ئیبراهیم مەلازادە
ئەوەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب ڕوودەدات، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی. گەمارۆدانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی و بەکارهێنانی تانک و تۆپ دژی گەرەکێکی نیشتەجێبوون نەک هەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیی و مرۆییەکانە، بەڵکوو پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کە بێدەنەگە لە ئاست ئەم تاوانانە.
دوای ڕەهەندە ئیسلامییەکەی تاران و ئەنقەرە، “دیمەشق”یشی هاتە سەر. بەناوی (اللە)وە بە تانک و تۆپ پەلاماری خەڵکی مەدەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی کوردان دەدەن. ئەگەر هەر موسڵمانێک باوەڕی بەو (اللە)یە هەیە، بەتایبەتیش کوردی موسڵمان، بەتایبەتتریش ئیسلامییەکان، ئەوە سوپای ئەو “ئەحمەد شەرع”ـەی کە جەنابی دکتۆر عەلی قەرەداغی بۆی نووسی “خوا دەست بەباڵتەوە بگرێت”، وا سوپاکەی پەلاماری خەڵکی مەدەنی کوردی موسڵمان دەدات، بەهەر پاساوێک بێت، دوو فاقییەکی بکوژە و پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی هەمووانەوە.
ئێستا دوای ڕێککەوتنی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئیسرائیل، تەنها ئەوە ماوە بڵێت هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ بوونەوەرە دەرەکییەکان (فەزاییەکان) ڕێککەوتنییان هەیە. هەرچەندە دەبێت ئەوەش بزانین کە شاری حەلەب هێندەی لەژێر دەستی موجاهیدەکانی ئەحمەد شەرع دایە، بەهەمان ئاستیش لەژێر دەستی هێزەکانی سەر بە حکومەتی تورکیا دایە. بەو مانایەی ئەو گەمارۆدانە بڕیاری دوو حکومەتی لە پشتە و دەکرێت جۆرێک بێت لە گەلەکۆمە. لەبەرئەوە و بەهۆی ئەم فاکتەر و هۆکارانەوە، کوردستانیان دەبێت هەموومان دەنگی ئەو خەڵکە بین؟
یەکەم، گەمارۆدان، کە ڕێگری لە چوونە ناوەوەی دەرمان، خۆراک و سووتەمەنی بۆ ناوچەیەک، کە پڕە لە ژن، منداڵ و بەساڵاچوو، ئەمەش تاوانی جەنگە.
دووەم، ناسنامەی خۆڕاگری ئەم دوو گەڕەکە، ساڵانێکی دوور و درێژە نموونەی پێکەوەژیانی گرووپە جیاوازەکانە و پاراستنی شکۆمەندی مرۆڤن لەناو جەرگەی ململانێکاندا.
سێیەم، توندوتیژی دەسەڵات و پەنابردنی بۆ هێزی سەربازیی لەبری گفتوگۆ، تەنها کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و خوێنی زیاتری هاووڵاتییانی بێتوانا دەڕژێت.
چوارەم، داگیرکەر هەر داگیرکەرە ئەگەر کورد گۆتەنی “دووگوردیان لە ئاسمانەوە بخشێت”. داگیرکەری باش و خراپ نییە، موسڵمان بێت یان نا، هەر داگیرکەرە.
پێنجەم، خراپترین ئەگەریش لە بەردەوامبوونی ئەو پەلاماردانە، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکی دیکەی کوردن.
بۆیە لەسەر هەموومانە داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکەین بەپەلە فشار بخەنە سەر حکومەتی سووریا و تورکیا لەپێناو کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریی و دوژمنکارییەی کە بەڕێوەی دەبەن. پێویستە دەستبەجێ:
- گەمارۆی سەر ئەم دوو گەڕەکە کۆتایی پێ بێت.
- دەستبەجێی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی ڕابگیرێن.
- کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییە سەرەتایییەکان و پزیشکییەکان.
شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تەنها دوو گەڕەک نین، بەڵکوو سیمبوڵی پاراستنی ژیان و ئیرادەی نەتەوەیەکن. بێدەنگی بەرانبەر ئەم پەلاماردان و گەمارۆدانە، بەشداربوونە لەو ستەمەی لەو خەڵکە دەکرێت.



