هەموومان کۆک و هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئایندە و چارەنووس و پێگەو ناو و ناوبانگی نەتەوەیی کورد بە گشتی لەم قۆناغەدا پەیوەستە بە سەرکەوتن و ژێرکەوتنی “ڕۆژاڤا”. هەموومان دڵنیاین لەو ڕاستییەی ئەگەر کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان بەسەرکەوتوویی لەم چرکە ساتە مێژووییەدا دەرچێت و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت، پاش نزیکەی ١٥ ساڵ لە خۆسەری و ئیدارەی خۆجێیی، جارێکی دیکە داگیرکەران نەتوانن ناوچە کوردستاننیەکان داگیر بکەنەوە، سەرەتای هەڵهاتنی ڕۆژی ئازادی کوردستانی گەورەیە و مایەی مانەوەی هەرێمە لە باشوور و ئومێد و هیوایە بۆ ڕۆژهەڵات و دەروازەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردە لە باکوور.
بە پێچەوانەوە، شکستی ئەزموونی ڕۆژاڤا، دروستبوونی ناوەندێکی بەهێز لە دیمەشق و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی سووریا، بە تایبەت لە ژێر ناوی کۆماری سووریای عەرەبی، لەلایەن گرووپێکی توندڕەوی پاشخان داعشی کۆنەپارێزەوە، سەرەتای قۆناغێکی تاریک و دووبارەبوونەوەی تەواوی ئەو کارەسات و مەینەتیانەیە، نەک هەر لە سووریا کە بەسەر گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی دیکەشە، کە لە ماوەی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوودا لەم ناوچەیە بەسەریاندا هاتووە.
بەشی هەرە زۆرمان، وەکو کورد، هیوا و ئومێدێکی گەورەمان لەسەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)و شەڕڤانان بە گشتی دروست کردووە، نەهەقمان نییە ئەو هیوا و ئومێدەمان هەبێ. کاتێک سەیری ڕابردووی ئەم هێزانە دەکەین، دەبینین کچی کورد دەبێتە هێما و سیمبولی قارەمانێتی، جلی شەڕڤان دەبێتە شانازی بیانی و لە نمایشە نێودەوڵەتییەکاندا دەخرێتە ڕوو. کاتێک بە مێژوودا شۆڕ دەبینەوە، یەکەمجارە نەک هەر لە مێژووی نەتەوەی کورد، بەڵکوو لە میژووی مرۆڤایەتیدا بەو ئاستە، ژنان و پیاوان پێکەوە، لە ڕێکخستنێکی سیاسی و سەربازی تۆکمەدا ڕێک بخرێن و مەشق و ڕاهێنانیان پێ بکرێت. توانای مانەوە و بەرگریان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوە سەختەکاندا، سەرکەوتن بە دەست بێنن لە شەڕی نابەرابەردا، نەک لە هێرش و پەلاماری لە ناکاو و شەڕی پارتیزانیدا، بەڵکو لە پاراستنی سەنگەر و شکاندنی هێزی پەلاماردەری دوژمندا، بۆیە گەشبینین. بە هیوا و ئومێدەوە سەیری ئایندە دەکەین و سەرکەوتن نزیکە.
بەڵام ئەوەی شایانی سەرنج و جێی بایەخە لەم کاتەدا، سەرکەوتنی سەربازی کۆتایی کاروانەکە نییە، مانەوەی ڕۆژاڤا و هاتنە ناوەوەی زلهێزێکی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئەم قەوارەیە لە هێرشی داگیرکەران، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، ئەرکی ئێمە لێرەوە دەست پێ دەکات.
نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتوانی هەژار و تێکەڵ و پێکهاتەی جیاوازلە ڕۆژاڤا، لە ناوچەیەکی جیۆپۆلەتیکی داخراو، سنوورگیراو بە دوژمن و نەیار، لە ژێر ئابڵۆقەی ئابووری هەڕەشە و مەترسی دەستی دەرەکی، ژێرخانێکی وێران، دواکەوتوو لە ڕووی پیشەسازی و ئاوەدانی، لە کۆمەڵگایەکی نیمچە دەرەبەگایەتی کشتوکاڵی، ڕێکخستنی کارگێری و بەڕێوەبردن و بونیادنانی بناغەکانی دەوڵەت زۆر سەختە. بۆیە کۆمەڵێک ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ئێمە چ وەکوو کەسایەتی خاوەن پۆست، یان وەکوو هاووڵاتییان، یان وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو دەزگا و دامەزراوەی بەڕێوەبردن، یان ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور وەکوو بڕیاڕی سیاسی و تاک بە تاکی کورد لە هەر پێگە و پلەو پۆستێک بێت.
