سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خەباتی کوردایەتی و چەند سەرنجێک

محەمەد حەمە تەقی

لەبەر بێدەوڵەتی، کورد هەمیشە نەتەوەیەکی ژێردەستە و پەراوێزخراو بووە، ئەم ڕەوشەش وای لێ کردووە بەناچاری بەردەوام لە شۆڕش و بەرخۆداندا بێت، قوربانی بدات، کۆمەڵکوژ بکرێت، دەربەدەر و ئاوارە بکرێت، شۆڕشێکی لەناوبراوە، شۆڕشێکی دیکە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە سەری هەڵداوە. ئیدی ئاوا، لە ناوچەیەک سەرکوتکراوە، لە ناوچەیەکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە. گەرچی نامەوێت بە نائومێدیەوە سەیری ئایندە بکەم، بەڵام ئاکامی هەموو ئەو شۆڕش و بەرخۆدانانە، ئەو هەموو قوربانی و ماڵوێرانییە، گەلی کوردی نەگەیاندە کەنارەکانی ئارامی.  

سەرەتای سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتیی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دا، مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی فەرەنسا، شەپۆڵەکانی ئەم شۆڕشانە کە هەڵگری تۆوی نەتەوایەتی بوون، لە ئەوروپای ڕۆژئاواوە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناو کۆمەڵگەی کوردی. ئەمە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە هۆنراوەکانی حاجی قادری کۆیی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی دائاسۆکانی هەستی نەتەوایەتیلەوڕۆژگارەدا ببینین.

لەبیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو

نەسوخرەکێشی عەجەم، نە مەحکومی ئالی عوسمان بوو    

وەک چۆن هەستی نەتەوایەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دا مێژوویەکی کۆنی نییە، بە هەمان شێوە ئەوەی کە پێی دەگوترێت خەباتی کوردایەتی، کە مەبەست لێی شۆڕشە چەکداریەکانی گەلی کوردستانە دژی داگیرکەرانی وڵات، مێژوویەکی کۆنی نییە، ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین خەباتی کوردایەتی لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە شۆڕشەکەی “شێخ عوبەیدوڵای نەهری”ـەوە دەستی پێ کردووە. لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە کە هەلومەرجێکی نوێ هاتە پێشەوە، خەباتی کوردایەتییش گەیشتە ئاستێکی باڵاتر، لە دروستکردنی ڕێکخراو و کۆمەڵەوە تا دامەزراندنی حکومەت و دەوڵەتداری، وەک دامەزراندنی حکومەتەکەی شێخ مەحموودی نەمر لە سلێمانی و حکومەتەکی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەلایەن قازی محەمەد، لە کۆمەڵەی دارکەرانەوە بۆ حیزبی هیوا و ژێکاف و حیزبی دیموکراتی کوردستان تا پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەندین ڕێکخراو و ڕاپەڕینی تر.

واتە تەمەنی خەباتی کوردایەتی لە ١٥٠ ساڵێک زیاتر تێناپەڕێت، لەو ماوەیەدا چەندین شۆڕشی چەکداری لە پانتایی کوردستان دا سەری هەڵداوە. هەر لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی نەمرەوە تا شۆڕشی سمکۆی شکاک و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی دەرسیم؛ هەر لە ڕاپەڕینەکانی سلێمانی و بارزانییەکانەوە تا کۆمارەکەی قازی محەمەد و هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ، کە دوو شۆڕشی درێژخایەنی گەلی کوردستان بوون لە باشووری کوردستان.

بەداخەوە زۆربەی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە، تەنانەت “حکومەتەکەی شێخ مەحموود” و “کۆمارەکەی مهاباد”یش بەبێ هیچ دەستکەوتێک بۆ گەلی کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر تراجیدی و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کۆتاییان پێهات و سەرکوت کران. ڕەنگە بۆ هەر شۆڕش و هەر بەرخۆدانێک دەیان هۆکاری شکست و سەرنەکەوتن هەبێت بخرێتە ڕوو، زۆربەی ئەو هۆکارانە لە شۆڕشەکاندا دووبارەن. دیارە هۆکاری ئەم شکستە بەردەوامەی خەباتی کوردایەتی بەدەر لە هێز و پیلانی داگیرکەران، کە ئەوە شتێکی بەڵگەنەویست و چاوەڕوانکراوە، چەندین هۆکاری تریشی هەیە، کە پەیوەستە بە گەلی کوردستان خۆیی و شێوازی خەباتەکەیەوە، کە بەشێوەیەکی نەرێنی گەلی کوردستان لەبازنەیەکی داخراودا و لەژێر ڕەحمەتی داگیرکەراندا هێشتووەتەوە، لەوانە:

