سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەڵەی دیکتاتۆر و شێرپەنجەی ئایدیۆلۆجیا: خوێندنەوەیەکی درشت بۆ داڕمانی سیاسیی و ئابووریی ئێران

یەکێک لەو پرسیارانەی کە هەمیشە زەینم ئاڵۆز دەکات، سووربوونی دەستەڵاتدارە تاکڕەوەکانە، بەوەی کە سوود لە هەڵەکانی خۆیان وەرناگرن. بارودۆخی و سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکەیان بەردەوام بەرەو داڕمان و پاشەکشێ دەڕوات، بەڵام دەبینین هەر سوورن لەسەر ئەو ئاراستەیەی کە هەیانە و هەرگیز ئامادە نین بەخۆیاندا بچنەوە. زۆربەی ڕژێمە خودسەر و ئایدیۆلۆجیست و تاكڕەوەکان، تا چرکەساتی ڕووخانیان ئامادەی هیچ گۆڕانکاری و چاکسازییەک لە سیستەمی سیاسی و ئابووری وڵاتەکانیان نەبوون. ئەم سەرکێشییە لە سیاسەتدا چی پێ دەگوترێت؟ بۆچی ئەو جۆرە دەستەڵاتدارانە ئامادەی بەخۆداچوونەوە نین. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لێرە وەک نموونە وەردەگرین!

ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەناو سێ گۆشەی “خوێندنەوەی نادروست بۆ واقیعی ئێران و ناوچەکە و هاوکێشەکان”، “شۆفینیزمی ئایدیۆلۆجی” و “نێرگزبوونی دەستەبژێری ئایینی دەستەڵاتدار”، نەک هەر بۆخۆی، بەڵکوو وڵاتەکەشی خستۆتە ناو تەڵەیەکی ترسناکەوە.

سەبارەت بە خوێندنەوەی نادروست؛ تیۆرییەکی سەرنجڕاکێش هەیە پێی دەگوترێت تیۆری تەڵەی دیکتاتۆر (The Dictator’s Trap)، کە هەردوو نووسەر، بروس بوینو دی میسکیتا (Bruce Bueno de Mesquita) و ئەلیستەر سمیث (Alastair Smith) لە کتێبەکەیان بەناوی “ڕێبەری دیکتاتۆر: بۆچی ڕەفتاری خراپ زۆربەی جار سیاسەتێکی باشە، کاریان لەسەر کردووە. ئەوان بۆ خۆیان ئەو دەستەواژەیان دانەهێناوە، بەڵکوو تیۆرەکەیان لەڕێی بەکارهێنانی تیۆری یاریی (Game Theory) و هاندانی سیاسی و لێکۆڵینەوەی حاڵەتە سیاسییەکان، پەرە پێداوە. یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە دەستەبژێری سیاسی، بەتایبەتی سەرکردەکان، کە پێگەی کەسی یەکەمیان داگیرکردووە؛ تەنها ئەو زانیاریانەیان پێ دەگات کە ناڕاستن یان “بەدڵی ئەوانە”، واتە تەنها ئەو زانیاریە ناڕاستانەی کە بەدڵی سەرکردەکانە.

بەو مانایەی ڕاوێژکار و ئەو کەسانەی لە دەوروبەریان کۆبوونەتەوە، لە ترسان بێت یان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان، کێشە و ڕاستییەکان لە سەرکردەکان دەشارنەوە. وەها لە سەرکردە سیاسییەکان دەگەیەنن کە بارودۆخ زۆر باشە و ئەوان جەماوەریان لە هەڵکشانە و هەموو ئەو کێشانەی هەن، پلانی دەرەکین و لەو ڕژێمە سیاسییەیان خۆش نایەت. بەو جۆرە بە تێپەڕبوونی کات سەرکردەکان پەیوەندییان بە واقیعەوە نامێنێت، هەڵەکانیش ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن، لەبەرامبەریشدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای ناڕاست دەدرێن و کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی توندتر دەکەن و لەئەنجامیشدا “تەڵە”کە قووڵتر دەبێتەوە.

هەرچەندە دەکرێت ئەو تیۆرییە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆریش ببێتەوە، چونکە لە سەردەمی تەکنۆلۆجیا و جیهانگیریی، دەکرێت سەرکردەکان بەئاسانی ئاگایان لە هەموو ڕووداوەکان بێت، بەڵام ئەوەی لە بەرانبەردا دەبێتە لەمپەڕ، بەتەنها تەڵەی دیکتاتۆر نییە، بەڵکو شۆفێنیزمی ئایدیۆلۆجییە. یەکێک لەو تیۆریانەی کە تایبەتە بە شۆفینیزمی ئایدیۆلۆجی تیۆری ناڕێکی مەعریفییە (Cognitive Dissonance)، کە لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی لیۆن فێستینگەر (Leon Festinger) لە 1957 داهێندراوە. لە کتێبەکەیدا کە هەر بەو ناوە بڵاوکراوەتەوە و یەکێک بوو لە کاریگەرترین دەروونناسەکانی سەدەی بیستەم.

بەپێی ئەو تیۆرییە؛ مرۆڤەکان، بەتایبەتیش سەرکردەکان کە زانیارییەکییان پێ دەگات و دژە لەگەڵ بیروباوەڕەکەیان، تووشی فشارێکی دەروونی دەبن. لەو حاڵەتەشدا یان دەبێت باوەڕەکەیان بگۆڕن،  کە ئەمەش کارێکی مەحاڵە بۆ ئایدیۆلۆجیستەکان؛ یان دەبێت پاساو بۆ ڕەفتارەکانییان دابڕێژن. هەر ئەمەشە زۆربەی جاران ڕوودەدات. دەستەبژێری دەستەڵاتیش لە ئێران هەرچەندە واقیعی سیاسی و تێکچوونی هاوکێشەکان و داڕمانی ئابووری دەبینن، بەڵام هێشتا واز لە دروشمەکانیان ناهێنن. وازهێنان لەو دروشمە ئایینیانەی کە ساڵەهایە بناغەی کار و دەوڵەتداری و فراوانخوازییانە، وەکوو هەرەسی کەسایەتی و مەعریفی وایە.

سێیەم گۆشەی لەمپەڕ لەبەردەم سەرکردە سیاسییەکان، “نێرگزبوونی دەستەبژێرە” (Elite Narcissism). کاتێک نێرگزبوون لەگەڵ پیرۆزیی ئایینی تێکەڵ دەبێت، کوێربوونی ئایدیۆلۆجی دروست دەکات و ناهێڵێت واقیع وەک ئەوەی هەیە ببیندرێت. یەکێک لەو تیۆریانەی کە ئەو دیاردەیەمان بۆ چارەسەر دەکات تیۆری “گرێی مەسیح” (Messiah Complex)ـە یان “گرێی ڕزگارکەر”ـە.

ئەم تیۆرییە تەنها دەروونناسی نییە، بەڵکوو لە سیاسەتیشدا بەکار دەهێندرێت، کاتێک دەستەبژێر، سەرکردە یان ڕێبەر؛ پێی وایە ئەو “نێردراوی خودایە”، یان ئەرکێکی پیرۆزیان لەسەر شانە بۆ ڕزگارکردنی ئوممەت. ئەوانە لە دۆخێکی نێرگزبوونی مەترسیداردا دەژین. ئەو نێرگزبوونە زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە ئیسلامییەکان پێیەوە دەناڵێنن. ئەوان پێیان وایە هەڵە ناکەن، چونکە بڕیارەکانییان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی “ئایینی خودا” دادەڕێژن. هەموو جۆرە ڕەخنەیەکی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی؛ وەک “دژایەتیکردنی خودا” دەبینن.

ئەو سێ گۆشە، یان ئەو سێ بنەمایە؛ ئەو تۆقە نەفرەتەن کە سەرکردە و ڕێبەرەکان وا لێ دەکەن لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان داببڕێن. خۆیان لەسەرەوەی ڕەخنە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ببینن. تا لەکۆتاییدا خۆیان و نەتەوە و نیشتمانەکەیان بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون دەبەن.

ئێران وەکوو وڵاتێکی نوێ، کە خاوەنی خاکێکی بەرفراوان و دەوڵەمەندە و چەندین گرووپی مرۆیی جیاوازی تێدا دەژین، نزیکەی 45 ساڵە کراوە بە زیندانێکی گەورە بۆ نەتەوەکانی ناو سنووری دەوڵەتەکە لە سایەی ئایدیۆلۆجیایەکی ئایینی/ناسیۆنالیستی. ئایین/مەزهەبێک هێندەی نزیکە لە ئەفسانە و میتۆلۆجیا، هێندە پەیوەندی بە واقیعەوە نییە، چ جای سەپاندنی بەسەر هەموو ئایین و ئایینزاکانی ناو ئێران. هەروەها ناسیۆنالیزمێک کە ئایدیۆلۆجیای پان-ئێرانیزم بەبنەما دەگرێت بە ڕێبەرێتی نەتەوەی فارس و سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناو ئەم سنوورەدا.

ڕژێمی ئیسلامی، بە ڕابەرایەتی خومەینی، لەو ڕۆژەی هاتە سەر دەسەڵات، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی بەگوێی دنیادا چرپاند. ئایدیۆلۆجیای شۆڕشی ئیسلامی/ئێرانی، وەکوو دوو دیوی یەکدراو، ئەو بەڵایە بوو کە 45 ساڵە نەتەوەکانی ئێران باجی هەڵە و سەرەڕۆییەکانی دەدەن. واز لە ژەهر خواردنەوەکەی خومەینی و دەرەنجامەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق بێنە. دوای ئەوە؛ ئەو ڕژێمە هەموو توانا و سامانی ئێرانی بەکارهێنا بۆ فراوانخوازیی ئایدیۆلۆجی خۆی و کۆنترۆڵکردنی گرووپە شیعییەکانی لوبنان، یەمەن، سووریا. هەوڵی جوڵاندنی شیعەکانی بەحرەین و سعودیەشی دا، کە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، تا بۆدواجار لە دوای 2003 دەستی بەسەر عێراق دا گرت و چالاکی و خەونی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیش لەولاوە بوەستێت.

