سلێمان مستەفا حەسەن
دەستوور بنچینەی هەر سیستەمێکی سیاسی و یاساییە، هەروەها بنەمای سەرەکیی ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و یاسایی هەر کۆمەڵگایەکە. هیچ دەوڵەتێک و هەرێمێک و دەسەڵاتێک ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت، ئەگەر دەستوورێکی ڕوون و گشتی و پەسەندکراوی نەبێت. هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ١٩٩٢ەوە پەرلەمانی هەیە و ئەزموونی حوکمڕانی هەیە، بەڵام تا ئێستا بەبێ دەستووری تایبەتی خۆی ماوەتەوە. لە ئێستا دا پشتئەستوورە بە ماددەی (١١٧، ١)ی دەستووری عێراق (٢٠٠٥) کەتیایدا هاتووە: ئەم دەستوورە لە بەروارى پيادەكردنيەوە دان بە هەرێمى كوردستان و ئەو دەسەڵاتەى ئێستايدا دەنێت وەك هەرێمێكى فيدرالى.
بێدەستووری لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی بنچینەییە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، جێگیر کردنی یاساکان و دادپەروەری و باوەڕ و متمانەی هاووڵاتییان.
هەرێمی کوردستان گەورەترین دەرفەت و هەلی لەدەستدا کە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق دەستووری خۆی پەسەند نەکرد، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دووبارە دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەستدا کە لەدوای پرۆسەی ئازادی دەستووریان پەسەند نەکرد، لە ئێستاشدا گرنگە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی پەسەند بکات و ببێتە کاری لە پێشینەی دەستەبژێر وحیزبەکان.
بنەمای یاسایی دەستووری هەرێم
دەستووری کۆماری عێراق (٢٠٠٥) بە ڕوونی لە ماددەی (١)یدا دانی ناوە بەوەی کە سیستەمی سیاسی لە عێراق فیدراڵییە؛ لە ماددەی ( ١١٦ و ١٢١) ئاماژەی داوە بە چوارچێوە و شێوازی جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵیی. هەروەها، بەپێی ماددەی (١١٩، ١٢٠ و ١٢١) مافی داوە بە هەرێمەکان کە دەستووری تایبەت بە خۆیان هەبێت، هاوکات، مافی داوە بە پارێزگاکانی تریش هەرێمی خۆیان پێکبهێنن بە مەرجێک کە پێچەوانەی دەستووری فیدراڵی و بنەما گشتییەکان نەبێت. بەم پێوانەیە، داوای دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان داواکارییەکی سیاسی یان حیزبی نییە، بەڵکوو مافێکی ڕەسەن و دەستوورییە کە لە بنەمای یاسای باڵای وڵاتەوە هاتووە، بۆیە هەبوونی زەرورەتێکی نیشتمانی نەتەوییە.
دەستوور چی مسۆگەر دەکات؟
لە ١٩٩٢ گیرۆدەی دەیان و سەدان گرفت و ناکۆکی و ململانێی بوینەوە، دەرنجامی باجێگی گەورە و لەژمار نەهاتوومان دا، بۆیە بوونی دەستوور چەندین بنەما و دەست کەوت دەچەسپێنێت بەشێک لەوانە:
یەکەم: دەستوور پێش هەموو شتێک مەرجەع بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر و دروست دەکات و هێز دەداتە دامەزراوە شەرعییەکانی و یاسا سەروەر دەکات.
دووەم: دەستوور مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتی مسۆگەر دەکات وەک: مافی ژیان، ئازادی، یەکسانی لەبەردەم یاسا، ئازادی ڕاگەیاندن و بەشداری سیاسی.
سێیەم: دەستوور هاووڵاتییان دەپارێزێت لە هێزی دەسەڵات، هەروەها ڕێگە نادات مافەکانیان ببنە قوربانیی بڕیاری سیاسی یان بەرژەوەندی تاکەکەس و حیزبی.
چوارەم: دەستوور سیستەمی دەسەڵات ڕێک دەخات، چۆن دەسەڵات هەڵبژێردرێت، چۆن گۆڕانکاریی لە دەسەڵات بکرێت بە کام ڕێگا و شێواز و سیستەم، و چۆن بەرپرسیارێتی دروست بکرێت. دەستوور سیستەمی سیاسی و سنووری ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات.
پێنجەم: دەستوور سەرەوەری یاسا دەستەبەر دەکات و ڕێگا لە پێشێلکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەگرێت.
شەشەم: دەستوور مافی سکاڵا و تانە بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات، پابەندی یاسایی دەخاتە ئەستۆی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی
حەوتەم: دەستوور پارێزگاری لە دادپەروەری دەکات، بۆ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێک لە سنووری خۆی تێپەڕ نەبێت.