– هەموو ئەو شۆڕش و بزووتنەوانە تەنها لە گۆشەیەکی بچوکی کوردستانەوە خەباتی دژی داگیرکەران کردووە، واتە نەبووە بە خەباتی سەرتاسەری لە تەواوی جوگرافیای کوردستاندا، شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران، لە سنوری ئامەد دەربازی نەبوو، شێخ ڕەزا تەنها لە سنوری دەرسیم لە ڕووی داگیرکەرانی تورک وەستایەوە، سمکۆی شکاک تەنها لە ناوچەی ورمێ خەباتی دەکرد، شۆڕشەکانی بارزان لە سنوری بارزان و مێرگەسور قەتیس مابوو، تەنانەت حکومەتەی شێخ مەحموود سنوری ئەوکاتەی ولایەتی سلێمانی تێنەپەڕاند، کۆمارەکەی قازی محەمەدیش تەنها لە شاری مەهاباد و دەوروبەریدا مایەوە و شۆڕنەبوویەوە بۆ ناوچەکانی تری کوردستان، ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە داگیرکەر بتوانێت زۆر بە ئاسانی ئابڵوقەی ناوچەکە بدات و شۆڕشەکە لەشوێنی خۆیدا بخنکێنێت، تەنانەت زۆرجار سەرانی شۆڕش و حکومەتیش بەدیلی دەکەوتنە دەست دوژمن و لەسێدارە دەدران یان دەکوژران.

یەکەم، هەرگیز خەباتی کوردایەتی نەیتوانیوە لەناو دڵی داگیرکەراندا کارا بێت. دەبوو دەستی شۆڕش بگەیشتایەتە ناوەندەکانی بڕیاردانی دەسەڵاتی داگیرکەر، بە هەر نرخ و بەهەر شێوازێک بوایە. دەبوو شۆڕش لە پایتەخت و شارە گەورەکانی دەوڵەتی داگیرکەر(شارەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان) چالاکی بنوانایە، ئیتر چالاکی (اغتیالات)، کوشتنی سەران و کاربەدەستانی ڕژێمە داگیرکەرەکان بوایە، یان چالاکی تەقاندنەوە و زیان گەیاندن بوایە بە پڕۆژە ئابووری و سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئەو ڕژێمان. ئەگەر ئەو چالاکیانە بکرایە بەکەمترین زیان دوژمن بەچۆکدا دەهات و زووتر سەری بۆ مافە نەتەواییەکانی گەلی کوردستان دادەنەواند. دەبوو شۆڕش و خەباتی کوردایەتی مەترسی تەواوی لەسەر دەسەڵاتی داگیرکەر دروست بکردایە. شۆڕش لە کوردستان دا چەند درێژەی بکێشایە و چەند بەتینوتاو بوایە، دوژمن زۆر باکی نەبوو، چونکە هەر خەڵکی کوردستان دەبوون بە قوربانی هەر ڕەزوباخی جووتیاری کوردستان دەسوتا، هەر شار و گوندی کوردستان خاپووردەبوو.

دووەم، زەمینە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی نەک هەر ئەوکاتە، تەنانەت ئێستاش زۆر لەبارە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، کە بەئاسانی دزە بکەنە ناو کۆمەڵگەی کوردی و شۆڕش و خەباتی کوردایەتی دووکەرت بکەن و بەلاڕێیدا بەرن، ناکۆکی خێڵایەتی و ناوچەگەرێتی و ئایین و ئایینزا و ڕێبازی جیاواز لە کۆمەڵگەی کوردی دا بە زەقی کاری لەسەردەکرێت. هێشتا کوردبوون نەبووە بە چەترێک کە هەموو ئەم جیاوازیانە لەخۆیدا کۆبکاتەوە، یان دەتوانین بڵێین کە هیچ کام لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە (خەباتی کوردایەتی) نەیتوانی ئەو یەکبوونە لەناو کۆمەڵگەی کوردی دا دروست بکات، بەتایبەتی کە زۆربەی سەرکردەکانی شۆڕش خۆیان لەبنەڕەتدا سەرکردەی خێڵ یان سەرکردەیەکی ڕێبازێکی ئایینی بوون و جگە لە خێڵ و ڕێبازە ئایینیەکەی خۆیان. ئەو جیاوازیانەیان قبوڵ نەدەکرد، ئەوانی تریان لە پەراوێزدا دەهێشتەوە، زۆرجار دژایەتیشیان دەکردن، شۆڕش بەسەرکردە و ڕێباز و خێڵەکەیدا دەناسرایەوە، نەک بە کوردبوونەکەی.

