ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی “کۆماری کوردستان”ـە. لە دڵەوە ئەو یادە پیرۆز دەکەین، لە قوڵایی ڕۆحمانەوە ڕێزو گەورەییمان بۆ ئەو دەست پێشخەرییە نەتەوەییە مێژووییەو بڕوا بەخۆبوونە شۆڕشگێڕییە لەسەرەپێچێکی دژوار و تاریکی مێژووی هاوچەرخی کورد دا دەردەبڕین.
کۆماری کوردستان هاوارێکی وجوودیی و ڕۆحێکی نەتەوەیی ئیسلامیی تێکهەڵکێشراوی کوردیی هەموو کوردستان بوو، دژ بە سیاسەتی نەتەوەسازیی خوێناوی ڕەزا شا و پرۆسەی بە مۆدێرن و ناوەندیکردنی ئێرانی نوێ لەسەر حیسابی کورد و مافەکانی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی. پێشەوای شەهید و هاوەڵانی لە ژێکاف و دواتر حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی پارچەکانی تر، لەوانەش بارزانییەکان و نیشتمانپەروەریی کوردی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لەو قۆناغەدا، سەلماندیان کورد نەك هەر لە سایەی سەرکوتی ڕەزاشا و دەوڵەتەکەیدا نەتواوەتەوە و ململانێکە بەشکستی ڕۆحیی ئەو کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵکوو متمانەشی بەخۆی و ئایندەی وەك نەتەوەیەك نەدۆڕاندووە، خەون و داخوازی هەیە و چاوی لە سەر قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکە بۆ خۆنمایشکردن وەك نەتەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو داگیرکاریی و بێبەشکردنەی کۆڵۆنیالیزمی خۆرئاوا و ستەمکاریی ناسیونالیزم نەتەوەی سەردەست بەسەریاندا سەپاندووە.
بۆیە ئێمە لە یادی دامەزراندنی کۆماردا پرسە بۆ پاشەکشەکانی ئێستامان دانانێین و وەک قوربانییەکی بێکەس خۆمان نیشان نادەین، لەم ڕووەوە لە کات و سەردەمێکی جیاوازدا نایکەین بە ڕەمزی خۆدووپاتکردنەوەی مێژووی کورد بەدیوە غەمگینەکەیدا، بەڵکوو لەو گۆشەنیگایەوە سەیری دەکەین و دەیخوێنینەوەو ئیلهامی لێ وەردەگرین، کە کورد و نیشتمانپەروەرییەکەی بە قوربانیدانێکی زۆر، بەسەرکەوتوویی لە قۆناغی نەتەوەسازیی تۆتالیتارانە و خوێناوی و هەوڵی سڕینەوەی کورد لە سەدەی بیستەمدا دەربازی بوو، چونکە ئامانجێکی گەورەی خەباتی کورد لەو قۆناغەدا بۆ ئەوە بوو نەتوێتەوە و شکست بەو سیاسەتە تاریك و بێئەخلاقە بێنێت، کە بەسوود وەرگرتن لە توانا ترسناکەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و هاوکاری کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی ستەمکار، هەوڵی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەدا.
مێژوو بۆی تۆمار کردین، نزیکەی سەرجەم سیستەم و ڕەمزەکانی ئەو قۆناغ و سیاسەتە وەحشیگەری و دژە-کوردییە، هەموویان شکستیان خوارد و ڕووخان و چوونە نێو کونج و کەلەبەرە تاریکەکانی مێژووەوە و کورد مایەوە. لە ئێستاشدا کە کورد لە مەترسیی توانەوە ڕزگاری بووە، بە پێچەوانەی قۆناغی ڕابردووەوە، شەڕ بۆ مانەوە ناکات، دوژمنەکانیشی لەو ئاستەی شەڕەکەدا بەچۆکدا هاتوون و کۆڵیان داوە. بۆیە شەڕ و ململانێکە لە ئێستادا ئەگەر لە ڕوویەکیشەوە سەبارەت بە کورد درێژەپێدەری قۆناغی ڕابردوو بێت، لەڕوویەکی ترەوە نێوەڕۆکەکەی گۆڕاوە.
کورد شەڕی ئامادە بوونەوە لەناو مێژوو دانپێدانانی سیاسی و دووبارە پێناسەکردنەوەی خۆیی و دەوڵەتانی ناوچەکە و جوگرافیا سیاسییەکەی دەکات. پرۆسەی نەتەوەسازی و ئەو دەوڵەتانەی ڕێبەرایەتیان دەکرد و چنگی خوێناوی ئەو بوون، بەشی زۆریان نیمچە هەڵوەشاون یاخود لەو سەرە ڕێگەدان، نابێت دیمەنە کاتییە ئازاربەخشەکان ئەم ڕاستییەمان لەبیر ببباتەوە. بۆیە ئەگەر خۆمان هەبین خوێندنەوەیەکی قووڵترمان بۆ جیهان و خۆمان و مێژووش هەبێت، خوا حەزکات دەگەینە ئەو قۆناغەش کە ئەو سەرکردە و ڕژێمانەی ئێستا دژایەتی تەمکین و هەڵسانەوەی مێژوویی و بەدامەزراوەیکردنی مافەکانی دەکەن، کۆتاییان پێهاتووە. کوردیش بەزۆرێك لە مافەکانی خۆی گەیشتوە و سەلماندوویەتی، نەتەوەی گەورەی چوارەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستـەو هیچ هێزێك ناتوانێت تاسەر ڕێگە لە ئامادەبوونەوەی وەك هێزێکی خاوەن مێژوو بەشدار و کارا و خاوەن ڕۆڵێکی گەورەی سیاسی و ئەخلاقی و شارستانی بگرێت.



