کۆتایی پار بوو بۆ جاری دووەم کتێبی پەڕتووکی “پەرەسەندنی خوا” (The Evolution of God)م خوێندمەوە. نووسەرەکەی، ڕۆبەرت ڕایت، ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکاییە، لە زۆر ڕۆژنامە و بڵاوکراوەدا نووسینەکانی هەن. ئەو لە زانکۆی پرینستن و پێنسلڤانیا مامۆستای فەلسەفە و ئایین بووە. لە ٢٠٠٩دا ئەو پەڕتووکەی بڵاو کردووەتەوە.
کۆمەڵەی بچووکی مرۆڤی دێرین لێرە و لەوێ لە حەشارگە و ئەشکەوتەکاندا دەژیان، ژیانی ڕۆژانەیان بە ڕاوی ئاژەڵان و کۆکردنەوەی بەروبوومی دارە خۆڕسکەکانی ناوچەی ژیانی خۆیانەوە بەند بووە. ئەوە ژیانی مرۆڤی پێش ٣٠ هەزار ساڵ بووە. مرۆڤناسی هەرنەبێ پێنچ هێزی شاراوەی ڕۆحلەبەری ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانەی دەستنیشان کردووە. هەیانە لە ناو هەموو ئەو کۆمەڵانەدا بڵاو بووە و هەشیانە لە ناو زۆربەیاندا هەبووە. دیاردەکانی سروشت وەکوو ئەوەی هەور بەری مانگ یان ڕۆژ بگرێ، لە لای هۆزی هیندییە سوورەکانی کلاماس (Klamath) لە ئۆریگۆنی ئەمەریکا، ئەوە بای باشوورە و دەیەوێت مانگ یان ڕۆژ بکوژێت. هەورەبرووسکە تووڕەبوونی ڕۆحێکی دیکەیە لە دەنگ و ڕەنگی هەورەبرووسکەدا خۆی دەنوێنێت. هەرچی نەخۆشییە، شەیتانە بەبەرماندا دەکات و نەخۆشمان دەخات. خەونی مرۆڤیش بە مردووەکانییەوە، جۆرێکی دیکەی هێزی پشت سروشتە و نامەمان دەداتێ، هتد. بۆ ئەوان لێکدانەوەی ئەو دیاردە سروشتییانە ئەوەبووە چەند هێزێکی نادیاری ڕۆحلەبەر ئەو کارانە دەکەن.
ئەگەر لە کەسێکی کۆمەڵەڕاوچییەکانی ئەوکاتە بپرسین ئایینتان چییە، تێناگات باسی چی دەکەین. ئەو بیروباوەڕەی ناومان ناوە “ئایین” لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی ئەواندا تەواو تێکهەڵکێش بووبوون و لەیەک چندرابوون. تەنانەت لە هەموو تەورات دا ناوی ئایین نییە، هەر وشەیەک نییە بۆ ئایین. هێزی سەروو سروشت و سروشت خۆی زاراوەی ئێمەن بۆ دەورووبەرمان، ئەوان بە هەمان پێناسەی ئێمە لەو دوو زاراوەیە تێ نەدەگەیشتن. کۆمەڵگەکانی کۆمەڵەڕاوچییەکانی بەر لە ٣٠ هەزار ساڵ هەوڵیان داوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوە خراپەکان بکەن، بەو پێیە بە پێی تێگەیشتنی خۆیان ڕێگەچارەیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ڕووداوە خراپەکان داناوە. بەهەردوو باردا، ئینجا بیروباوەڕی کۆمەڵەڕاوچییەکان بێت یان ئەوانەی ئایینە نوێیەکان، دەگەڕێینەوە هەمان سەرچاوە، هەردووکیان باوەڕیان بە هێزیکی دەرەکی نادیار هەیە وا دەکات ڕووداوی خراپ ڕووبدات.
ئایا دەبێت ئێمە خۆمان لەگەڵ فەرمانە ئاسمانییەکاندا بگونجێنین تا خواوەند لە خۆمان ڕازی بکەین وەک ئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان دەیان کرد، یان ئەوەیە هەوڵ بدەین بە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان و خواپەرستیی بەردەوام، کاریگەریی لەسەر خواوەندمان دروست بکەین، تا ڕووداوی خراپمان بەسەر نەهێنێت، ئەویشیان ئەوەیە ئایینەکانی ئیبراهیمی پێڕەوی دەکەن.
توێژینەوەکانی کۆمەڵناسیی دەڵێن شامانیزم بناغەی دەرکەوتنی کەسی سیاسیی لە ناو کۆمەڵگەکاندا، بووە. یەکەمین سەرکردەی سیاسیی گەلانی بوریات (کۆمارێکی سۆڤیەت بوو، دەکەوێتە باشووری سایبیریا و بەشێکن لە خێڵەکانی مەنگۆل) شامان بووە. بۆ شامان و سیاسیی یەک وشە هەیە. لە زمانی ئینویت (بەشێکن لە ئەسکیمۆ، لەوپەڕی باکوور دەژین) دوو وشەی زۆر لەیەک نزیک بۆ شامان و سیاسیی (ئەنگەکۆک و ئەنگەیکۆک) هەن. لە زۆر کۆمەڵگەدا شامان بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەست بووە. لە شکستی چاککردنەوەی نەخۆش و هێنانی باراندا، تۆمەتی داوەتە پاڵ شامانی خێڵی دراوسێ، هەمان هەڵسوکەوتی سیاسیی ئێستەیە بۆ پاساو هێنانەوەی شکستی ناوخۆ لە هەموو وڵاتە دواکەوتووەکان و خاوەن دکتاتۆرەکان، دەستی دەرەکیی و پیلانی دەر و دراوسێ پاساوە.
ڕۆبەرت ڕایت بەدرێژی باس لە ئەرک و کاری شامانەکان دەکات. نموونەکانی لە سەرتاسەری جیهان هێناوەتەوە زۆرن. بۆ نموونە، شامان لەناو هیندە سوورەکاندا ڕۆحی دەچووە بەر و لەوەوە دەدوا. شامان هەبووە دەنکە تۆوێکی لەدەست گرتووە تا دوژمنێک لەودیوی چیا بکوژێت. شامان لە ئوسترالیا پارچە ئێسقانێکی بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی بە کار هێناوە و بۆڵەبۆڵێکی لەبەر خۆیەوە کردووە تا کەسێک بفەوتێنێت، ئەوە چەکە کوشندەکەی بووە. هەر لەوێ ئەرکی هەندێک شامان بووە نەهێڵێت خۆرگیران درێژە بکێشێت، دیارە ئەو ئەرکەشی بە ئاسانی پێ کراوە. شامان لە ئەسکیمۆ چووەتە سەر مانگ یان بووەتە ورچ. شامانی ئەمازۆن بە خواردنی دەرمانێک بووەتە پڵنگی جاکوار. لە دوورگەکانی “ئەندامان” لە نزیک تایلاند و مالیزیا، شامان ئاگری بە دەستەوە دەگرت تا خەڵک لە نەخۆشی بە دوور بگرێت و ڕۆحەکان لێک دوور بخاتەوە. شامانی باشووری ئالاسکا، بۆ ئەوەی نەخۆش چاک بکاتەوە تا لە پەل و پۆ دەکەوت لە دەوری نەخۆش هەلەکەسەمای دەکرد و هەڵدەپەڕی. هەموو ئەو شامانەنە و ئەوانی دیکە کە لێرەدا باس نەکراون، وایان نیشانداوە لەگەڵ هێزێکی شاراوەی بڕیاردەر، بە هێڵێکی گەرم لە پێوەندیدان. شامان یەکەمین هەنگاوی دەرکەوتنی ئایینەکانن، کە دواتر دامەزراوەی خۆیان بۆ پەیدابوو تا پارێزگاریی لە بیروباوەڕەکان بکات.
جیاوازی نێوان بیروباوەڕی کۆمەڵە ڕاوچییەکان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە سەرەتاییانەی پیاوی ئایینیان تێدا دەرکەوت تا دەگاتە میسۆپۆتامیا و میسر ئەوەیە لە سەردەمی کۆمەڵە ڕاوچییەکاندا، بیروباوەڕ ئاسۆیی بوو، بە دەرکەوتنی پیاوی ئایین ئەو بیروباوەڕە بوو بە ستوونی. لە سەردەمی پاشاکانی میسۆپۆتامیا دا، ئایین دامودەزگای تایبەتی هەبوو تا ستوونیی ئایین بپارێزێت و شەرعییەت بە دەسەڵاتی پاشاکان بدات. لە پێناو دەسەڵاتی بەردەوامدا، ئایین و سیاسەت دەستیان تیکەڵ کرد.
ڕۆبەرت ڕایت لەو پەڕتووکەیدا بە دوای سەرەداوی یەکەمین بیری ئایین و تۆڕی ئاڵۆزی بیری هەبوونی خوا دا دەگەڕێت. هەر لە مرۆڤی سەرەتایی چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر تا دەگاتە ئایینە یەکتا پەرستەکانی چاخەکانی نوێ (لەچاو ٣٠ هەزار ساڵ دەرکەوتنی ئایینی ئیبراهیمییەکان، چاخی نوێیە). کاری ڕۆبەرت ڕایت لەو پەڕتووکەدا وەکوو زانای ئایینناسی یان لاهوت نەبووە، بەڵکوو مێژووی بیرۆکە و بیروڕا دەگێڕێتەوە. ئەوەشی بە بەکاربردنی ئامرازەکانی دەروونناسی و “بیردۆزی یاری” کردووە. بیردۆزی یاری (Game Theory) توێژینەوەیەکی ماتماتیکانەیە تێیدا ئەنجامی هەر تاکێک یان یاریزانێک لە کردەی ئەوانی دیکەوە پەیدا دەبێت یان دروست دەبێت. بیردۆزەکە باس لە هەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ دەکات کاتێک بەرژەوەندییەکانیان تێکەڵ دەبێت و لە یەکتری گرێ دراون. لەو بیردۆزەدا دوو چەمک هەیە “پێوەندی سفری” و “پێوەندی ناسفری”. لەیەکەمیاندا دەستکەوتی تاکێک بۆ تاکێکی دیکە زەرەرە، لە دووەمدا چارەنووسی یاریزانەکان پێکەوەیە بۆیە هاوئاهەنگی سوودی بۆ هەمووان دەبێت.
کڕۆکی تەوەرەی پەڕتووکەکە ئەوەیە بڵێت لە کۆندا هەبوونی خوا ڕاستییەکی جێگیر و زاندراو نەبووە. بەڵکوو دیاردەیەکی هەردەم گۆڕاوی داینامیکی گەشەسەندوو بووە، بە فشار و تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی مرۆڤ خەست بووەتەوە و بەرە بەرە جێگیر بووە. فشارەکانیش فشاری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لێکگرێردراو و بەردەوام بوون.
بە بۆچوونی نووسەر، چەمکی پێوەندی ناسفری داینامیکێکی زۆر سادە و بە توانای ناو کۆمەڵە دێرینەکانی مرۆڤ بووە و بووەتە هۆی پێشکەوتن و پەرەسەندنی بیری یەکەمین ئایین و خوای لە ناودا دەرکەوتووە. کاتێک کۆمەڵەکانی مرۆڤ هەر لە هۆز و خێڵە بچووکەکانەوە تا دەگاتە ئیمپراتۆرییە پان و پۆڕەکانی لە مێژوودا ناویان هاتووە، خۆیان لە بارێکدا دیتووە بازرگانی یان هاوپەیمانی سەربازی و سیاسی بە قازانج و سەقامگیری کۆمەڵایەتی بۆیان شکاوەتەوە. لەو کاتەدا ئاسۆی ئایینیان گەشەی ستاندووە. خوا لەو بارانەدا لێبووردەتر بووە و جیهانیتر بووە، واتا گشتگیرتر بووە. بە پێچەوانەشەوە، لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا ئاسۆی ئایینەکانیان بەرتەسک بووەتەوە، تایبەت و خۆگیر بووە و تەنانەت توندوتیژیش بووە. بەو پێیە بە پێی بۆچوونی نووسەر تەورات بەڵگەیەکی پایەبەرزی ئەخلاقیی نەمر نییە، بەڵکوو وێنەیەکی دیپلۆماسییەتی دێرینە تێیدا هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ئەو کاتەی تێدا دەردەکەوێت.
