سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دیکتاتۆرێکی دیکەی فارس بەسەر ئێرانێکی فرەنەتەوە دا نەسەپێنن

لە کاتێکدا ئێران لەنێوان ناڕەزایەتییە نوێبووەکانی سەرتاسەری وڵاتدا — بەتایبەت لە شارەکانی، مەلەکشایی (ئیلام)، کرماشان و لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان — بەرەو ئەگەری داڕمان دەچێت، گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان ڕوو لەوە دەکەن کە کێ دەبێتە جێگرەوەی ڕێبەری باڵا، عەلی خامنەیی.

هێزە ڕۆژئاواییەکان — بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا — لە بۆشاییەکی دەسەڵات دەترسن کە هاوشێوەی عێراقی دوای سەدام یان ئەفغانستانی دوای داگیرکاریی دروست بێت. بەڵام لە پەلەپەلیاندا بۆ ڕێگریکردن لە پشێوی، هەندێک لە ناوەندەکانی توێژینەوە و میدیا سەرەکییەکان مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت مۆدێلێکی تری شکستخواردوو پەسەند بکەن، کە ئەویش خۆی لە پێکهاتەیەکی دەوڵەتیی ناوەندگەرای فارس-تەوەر لەژێر ناوێکی نوێدا دەبینێتەوە، کە پێشتر سەلمێنراوە چەوسێنەرە و ناتوانێت بەردەوام بێت.

لە ١٩٧٩وە، ئێران لە ڕێگەی سیستەمێکی ئایدیۆلۆجیی فارسی-شیعیی سەنتەر بەڕێوە دەبرێت. بەڵام پەراوێزخستنی نەتەوە نافارسەکان لە ناو سنوورەکانیدا مێژووەکەی بۆ پێش کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. گۆڕینی ناوی “پێرژیا/پێرسیا” بۆ “ئێران” لە ١٩٣٥دا تەنها گۆڕانکارییەکی ڕووکەشی نەبوو — بەڵکوو جەختکردنەوە بوو لەسەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی ساختە و یەکدەستکراو. ئەو گۆڕانکارییە سەرەتای ستراتیجێکی ئیمپریالی مۆدێرن بوو لە سەردەمی ڕەزا شا پەهلەوی دا، کە ئامانجی سڕینەوەی واقیعی فرەنەتەوەیی وڵات بوو لەژێر وەهمی یەکگرتووییدا. ئەوە بووە دەسپێکی سیاسەتێکی درێژخایەنی سەرکوتکردن، لەسێدارەدان و تواندنەوەی زۆرەملێ کە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی لە گرووپە نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئاینییە نافارسەکان — بەتایبەت کورد، بەلووچ و عەرەب — زەوت کرد.

لە “پاشایەتی پەهلەوی”یەوە تا تیۆکراسی ئێستا، فارسەکان دەسەڵات، سوپا و دامەزراوە ئابوورییەکانیان قۆرغ کردووە، لە کاتێکدا کەمینەکانیان سەرکوت کردووە کە داوای دانپێدانان، مافی زمان و ئۆتۆنۆمی سیاسییان دەکرد. زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی سەپێنراوە. ئیسلامی شیعە بوو بە بنەمای ئایدیۆلۆجیی دەوڵەت. گرووپە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان — لەوانە کورد، بەلووچ، ئازەری، عەرەب، تورکمان، قەشقایی، ئەرمەنی، گیلەکی، تەبەری و تالشی — هەروەها، کەمینە ئاینییەکانی وەک کرستیانی، جوو و بەهایی، بێبەش کران، چەوسێنرانەوە، یان بە توندوتیژی سەرکوت کران. کۆماری ئیسلامی پەیوەندی خۆی لەگەڵ شۆفێنیزمی پەهلەوی نەپچڕاند؛ بەڵکوو تەواوی کرد. ڕژێمی ئێستا سیاسەتە ئەتنۆ-ناسیۆنالیستییەکانی ڕەزا خان و کوڕەکەی، محەمەد ڕەزا پەهلەوی، درێژە پێدا و تەنانەت ڕێکوپێکتریشی کرد.

ڕۆژئاوا ناتوانێت بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران وەک هاومانای “فارس”. ئێران دەوڵەتێکە کە لە زۆر نەتەوە و گرووپی نەتەوەیی پێکهاتووە، کە هەرکامیان زمان، کولتوور و ئیرادەی سیاسی خۆیان هەیە. کەچی داڕێژەرانی سیاسەتی ڕۆژئاوایی — لەگەڵ زۆربەی دیاسپۆرای ئێرانی — بە شێوەیەکی خۆکار دەگەڕێنەوە بۆ چوارچێوەیەکی فارس-تەوەر. نوخبە دوورخراوەکان زۆرجار لە دەرەوەی وڵات خۆیان وەک “فارس” دەناسێنن، بەڵام کاتێک لەگەڵ پرسیار دەربارەی مافەکانی کورد یان بەلووچ ڕووبەڕوو دەبنەوە، دروشمی “ئێمە هەموومان ئێرانیین” بەکاردێنن. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ یەکێتیی؛ بەڵکو فێڵێکی ڕەوانبێژییە کە دەیان ساڵ باڵادەستی و سڕینەوەی کولتووری دەشارێتەوە.

 پێشنیارەکان بۆ گەڕاندنەوەی پاشایەتی لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە چارەسەر نین؛ بەڵکوو گەڕانەوەن بۆ شکست. لە کاتی “ڕاپەڕینی ژینا” لە ٢٠٢٢-٢٠٢٣، پەهلەوی نەیتوانی سەرکردایەتی بکات یان ئیلهامبەخش بێت، بەتایبەتی لە نێوان گرووپە نافارسەکان دا. مایک پۆمپێیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا تیشکی خستە سەر ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە پەیوەندی نێوان لایەنگرانی پەهلەوی و سوپای پاسداران دەکەن، ئەمەش زیاتر ناوبانگی ئەوی لەکەدار کرد. تەنانەت لە لوتکەی خۆیدا، کەمپەینی “وەکالەت دەدەم” بە زەحمەت لە ٤٠٠ هەزار واژۆ تێپەڕی. هەرچەندە بەم دواییانە چالاک کراوەتەوە، بەڵام بێبایەخی سیاسی ئەو نیشان دەدات.

پەهلەوی کەسایەتییەکی یەکخەر نییە، بەڵکوو وەک سیمبولێکی پەراوێزخستن دەمێنێتەوە. ئەو هێزێکی بەسەرچووە، پەیوەندی بە داهاتووی ئێرانەوە نییە و شیاو نییە بۆ سەرکردایەتیکردن.

گواستنەوەیەکی مانادار دوای کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە شێوەیەکی خۆکار بگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمی فارسی لەژێر ناونیشانێکی نوێدا. کردنی ئەمە تەنها ئەو سیستمە بەردەوام دەکات کە دەیان ساڵە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی. سەقامگیریی لە زیندووکردنەوەی ڕابردووەوە نایەت بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەیەکەوە بێت کە بنەماکەی لەسەر لامەرکەزییەت و بەشداریپێکردن بێت و دان بە مافی نەتەوەکانی ئێران دا بنێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان — لەوانەش ئۆتۆنۆمی خاکیی/جوگرافیی یان سەربەخۆیی لەو شوێنانەی کە داوا دەکرێت. ئەم مافانە دەبێت بەشێک بن لە نەخشەڕێگا و نەزم و ڕێکاری دوای کۆماری ئیسلامی.

وەهمی یەکێتیی نەتەوەیی باجی داهاتووی ئێرانی داوە. بزووتنەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهوازی و ئەوانی تر مێژوویەکی درێژیان هەیە لە بانگەوازکردن بۆ چارەسەری دیموکراسی کە ڕەگی لە حوکمڕانی خۆجێی، مافە کولتوورییەکان و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا هەبێت. نابێت جارێکی تر دەنگی ئەوان لە پێناو “سەقامگیری”یەکی سەپێنراودا پەراوێز بخرێت.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە ڕاستییەکی بنەڕەتی تێبگات: ئێران دەوڵەت-نەتەوە (nation-state) نییە. وڵاتێکە لە زۆر نەتەوە و پێکهاتەی نەتەوەیی — دەوڵەتێکی چەند نەتەوەیە (nations-state). ئەوەی ئێستا پێویستە گەڕاندنەوەی پاشایەتی نییە، بەڵکوو دانپێدانانە بە جیاوازییەکان. نابێت ڕۆژئاوا دیکتاتۆرییەک بە دیکتاتۆرییەکی تر بگۆڕێتەوە؛ نابێت هەڵەی لەپێشینەدان بە کۆنتڕۆڵی سەرەوە بۆ خوارەوە بەسەر دادپەروەریدا دووبارە بکاتەوە. سەقامگیری لە زیندووکردنەوەی سیستەمێکی شکستهێناوی فارسی-باڵادەست نایەت کە لەلایەن بەریتانیاوە سەپێنراوە.

سەرەڕای بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە بەهێزەکان، لە مێژوودا گەلانی نافارس لە هەر ڕێگەیەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش کران، چونکە بەریتانیا لەژێر پەیماننامەی ئەنگلۆ-پێرژیان لە ٩ی ئابی ١٩١٩دا، یەکپارچەیی خاکی “پێرژیا” — کە دواتر بوو بە ئێران — کردە ئەولەویەت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی خاک، گومرگ و سەرچاوە نەوتییەکان مسۆگەر بکات. ئەو میراتەی یەکگرتوویی سەپێنراو تا ئێستاش بەردەوامە.

پشتیوانیکردن لە دیدگایەکی ڕاستەقینەی گشتگیر بۆ دوای ڕژێم، پێویستی بە وازهێنان لە ئەفسانەی ئێرانی فارسی یەکگرتوو و قبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، دادپەروەری و واقیعی فرەنەتەوەیی وڵات هەیە. تەنها ئەو کاتە هەر حکومەتێکی داهاتوو دەتوانێت شەرعییەت لە نێوان گەلەکانیدا بەدەست بهێنێت.

 ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بەرەو پێش بچێت — نەک بەرەو دواوە — ئەویش لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی ئەو چارەسەرە سەپێنراوانەی کە چاوپۆشی لە واقیعەکانی سەر زەوی دەکەن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO