گەلی ڤێتنام لە ١٩٧٥ و دوای ٢٠ ساڵ جەنگی گەرێلا، توانی گەورەترین هێزی، سەربازی سەرزەمین ناچاری پاشەکشێ و ملدان بکات. ئەوەی لە پشت سەرکەوتنی ئەم گەلەوە بوو، چەندین هۆکار بوون. هۆکاری سەرکەوتنی ڤێتنامییەکان بەهۆی هێزی سەربازیی بەهێز و کەرەستەی جەنگی بەهێزەوە نەبوو. بەڵکوو بە هۆکاری دیکەی ستراتیجی جەنگ و پشتیوانی گەل و ڕەوایەتی بەرگریی و ئارەزووی بەرگریی درێژخایەن بوو. شەڕی گەریلایی و خۆحەشاردان لە چیا و گوند و تونێلەکان، پەلاماری کتوپڕ و جەرگبڕی لەناکاو و پشتگیریی گەل و جەماوەر لە هۆکارەکانی پشتی ئەم سەرکەوتنەوە بوون. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی ڕێبەری گەلی ڤێتنام لە چەک و زەخیرە بۆ جەنگاوەران لە ڕێگەیەکی نهێنییەوە کە بە «ڕێگەی هۆشی منە» ناسرا بوو. ئەم ڕێگەیە بە لاوس و کەمبۆدیا دا تێدەپەڕی. هەموو ئەمانە لەو هۆکارانە بوون کە بوونە هەوێنی ئەم سەرکەوتنەی گەلی ڤێتنام. بەڵام لە هەر هەموو ئەمانەش گرنگتر گیان فیدایی گەریلاکانی ڤێتنام و کارامەیی و سەلیقەی جەنەراڵەکەیان بوو کە بە جەنەراڵ «ڤۆ نگوێن گیاپ» ناسرابوو. ئەم جەنەڕاڵە خاوەن مێشکی سەربازیی و جەنگیی بوو؛ تەواوی ستراتیجی جەنگی گەریلایی دادەڕشت. لەو کاتەدا، هۆشی منە هەر وەکوو ڕێبەری فیکریی و هاوکارێکی پشتەوەی ڕووداوەکان مایەوە.
خۆ ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کات و جوگرافیا و سیستەمی سیاسی و کەرەستەی سەربازی ئەوسای ڤێتنام و ئێستای گەلی کورد لە ڕۆژاڤا، ئەوا لە بەراوردکردنی ئازایەتی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا و گەلی ڤێتنام دا، ستەمێکی گەورە له گەلی کورد دەکەین. ئەمەش بەڕای من لە بەر چەند هۆکارێکە.
ڤیتنامییەکان لە وڵاتی خۆیاندا سەربەخۆ دەژیان و نەلکێندرابوون بە وڵات و نەتەوەی دیکەوە بەر لەو داگیرکارییە. جەنگی ئەوان بە تەنها جەنگی دژی داگیرکاریی بوو. بەڵام خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان لە یەک کاتدا جەنگی دژی داگیرکاریی و جەنگی دژی پاکتاوی ڕەگەزی و جەنگی مان و نەمانی تەواوی بەها و بنەمای نەتەوایەتییەکانە. ڤێتنامییەکان تەنها ڤێتنامییەکان خۆیان بوون لە دژی یەک داگیرکەر، بەڵام کوردستان تووشی جۆرێک لە گۆڕانکاری دیموگرافی و ئیتنی بووە کە تەنانەت وای کردووە لە هەر بەرگرییەکدا هەزار لێکدانەوە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و بارودۆخی هەنووکەیی و توانای سەربازی و کەرەستەی مانەوە و هەستی ئەو ئیتن و ئایین و نەتەوە و مەزهەبانەی کە تازە بوون بە بەشێک لە خاک و جوگرافیای کوردستان بکەن.
هەموو ئەمانە جەنگی کورد و ستراتیجی کوردی بەتایبەتی لە ڕۆژاڤا لە جەنگی پەلاماردان و ڕاماڵینی داگیرکەرەو گۆڕیوە بۆ جەنگی بەرگریی و مانەوە و لە دەستنەدانی جوگرافیا و دەستکەوتی زیاتر.
نووسەر و ئەکادیمی کوردستانی، شێرکۆ کرمانج، لە زۆر بۆنەدا، سەختیی خەبات و تێکۆشانی کوردی لە جەنگی دژ بە داگیرکاریی و کۆنەپەرستی و لە پێناو ئازادیدا بەستۆتەوە بەوەی کە هەمیشە ڕەنج بە خەسارە لە چوارچێوە و سێبەری نەتەوەی سەردەست و سەپێنراودا. ئەو ڕای وایە هەمیشە ئەرکە قورسەکە و قوربانیدەر کوردە بەڵام نەتەوەی سەردەست بووە بە ڕووپۆشی ئەم سەرکەوتن و قوربانیدانانە. ئەوپێی وایە نزیکترین نموونەش عێراقی دوای “سەدام” و سووریای دوای “ئەسەد”ە. بە دەردی کورد دەڵێن کێ کردی و کێ خواردی. خەباتی دوور و درێژی کورد لە باشوور، سەدان هەزار قوربانی جەنگ و زیندانی و ئەنفال و چەکی کیمیایی کورد، شیعە و سوننەی عێراقی هێنایە سەر حازری. هەروەها خەباتی پڕ لە قوربانی ١٢ ساڵەی کوردانی ڕۆژاڤا، دژ بە ڕژێمی ئەسەد و داعش لە جێگەی جەنەڕاڵە مەزلومەکەی کورد، کۆنە داعشێکی کردووە بە ڕووپۆشی ئەم قوربانیدانە.
ئەکادیمی و نووسەری کوردستانی، ئارام ڕەفعەت، لە پۆستێکدا لە هەژماری فەیسبووکەکەیدا نووسیوێتی: کە دەبێ گەلی ڤێتنام و ستالینگراد لە ئاست خەباتی دوێشەوی گەڕەکی مەقسوودا شەپقە دابگرن.
منیش دەڵێم ئەگەر جەنەڕاڵ «ڤو نگوێن گیاپ»ی ڤێتنامی لە ٢٠١٣دا کۆچی دوایی نەکردبا و ئاگاداری خەباتی گەلی کوردی ڕۆژاڤا ببووایە لە جەنگی دژی کۆنەپەرستی و شۆڤێنیستی عەرەبی و تورکی دا؛ جەنگێک کە لە ساڵی ٢٠١٤وە و لە داستانی مەزنی “کۆبانێ”وە بۆ داستانی مەزنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دا بەردەوامی هەیە، دەبوو ئێستا چ سەرسامییەک و چۆن سەری ڕێز و نەوازشی بۆ جەنەڕاڵەکەی کورد مەزلوم عەبدی دابنەواندایە؟
ئاخر گەلی براینە نە ڤێتنام بە گەلەگورگە بۆری تورک و شۆڤینیستی عەرەب و کۆنەپەرستی داعشی وەکوو کۆبانێ و گەڕەکی شێخ مەقسوود گەمارۆدرابوو، نە وەکوو کورد بێکەس، تەنها و تەنها بە چەکی دەستی کچ و کوڕەکانیان خەبات دەکەن و خەریکن چۆک بە دوو دەوڵەتی زلهێز و دەیان گرووپ و گورگی برسی دادەدەن.