هەشتەم: دەستوور مافی تاکەکان و تەواوی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
دەستوور ڕێگا لە چی دەگرێت؟
نەبوونی دەستوور زۆر جار بووەتە هۆی کۆبوونەوەی دەسەڵات لە دەست تاکە کەسێک، لایەنێک یان چەند لایەنێک. هەروەها، حیزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێگردن هەوڵی قووت دانی هەرێمی کوردستانیان داوە، نەبوونی دەستوور بووەتە هۆکاری ناڕوونی یاسایی و قەیرانی سیاسی. بۆیە ئەگەر بپرسین دەستوور ڕێگە لە چی دەگرێت، هەر یەک لە ئێمە دەتوانین وەڵامی جیاجیامان بەدەست بێت، لیرەدا ئێمە دەڵێین هەبوونی دەستوور ڕێگا لە مانەی خوارەوە دەگرێت:
یەکەم، دەستوور ڕێگا لە دەسەڵاتی خۆسەپاندن دەگرێت، دەستوور ڕێگا لە دەسەڵات و هێزەکەی دەگرێت کە لە دەست تاکە کەسێک یان لایەنێک بێت دوور لە ڕێکاری دەستووری.
دووەم: دەستوور ڕێگا دەگرێت لە گۆڕانکاریی نایاسایی لە پۆست و دەسەڵات و یاساکاندا بکرێت.
سێیەم: دەستوور ڕێگا دەگرێت لە بەکارهێنانی یاسا بۆ فشاری سیاسی و سنووردارکردنی ئازادییەکان، نادادی و ناڕوونی لە بەرپرسیاریەتی بەکار بهێنرێت.
چوارەم: دەستوور ڕێگا دەگرێت لە هەر کار و ڕێکارێک پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان بێت.
پێنجەم: دەستوور ڕێگا دەگرێت لە دواخستنی وادەی یاسای هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
شەشەم: دەستوور ڕێگا لە هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک دەگرێت ئەگەر پێچەوانەی حوکمەکانی دەستوور بن.
حەوتەم: دەستوور ڕێگا دەگرێت مافی حیزبەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەسیاسی بکرێت و مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت.
هەشتەم: دەستوور هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری بەهێز دەکات و لە پاوانخوازی و هەژموونخوازی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەژموونخوازی حیزبی دەی پارێزێت.
دەستوور چۆن ماف و ئەرک دەستەبەر دەکات؟
دەستوور تەنیا پێڕستی مافەکان نییە، دەستوور تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز نییە، دەستوور گرێبەستی کۆمەڵاتییە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو دەستوور ئەرک و مافەکان دیاری دەکات. هاووڵاتی مافی هەیە، بەڵام ئەرکییەتی ڕێز لە یاسا بگرێت و بیپارێزێت و پەیڕەوی لێ بکات. هەر وەک دەسەڵات مافی هەیە بڕیار بدات، بەڵام ئەرکیەتی وەڵام بداتەوە و شەفاف بێت. بەم شێوەیە، دەستوور هاوسەنگی دروست دەکات لە نێوان ماف و ئەرک، و ڕێگە نادات هیچ لایەنێک خۆی لە یاسا و بەرپرسیارێتی دەرچێنێت.
لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەستوور، لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەریی و دەستە سەربەخۆکان، پێویستە هەر یەکەیان پابەندی سنووری دەسەڵاتەکانی بێت و سەربەخۆ بن و سنووریان بە دەستوور دیاری بکرێت. ئەگەر ئەم لێکجیاکردنەوەیە نەبێت، دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بێسنوور، کە لە کۆتاییدا دژ بە ماف و ئازادی و دادپەروەریی دەوەستێتەوە خۆی لەسەرووی یاساوە دەبینێت.
هەروەک پێویستە هەریەک لەم دامەزراوانە ئەرکەکانی بەڕوونی دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی لە کاتی سەرپێچی و نادادی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە لە خوارەوە بەکورتی باسیان دەکەین:
یەکەم: دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە، یاسا دانان و متمانەدان بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەستە سەربەخۆکان و دادوەران و چاودێری حکومەت و پەسەندکردنی بودجە و چاودێریی دەستە سەربەخۆکان.
دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، ئەرک و دەسەڵاتەکانی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەمانە دەگرێتەوە و هیچ کاتێک نابێت ببێتە جێگرەوەی (هەرێمی کوردستان) ئەرکی جێبەجێکردنی یاسا و بەڕێوەبردنی کارەکانی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بۆ دیاریکراون لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و ڕایی کردنی کاروباری خزمەتگوزاری.
سێیەم: دەسەڵاتی دادوەری، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت بۆ سەرپەرشتی کردنی کاروباری دادگاکان دەستە بەرکردنی و دادپەروەری، هەروەها چاودێری کردن و لێپێچینەوە لە دەستووریبوونی یاسا و بڕیارەکان، نابێت لە هیچ بارودوخێکدا ڕێگا بدرێت سنووری دەسەڵاتەکانی ببزێنرێن لەلایەن دەسەلاتی یاسادانان و جێبەجێکردن.
چوارەم: دەستە سەربەخۆکان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەستەی دەستپاکی و چاودێریی دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی، سەربەخۆی دارایی و کارگێڕیان بۆ دەستە بەر بکرێت و لە هەمان کاتدا لەژێر چاودێری وردی پەرلەمان دابن، ئەم دامەزراوانە زەمانەتی گەورەن بۆ حوکمڕانێکی تەندروست دوور لە هەژموونی حیزبی.
بێ ئەم لێک جیاکردنەوەیە، دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتداری و ناهاوسەنگی، بەتایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن خۆی لێ دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستان قووت بدات و خۆی لێ ببێتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە لە هەبوونی هەر کێشەیەکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کێشەکە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە توانا و وزە دەخات.
دادگای باڵای دەستووریی هەرێمی کوردستان:
گومانی تیا نییە دەستوور بەبێ دادگای باڵای دەستووریی، دەستوورێکی ناتەواوە، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە دادگایەکی باڵای سەربەخۆ هەیە بۆ ئەوەی:
یەکەم: چاودێری دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەو بڕیارەکان. بکات،
دووەم: تاکە لایەن بێت شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ بڕگە و ماددە دەستوورییەکان و یاساکان بکات،
سێیەم: سنووری دەسەڵاتەکان بە پارێزراوی بهێڵێتەوە.
چوارەم: باوەڕی گشتی بە سیستەمی یاسایی و سیاسی بەرز بکاتەوە.
پێنجەم: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات.
پەرلەمانی بێدەستوور؛ کێشەی درێژخایەن و مێژووی
هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ەوە پەرلەمانی خۆی هەیە، بەڵام دەستووری نییە، نەبوونی دەستوور بووە هۆی ئەوەی زۆربەی کێشە سیاسییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر بن و سەربکێشن بۆ ناکۆکی و شەڕ و بەستەڵەکی سیاسی و یاسایی کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە چارەسەری بنچینەیی نەگەیشتوون. قەیرانی دەسەڵات، ناڕوونی پۆستەکان و دووبارەبوونی ناکۆکییەکان، هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە سیستەم بێبنەمای دەستووری ناتوانێت ئارام و سەقامگیر بێت، بۆیە کێشەکان بەردەوامن لەوانە:
یەکەم: ناڕوونی لە سنووری دەسەڵاتەکان.
دووەم: قەیرانی دووبارە لە پۆستەکان و دەسەڵات و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان وپێک نەهێنانی حکومەت.
سێیەم: هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیان نەکرێن.
چوارەم: نەبوونی یاسای بودجە و پەسەندنەکردنی بودجە بۆ چاودێریکردنی حکومەت.
پێنجەم: سەپاندنی باج و ڕسومات دوور لە ڕێکاری یاسایی و دەستووری.
شەشەم: نەبوونی هێزی چەکداری نیشتمانی.
حەفتەم: پێشێلکردنی مافی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لە پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان.
هەشتەم: ناڕوونی لە یاسا بەرکارەکان و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان.
نۆیەم: کەمبوونی بنەمای یاسایی بۆ چارەسەری کێشە گەورەکان.
دەیەم: نەبوونی گوتارێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور، دوور لە بۆچوونی کەسیی و بەرژەوەندی حیزبی.
یازدەم: دەستووری هەرێم دەستوورێک بێت ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری عێراق، لە هەمانکاتدا دەست بەرداری مافە دەستووریەکانی هەرێم نەبێت و قسەی جددی هەبێت بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانیش.
دەرەنجام و کۆتایی
دەستوور تەنیا دەقێکی یاسایی نییە، گرێ بەستی کۆمەڵایەتی و پەیمانێکی نیشتمانییە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات. بۆ هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی دەستوور پێویستییەکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانییە، نە تەنیا بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات، بەڵکوو بۆ پاراستنی ماف، دادپەروەری و دروستکردنی داهاتوویەک کە یاسا لە سەرووی هەموواندا بێت، قەوارەکە ببێتە خاوەنی دەستووری هاوتەریب لەگەڵ دەستووری عێراق.