لە ئەنجامی ئەو هەموو سەرکێشییانەی ڕژێمەکە، کە بووەتە کابووس بەسەر سینگی نەتەوەکانی ئێرانەوە:  

یەکەم: ئابووری ئێرانی بەرەو داڕمانێکی ڕاستەقینە بردووە؛ بەشێوەیەکی دراماتیک بارودۆخ و بژێوی خەڵکی ئێران بەرەو هەڵتەکان دەچێت.

دووەم: دوای تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ میلیشیاکان و گرووپە ئیسلامییەکان، نەتەوەکانی ئێران باجێکی قوڕسیان بۆ ئەو سیاسەتە فراوانخوازییە داوە کەچی ئامادە نین واز بێنن.

سێیەم: هەر لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە و پیلانە نێرگزییەکانی ئایدیۆلۆجیایی ئیسلامیزم/ئێرانیزم، پەلاماردانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر و ئەو دەرەنجامانەی دواتر بەسەر ناوچەکەدا هاتن، هەموو خەونە فراوانخوازییەکەی ئێرانی پووکاندنەوە.

چوارەم: بەدرێژایی هەموو ئەو مێژووە، خەڵکی ئێران نەک هەر باجی ئەو سەرەڕۆییانەی ڕژێمی ئیسلامی داوە، بەڵکوو بەهەزارانیشیان لەسێدارە دراون، بەتایبەتیش ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران، بە بیانۆی سیاسی و دژایەتی خودا و ئەو وەهمانەی کە ئەو ڕژێمەی لەسەر بیناکراوە.

بەکورتی لە ئەنجامدا، 45 ساڵ، کە دەکاتە زیاتر لە چوار دەیە، بەپێی زۆرێک  لە تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پێیان وایە سووڕی دەستەڵاتەکان لە سی تا چل ساڵ تێپەر ناکات، نەک هەر بەهۆی فاکتەرە دەرەکییەکان، بەڵکو فاکتەرە ناوخۆییەکان زۆر زیاتر و بەهێزترن بۆ داڕمان و دەستپێکی قۆناغێکی تازە. یەکێک لەو تیۆریانە؛ تیۆری “داڕمانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییە”، یەکێکیش لەو کۆمەڵناسانەی وڵاتە یەکگرتووەکان؛ پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد؛ تیۆدا سکۆکپۆڵ (Theda Skocpol) لە کتێبەکەی بەناوی “دەوڵەتەکان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان” ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕژێمە ئایدیۆلۆجی و شۆڕشگێڕەکان لە تەمەنی چل ساڵی “هێزی بزوێنەری خۆیان” لەدەست دەدەن. دوای سەرهەڵدانی شۆڕش و گەرموگوڕی دروشم و ئایدیۆلۆجیا؛ کە دەگەنە تەمەنی چل ساڵی وردە وردە پیر دەبن و بەرەو کۆتایی تەمەنیان دەڕۆن. یەکێکیش لەو ڕژێمانە یەکێتیی سۆڤییەت بوو، کە دوای چوار دەیە لە جێگیربوونی تەواو تووشی داڕمان بوو، بەپێچەوانەی سیستەمی دیموکراسی/سێکولار، بەهۆی ئەو میکانیزمانەی کە لەسەری دامەزراوە؛ هەمیشە قابیلییەتی خۆنوێکردنەوەی هەیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە؛ تەنانەت لە مێژووی ئیسلامدا، بەپێی تەواوی سەرچاوەکان، مێژووی خەلافەت لە ئیسلامدا لەدوای وەفاتی پێغەمبەر تەنها سی ساڵ بوو. لەو بارەیەوە ئیبن خەلدوون کە تایبەتمەندە لە مێژووی عەرەب و ئیسلام؛ لە تیۆرەکەیدا دەڵێت “دەوڵەتەکان لە نەوەی سێیەمدا (واتە دوای نزیکەی 40 ساڵ) تووشی سستی و داڕمان دەبن”. لە مێژووی ئیسلامیشدا دوای ٣٠ ساڵ سیستەمی خەلافەت لەگەڵ هاتنی ئەمەوییەکان گۆڕا بۆ شێوازی پشتاوپشتی دەستەڵات. ئەمەش پشتڕاستی هەموو ئەو تیۆریانە دەکاتەوە کە دوای ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ ڕژێمە تۆتالیتارییەکان تووشی قەیران و پیربوون دەبن.

لەسەر ئەو بنەمایەش، ڕۆژانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی سنووردارە و لەقەیرانێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەدا دەژییت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO