سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە؛ ستراتیژیەتی “کوشتنی دوو نیشانە بە تیرێک” و یارییە سیاسییەکانی ئەردۆگان

لە گۆڕەپانی ئاڵۆزی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک یاریزانێکی سیاسیی “پراگماتیست” دەردەکەوێت کە هەموو جووڵەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کەسی و ئینجا دەوڵەتی تورکیا و دژایەتیکردنی کورد تونیوەتەوە. هەر چاودێرێکی سیاسی کە نکۆڵی لە توانای مانۆڕەکانی ئەردۆگان بکات، یان لە قوڵایی هاوکێشەکان تێناگات یان نایەوێت ڕاستییەکان ببینێت. ئەردۆگان لە پێناو لێدانی کوردەکان، ئامادەی هەموو جۆرە سازشێکی سیاسییە، تەنانەت ئەگەر ئەو سازشانە گەیشتنی بێت بە ئاستی “دەستماچکردن” و ملکەچبوون بۆ نەیارە دیارو دێرینەکانیشی.

هاوکێشەی ئیسرائیل-تورکیا و قوربانی کردنی خاکی سوریا

لەم دواییانەدا، یارییەکی سیاسیی نوێ بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئیسرائیل و تورکیا بەرژەوەندییەکانیان یەکی گرتەوە بەڵام لەسەر حسابی خاکی سوریا. ئەردۆگان بۆ ئەوەی لەم کێبڕکێیەدا وەک براوە بمێنێتەوە، هاوکات بە ئیسرائیل بڵێت من خاوەن بڕیارم لە سوریادا و لەگەڵیشیدا گورزێکی کوشندە لە کورد بوەشێنێت، ئەگەر فەرمانیشی پێنەکردبێت دەتوانین بڵێین جڵەوی بۆ (ئەحمەد شەرع) یاخود “جۆلانی” شل کرد. ئەمە تەنها جووڵەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو ڕێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئەوەندەی لە خاکی سوریا دەیەوێت، بە واژۆی جۆلانی و بەڵام بەخواست و فەرمانی ئەردۆگان دەستی بکەوێت.

لەم هاوکێشەیەدا، ئەوانەی سودمەند بوون ئیسرائیل و تورکیان. ئیسرائیل لە لایەک بەبێ تەقە دەستی بەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی سوریادا گرت، لە لایەکی تریشەوە دەرفەتی بۆ ئەردۆگان ڕەخساند تا هێرش بکاتە سەر ناوچە کوردییەکان و “کۆمەڵکوژی” ئەنجام بدات. ئەمەش تاکتیکێکی زیرەکانەی ئیسرائیل بوو بۆ لادانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی غەزە و گۆڕینی چاوەکان بۆ چوونە سەر کۆمەڵکوژیی کوردەکان. هەر وەک ئەوەی لەگەڵ “دروز”ەکانیش کرا، بەم یارییە ئیسرائیل ویستی بە جیهان بڵێت کە نەیارەکانی ئەو، ئەگەر دەستیان بڕوات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. لەراستیشدا جۆلانی ئیخوانەکانی سوریا هەروایان کردووە. بەکۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و دروزەکان و کوردەکان خزمەتێکی زۆریان بە ئیسرائیل کردووە چونکە لەوەتای ئەوان چوونە دەسەڵات لەسوریا کێ باسی غەززە دەکات ؟

سێ دەستکەوتی گەورەی ئەنقەرە لە شەڕی حەلەب

ئەردۆگان لە ڕێگەی ئەم ئاڵۆزییانەوە سێ ئامانجی سەرەکی و ستراتیژیی پێکاوە:

١. دڵنیایی بۆ ئیسرائیل و کۆنترۆڵی جۆلانی: ئەردۆگان نەک هەر گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساند، جۆلانێشی ڕاسپارد بەوەی واژۆی ڕێککەوتنێک بکات کە تێیدا دەسەڵاتی جۆلانی هیچ کات نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. بەمەش گورزێکی لە جۆلانی داوەو پێگەی ئاینی و سیاسی لەق کردووە، لەهەرکاتێکدا دەتوانێت بەنزیکترین کەسەکانی جۆلانی بیکۆژێ بەبیانوی ئەوەی ئیمانی لاوازەو لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتووە.

٢. بچووککردنەوەی جۆلانی لە ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا: بە جۆرێک دەست و پێی جۆلانی بەستەوە کە هیچ کات بوێری ئەوەی نەبێت وەک سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبیی هاوسێی تورکیا ڕەفتار بکات یان خۆی لەشانی سەرۆکی تورکیادا ببینێتەوە. بەڵکو هەمیشە وا تەماشای خۆی بکات کە ئەو سەرکردەی گروپێکی چەکداری وەک بەرەی نوسرەیە نەک سەرۆکی وڵاتێک.

