ئەگەرچی کورد دەوڵەتی نییە و نەتەوەی بێدەوڵەتیش بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە بکەوێتە ناو پرۆسەی لەناوبردنەوە، بەڵام باوەڕم بەوەیە کورد لە ئێستا و داهاتوودا توانای گەشەکردنی هەیە، بەئەندازەیەک کە ئەم حیزب و سیاسەتەی ئێستای حیزب و سەرکردەکانی تێپەڕێنێ چونکە فاشیزمێک لەبەرانبەریدا وەستاوە نیازی لەناوبردنی کوردی هەیە و تاکی کوردیش لەم نیازە بێئاگا نییە.
کێشەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها کێشەیەکی سیاسیی سنووردار نییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەردەوامە لەگەڵ پرۆسەی سڕینەوە و لەناوبردنی فیزیکی و پاکتاوی ڕەگەزی. ئەگەرچی پێگەی ئێستای کورد لە ڕووی سیاسییەوە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە لەرزۆک دەردەکەوێت، بەڵام توانای گەشەکردن و تێپەڕاندنی چوارچێوەی تەسکی حیزبایەتی لە ئایندەدا وەک پێویستییەکی مێژوویی سەرهەڵدەدات. ئەم گەشەکردنە تەنها بژاردەیەک نییە بۆ پێشکەوتنی شارستانی، بەڵکوو تاکە ڕێگەیە بۆ مانەوە لە بەرانبەر ئەو فاشیزمەی ئامادەیە بوونی کورد وەک نەتەوە بسڕێتەوە و ناسنامە کولتوورییەکەشی بۆ خۆی ببات.
ستراتیجی فاشیزم و وەهمی پاراستنی دەرەکی
لە ئێستادا فاشیزمی تورکی و عەرەبی لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکیان گرتووە کە ئەویش سڕینەوەی فیزیکی و نەتەوەیی و نکۆڵیکردن لە بوونی کوردە، فاشیزمی ئێرانیش لەولاوە لەهەوڵی بە ئێرانی کردنی کورددایە. واتا لەئێران وێرای سزای لەسێدارەدانیش بەڵام نکۆڵی لە بوون و کولتووریی کوردی ناکات بەڵکوو پێناسەی کوردی بە ئێرانی دەکات.
ئەم دژایەتیانە تەنها ڕەهەندێکی سەربازییان نییە، بەڵکو هەوڵێکی گشتگیرە بۆ نەهێشتنی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی جیاوازی کوردیی. یەکێک لە هەڵە کوشندەکانی کوردیش لەم قۆناغەدا، چاوەڕوانیکردنە لە هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا بۆ پاراستنی. هاوکات، تەسلیم بوون و نەرمی نواندن بەرانبەر بە دەوڵەتانی داگیرکەر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پاکتاوی ڕەگەزیی، ئەویش تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە ماهییەتی فاشیزم، چونکە فاشیزم لە بنەڕەتدا باوەڕی بە دیالۆگ و مافی ئەوی دیکە نییە. بۆ نموونە، کوردە موسڵمانەکان کەوتوونەتە ناو ئەو وەهمەوە کە بڕوایان بەنەتەوە و مافەکانی نییە و دەیانەوێ بە ناسنامەی ئیسلامی خۆیان بپارێزن بەڵام کاتێک دەزانن بوونە پارێزەری ناسنامەی ئەوانی دی و ناسنامەی خۆیان ون کردووە.
نەبوونی هاوسەنگی لە هاوسۆزیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا
گرفتێکی تری جەوهەری کە ڕێگەی بۆ فاشیزم خۆش کردووە تاوانەکانی بگەیەنێتە ئاستی جینۆساید، بریتییە لە تەنیایی نەتەوەیی کورد لە مەیدانی سیاسەت و تەنانەت هاوسۆزیی مرۆییدا. کورد هەمیشە وەک نەتەوەیەکی مرۆڤدۆست، پەرۆشییەکی بێوێنەی بۆ ئازارەکانی نەتەوەکانی تر نیشان داوە؛ بۆ نموونە، کوردی موسڵمان لە کاتی تراجیدیا و کارەساتە سروشتییەکان و تاوان و تراجیدیا سیاسییەکاندا، بە هەمان ئازاری نەتەوەکانی ترەوە دەناڵێنێت وپشتیوانیان بۆ ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئەو هاوسۆزییە لەلایەن ئەوانی ترەوە بەتایبەتیش لەلایەن “عەرەب و تورک و فارس”ەوە بۆ مرۆڤی کوردی موسڵمان بوونی نییە.
ئەگەرچی ئەم دۆخە زیاتر لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بووەتە دیاردە، بەڵام بۆ ڕەوتە فیکرییەکانی تریش وەک شیوعی و کۆمۆنیستەکان هەر ڕاستە، کە چەندە پەرۆشی کێشە جیهانییەکانن، هێندە لەلایەن هاوبیرە نێودەوڵەتییەکانیانەوە فەرامۆشکراون و پشتگیری ناکرێن. ئەگەر ئەم هاوسۆزییە پێچەوانە بوایە، بۆ نموونە، مرۆڤی عەرەب و عەجە م و تورک لە وڵاتەکانیاندا لەسەر نەهامەتییەکانی کورد و ئەو جینۆسایدانەی لەدژی ئەنجام دەدرێن بەدەنگ بهاتنایە ئەوا فاشیزم نەیدەتوانی بەم ئاستە مەتریسدارە ملهوڕی بکات و ستەمکارییەکان هەتا ئاستی جینۆساید هەڵکشێ و دەست بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کورد ببات.
ماهییەتی فاشیزم و بەکاربردنی ئایین وەک چەک
فاشیزم وەک ماشینێکی بێ گیان و بێ عەقڵ وەک ئاسنەواڵەیەکی بە هەڵپە کار دەکات، کە تەنها ئامانجی لەناوبردنی نەیارەکانییەتی. یەکێک لە مەترسیدارترین ئامرازەکانی دەستی فاشیزمی ناوچەیی بۆ پارچەپارچەکردنی کورد و دەستبەسەرداگرتنی، بەکارهێنانی ئایینە. لەم چوارچێوەیەدا، ئیسلامی سیاسی ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕێت و هەوڵدەدات بەناوی پیرۆزییەوە کوردبوون بخاتە پەراوێزەوە. بە پیرۆزکردنی چەمکەکانی وەک خاک و ئایین بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتی فاشستی، وەک ئەوەی لە ئەزموونی ڕژێمی بەعس، ئێران و ئیخوان موسلمین دا دەبینرێت، هەوڵ دەدرێت هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی کورد وەک دژایەتی ئایین بناسرێت، ئەمەش وا دەکات کورد لە ناوخۆیدا ببێتە دوژمنی یەکتری و لە قازانجی فاشیزم بشکێتەوە. گوتاری فاشیزم لاواز نییە، چونکە پەنادەباتە بەر باشترین و کاراترین چەکەکان و بۆخۆی پاوانیان دەکات وەک (پیرۆزی خاک و پیرۆزی نەتەوە و پیرۆزی ئایین)، بەم پێیە هەر دژایەتیەکی دەوڵەت و سەرۆک و دەسەڵات وانیشان دەدات کە دژی ئەو پیرۆزیانەن. بۆ نموونە، سەدام هەر دژایەتییەکی ڕژێمی بەدژی بەدژی نەتەوەی عەرەب ناو دەبرد، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو دەنگێکی ناڕازی بەدژی ئاینی ئیسلام ناو دەبات، ئیخوان موسلمینیش هەر دژایەتیەکی ئەردوگان و چەتەکانی سووریا بە دژی ئیسلام ناودەبەن. بۆیە کورد بەتایبەتیش کوردی موسڵمان ئەگەر زۆر وریا نەبن دەکرێن بەدوژمنی یەکتری لە قازانجی فاشیزم. ئیدی ئەوەی هەمانە و ئەوەی هەتا ئێستا دروستمان کردووە یان بەنیازین دروستی بکەین بەدەستی خۆمان دەیڕوخێنین. ئەوسا دەبێت بەخەجاڵەتییەوە جگە لەو خوێنەی لێمان دەڕژێ بەرگەی ئەو سوکایەتیەش بگرین کە پێمان دەکرێ.
هەموو دونیا دەزانن کە کوردەکان بۆهیچ کەس مەترسی نین، چونکە کورد ناتوانێت وەک ئەوانی دی فاشی بێت، کوردەکانیش لەوە تێگەیشتوون کە هیچ ڕێگەیەکی فاشیزم ناچێتەوە خزمەتی کوردبوون. کەچی ئەم دیدە مرۆڤدۆستییە لەبری پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆی بووە بە کێشە. بۆیە ئەگەر وریا نەبین لە ئایندەدا هەموومان دەکەنە دوژمنی یەکتری، بۆ ئەوەی بە دەستی خۆمان یەکتری تەواو بکەین و ئەوانیش بەناوی ناوبژییەوە بێن و دەست بەسەر هەموو شتێکماندا بگرن و هەرچیمان هەیە بۆخۆیان بیبەن.
بۆیە لە غیابی دەوڵەتێکی نیشتیمانیی کوردستانیی دا، کە بتوانێت بەرگری لە مافەکانی کوردستانیان بکات، تاکە سەنگەری بەرگریی بۆ پاراستنی بوونی کورد پەنابردنە بەر کولتوور و ناسنامە ڕەسەنەکەیەتی کە هەزاران ساڵە بە زیندوویی ڕایگرتووە. ئەگەر کورد بە وریاییەوە مامەڵە نەکات، فاشیزمی ناوچەیی لە ڕێگەی دروستکردنی دوژمنایەتیی ناوخۆیی و قۆستنەوەی بێدەنگیی نەتەوەکانی تر، کورد بە دەستی کورد لەناو دەبات. بۆیە پێویستە کورد تێبگات کە تەنها خۆی دەتوانێت پارێزەری خۆی بێت و کار بۆ یەکخستنەوەی پارچە پەرتەوازەکانی ناسنامەی کوردبوون بکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە جینۆسایدێکی نوێ.