سێیەم، سەرانی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی خوێندنەوەیەکی تەواویان بۆ هاوکێشە هەرێمایەتی و جیهانییەکان نەبووە، زۆرجار خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورد بووە بە دەستکەوتێک بۆ ئەو دەوڵەتەی کە سەرانی شۆڕش بە هاوکار و پشتیوانی خۆیان زانیوە، کورد لە نەبوونی دەوڵەتدا هەمیشە یاریپێکراو بووە، خەباتی کوردایەتی تا ئەم قۆناغەی ئێستاش، تەنها دەتوانێت لە دەرەوی خۆی لۆبی دروست بکات بۆ پشتیوانی و هاوکاری دۆزە ڕەواکەی، هەرگیز ناتوانێت وەک دەوڵەتێک، پەیوەندی سیاسی و ئابووری سەربەخۆ دروست بکات، چۆن هێزێکی شۆڕشگێڕی چەکدار دەتوانێت پەیوەندی نێودەوڵەتی دروستبکات؟

چوارەم، پشتبەستن بە ئایدۆلۆجیایەکی دەرەکی، کە زادەی کۆمەڵگا و کولتووری گەلانی ترە، یان وابەستەبوون بە ڕێبازێکی ئایینی تایبەتەوە، نەک هەر بۆ کورد و خەباتی شۆڕشگێڕی تەنانەت بۆ زۆر دەوڵەتیش، ئاکامەکەی شکست و تیاچوون بووە. لەکاتێکدا گەلی کورد خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەند و مێژوویەکی دێرین و جوگرافیایەکی فراوانە، دەتوانێت هەر لەو کولتوور و مێژووەی خۆی ڕێبازێکی خەباتی کوردانە پیادە بکات، بەشێوەیەک کە نە زیانی بۆ ئایندەی خۆی هەبێت، نە بۆ هیچ نەتەوە و گەلێکی تریش.

گەرچی ئەو خاڵانەی سەرەوە تەنها چەند سەرنجێکی کورت و بەرچاوی خەباتی کوردایەتی مێژوویەکی ڕابردووی نزیکە، بەڵام دەتوانرێت لە خەباتی کوردایەتی بۆ ئێستا و داهاتووش جێگەی سەرنج و مشتومڕ بێت، تا ئەو ڕۆژەی کورد دەبێت بە خاوەنی دەوڵەتی دانپێدانراوی خۆی.

 سەرخستنی خەباتی نیشتمانپەروەریی پێویستی بە سیاسەتێکی ورد و تۆکمە هەیە، کە ئامانجێکی ڕوون و خەسڵەتێکی کوردستانیانەی هەبێت. پێویستی بەیەکبوونی ناوماڵی کوردستانی هەیە، پێویستی بەوەیە کە کوردبوون و کوردستانییبوون، ببێت بە چەتری کۆکردنەوەی هەمووان.  

لە ئێستادا خاکی کوردستان چوار پارچەی لێکدابڕاوە، هەر پارچەیەکی لەژێردەستی دەوڵەتێکی داگیرکەردایە، هەر یەکە لەو دەوڵەتانە خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە نەک هەر لە ڕووی هێزی سەربازیەوە لەیەکتر جیاوازن، تەنانەت لە ڕووی ئابووری و ڕژێمی سیاسی و بەرژەوەندی نەتەوەییان و پەیوەندیان بەدەوڵەتە زلهێزەکانی جیهانەوە لەیەکتر جیاوازن. ئەمەش وای کردووە خەباتی کوردایەتی تا ئاستێکی بەرچاو سەخت و دژوار بێت. گرنگترین کارێک لە ئێستادا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو خۆسەریەی ڕۆژئاوایە، کە دەتوانرێت وەک نەواتێک بۆ ئایندەی تەواوی کوردستان کەڵکی هەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO