ئەم بابەتە لەبەر تیشکی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا نووسراوە کە دکتۆر ئیرۆل موتەرجیملەر، نووسەر، لێکۆڵەر و پسپۆڕی ستراتیجیی تورک، کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ناوەندە میدیاییەکانی تورکیا، تێیدا قسە دەکات، لەوێ لە بەرنامەیەک لەگەڵ “مێهمەت مەتینەر” کە سیاسەتوانێکی پێشووی “ئەکەپە”یە و بە ڕەچەڵەک کوردە گفتوگۆ دەکەن. لە کەناڵی (TV100)ی تورکییەوە بێ پەردە، بەم شێوەیە قسە دەکات و دەڵێت: “کۆمەڵەیەکی کوردپەروەری زۆر بەهێز بەڕێوەیە، ئەمە وەک هەڕەشەیەک ڕاناگەیەنم، ئەگەر تورکیا لەسەر ئەمە ڕانەیات و بۆ سوودی تورکیا بەکاری نەهێنێ، لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەتر ببینەوە، لەوانەیە دوای ماوەیەک ئەو شەپۆڵە کوردپەروەرییە دەم پارتی و “ئۆ&جەل$ان”یش تێپەڕێنێت.
ئەمە ئەگەرچی بۆچوونی باوی موتەرجیملەرە کە زۆرجار وەک لێکۆڵەرێکی تورک هۆشداری داوەتە دەوڵەتی تورکیا کە “ناسیۆنالیزمی کوردی” خەریکە دەگاتە قۆناغێک؛ چیتر تەنها بە حیزبێک (وەک دەم پارتی) یان تاقە سەرکردەیەکی (وەک ئۆ_جە=لان) کۆنترۆڵ ناکرێت. هەرلەو سۆنگەیەشەوەیە کەوا تورکیا دەمێکە لە هەوڵی دروستکردنی حیزبی تری کوردی دایە لەژێر هەژموون و ڕێنمایی میت.
پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، لە قۆناغی “کێشەیەکی نەتەوەیی ناوخۆیی” تێپەڕیوە و بووەتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا. ئەوەی ئەمڕۆ لە گوتاری سیاسیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دا بەتایبەتیش فاشیزمی تورکی دا دەبینرێت، تەنها وەک ململانێیەکی سەربازی باسی دەکەن و لەگەڵ چەمکی تیرۆر تێکەڵی دەکەن بەو شێوەیە نییە. ڕاستە ئەوان وا وێنای دەکەن؛ بەڵام لەڕستیدا ترسێکی قووڵی بونیادییە لە دەرکەوتنی “بەرەیەک” لە کوردی نوێ، کە تەنها لە سنووری سەرکردایەتییەکی دیاریکراودا نامێنێتەوە.
ئەم وتارە هەوڵ دەدات شیکاری بۆ ئەو هێزە پەنهانە بکات کە لە دەروونی نەتەوەی کورد دا وەک دەرئەنجامی جینۆساید و نکۆڵیلێکردن و پەراوێزخستنیدا چەکەرەی کردووە و بەشێوەیەکی بەرچاو بووەتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا. ئەمەش خاڵی هاوبەشی قسەکانی “ئیرۆل موتەرجیملەر”و قسەی چەندین کەسایەتی تری سیاسی و هەواڵگری تورکییە لە میدیاکانیاندا، کە ئاماژە بەوە دەکەن “هێزێکی پەنهان” یان شەپۆڵێکی نوێی هۆشیاریی لەناو کورد دا دروست بووە کە نەیارەکانی کورد (وەک تورکیا) لێی دەترسن و وەک مەترسییەکی “ستراتیجیی بونیادی” بەپشتیوانی نەیارەکانی تورکیا تۆمەتباری دەکەن و بە گومانەوە دەیخەنە بەردەم ڕای گشتی تورکی.
فۆبیای تورکی و تێپەڕاندنی کارەکتەرە سیاسییەکان
لە میدیا و ناوەندە ستراتیجییەکانی تورکیا دا، ئیدی ناتوانن نکۆڵی لە کورد بکەن بەڵکوو زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە مەترسییەکە تەنها لە “پە٪کە#کە” یان “ئیدارەی خۆسەر”دا نییە، بەڵکوو لەو “کوردە نوێیە”دایە کە بەڕێوەیە و پێدەچێت “ئۆج^ەل^ان” و “سەڵاحەددین دە^میر^تاش”یش تێپەڕێنێ. ئەم تێڕوانینە لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە ئاماژەیە بۆ “هۆشیارییەکی گشتی” کە چیتر بە گرتنی سەرکردەیەک یان تێکشکاندنی هێزێکی چەکدار کۆتایی نایەت. کاتێک دەگوترێت “کوردێک بەڕێوەیە کە ئۆجەلان و مەزڵوم عەبدی یان سەڵاحەددین دەمیرتاش تێدەپەڕێنێت”، مەبەست لەو گۆڕانکارییە کولتووری و سیاسی و جیهانبینییەیە کە نەوەی نوێی کورد هەڵی گرتووە. یاخود ئەو نەوەیەی کە چیدی ناسنامەکەی “شەڕکەری ئازا” نییە بەڵکوو سیاسی و یاریزانێکی بەتواناشە. ئەم نەوەیە، زمانزانە، هونەرمەندە، فیلمسازە و هێز و جادووی تەکنەلۆجیاش دەناسێت، خوێندەوارە و باشتر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێدەگات. لە هەمووشی گرنگتر، خاوەن ئیرادەیەکی مێژووییە کە لە ئەنجامی سەدەیەک چەوسانەوە و جینۆساید دا توندوڕەق بووە و بەئاسانی ناگیرێ و ناشکێ. تورکیا باش دەزانێت کە ململانێی داهاتوو لەگەڵ ڕێکخراوێکی چەکداردا نییە، بەڵکوو لەگەڵ “ناسنامەیەکی سیاسی”یە کە ناتوانرێت بە درۆن و هێزی سەربازی لەناو ببرێت و ناشتوانێت نکۆڵی لە بوونی بکات.
پارادۆکسی دیموکراسی و بازاڕی ئازاد
لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، جیهان کەوتە ژێر کاریگەریی دروشمەکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و بازاڕی ئازاد. ئەوەی لە کوردستان بە شنەبای، یان باهۆزی، دیموکراسی خەڵکیان پێ مەست کردبوو. بەڵام بۆ کورد، ئەم چەمکانە تەنها وەک ” کاڵایەکی جوان” بۆ داپۆشینی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکان مانەوە. بۆ هەمووان باش بوو بۆ کورد نەبێت، لە کاتێکدا کورد لە سەروەختی دیکتاتۆرییەتی بەعس دا جینۆساید کرا لە دیموکراسیەتیشدا هیچ پارێزبەندییەکی نەتەوەیی بۆ دروست نەکرا. بەواتایەکی تر کورد لە سەردەمی دکتاتۆردا ئەنفال و کیمیاباران بەشی بوو، لە سەردەمی دیموکراسیشدا شەنگال و عەفرین!
ئەمە لەکاتێکدا بوو کە دنیا لە شەڕی دژی تیرۆردا (داعش) زەندەقی چووبوو ئەوەی کە ترسی ڕەواندنەوە پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد بوو. ڕاستە بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیای سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو بەڵام بەهێز و ئیرادە و شارەزەیی جەنگاوەری کورد بوو، وەک “پارێزەری دیموکراسی و بەها جیهانییەکان” هەرچەندە لەسەر ئاستی دنیاش وا وێنا دەکرا. بەڵام لە ساتە وەختە یەکلاکەرەوەکاندا، یاخود لە دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا دەستکەوتی تیرۆرستان (بەرەی نوسرە و ئەحمەد شەرع) بە نموونە، زۆر لە هی کورد زیاتر بوون!
هەمان ئەو دەوڵەتانەی بانگەشەی دیموکراسییان دەکرد، پشتیوانیان لە تیرۆرستێکی نێودەوڵەتی کرد و بێدەنگییان هەڵبژارد بەرامبەر پەلاماردانی ناوچە کوردییەکان. ئەمە دەری دەخات کە لە سیستەمی سیاسەتی هێز (Realpolitik) دا، بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوەکان هەمیشە لە پێشترە لە بەها ئەخلاقییەکان. ئەمە سەرباری شانازیکردن بەسەرکەوتنەکانیشیەوە بەتایبەتی لە شکاندنی داعش. کورد لەم قۆناغەدا تێگەیشت کە “بازاڕی ئازاد” و “دیموکراسیی جیهانی” ناتوانن پابەندبن بەبنەماکانی مافی مرۆڤەوە لەم ناوچەیەداو ئەوەی هەیە لە بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تەنها بۆ خۆیانە نەک بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە.
بۆیە نەوەی نوێی کورد باشتر لەوە تێدەگات کە ئەوروپایی و ئەمریکییەکان لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ناتوانن نە پارێزبەندی نێودەوڵەتی بۆ کورد دابین بکەن، هەتا جارێکی تر جینۆساید نەکرێتەوە، نە ناسنامەیەکی سیاسیی سەربەخۆی بۆ دابین بکەن ئەگەر خۆی نەبێتە خاوەن هێزێکی بونیادی. هەموو ئەوەش لەبەریەک خاڵە، تەنها لەبەرئەوەی کورد دەوڵەتی نییە وەک چۆن ئیسرائیل بۆ پاراستنی جووەکان و دووبارەنەبوونەوەی هۆڵۆکۆست پشت بە کەس نابەستن لە هەر کەسێک دەسرەوێنن کە بزانێت دەست بۆ کوشتنی جوو دەباتەوە.
پاشخانی نکۆڵی و شکستی دەوڵەت-نەتەوەی ناوچەیی
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بونیادی دەوڵەت-نەتەوەکانی (تورک، عەرەب و فارس)ـە کە لەسەر بنەمای ڕق و کینە و “سڕینەوەی ئەوی دیکە” دامەزراون. تورکیای فاشیست لە نموونە هەرە دیارەکانە کە مێژوویەکی درێژی لە نکۆڵیکردنی بوونی کورد هەیە. ئەم نکۆڵیکردنە تەنها ڕەفتارێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بڕوایەکی ئایدۆلۆجییە کە وای کردووە “هاونیشتمانیبوون” (Citizenship) بۆ کورد تەنها وەک ئەرک بێت نەک ماف.
کاتێک کورد وەک هاونیشتمانییەکی پلە دوو سەیر دەکرێت و شکۆ و مێژووی ڕەت دەکرێتەوە، ئەوا بە شێوەیەکی سروشتی پەنا بۆ “بەرگریی شکۆمەندانە” دەبات. ئەم شەڕە قارەمانانەیەی کورد لە کۆبانی، عەفرین و باشووری کوردستان و ئەم چەند ڕۆژەش لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەیکات، تەنها شەڕی خاک نییە، بەڵکوو شەڕی سەلماندنی “بوون”ـە بەرامبەر بەو هێزانەی کە دەیانەوێت ببنە “خاوەن شەرعییەت” لەسەر حیسابی سڕینەوەی نەتەوەیەکی تر.
هێزی کورد، لە کارتێکی سیاسییەوە بۆ ئەکتەرێکی سیاسی
ئەوەی نەیارانی کورد لێی دەترسن، گۆڕانی کوردە لە “کارتێک” کە هێزە نێودەوڵەتییەکان یاریی پێ بکەن، بۆ “ئەکتەرێک” کە خۆی ئەجێندای هەبێت. ئەم ترسە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کورد لە پارچە جیاوازەکاندا، سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان، خەریکە دەگەنە خاڵێکی هاوبەش لە تێگەیشتن لە مەترسییە نەتەوەییەکان. ئەو “کوردە نوێیە”ی کە تورکەکان ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو مرۆڤەیە کە چیتر بە بەڵێنە دیپلۆماسییەکان ناخەڵەتێت و پشت بە توانایەکی بونیادی دەبەستێت کە لەناو خاک و کولتوور و پەروەردەی سیاسییدا ڕەگی داکوتاوە.
ئاسۆی داهاتوو
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە سەدەی ٢١، سەدەی “سڕینەوەی نەتەوەکان” نییە. ئەگەر بۆ دوورتریش بڕوانن کوردەکان لە سەردەمی داگیرکارییەوە، فتوحاتەوە، هەتا ئەنفال و شەنگال لێیان دەدرێ و جینۆسایدی فیزیکی و کولتووریی دەکرێن بەڵام نەفەوتاون، بەتایبەتیش ئەزموونی کۆبانێ و شەڕی ئەم دوو ڕۆژەی دوایی لە حەلەب وئەشرەفییە نەک هەر ئەو ڕاستییەی سەلماند. بەڵکوو بەتەواوی دیارە کوردیـشی یەکخست.
بۆیە ئەوەی پێویستە بگۆڕێت هەر کورد نییە بەڵکوو دەوڵەت ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانین چونکە ئەو هێزە پەنهانەی لەنێو گیان و کولتووریی کورد دا هەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە ڕێگەی دانپێدانانی سیاسییەوە چارەسەر نەکرێت، ئەوا وەک وزەیەکی پەنگخواردوو دەمێنێتەوە و هەر کاتێک دەرفەت بێت، تەقینەوەیەکی گەورەتر دروست دەکات. خۆ ئەگەر گۆڕانکاریی لە عەقڵی داگیرکەرانیدا ڕوو بدات بەسوود بۆ هەمووان دەگەڕێتەوە چونکە ئەوەی بەڕاستی دەتوانێت ئاشتی و پێکەوەژیان پراکتیک بکات و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی دی کوردەکانن.
بەڵام ئەزموونی جینۆساید و توندڕەفتاریی و دڵڕەقی ئەوانی دی درەنگ یان زوو کورد دەخاتە سەر ڕێچەکەی پێویستییەک کە ستراتیجی باڵای نەتەوەیی دابڕێژێت، کە تەنها لەسەر هاوکاریی دەرەکی کاتیی (وەک ئەمریکا) ڕانەوەستێ، بەڵکوو لەسەر بنەمای “بنیاتنانی هێزی ناوخۆیی” و “هۆشیاریی سیاسی” بێت. مێژوو سەلماندویەتی کە قارەمانێتی بەبێ عەقڵی ستراتیجی تەنها قوربانی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک قارەمانێتی لەگەڵ “هۆشیاریی سیاسی”دا یەکدەگرێت، دەبێتە ئەو هێزە گەورەیەی کە نەیاران دەتۆقێنێ، بۆیە پێش دۆستان هەستی پێ دەکەن.
دەنا ئەوەی ناونراوە کێشەی کورد لەبنەڕەتدا کێشەی دەوڵەتەکانە لەگەڵ کورد نەک کورد بووبێتە کێشە بۆ دەوڵەتەکانیان، ئەوەش تەنها کێشەی نەتەوەیەک نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەخلاقی سیاسیی جیهان و توانای دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ قبوڵکردنی فرەیی. کوردێک “بەڕێوەیە”، نەک تەنها سەرکردە کۆنەکان تێدەپەڕێنێت، بەڵکوو هەموو ئەو چەمکە چەقبەستووانەش تێدەپەڕێنێت کە دەیانەوێت لە چوارچێوەی “پاشکۆیی”دا بیهێڵنەوە.
موتەرجیملەر بەدیدە فاشستییەکەیەوە سیاسەتمەدارانی تورک ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە سیاسەتی ئێستای تورکیا بەرامبەر کورد شکستی هێناوە و نەیتوانیوە بەر بەم شەپۆڵە بگرێت، چونکە ئەم شەپۆڵە “تێپەڕاندنی” هەموو ئەو سنوورانەیە کە پێشتر بۆ جوڵانەوەی کورد کێشرابوون.