بۆ ساغکردنەوەی بیر و ڕاکانی خۆی بۆ خوێنەر، نووسەر بە هێڵی مێژووی هەرە دێرینی یەکەمین پیاوانی ئایین، “شامان”ـەکاندا دێتە پێش تا دەگاتە پیاوانی ئایین لە ئایینە ئیبراهیمییەکان دا. بەڵام شامان بەپێی کولتوورەکانی ناو گەل و نەتەوەی جیهان واتای جیاجیا و توانای جیاجیایان هەبووە. بۆ نموونە، هەیانبووە باوەڕی وابووە ئەگەر ئێسقانی سەگ بسووتێنن باران دەبارێت، سەمای بەر باران بکەن ڕۆژ دەردەکەوێتەوە، دووکەڵی سووتانی پێستی ڕێوی هەڵمژن نەخۆشی دەڕەوێنێتەوە، دەموچاویش ڕەنگ بکەن ڕۆحی باب و باپیران یاریدەدەری ڕاوی باشتر دەبێت، هتد. بەهەر کارێکیان لەوانە، خواوەندێک یان ڕۆحێکیان ڕازی دەکرد. تێ نەدەگەیشتن بۆچی ڕووداوە خراپەکان (زریان، بوومەلەرزە، بای بەهێز و هەورەبرووسکە) ڕوو دەدەن. کەچی لێکدانەوەی ئەوان بۆ هەندێک ڕووداو لەوانەی ئایینەکانی ئیبراهیمی باشتر بووە. لە ئایینەکانی ئیبراهیمی دا وەڵام نادۆزینەوە بۆچی پەروەردگار ٥٠ ساڵێک چاوەڕوان دەبێت تا زانستی سەرکەوتنمان بەسەر شیرپەنجەدا پێ دەبەخشێت، لەو ماوەیەدا چەند ملیۆن کەسێکی بێ تاوان بەو نەخۆشییە دەمرن و ئەویش تەنیا تەماشاکەرە!
نووسەر پێی وایە بیرۆکەی ڕۆح بۆ کۆمەڵە سەرەتاییەکانی مرۆڤ ئەنجامی ناسەوانی/مەعریفەی لاوەکی بووە، لێکدانەوەیەکی سەرەتایی و سادەی جیهانێکی پڕ مەترسی دەوروبەری بووە، تێیدا هێزەکانی سروشت کار دەکەن بۆیە خوایەکان لەگەڵ هێزەکانی سروشت گرێ درابوون. لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمەڵەی ئاڵۆزی پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ، بیرۆکەی خوایەکانیش ئاڵۆزتر دەبن. خوایەکان دەبنە ئاوێنەی پێکهاتەی ئاڵۆزی کۆمەڵگەکانی شار، دەوڵەت و شانشینە یەکەمەکان.
باشترین شیکارییەکانی ئەو پەڕتووکە لە توێژینەوەی نووسەردا بۆ پەڕتووکی پیرۆزی تەورات دەردەکەوێت. ڕەخنەیەکی پتەوی مێژووییە. یەهوە وەکوو ئەوەی لە تەوراتدا هاتووە کەسایەتییەکی توندئاژۆی خێڵەکییە هەموو مەبەست و کاری چارەنووسی گەلەکەیەتی و داوای لەناوبردن و قڕکردنی ڕکابەرەکانی دەکات. نووسەر پێی وایە ئەو واتایەی یەهوە هەیبووە لەگەڵ هێرشی بابلییەکان بۆ سەر بەنی ئیسرائیل دەگۆڕێت، بیرمەندانی جوو وەکوو ئەشعیای دووەم، شۆڕشێکیان بەرپا کردووە تێیدا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا، لە پێناو بەگژداچوونەوەی بابلییەکاندا یەهوە دەکەنە تاکە خوای ڕاست و دروستی گەردوون کە لە توانایدایە “کۆرش”ی شا وەکوو ئامرازێکی دەستی بە کار بهێنێت. ئەو گۆڕانکارییە دۆزینەوە و ناسینی شتێکی نوێ نەبووە، بەڵکوو گۆڕانکاری ستراتیجی بووە و لە کەشی “پێوەندی ناسفری”دا خۆگونجاندن بووە تا مانەوەیان لە جیهانێکی نوێ و سیستەمێکی نوێدا زامن بکەن.
دوای ئەوە کەشی “پێوەندی ناسفری” بۆ هەردووک ئایینی مەسیحی و ئیسلامـیش بە کار دەهێنێت. کەسایەتی عیسا وەکوو چاکسازێکی جوو لە ناو کۆمەڵگەی جووەکان دا وێنا دەکات کە پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی لە ناو کۆمەڵە و بەستێنی جوو دا بڵاو دەکردەوە. پەیامی پۆڵس باوەڕهێنانی بە ئایینی مەسیح زۆر کرد و بە هەموو دەوڵەتی ڕۆمان دا بڵاو بووەوە. ئەو پەیامە داهێنانێکی کەموێنەی ئایینی بووە تا بتوانێت بگاتە زۆرترین ڕووبەر کە پشت بە ئەنجامی سفر، پێوەندی سفر، نەبەستێت.
بە هەمان شێوە، بانگەواز و لێدوانەکانی پێغەمبەر، محەمەد، لە مەککە جوو و کرستیانەکانی بە “ئەهلی کیتاب” ناو بردووە و ئاراستەی قورئانـیش تەنیا پاش کۆچی بۆ مەدینە توند بووە. دوای ئەو کۆچە ململانێی سیاسی و سەربازی لەگەڵ کۆمەڵەکانی دیکە هەبووە و وەکوو پێویستییەکی مانەوە بووە.
هەڵبەت پەڕتووکەکە بەبێ ڕەخنە نەبووە، بە تایبەتی ئەوەی دەقی هەڵبژێردراوی وەرگرتووە تا بتوانێت کۆی باسەکەی لە دەوردا بسووڕێنێتەوە و لە ناو کەشی پێوەندی ناسفریدا لێکیان بداتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی بەپێی لێکدانەوەی ئەو نین یان پشت گوێیان دەخات یانیش پاساویان بۆ دەهێنێتەوە. ڕەخنەی دەقی هەڵبژێردراو لە هەموویان دیارتر و گرنگترە، ئەشعیای دووەم بە لێبووردە وێنا دەکات چونکە لەژێر کاریگەریی ئیمپراتۆریەتی فارسەکان بووە و بە پێوەندی سفریی دەیبینێت. بۆ نموونە سفری عەزرا و نەحمیا، ڕێ بە تێکەڵبوون لەگەڵ دراوسێیەکانی جووەکان نادات تا ڕەگەزی جوو بێگەرد بمێنێتەوە. ئەویش پێوەندی سفرییە نەوەک ناسفری، کە نووسەر پشتگوێی خستووە. بە هەمان جۆر بەراوردی لە نێوان پەیامی مەککە و مەدینەی ئاینی ئیسلامـیش سادەکردنەوەیەکی بێ پایانە و نەهەموو ئایەتەکانی مەککە نەرمن و نەهەموو ئەوانەی مەدینەش توند.
مێژوونووسان پێیان وایە مێژوو هێڵێکی ڕاست نییە، گەشەکردنی بیروڕای ئایینی ڕەوتێکی هەنگاو لە دوای هەنگاوی ئەنجام دیار نەبووە، بەڵکوو ڕێگەیەکی پێچاوپێچ و دژبەیەکیش بووە هەندێک جار پڕە لە کۆتایی داخراو، گەڕانەوە و تاقیکردنەوە.
ئەوەی ڕۆبێرت ڕایت نووسیویەتی وەکوو ئەنجامێکی لێ دەربازنەبوو/حەتمی پیشانی دەدات کە ئەگەرەکانی مێژوو و ڕێکەوتەکانی ناخوێنێتەوە. واتا ئەگەرەکانی ڕووداو، بڕیارەکانی مرۆڤ خۆی و ئەو ڕووداوانەی بە ڕێکەوتی پێکگەیشتنی دوو یان چەندان هۆکار دروست دەبن لە بەرچاو ناگرێت. جیهان چۆن دەبوو ئەگەر ڕۆمانەکان هەر زوو ڕووخابان، یان هەر زوو سوننە بەسەر شیعەدا سەرکەوتبا؟ ئەوکاتە سیناریۆکانی ڕۆبێرت ڕایت ڕاست دەرنەدەچوون، بۆیە ڕەخنە لەوەیە کە نووسەر ئەنجامەکانی پێش وەختە بۆخۆی داناوە.
بەگشتی پەڕتووکەکەی “ڕایت” دانسقەیە و شایانی خوێندنەوەیە، زانیاریی زۆری لە هەموو جیهان کۆ کردووەتەوە و سوودی بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵە دێرینەکان هەیە و هێڵێکی مێژوویی گرنگی لە گەشتی مرۆڤ لە دێرزەمانەوە تا ئێستا کێشاوە و باس کردووە.



