لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئێران چەندین قەیرانی ڕیشەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کێشەی سەرەکیی دەوڵەت ئەوەبوو لەبری ئەوەی قەیران چارە بکات، قەیرانەکانی بەڕێوە دەبرد و درێژخایەنتری دەکردن، وای لێهات قەیرانی بە قەیرانی نوێ چارە دەکرد. تەنانەت لە نێو کوڕانی شۆڕشدا دژبەریی زیاتر پەرەی سەند، بۆ نموونە، کاتێک باری ئابووری و گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایەتی خودی شۆڕشییەکانی چینی خوارەوە وای کرد شەپۆڵێکی دەسخاڵی و هەژارانی وەلائی لە نێو حیزبوڵاهییەکاندا لەوپەڕی پۆپۆلیزمدا خۆی دەرخست و بە دروشمی دژی ئەشرافیەت و پۆزی خانەدانێتی و کاسبیکردن بە دینەوە لە لایەن سەرانی شۆڕشەوە (بەپشتیوانی خودی ڕێبەرەکەیان) دەرکەوت و هەر ئەم شەپۆڵە لە هەڵبژاردنیشدا بۆ دوو خول مەحموود ئەحمەدی نەژادی کردە سەرکۆمار. بەڵام نەک قەیرانی درزی نێوان خەڵک و چینی خوارەوە و سەرانی دەسەڵات و چینی خانەدانی دەوڵەتی کەم نەکردەوە بەڵکوو فراوانتری کرد و قەیرانی دیکەی لە سیاسەتی دەرەکی و دارایی و گوتاریی دەوڵەتی ناواقیعی و زیاتر بەرزەفڕ و ئامانجگەراتر کرد.
کاتێک باری ئابووریی و گوزەرانی خەڵک خراپتربوو و خۆپیشاندان دەکرا، ئەو بە وروژاندنی پرسی جیاخوازیی کورد و بەلوچ و عەرەب تۆمەتباریی دەکردن و لەمەشدا سەرکەتوو بوو کە خەڵکی فارسی چەواشە دەکرد و لە توڕەیی خۆیان پاشگەز دەبوونەوە و لەبەر مانەوەی ئێران کە لەبنجەوە لەسەر بنەمای گوتارێکی سەپێنراو نەک یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکانی نێوی بنیاتنرا بێت. یان کاتێک لەنێو خۆیدا کەسانی وەک موسەوی و خاتەمی و ڕەفسەنجانی تێهەڵدەچوونەوە و ناڕازییان دەردەبڕی، ئەو بە قەیرانی سیاسەتی دەرەکی خۆی چارەی دەکردن و بە فیتنە و فیتی ئیسرائیل و ئینگلیز و ئەمریکا لەقەڵەمی دەدان.
کاتێکیش پرسی حیجاب و ئازادیی ژنان دەهاتە پێش کە پرسی هەموو پێکهاتەکانە بە سیناریۆی تیرۆریستی و ناشیرینکردنی ڕووخساری دەرەوەی ئێران کۆتایی پێدەهێنا و لە بری چارەسەریی ڕیشەیی و دەستووری، خەڵکی ئێرانی بە تیرۆر و تۆقاندن ناوزەد دەکرد، ئەمەش ڕقی نوێی دەچاند.
کاتێکیش خۆپیشاندانێکی جەماوەری وەک ئەوەی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ی ژینا ڕووی دەدا، ئیدی لەبری چاکسازیی ڕیشەیی هانای بۆ پڕۆ-ئێرانییەکانی دەرەوە دەبرد تا پارێزگاریی لە کۆمار بکەن بە نانەوەی پەشێوی تێکدانی وڵاتانی دیکە و وڵاتانی بیانی ناچار بکات پشتیوانی خەڵکی نێو ئێران و نەتەوەکانی نەکەن.
دەوڵەت بۆ ئەمەش سامان و پارەی خەڵکی لەبری ئەوەی قەیرانێکی پێ چارە بکات، دەیدایە وەلائیەکانی عێراق و ئەفغان و یەمەن و لوبنان و سووریا و فەلەستین تا ئێران بپارێزن، ئەمەش چەندین قەیرانی نوێی بۆ سیستەمەکە دەخوڵقاند.