یەکەم: ئەرکی دکتۆر بەرهەم ساڵح وەکوو کەسایەتیەکی کورد و لە پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتیدا، لە سەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئەو سنوورەی ڕێگا پێدراوە لە یارمەتی گەلانی بەش مەینەت، فاکتەری خێر بێت و هەموو کوردێک هەست بەو لایەنگری و پشتیوانییە بکات، جگە لە هاوکاری و بەدەنگەوە هاتن و ناردنی کۆمەک، هەوڵی پەیداکردنی دۆست بدات بۆ پرسی ڕەوای گەلەکەمان. نەک هەر لە ڕۆژاڤا بەڵکوو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لە خەمی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد بێت. کەناڵەکانی فشار بدۆزێتەوە بۆ سەر سیستەمە دیکتاتۆریەکانی جیهان بە گشتی و بەتایبەت داگیرکەرانی کوردستان کە لە هەزارەی سێیەم و سەدەی بیست و یەکەمدا سەردەمی چەوساندنەوەی مرۆڤ بەسەر چووە و کاتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامرازی داکۆکیکردنە لە مافی چەوساوەکان، دەزگای بەهاناوەچوونە لە کارەساتەکاندا، ئەمڕۆش گەلی کورد لە ڕۆژاڤا ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بۆتەوە.
دووەم: ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراق، کە لە پشکی کوردە، بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە دەستووری عێراق، کە بە پێی مادەی (٧٣) بڕگەی (٤) دەتوانێت داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات، لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی سنووری باکووری ڕۆژاڤای عێراق و ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سووریا و هاتنیان بۆ عیراق. لەگەڵ دەرکردنی بڕیارێک بۆ هاوکاری و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ شوێنی خۆیان. هەروەها بۆ گفتوگۆی مەترسییەکانی داعش لەسەر سنوورەکانی عێراق و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوەکان، لەو ڕێگایەوە بتوانێت وەکو کاری مرۆیی هاوکاری ڕۆژاڤا بکات.
سێیەم: ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور بڕیاری بوێرانەیە، پشتیوانی بە ئاشکرایە، دۆستایەتی هەر دەوڵەت و لایەن و هێزێکە بەرنامە و نەخشەی بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێ و ئەو نەخشەیە لە بەرژەوەندی دۆزی کورد بێت، ئەگەر خۆڕاگری و قارەمانێتی خودی خەڵکی ڕۆژاڤا مایەی پاراستنی ئابڕو و شکۆ و سەربەرزی کورد بێت، ئەوا هەڵوێستی نەتەوەیی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور کۆڵەگەی ئەو پاراستنەیە، پەیدابوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی، بێ سیاسەتێکی ڕاشکاوانەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور، دەربڕینێکی ئاشکرا لە یەک هەڵوێستی باشوور و ڕۆژاڤا، ناکرێ. دەبێ تێبگەین بێ هاوکاری بوێرانەی سەرکردایەتی سیاسی باشوور، سەرکەوتن لەم خەباتە زەحمەتە. بۆیە ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژوویی سەخت و دژوار لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیی دایە، بە تایبەت کاک مەسعود بارزانی هەروەکو چۆن لە ڕیفراندۆم ئازایەتی نواند و گوتی (ئەوەندە حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکەم ) هەموو بە جۆش و خرۆشەوە دەنگماندا، ئەمڕۆش بە ئاشکرا و بە بەرچاوی جیهانەوە بڵێن ئەوەندە حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکەین و ڕێگا نادەین گەلەکەمان لە ڕۆژاڤا لەبەردەم هەڕەشەی داگیرکاری و ناچارکردن بێت بە زەبری هێز، داوا لە دۆستەکانی کورد بکات دژی دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە سووریا بوەستنەوە.
چوارەم: ئەرکی حکومەتی هەرێم ناردنی هاوکارییە بە ناوی حکومەتەوە، ناردنی هێز یان هاوکاری مرۆیی. هەموو دەزانین، ئەگەر شەڕیش ڕاوەستێت و مەترسی پەلاماری داگیرکەرانیش نەمێنێت، پێویستە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێویستییە سەرەکی و بنچینەییەکانی ژیانی هاووڵاتییانی ڕۆژاڤا پر بکرێتەوە و بە لایەنی کەمەوە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکوو خۆراک و خواردنەوە و داودەرمانیان بۆ دابین بکرێت. بە دڵنیاییەوە لە باکوور و ڕۆژاڤا تورکیا، لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتیشەوە حکومەتی ناوەندی سووریا، ڕێگا نادەن هیچ هاوکاریەکیان بۆ بڕوات. هەروەها ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی بە هاوکارییەکانی بێنێت، ئیتر ئەوەی کەناڵی هەناسەدان و مایەی مانەوەی “خۆسەری ڕۆژاڤا”یە لە حەسەکە و قامشلو و کۆبانێ دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤایە. هەتا برسییەتی و قاتوقڕی و گرانی لە ڕۆژاڤا دروست نەبووە، هەتا کارەساتەکانی سەفەربەلکی دوای شەڕی جیهانی یەکەم و مردنی بەکۆمەڵ و کۆچکردن و ڕەوکردنی دانیشتوانی لێ نەکەوتوەتەوە، حکومەتی هەرێم کاروانی هاوکاریەکانی دەست پێ بکات. دەست بەجێ لە ڕێگای نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی لە دەرەوە، یان نوێنەرایەتی و وڵاتان لە هەولێر داوا لەو وڵاتانە بکات کە بە دۆستی کوردیان دەزانین لەم شەڕەدا لەگەڵمان بن، دووپاتی بکەنەوە گەلی کورد گەلێکی بێ وەفا نییە و هاوکاریەکانتان لە بیر ناکات.
پێنجەم: ئەرکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوە کارکردنی دەستەجەمعییە، هەماهەنگی نێوان هەموو ئاراستە سیاسیی و ئایدیۆلۆجیە جیاوازەکانە، کاتی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی ئەوی تر و کەمتەرخەمی و دەرخستنی هەڵە هزرییەکانی یەکتر نییە. سەرەتایەکی نوێ و هەستیارە لە مێژووی کورد دا، پێویستە خەمی نەتەوە کۆمان بکاتەوە، بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری و دروستکردنی فشار لە شێوەی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و پشتیوانی خەباتی ڕۆژاڤا بکەین. کەمپین و کۆکردنەوەی کۆمەک و بەشداری لە دابینکردنی پێویستییەکانی خەڵکی ڕۆژاڤا بکەین، هەروەکو چۆن لافاوەکەی چەمچەماڵ و بە دەنگەوە هاتنی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو کارەساتە سروشتییە وەکو پرۆڤە و مەشقێک سەیر بکەین کە ئێستا لە ڕۆژاڤا لافاوێکی گەورەیە، لافاوێک دەستکردی ئینسانەکانە، دەمارگیری و توندرەوی نەتەوەپەرستی عەرەبی دروستی کردووە، دوورە لە ئاینی ئیسلام، با هیچ کەسێک بە ناوی دینەوە هەڵنەخەڵتێت. ئەو هێزە بە ئاشکرا دەڵێت کۆماری سووریای عەرەبی. ئەمە یەکەم هەنگاوی دروستبوونی دیکتاتوریەتە، کورد و پێکهاتەکانی دیکە ستەمیان لێ دەکرێت هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا ستەمیان لێ کراوە. دەبێ دین هاندەرمان بێ بۆ دژایەتی ستەمکار و لایەنگری ستەملێکراو بین،ئەرکی هەر هاووڵاتییەکە بە پێی تواناو ئەوەی لە دەستی دێت هاوکاری ڕۆژاڤا بێت.


