمان دەکەن و نکۆڵی لە مافی نەتەوەیی و بوونمان دەکەن بەناوی سەروەری و یەک پارچەیی.
ئەم دەستەواژانەی باسکراون وشەی ئاسایی نین، ئەمانە ئامرازی سیاسی و ڕاگەیاندنی داگیرکەرانن بۆ گۆڕینی ڕاستی و ڕەوایەتی دان بە پیلانەکانیان. وشەی “پێشمەرگە” و “شەڕڤان” و “گەریلا “یش لە فەرهەنگی ئەواندا تێکدەر و جوداخوازن. لای کوردیش گەورەترین و پیرۆزترین وشەن لە فەرهەنگ و ئەدەب و چیرۆک و بەرخودانی کوردان.
جا ئەگەر بپرسین هەر بە ڕاست ئەوانە ئیسلامن و ئەوەیە ئیسلام؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز و نەخاپێنراو جێ دەهێڵم، چونکە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دوورە لەو ڕق و کینە و نکۆڵی کردن لە مافی گەلان، هەر وەک پێغەمبەر دروودی خودای لەسەر بێت دەفەرموێت “من لا یؤمن أحدکم حتی یحب لأخیە ما یحب لنفسە”،هەروەها لە ئایەتی ١٣ سورەتی الحجرات، هاتووە “یا أێُّهَا النَّاسُ إِنَّا خڵقْنَاکُم مِّن ذَکَڕ ۆأُنثێٰ ۆجَعڵْنَاکُمْ شُعۆبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفۆا ۚ إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عڵِیمٌ خَبِیر”.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لیستی دەستەواژ و تۆمەتەکان لێردا کۆتایی نایەت، لیستی تۆمەت و دەستەواژەکان دوور و درێژە، هەر کاتێک کورد داوای مافی بوونی خۆی بکات لەسەر خاکی خۆی، داوای دەوڵەتی کوردی بکات، داوای مافی چارەنووس بکات، تۆمەت ئامادەیە بەڵێ تۆمەتێکی ئامادە هەیە لە بەڕک و گیرفان و سەر زار و بنزاری هەموویان. ئەویش کورد دۆستی ئیسرائیلە، کورد ئیسرائیلی دووەمە!
ئەم شەڕە دەروونی و هەڵمەتە نامرۆڤانەیە، جگە لە پڕوپاگەندەیەکی نەتەوەپەرستی ڕەگەزپەرستی بۆ ترساندنی کورد و بە خاین و دوژمن وێنا کردنی بە دژی ئیسلام شتی تر نییە. لەهەمان کاتدا ڕییاکارییەکی گەوەرەیە چونکە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان نادیاریان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەگەر بۆ ئەوان ئاسایی بێت باشە، ئەدی بۆ بۆ کوردان ئاسایی نەبێت.
لە کاتێکدا کورد کرێگرتە و بەکرێگیراوی هیچ دەوڵەتێک نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکی گەورەی خاون (٦٠) ملیۆن کەس لە مافی بوون و نیشتمانی خۆی بێ بەشکراوە. هەر پەیوەندییەکیش بیکات بۆ ئاشقایەتی و نۆکەرایەتی و دژی نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی و قازانجی دۆزی گەلەکەیەتی. گەلی کورد هۆشیارە، زۆر لەوە گەورەتر و بە ئیرادە تر و هۆشیار ترە لە دامەی دۆستی ئیسرائیل و ئەمریکا بکەوێت، گەلی کورد خۆی بەرگری لە خۆی دەکات.
ئێمە نەتەوەین، نەک گرووپێکی دۆڕا و و بەکرێگیراو، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژاڤای کوردستان ڕوو دەدات شەرمەزارییەکی تری بازرگانانی شەڕە، ئەمە کردەوەکانی سیستەمی هیچوپووچییە. شەڕڤانان سەلماندیان بەرگری لە دۆز و گەلەکەیان دەکەن.
هاودەنگی کوردان لە باشوور و باکوور و ڕۆژەهەڵات و ڕەوندی کوردی ئەوەی سەلماند کوردی ئەمڕۆ کوردی دوێنێ نییە، هەمووان بەیەکەوە گوتیان “٢ + ٢ = ١”.
ئیتر بەرخودانی کوردان لەم سنوورە ناوەستێت، دڵنیاین بەبێ داننان بە مافی چارەنووس ئارامی نابینن و داوا کردن مافیش تاوان نییە، ئایینیش بۆ ئەخلاقە و مرۆڤایەتییە نەک بۆ جینۆساید. داگیرکەریش بە هیچ ئایینێک پیرۆز ناکرێت، ئەوانەش خەیاڵیان خاوە ئیتر، بە ناوی ئیسلام کورد بکوژن و بە ناوی ئیسرائیل کورد تاوانبار بکەن، تەواو نیەت و مەرامی داگیرکاریی و ئەنفال و جینۆساید ناشاردرێتەوە، ئیتر ڕۆژی حەق و حیسابە، ڕۆژی مافی چارەی خۆنووسینە.
ڕۆژی وەرگرتنی مافە بە ئاشتی ئەگەر ناچاری بەرگریمان نەکەن، شۆڕشی شکۆی کەزییە، داواکاریی کورد مافی نەتەوەیی و ئاشتییە، وڵاتە نیشتمانە، چونکە کورد یەکە و کوردستان یەکە، ئیتر بێ دوودڵی و شەرم بە دەنگی زوڵاڵ داوای ماف و نیشتمان و ژیان و ئازادی دەکەین، ئیتر کاتی بڕیار و پلانە، کاتی یەکێتیی و یەکبوونە، کاتی کوردایەتییە بۆ ڕزگاری نیشتمان بۆ مافی چارەنووس.



