دەسکۆ خەسرۆ
ئیخوانی عەرەبی: سەرەتا عەرەبە دواتر ناسیۆنالیستە، پاشان ئیخوانە دواتر موسڵمانە.
ئیخوانی تورکی: سەرەتا تورکە دواتر ڕەگەزپەرستە، پاشان گورگەبۆرەیە، ئەوجا ئیخوانە، وە فڕی بەسەر ئیسلامەوە نییە.
ئیخوانی کوردی: سەرەتا ئیخوانە، دواتر موسڵمانە، پاشان پەمەییە، ئەوجە کوردە.
ئەگەر سەیری هاوکێشەکە بکەی زۆر بە ڕوونی دیارە لەکوێ هەر یەک لەمانە ئازاری نەتەوەیان پێ دەگا، ئیسلامییە عەرەبەکە لەیەکەم خاڵ حیسابی نەتەوە دەکا، واتا تۆی کورد ئەگەر بکەویتە ململانێ لەگەڵ عەرەب، جا ئەو عەرەبە هەڵگری هەر ئایدۆلۆجیایەک بێت، عەلمانی بێت، ئیسلامی بێت، بێدین بێت هەرچی بێت، ئیتر لای گرینگ نییە بەڵکو فۆکەسی دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەوە عەرەبە و تۆ کوردی بۆیە عەرەبێکی سعودیە، سووریا، یەمەن، فەلەستین هەمووی وەک یەک بیر دەکاتەوە خوێنت حەڵال دەکات.
ئیسلامییە تورکییەکە، هەر لە یەکەم خاڵدا ڕەفزت دەکاتەوە لەبەر ئەوەی لە نەتەوەی ئەو نیت جا خوای دەکرد فریشتە دەبووی لای ئەو گرینگ نییە مادام ناوی نەتەوەیەکی ترت هێنا جگە لەخۆی ئەوا تۆ لای ئەو ڕەفزیت بە ئیخوانی و سەلەفییەوە، بۆیە لە دیدی ئەو سەلاحەددین و بەهادین کە پێی وایە لای تورک ڕێز لێ گیراوە و وە موراد قەرەیلان کە تورکیا بە دوژمنی دادەنێت یەک حیسابن، هەردووکیان کوردن، کوردیش لەچاوی ئەوان مرۆڤ نییە.
کە سەیری ئیسلامییە کوردییەکە دەکەیت دەبینی زۆر بە درەنگەوە ئازاری نەتەوەی پێ دەگات، بۆیە بیرە ئایدۆلۆجییەکە هەمیشە نەرم و ساردی دەکاتەوە، کەسی بەرانبەر کە پەلاماری دەدات سەرەتا سەیر دەکا کە دەبینی ئیخوانە، دێت پاساوی بۆ دێنێتەوە، دواتر دەڵێ ئەمە موسڵمانە دووبارە پاساوی بۆ دێنێتەوە، وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بەر لە چەند ڕۆژ دەیان کرد، شەرعییەتیان بە جۆلانی دەدا بەوەی گوایە هەسەدە عەلمانییە یان مولحیدە، دوای ئەوەی هێرشت بۆ دێنێ و هەوڵدەدات بتکوژێ ئەمجارە دەگەنە خاڵی پەمەیی بوون، دەڵێن زمانی دیالۆگ بەکاربێنن لەگەڵ دوژمن یاخود بەدەمیانەوە پێبکەنن، دوای ئەوەی کە سەرت دەبڕێ ئەوجە بەخۆ دێنەوە و بەنجی ئایدۆلۆجی بەریان دەدات.
لە سەرەتای هاتنی داعش و جموجۆڵییان زۆربەی مەلاو زانایانی ئایینی بە ترسەوە باسییان دەکرد یاخود هەر باسیان نەدەکرد، دەترسان ئەمانە جوندی خوابن، وای لێ هاتبوو ئەگەر مەلایەک بیگوتبا داعش تیرۆرستن و لە دین دەرچوون، دەبوو بە جەژن لە هەموو سۆشیال میدیا بڵاو دەبوەوە فلان مەلا داعشی بە تیرۆرست دانا، هەموو دنیا داعشی ڕەفز کرد مەبەستم زانا و پیاوانی ئایینی کەچی بەشێکی زۆری ئیسلامییەکانی باشوور دوودڵبوون لە ڕەتکردنەوەیان، بەڕادەیەک خەریکی پاساو هێنانەوەبوون هەزاران کەسییان لە شەنگال کوشت هەزاران کچ و ژنیان بە کەنیزەک برد کەچی دەیانگوت ئەمە تۆڵەی ئەوەیان لێ بۆتەوە کە ئەمانە (دوعا)یان کوشتووە کاتی خۆی، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان لەقەرەی ئەوە نەدەن هەزار قال و قیلیان دەهێناوە.
دووبارە کە ساڵێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات، زۆربەی چاودێران و خەڵکیش تا ڕادەیەک سیناریۆکەیان دەبینی و لانی کەم دەیانزانی کۆنە تیرۆرستە و ئایندەی باش نابێت و نیازی باشی نییە، بەتایبەت کە دەستی دووی تورکیا بوو. بەڵام ئیخوانییەکان هەر زوو کەوتنە مەدح و سەنای وەک خەلیفەی سەردەم دەیان بینی، دەستی بە جووڵە کرد و لە ئەمریکا پێشوازی لێ کرا ئیتر دەستەکە بەتەوای کەشف بوو، کەچی ئیخوانی کوردی ئەوەشی بەدەستکەوت دادەنا، دەیگوت فریادڕەسی ئیسلامە، کەچی لەولا ڕەخنەیان لە هەسەدە هەبوو کە پشتی بە وڵاتانی کافر بەستووە بۆیە وای بەسەردێت، هەر دوو هەفتە پێش ئێستا هێرشی کردە سەر حەلەب و بەتەواوی دیار بوو کە لەگەڵ ئیسڕائیل ڕێککەوتووە، کەچی ئیخوانەکان لۆمەی هەسەدەیان دەکرد کە بۆ لەو دوو گەڕەکە ماوەتەوە و سەرئێشەی بۆ خەلیفە دروست کردووە، ئیتر تا ئەوەی کە سەری خەڵکی بڕی ئەوجە ئێستا هاتنەوە هۆش خۆیان دەڵێن ئەمانە تیرۆرستن.
ئەم جۆرە دیندارییە تەنها کورد دەیکات، کەچی لە بەرانبەردا لەهیچ کەلێنێکی جیهانی عەرەبی ئیسلامی پێگەی بۆ دانانرێت.