کاتێکیش لە سیاسەتی دەرەکیدا لەبری “بێلایەنی ئەرێنی”، “بێلایەنی نەرێنی” هەڵبژارد و لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا دا هەڵشاخایەوە و لە بری ئەوەی ئاشت بێتەوە، بیری لەوە کردەوە گەر ڕێی پیتاندنی ئەتۆمی موشەکی ناوەکی بگرێتەبەر، ئەوا دنیا ناچار دەکات بێنەوە بەر هەیوانەکەی. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ٢٠٠١ەوە ئەمەش بووە سەرباری قەیرانی تر و سیاسەت و پەیوەندییەکانی دەرەکی ئێرانی هێندەی تر پەراوێز خست. کاتێکیش لەبەر ئەتۆم گەمارۆیان خستەسەر، بە پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکانی وڵاتانی جیهانی سێ و ئیسلامی، پەشێوی و نائارامی دروست کرد و بۆ هاوکاریی ئەوانەش مووشەکی دوورهاوێژی بەرهەمهێنا.
هەموو ئەم هەنگاوانەی کە یەکەمجار وەک چارەسەر دەیخستنەڕوو هەموویان بوونە بارتەقای قەیرانی دیکە و دەوڵەت وەک هەمیشە لە هەموویاندا کورتیهێنا و بوونەوە کارتی فشاری زیاتر لەسەری و بوونە هەوێنی ناڕەزایەتی خەڵک. ئێستا ئێران نەک تەنها قەیرانی دارایی، قەیرانەکانی دیکەشی بۆ جێماوە، وەک: دبلۆماسی و پەیوەندی، بەخێوکردنی پڕۆکانی، لێچوونی سەربازیی و تەکنۆلۆجیای زیرەک، دراوی وڵاتەکەی، پرسی ئەتۆم، دەسهەڵگرتن لە موشەک، گەمارۆکان، وازهێنان لە پڕۆکانی، کێشەی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری، مەسەلەی مافی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی، هتد. دەبێت هەموو ئەمانە واز لێ بهێنێت!
ئایا دەتوانێت؟ بێگومان نەخێر چونکە وازهێنان لەمانە واتە کۆتایی دەسەڵات و گوتار و پشتتێکردنی جەماوەرەکەی.
هەموو ئەم هەنگاوە قەیرانسازانەشی لە چوارچێوەیەکی دەستووری و گووتاری هەناردەکردنی شۆڕشدا ڕێکخست و وەک باوکی هەژاران و ستەملێکراوانی دنیا خۆی ناساند، بەڵام هەنووکە هاونیشتمانییەکانی خۆی پێ تێر ناکرێت و هەردوو چینی ناوەند و خوارەوە و سەرجەم پێکهاتە نافارسەکان ناڕازین و وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژئاوایش هەروا ناتەبان لەتەکیدا.
ئێستا پاش دەسخاڵێتی لە گوتاردا، ئێران، بەڵێن و دروشمەکانی لە خۆشگوزەرانکردنەوە گۆڕیووە بۆ ئەوەی بڵێت گەر ئەم سیستەمە بڕوخێت ئەوا بەعێراقیبوون و بەسووریابوونی ئێران چارەنووستانە، لەکاتێکدا هەردوو ئەم وڵاتە خۆی بەو دۆخەیدا بردن لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە.
وا ئێستا دۆخی ئێران وەک چیرۆکی ئەو کراسەی لێهاتووە کە یەکەمجار سووچێکی دڕا و خاوەنەکەی پارچەیەکی هەر لە کراسەکە لێکردەوە بۆ پینەی یەکەم و پارچەی سێیەمی دەبڕی بۆ پینەی دووەم و چوارەمی بۆ سێیەم ، بەم شێوەیە تا کراسەکە هەمووی پینە و پەڕۆ و پارچەی ساغی بێپینەی نەما و لە کراسێتی کەوت.
ئێران چ بکەوێت و چ لاواز بێت، چ کوڕی پەهلەوی بهێننەوە و چ کودەتا بە سوپا و سەرانی خۆی بکەن ئیتر نابێتەوە بەو دەوڵەتە مەرکەزییە و نۆرەی ئەوانی دیکەش دێت.
ئەمە ستراتیج و مانشێتی سەردەمێکی نوێی سەد ساڵی ئایندەیە: ڕۆژهەڵاتێکی ناوین بە بێ دەوڵەتێکی مەرکەزیی و یەک سوپایی و گشتگیر. نۆرەی پێکهاتەکانە گەر خۆیان بیانەوێت.