٣. خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی تاوانەکان: ئەردۆگان توانی ئۆباڵی کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەکانی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) بخاتە ئەستۆی جۆلانی. هەرچەندە لە واقیعدا ئەو شەڕە بە پلەی یەکەم لەلایەن “مورتەزەقە” و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و بە چەک و پشتیوانیی لۆجستیی ئەنقەرە ئەنجام درا، بەڵام لە ڕووی میدیایی و سیاسییەوە بە بڕیاری جۆلانی و لەژێر ناوی “سوپای حکومەتی سوریا” ناسێندرا بۆ ئەوەی تورکیا لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ بپارێزێت. بەتایبەتیش کاتێک تاوانەکان دەترازێنە ناو تاوانی نێودەوڵەتییەوەو دەگەنە ئاستی کۆمەڵکوژیی.

شکستی کورد و دۆڕانی چەتەکانی تورکیا؛ جیاوازیی نێوان شکۆ و سەرشۆڕی

لێرەدا پێویستە جیاکاریی لە نێوان چەمکی “شکست” و “دۆڕان”دا بکەین. ئەوەی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕوویدا بۆ کوردەکان، “شکستێکی سەربازی” بوو، لە دووگەڕەکدا لە بەرامبەر چەندین هێزی پڕچەکی دوو دەوڵەت و هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی، بەو حاڵەشەوە شەڕڤانە کوردەکان شەڕەکەیان نەدۆڕاند. خەڵکی دوو گەڕەکی کوردنیشین وەک هەمیشە بە شکۆوە بەرگرییان کرد، ئەگەرچی خاک و ماڵیان لەدەست داو دوای چەندین ڕۆژ بەرگری شکسیان هێنا، بەڵام وەک سیانزە ساڵی ڕابووردو بە ئیرادەوە جەنگان و شوناسی خۆیان بەسەر بڵندی هێشتەوەو خاکی خۆیان وەک جۆلانی نەفرۆشت.

لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا، زیانلێکەوتووەکان، تەنها کوردەکان نەبوون، کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتاربوونەوە، بەڵکو گەورەترین دۆڕاوی ئەم شەڕە خودی “محەمەد جۆلانی” و ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانە بوون کە وەک ئامرازو بوونەوەری بیرنەکەرەوە بەکارهێندران و بە “دڵی ڕەش و دەستی ڕەش و ڕیشی درێژو جلی ڕەشەوە” بە پشتیوانیی تورکیا ڕەوانەی بەرەی شەڕکران و لەبەر لولەی تفەنگی شەڕڤاناندا زۆریان بەلاداکەوتن کوژران و بریندار بوون. ئینجا توانیان بچنە ناو گەڕەکی کوردەکانەوە ئەوەش زیانێکی مرۆیی بوو لەسوریا نەک لە تورکیا. هەر بۆیە وەک بەکرێگیراو بێ ڕێزو شکۆ ژیان و مرن؛ بێئەوەی ئاخێکیان بۆ هەڵکیشرێ یان میدیای سوریاش باسیان بکات و نرخێکیان بۆ دابنێت، وەک “مێش و مەگەز” کوژران و بە بێدەنگی نێژران. مێژوو ناوی ئەمانە وەک “پیسترین مەخلوق” لە تۆماری لە بیرچوونەوەدا تۆمار دەکات. نەک وەک مرۆڤ و شەڕڤانی تێکۆشەر.

لە بەرامبەردا، شەڕڤانان وەک چۆن ئازایانە بەرگریان کرد ئازایانەش شەهید بوون و گیانیان بەخشی، چونکە دیل بوون لەبەردەستی ئەو چەتانەدا وتا قایلبوون بە سوکایەتی و دەستدرێژی سیکسی لەبەرئەوەی رێزگرتن لەدیل لەکەلتورریاندا نیە. جیاوازییەکە لێرەدا دەردەکەوێت: کاتێک شەڕڤانێک لە پێناو خاک و شکۆدا گیان بەخت دەکات، دایکان دەست وپەنجەیان لە خەنە دەگرن و بەسرودو لاوانەوەی کوردی و بە شکۆوە ئەسپەردەی خاکیان دەکەن. بەڵام کێ ئاهێک بۆ چەتەکانی “داعش، عەمشات و حەمزات” هەڵدەکێشێت؟ ئەوان چونکە ئامرازی دەستی یارییە سیاسییەکانی ئەردۆگان بوون و دوای بەکارهێنانیان، وەک ئەوەی نەبووبن فڕێ دەرێنە ناو تاریکی مێژووەوە بۆلەبیرچوونەوە. بەڵێ شەڕڤان و موجاهیدانی ئیخوان وەک لەشەڕدا بەراورد ناکرین لەمەرگیشدا جیاوازیان زۆرەو پێکەوە بەراورد ناکرێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO