لە ڕانان بۆ پەڕتووکی “پەرەسەندنی خوا” (The Evolution of God) بۆ نووسەر و ڕۆژنامەوان، ڕۆبەرت ڕایت، کە پێشتر لە سەکۆ بڵاو بووەتەوە، کەمێک بەدرێژی باسی ناوەڕۆکی پەڕتووکەکە کرابوو. تەوەرەی هەرە سەرەکیی ئەو پەڕتووکە باس لە شامانەکان دەکات. شامانەکان پیاوانی ئایینی سەردەمی کۆمەڵە ڕاوچییەکان بوون، واتە ١٠ هەزار ساڵ و کۆنتر، لە ناو گەلی تونگوس لە سایبیریا، بە مانای “ئەو کەسەی دەزانێت”. لە کۆمەڵگە بچووکەکاندا ئەرکی سەرەتایی ئایین و زانینی ئاییندەی لەسەر شان بووە. شامان وەکوو ئەوەی لە پەڕتووکی “شامانیزم” (Shamanism) دا هاتووە، لە نووسینی فەڕەنسایی، میرسیا ئیلیاد، کە لە ١٩72 بڵاو کراوەتەوە، بریتییە لە تەکنیکەکانی گەیشتن بە سەرمەستبوون (نشوة). ئەو پەڕتووکەی ئیلیاد یەکەم پەڕتووک بووە لەو بابەتە بکۆڵێتەوە و شامانەکان لە زۆر کولتووری گەل و نەتەوەی جیهان باس بکات. وشەی شامان لە زمانی تونگوسی وەرگیراوە و لە زمانی ڕووسیـیەوە بڵاو بووەتەوە.
لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە زانایانی ئیتنۆلۆجی زاراوەی شامان وەکوو پیاوی دەرمان، جادووکەر/فێڵباز و سیحرباز، لە زۆر بەستێنی جیاوازدا بە کار هێناوە، کە لە هەموو کۆمەڵگە سەرەتاییەکان وەکوو خاوەن توانای جادوو-ئایینیی دەستنیشان کراوە. باشتریش وایە لە جێی ئەو زاراوانە تەنیا وشەی شامان بە کار بهێنین تا لە جادووکەران و سیحربازانی سەدەکانی ناوەڕاست جیا بکرێنەوە، چونکە شامان پزیشکە و وەکوو هەر پزیشکێک نەخۆشەکان چاک دەکاتەوە، ڕێنوێنێکی ڕۆحانیی و سۆفییە. ڕەنگە گونجاو بێت شامانەکان بە یەکەمین پیاوانی ئایین لە ناو کۆمەڵە مرۆڤە سەرەتاییەکان دابنێین، چونکە ئەوان هێڵی گەرمی نێوان مرۆڤ و هێز و توانای میتافیزیک (خوا/خوایەکان) بوون.
لە زۆر شوێندا شامانەکان جۆرە دەنگێک دەردەکەن و وەکوو بەشێک لە ڕێوڕەسمی بەندبوون و پێوەندی لەگەڵ جیهانی میتافیزیک و دەرخستنی تواناکانی شامان، وەک لێدانی تەپڵ. سەرەڕای واتای ئایینی ئەو دارەی تەپڵەکەی لێ دروست دەکرێت و چۆنییەتی هەڵبژاردنی کام دارە تەپڵەکەی لێ دروست بکرێت، یان پێستی کام ئاژەڵ ببێتە بەشی دووەمی ئەو تەپڵە، بەکارهێنانی تەپڵ و دەنگەکانی لەو واتا ئایینی و بەستێنەی تێناپەڕێت و بە کار نایەت. کەواتە هەردوو توخمی دار و پێستی ئاژەڵ واتای ئایینی قووڵ هەڵدەگرن و لەگەڵ جیهانی میتافیزیک و باب و باپیران دەبەسترێتەوە بەجۆرێک دارەکە دەبێتە هێمای داری ژیان و پێستەکەش چیرۆکی شامان لە منداڵییەوە هەڵدەگرێت (مەرجیش نییە بۆ هەموو شامانەکان لە نەتەوەی جیا و ژینگەی جیا هەمان واتایان هەبێت). تەپڵەکە یارمەتی شامان دەدات تا بە ئاسماندا بفڕێت و بگاتە داری ژیان، تا لەوێوە بگاتە چەقی زەوی/گەردوون.
بەشێک لە ڕێوڕەسمەکانی شامانەکانی ناوەڕاست و باکووری ئاسیا دەگاتە ئەوەی لە پێناو ڕزگارکردنی ڕۆحی مردوو لە دەستی شەیتان، بەمەبەستی ئەوەی ڕۆحەکە بە سەلامەتی بگاتە جیهانی خوارێ، ئەوەیە شامان لەگەڵ تەپڵ لێدان و سەما، جۆرە گۆرانی و دەقێکیش دەڵێت تا ڕێنوێنی گەشتی ئەو ڕۆحە بۆ دوا ئارامگەی بکات.
ئەو ڕێوڕەسمەی شامان بۆ گەشتی ڕۆح لە نێوان نەتەوەکاندا تا دەگاتە نەتەوە بە ڕەچەڵەک هیندۆ-ئەوروپییەکان کەم و زۆر جیاوازی هەیە و مەرج نییە لەیەکدی بچن، بەڵام هەموویان لەوەدا هاوبەشن کە ئەو ڕێوڕەسمە ڕەنگی ئایینی و ژیانی دوای مردنی پێوەیە. شامان لەوێدا وەکوو ئەرکێکی ئایینی ئەو کردانە پیادە دەکات.
لە هیچ لەو ڕێوڕەسمانەدا لە هەردوو پەڕتووکی “پەرەسەندنی خوا” یان “شامانیزم” لەو چوارچێوەیە دەرناچێت و ناگاتە ئەوەی شامان گۆرانی بۆ کۆمەڵ بڵێت یان لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا گۆرانی و سەمای کردبێت.
تائێرە باسی شامانەکان کۆتایی دێت و لێرەوە دەگوازینەوە بۆ هۆنینەوەی چیرۆک. لە دیوێکی دیکەی هەمان باسدا، تورکناسی ناسراو ئیرین میلیکۆف لە پەڕتووکەکەی بە ناوی “ئێمە نوستبووین، هەڵیانستاندین دروستبوونی ناسنامەی عەلەوی و بەکتاش، کە یەکەمجار بە زمانی تورکی لە ١٩٩٣ بڵاو کراوەتەوە، ئۆزانە تورکزمانەکانی ئەناتۆلیا بە میراتگری شامانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا دەزانێت.
لەو پەڕتووکەیدا ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی عەلەوی و بەکتاشەکان لەگەڵ شامانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا دەبەستێتەوە. لە توانا و زانینی من بەدەرە لە ڕووی ئایینییەوە بتوانم بە قووڵایی ئەو لێكچوونەی میلیکۆف باسی دەکات بچمە خوار، بەڵام میلیکۆف لەوێوە دەگاتە بەستنەوەی ئۆزانە تورکەکانی سەدەی بیستەمی ئەناتۆلیا لەگەڵ کولتوورێکی چەند هەزار ساڵەی شامانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا، کە بۆچوون و هۆنینەوەیەکی بێ بنەما و بنچینەیە. لەو پەڕتووکەیدا میلیکۆف بە ڕوونی دەڵێت ئۆزانە تورکەکان شامانەکانن بوون بە ئۆزان. لە زمانی تورکی دا گۆرانیبێژانی میللی، شایەری گەڕۆک و چاوەش هەموویان پێکەوە دەبن بە کولتووری ئۆزان. هەر ئەو وشەیەیە لە کوردی دا بووەتە هۆزان/هۆزانبێژ.
هەڵەی زەقی لێکبەستن و لێکگرێدانی ڕابردوو بە ئێستا ئەوەیە میلیکۆف نەوەک هەر ئۆزانە تورکەکان وەکوو گۆرانیبێژی میللی دێرین دادەنێت، بەڵکوو کردە و ئەرکی کۆمەڵایەتیی شامانەکان لە ناو هۆزە تورکزمانەکاندا لەگەڵ ئۆزانەکان دەبەستێت، بەو ڕایە شێواو و بێ بنەمایەی میلیکۆف، مێژووی چەند هەزار ساڵێک بۆ نەریتی ئۆزانەکان لە ناو تورک دا دەکێشێت و لەگەڵ ڕابردووی دوور دەیانبەستێتەوە. شکستی تێگەیشتن لەو نووسینەدا ئەوەندە زەق و گەورەیە بە پەرەگرافێک و گووتارێک چارەسەر ناکرێت. بە بۆچوونی میلیکۆف شامانەکان هێزیان لە خەونەکانیانەوە وەردەگرت و پارێزگاری و چارەسەری نەخۆشیان دەخستە بەردەست کۆمەڵگە بچووکەکانیان، وەکوو خۆی ئۆزانە تورکزمانەکان لەوانەوە بۆیان ماوەتەوە و هێشتوویانەتەوە.
ئەو بۆچوونە لەسەر هەڵەیەکی بنچینەییی پۆلێنبەندی کەڵەکە کراوە، بەپێی ئەو هەموو باسە دوور و قووڵەی ئەو دوو پەڕتووکەی “ڕۆبەرت ڕایت” و “میرسیا ئیلیاد” بێت، هیچ نەریتێکی شامان لە سەرتاسەری هەموو کولتوورەکانی جیهاندا بەڵگەی ئەوەی تێدا نییە شامانەکان ئەرکی گۆرانیبێژی میللیی/فۆلکلۆرییان گێڕابێت یان بووبنە گۆرانیبێژ و شامان وەکوو شێوازێکی هونەری پیادەیان کردبێت، شتێکی لەو جۆرە لە هیچ شوێنێک تۆمار نەکراوە. ڕۆڵی سەرەکیی شامان لایەنی ڕۆحی و چارەسەری ناو ڕێوڕەسمی تایبەتە. ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و هونەری ئۆزانەکان لە کرۆکدا تەواو لەوانەی شامانەکان جوودایە و هەر تێکەڵکردنێک تەنیا سەر لێ شێواوی و نەناسینی کولتوورەکانە. تێکەڵکردنیشی وەکوو ئەوەی میلیکۆف کردوویەتی، تەنیا هەوڵێکی دەستکردی بن سێبەری کۆلۆنیالیزمە.
بیردۆزەکەی میلیکۆف ناتوانێت لە بەرانبەر پەڕتووکەکەی مارتن ستۆکس بە ناوی کۆماری ئەوین (The Republic of Love)، کە لە ٢٠١٠دا بڵاوی کردووەتەوە، ڕاوەستێتەوە. ستۆکس لە توێژینەوەی دوور و قووڵی بۆ کولتووری میوزیکی تورکی و کولتووری عاشقەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیادا (زۆربەی عاشقەکان لەو ناوچانەدا دەرکەوتوون) دەردەکەوێت کولتووری عاشق Âşık هەرگیز موڵکی یەک نەتەوە نەبووە و میلیکۆف ڕۆڵی کەسانی دیکەی وەکوو کورد و ئەرمەنەکانی لەبەر چاو نەگرتووە (لە زمانی تورکی دا عاشق ئەوانەن گۆرانی فۆلکلۆری و میللی دەڵێن).
هەر توێژینەوە و باسێک سەبارەت بە عاشقەکان بە بێ ناسینی کورد و ئەرمەنەکان ناتەواو و لەنگ دەبێت. هەستی هاوڕازی و سۆز وەکوو ئەوەی ستۆکس لە پەڕتووکەکەیدا کردوویەتی بە چەقی لێکۆڵینەوەکانی، ئەو هەستەیە لە ناو خەڵکدا لە تێکەڵەیەکی نێوان نەتەوەکاندایە کە تێیدا ژەنیاران و گۆرانیبێژان مێژوویەکی هاوبەشی چەندان سەدەیان لە نێوانە. بەو جۆرە بیردۆزەکەی میلیکۆف لە خەیاڵێکی زانستی و پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کە هەوڵ دەدات ڕابردوویەکی دێرینی ئەفسانەیی بۆ تورک دروست بکات، زیاتر نییە.
لە لایەکی دیکەدا ئەو نەریتەی لە زمانی تورکیدا بە “ئاشیک” (Aşık) ناسراوە، زۆرتر گومانی ئەوەی لێ دەکرێت لەو کولتوورە وەرگیراوە بەر لە هاتنی تورکەکان لە ئەنادۆڵ دا هەبووە، بە تایبەتیش نەریتی کورد و ئەرمەنەکان. هەرچەندە بۆچوونی گرێدانی ئۆزانەکان لەگەڵ شامانەکانی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ گوتاری نەتەوەیی تورک هەر درەوشاوەیە و کاریگەریشە، بەڵام دانپێدانانی سڕینەوەی قووڵایی مێژوویی ناوچەکەیە و ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ تورک ئەنجام دەدات بەوەی زنجیرەیەکی ساختەی بەردەوام لە کولتووری گۆرانی میللی دروست دەکات لە شاخەکانی ئاڵتایەوە هاتبێت.
هەر توێژینەوە و پەڕتووکێک سەبارەت بە ئۆزان و عاشقە تورکەکان کرا بێت و نووسرا بێت، دەگاتە ئەو ئەنجامەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی شایەر و گۆرانیبێژی میللی تورکی بوون لە قووڵایی نەتەوەی تورک دا دەرنەکەوتوون، بەڵکوو لەو ناوچانەن کورد و ئەرمەنیان تێدا بووە.
توێژینەوەیەکی حەسەن تەحسین سومبولو بە ناوی “خەسڵەتەکانی ئاوازی گۆرانییەکانی عاشقانی ئێستا، لیستێک بۆ ئەو ناوچانەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی لێوە وەرگیراون و بۆ TRT تۆمار کراون، پیشان دەدات. لە کۆی ٢٣١ ناوی شار و ناوچە، بەشی هەرە زۆری ئەو گۆرانییانەی کۆکراونەتەوە و لەو لیستەدا ناویان هاتووە، یان لە نزیک ناوچەکانی کوردستانی باکوورە، یانیش لەناو ئەوێدان، تۆمار کراون. پرسیار ئەوەیە بۆچی نەتەوەیەکی گەورە و دێرینی وەکوو تورک ئەوەندە “شایەر-شاعیر”ی لە ناوچە پڕتورکەکان دا نەبووە ئەو جۆرە گۆرانییە فۆلکلۆرە کۆنەیان بۆ تۆمار بکەن. چۆن ڕێککەوتێکە بەشی هەرە زۆریان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات بوون؟
هەر لەوێ، لە باسی ئاوازەکاندا دەبینین، بەپێی سەرچاوەیەک ١٥٧ ئاواز و بەپێی سەرچاوەیەکی دیکەی ٢١٦ ئاواز لە قارس تۆمار کراون و ٦٨ ئاوازیش لە ئەرزەڕۆم، هەردوو ئەو ناوچەیە کوردستانن. لە زۆربەی توێژینەوەکاندا باس لە شاتیرئۆغڵۆ وەکوو تورکێک دەکرێت. هەرچەندە ژیان و کارەکانی زۆر بەقووڵی توێژینەوەیان لەسەر کراوە، بەڵام ڕەچەڵەکە ئەرمەنییەکەی داپۆشراوە و باس ناکرێت. تەنانەت ئەوەی عەلەوی بووە تاچەند ساڵێکیش دوای مردنی باس نەکرا، چونکە عاشق âşık بەشێکی پەیامی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا بوو بۆ یەکخستن، بەتورککردن و یەکگرتنی هاوڵاتیانی، بۆیە ڕەچەڵەکی ئیتنی لە گوتاری تورکیا دا باس نەدەکرا. هۆیەکە بە تەنیا هەر یەکخستن، بەتورککردن و یەکگرتنی هاوڵاتیانی تورکیا نەبووە، بەڵکو لە بن ئەو پەردەیەدا هەموو ئەو کولتوورەی نەتەوەکانی دیکەیان کردە کولتووری تورکی و یەکێکی وەکوو میلیکۆفی پێ گوومڕا دەکرێت.



