جه‌وده‌ت سۆفی
گرته ڤیدیۆیەک لە مەککەی پیرۆز لە کاتی حەج دا بڵاوبۆتەوە، كه تێیدا پیاوێکی کورد دەبینرێت لەناو گرووپێکی گەورەی خەڵکدا، دەست لە دیوار و شوێنە پیرۆزەکان دەدات و نزا ده‌كات و ده‌پاڕێته‌وه. نزاكه‌ی جگه له دۆعایه‌كی سادە و ئاسایی كه پڕ به د‌ڵ دەیكات، هیچ نمایشی تێدا نییە، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و نزا‌و پاڕانه‌وه‌یه كه هه‌موومان له باوكوباپیرانمان گوێمان لێ بووه له دوای نوێژ. ئه‌و پیاوه داوای یارمەتی لە خوا و لە پێغەمبەر و لە هێما پیرۆزه‌كان دەکات، بۆ ئەوەی یارمه‌تی نەتەوەکە‌ی بدەن، بۆ ئەوەی ئازاری مێژوویەک کەم بکەنەوە کە پڕە لە یه‌كترازانی ناوخۆیی و شەڕ و پەیمانە شکستخواردووەکان.
له‌و دۆعا ساده‌یه‌دا، كه ڕسته‌كان زۆر کورتن، ڕه‌نگه هه‌ست به‌وه بكرێ كه ئه‌و پیاوه كورده بیه‌وێ تەنها ڕووی شتێک پیشان بدات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناکرێت زۆر بە ساده‌یی و به سه‌رپێیی لێك بدرێته‌وه. چونكه ئه‌مه په‌ناگه‌یه‌كی ڕۆحییه. بەڵام ئەوەی كه زۆر گرنگە له‌و په‌ناگه‌یه‌دا، هاواری ئه‌و پیاوه نزا كردنێكه کە هێشتا به‌رده‌وامه لە جیهانێکدا کە ده‌نگ و هاوار و بانگەکان، هه‌رچه‌نده زۆرن، بەڵام وەڵامی ڕاستەقینەیان نییە چونكه وا پێده‌چێت كه بۆ ئه‌و پیاوه كورده، زمانی سیاسی و دیپلۆماسی یان سەربازیی گه‌یشتبن به سنوورێك یان جۆرێک لە پڕبوون. ئه‌وه‌ش نەوه‌ك بەو مانایەی کە نه‌ماون، بەڵکوو بەو مانایەی کە بە دووبارەبوونەوەیان خه‌ریكن ده‌سوێنه‌وه و چیتر شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنن. لەو بارودۆخی مێژووییه‌ی كورد کە تێیدا شەڕ درێژخایەنە، گفتوگۆ و پەیمان و ستراتیجی دەبن بە جۆرێک لە دووبارەکردنەوەی هەمان ئه‌نجام كه “بێ‌چارەسەری”یه، ئه‌وا مرۆڤ به جووڵه ده‌خات، ڕەخنە دەگرێت، بەره‌نگار دەبێته‌وه. بەڵام شتێک هەیە کە لە بنچینەدا به نەگۆڕی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش ئازارێكی قووڵه به‌رانبه‌ر به نایه‌كسانی له دۆزی كورد. ئیتر ئا له‌و کاتە دایه كه له بێئومێدی و بێهیوایی و نه‌مانی بڕوا به‌و واقیعه، مرۆڤ ده‌ست ده‌كات به نوێژ و نزا و په‌نا بردن بۆ هێزی باڵا.
هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا نزا نابێته جێگرەوەی جووڵه و خه‌باتی ئاسایی، بەڵکوو ده‌بێته هه‌ڵگری گواستنەوەی وشه و زمان چونكه پاڕانه‌وه ناڵێت “ئەمە چارەسەره”. بەڵکوو دەڵێت: “پێویستە هێشتا نوێژ و نزا و پاڕانه‌وه ده‌بێ بکرێن”.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه له‌و پاڕانه‌وه ئایینییه‌دا، ئەوەیە کە نزاكه‌ر ده‌پاڕێته‌وه، ڕسته له دوای ڕسته، به‌بێ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام، بێئه‌وه‌ی هیچ دڵنیاییه‌كی هه‌بێت له وه‌ڵامی سه‌روه‌ر. قسەیەک له عه‌قڵ و بیر و ده‌م و هه‌ناوه‌وه دەردەچێت بەبێ ئەوەی بزانرێت دەبیسترێت یان نا. بەڵام ئەم نەزانینە، کۆتایی بە کردارەکە ناهێنێت. به‌ڵكوو ته‌واو بە پێچەوانەوە، ئه‌وه نه‌بیستنی وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆیه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه كه ده‌بێته هۆکاری باوه‌ڕهێنان و نزاكردن و دووباره‌كردنه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر باش گوێی لێ بگرین و لێی وردببینه‌وه، ئه‌وا هه‌ست به‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه ڕوو كردنه خوا و نزای ئه‌و كورده تەنها باوەڕ نییە. بەڵکوو دەتوانرێت وەک جۆرێک لە پاراستنی بنەمایی (پره‌نسیپ) لێی تێبگه‌ین كه مانه‌وه و به‌رده‌وامیدانه به شوێنێك كه ماڵی خوایه و به هێزێكه كه لای ئه‌و خودی خوایه، بۆ پاراستن و به‌رده‌وامیدانی ئه‌و پەیوەندیه به خوا. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه ماف و توانای قسەکردن لە جیهانێکدا ده‌پارێزێ، کە ئیتر كورد بۆی نییه تیایدا بوونی هه‌بێت.
كاتێك ئه‌و پیاوه له خوا ده‌پاڕێته‌وه و داوای لێ ده‌كات “یارمەتی نەتەوەکەم بده”، ئه‌وه تەنها داواکارییه‌ك نییە. بەڵکوو هه‌وڵێكیشه بۆ ئه‌وه‌ی کە ئازاری نەتەوەکە‌ی ئیتر بێ ناونیشان نه‌مێنێته‌وه.
بۆیه ئیتر له‌و بارودۆخه دا كه تاكی كورد خۆی له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانی ناسنامه كوردییه‌كه‌یدا ده‌دۆزێته‌وه و له بێهیواییدا په‌نا ده‌بات بۆ خوا، ناتوانرێ بە ئاسانی سیاسەت و ئایین له یه‌كتر جیا بکرێنەوە. چونکە كاتێك تاكی كورد په‌نا بۆ ئایین ده‌بات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئیتر هه‌ست به بێده‌سه‌ڵاتی ده‌كات له‌وه‌ی كه مێژووی سیاسی بۆ زۆر کەسی كورد بووەته شوێنی هیوای شکستهاتوو.
شەڕی درێژخایەن و دووبه‌ره‌كی ناوخۆیی و هاوپەیمانی بێ به‌رهه‌م و دەستێوەردانی دەرەکی و گۆڕانکارییەکان، بۆ تاكی كورد بارودۆخێكی ئه‌وه‌نده ئاڵۆزن كه داهاتوو بۆی دەبێتە شتێکی نادیار و ته‌مومژاوی.
سیاسەت په‌یمانی گۆڕانکاری به تاكه‌كان ده‌دات بۆ ژیانێكی باشتر، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانە زۆرجار دەمانبه‌نه‌وه به‌ره‌و هه‌مان خاڵی سه‌ره‌تا كه دووبارەبوونەوەی هه‌ستی بێ‌چارەسەری و بێهیواییه. ئیتر ئا لەو کاتەدایه نوێژ ده‌بێته یارمه‌تیده‌ر بۆ خۆڕاگری ده‌روونی. ئه‌و كرداری نزاكردنه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه یارمه‌تیده‌ره نه‌وه‌ك جێگرەوە، به‌ڵام شوێنێکی تریشە، شوێنی نزایه‌كه كه هیوا هێشتا تێیدا ماوە. كه‌واته لە ڕوانگەی دەروونییەوە، نوێژ دەتوانرێت وەک جۆرێک لە بەردەوامیدان به قسەکردن لێك بدرێته‌وه لە جیهانێکدا کە گوێگرە مرۆییەکان لاوازن یان دوورن، یانیش كه‌ڕن. ئەوەی كه لێره‌دا ڕه‌نگه زۆر گرنگ بێت ئه‌وه‌یه ده‌بینین له‌لای تاكی كورد وشه نابێت بمرێت بەهۆی نەبوونی وەڵام. بەڵکوو بێ ئەوەی وەڵامیش هەبێت، نوێژ و نزا و پاڕانه‌وه هێشتا ڕێکخستنی ناوەوەی مرۆڤی كورد دەپارێزێت، هێزێك هه‌یه كه گوێی لێ دەگرێت و شتێکی لێ وەردەگرێت. بۆیه ئیتر ئازاری تاكی كورد به‌بێ گوێ لێ گرتن نامێنێته‌وه و بێده‌نگی ده‌شكێت.
بێگومان ڕه‌نگه هه‌ندێ كه‌س بڵێن ئەم کردارە بێهووده‌ییه، ئاخر داواکردنی یارمەتی لە هێزێکی نادیار بۆ چارەسەری کێشەیه‌كی سیاسی، چۆن ده‌بێت؟ له كاتێكدا كورد به پشت به‌ستن به چه‌ندان ئایه‌تی قورئان به‌رده‌وام ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه كه خوا پێمان ده‌ڵی “له تۆ حه‌ره‌كه‌ت و له من به‌ره‌كه‌ت”. له لایه‌كی تریشه‌وه مێژوو پێمان ده‌ڵێ كه نەتەوەکان به خه‌باتی سیاسی و چه‌كداریی خودی خۆیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌گه‌ر باس له بێهووده‌یی بكه‌ین ئه‌وا خۆمان له‌به‌رده‌م دوو جووڵه‌دا ده‌دۆزینه‌وه: بێهووده‌ییه‌ك كه تیایدا مرۆڤ چه‌ق ده‌به‌ستێ، بێهووده‌ییه‌كه‌ی تریش بەردەوامی و دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌مان كرداره و هه‌مان شێوازی هه‌وڵه وه‌كوو سه‌رخستنه‌وه‌ی به‌رده‌كه‌ی سیزیف. به‌ڵام نوێژكردن نه ده‌ڵێت جیهان چارەسەر دەکات، نه ده‌شڵێت جیهان کۆتایی قسەکردنە.
ئه‌گه‌ر ورد ببینه‌وه، ده‌بینین كه شتێکی سیاسی لەو کرداری نزایه‌دا هه‌یه كه ڕه‌نگه مانایه‌كی قووڵتری هه‌بێت، ئه‌ویش بوونی شوێنێکه، یان هه‌ستێكه یان ده‌ربڕینێكه کە هێشتا به تەواوه‌تی بەده‌ستی ده‌سه‌ڵات و دەوڵەت و سیستەم كۆنترۆڵ نەکراوە. بۆیه پیرۆزی نزای ئه‌و پیاوه كورده لێرەدا تەنها جیهانێكی مێتافیزیك نییە. بەڵکوو شوێنێکە بۆ په‌یوه‌ندی به‌ستن و قسەکردن له‌گه‌ڵ هێزێك کە پێوانە ناکرێت و ناتوانرێت بە تەواوی بخرێتە ژێر کۆنترۆڵ.
ئەوەی لەو ڤیدیۆیەدا دەمێنێتەوە، ئه‌وه‌یه كه پیاوێکی کورد لە شوێنێك، كه پێی ده‌ڵێن “ماڵی خوا”، نوێژ دەکات بۆ نەتەوەکە‌ی كه لەوانەیە بۆ ئه‌و نە پرسی باوەڕپێكردن بێت و نە بێباوەڕیش بێت. بەڵکوو ئه‌م كاره بریتییه له پرسی بەردەوام بوون له قسەکردن لە جیهانێکدا کە وەڵامی ڕاستەقینەی نییە بۆ هاواری ئازاره‌كانی كورد. بەردەوام بوونه له بانگکردنێك له کاتێکدا گوێگرە دیارەکان کەمن، یان كه‌ڕن. بۆیه له لاوازی و نادیاری داهاتووی گه‌له‌كه‌یدا، ئه‌و پیاوه بەردەوامی ده‌دات به هێشتنه‌وه‌ی پەیوەندی به هێزێكی نادیار. ئیتر له‌و ڕوانگه‌وه، لەوانەیە پرسی گرنگ ئەمە بێت: كاتێك تاكی كورد بێهیوا ده‌بێت له دنیا، یه‌كێك له ڕێگاكانی بۆ ماوه‌نه‌وه‌ی خاك و ناسنامه‌ی، نوێژكردنه، نزایه له‌و هێزه گه‌وره نادیاره‌ی كه هه‌موومان ده‌جووڵێنێ.
له به‌رانبه‌ر سه‌ختی و بارگرانی دۆخی سیاسیی ئێستا، ڕه‌نگه بتوانین نزای ئایینی وەک بەردەوامییەک ببینین لە خۆڕاگریی کورد نه‌وه‌ك تەنها لە مانەوەی ماددی یان دیپلۆماسیدا کورت بكرێته‌وه. بەڵکوو هه‌روه‌كوو ئاگری نه‌ورۆز و سروود و گۆرانی و شیعر و چیرۆک و به‌سه‌رهاته‌كان، یان گۆڤەند و هه‌ڵپه‌ڕكێ کە لە نێو نەوەکاندا دەگوازرێنەوە، نوێژ و نزا لەم بارودۆخەدا، ڕاکێشانێک نییه بۆ دەرەوەی ڕاستی، بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ له‌سه‌رپێی خۆ ڕاوەستان و خۆڕاگری به‌رانبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌وه و به‌رانبه‌ر به ئازار و ترسی ناوه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته هیچ کام لەم نزایانه ڕاستەوخۆ لێكترازا‌یی هێزه سیاسییە كورده‌کان چارەسەر ناکات، بەڵام ڕه‌نگه ڕێگری لە لەناوبردنی ناسنه‌مه‌ی كورد بکەن. لەوانەشە لەوێوە، لەو بەردەوامییە بێدەنگەی کردارە ڕۆحی و کولتوورییەکاندا، وه‌كوو شێوەیەک لە چوونه ده‌ره‌وه له‌و جه‌نجاڵیه‌دا دەربکەوێت. بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ست له سەرکەوتنێکی نمایشی نییه، بەڵکوو مه‌به‌ست له بەردەوامییەکی زیندوو و ڕێزدار و لەسەرخۆیه. هه‌روه‌كو بۆریس سیرولنیك ده‌ڵێ “له‌وانه‌یه ئه‌وان بتوانن تێكمان بشكێنن، به‌ڵام ئێمه ده‌توانین به شێوازێكی تر به‌رده‌وام بین له ژیان”.
لە بنەڕەتدا، نزای ئەو پیاوە کوردە لە مەککە لەوانەیە لە چوارچێوەی ته‌نها ئایین تێبپەڕێت. له‌گه‌ڵ ئەو نزا و پاڕانەوەیە ئه‌و ڕوو لە خوا ده‌کات؛ له هه‌مان كاتیش‌دا وەک بانگێکی بێدەنگیش ڕوو ده‌كاته ڕابەرانی کورد. ئاخر ئه‌و هاتووه به وریاییه‌وه ده‌نگی نزاكانی خۆی و ده‌ستی خۆی كه به دیواری كه‌عبه‌وه ده‌نێت تۆمار كردووه و بڵاوی كردۆته‌وه. كه‌واته بۆ مرۆڤه‌كانی بڵاو كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیبینن، ئاخر خوا پێویستی به‌وه نییه. چونکە لە پشت وشەکانی ئەو نزایەدا، ماندووبوونێکی مێژوویی هەیە؛ ماندووبوونی نەتەوەیەک کە زۆر جار باجی ناکۆکیی ناوخۆیی و ململانێی حیزبی و بەرژەوەندییە دابڕاوەکانی داوە كه مرۆڤه‌كان خۆیان لێیان به‌رپرسن نه‌ك خوا.
ئه‌و پیاوه كورده ڕاستیی کوردستانی ئەمڕۆمان ده‌خاته‌وه یاد كه هێشتا پڕە لە دابڕانی ناوخۆیی حیزبه سیاسییەکان، ململانێی دەسەڵات، پشتبەستن بە دەرەوە له دژی ئه‌وی دی و ستراتیجییە دژبەیەکەکان؛ كه زۆرجار ڕێگا لە دروستبوونی ئاسۆیەکی هاوبەشی نەتەوەیی دەگرن. لە کاتێکدا حیزبەکان لەسەر قەڵەمڕەوی، سنوور، دەسەڵات یان هاوپەیمانییە هەرێمایەتییەکان ململانێ دەکەن، بەشێک لە نەتەوەی کورد هێشتا لە ناڕوونی و ئاوارەیی و هەژاری و ترسی ئەوەدا دەژی کە بوونی مێژوویی وه‌كوو نه‌ته‌وه جارێکی تر بخرێتە پلانی دووەمەوە.
لەو بارودۆخەدا، نزای ئەو پیاوە دەبێتە جۆرێک لە وتارێکی سیاسیی بێ دروشم. کاتێک دەڵێت: «یارمەتی نەتەوەکەم بدە»، بە شێوەیەکی ناڕاسته‌وخۆ داوا له خوا ده‌كات كه یارمه‌تی به‌رپرس و پیاوه سیاسییه كورد بدات و دڵیان نه‌رم بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ن كه دۆزی کورد لە حیزبەکان، له بەرژەوەندییە تایبەتەکان و حیساباتی کاتی گەورەترە. دەنگی ئەو پیاوه وەک ئەوە وایە بڵێت: مانەوەی نەتەوەیەک ناتوانێت هەتاهەتایە لەسەر ناکۆکیی ناوخۆ و دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە مێژووییەکان بنیات بنرێت.
بۆیە، ئەم نزایە ئایینییە دەتوانرێت وەک دوا شوێنێک لێک بدرێتەوە کە هێشتا یەکێتیی کوردی تێیدا خەونپێکراوە. نەک یەکێتییەکی سادە و خەیاڵی، بەڵکوو هۆشیارییەکی هاوبەش بۆ ئەو شته‌ی کە له هه‌مووی گرنگترە: پاراستنی که‌رامەت، زمان، یادەوەری و بوونی یه‌كێتیی سیاسیی نەتەوەی کورد پێش هەر ملمڵانێ و ناکۆکییەکی تر.
لەوانەیە هێزی هێماییی ئەو دیمەنە لێرەدا بێت: پیاوێکی ئاسایی، ونبوو لە ناو گەورەیی مەککە دا، بە نزاکەی بیر لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتمه‌دارانی کوردی هەندێک جار ئه‌وه‌یان لەبیر دەچێت؛ کە پێش حیزبەکان، پێش سنوورەکان و بەرژەوەندییەکان، نەتەوەیەک هەیە کە تەنها دەیەوێت بە کەرامەتەوە بەردەوام بێت لە بوون له سه‌ر خاكی خۆی.
لەوانەیە بەردەوامبوونی ئه‌و ده‌نگانه لە بەرزبوونەوە و لە نزا و هاواره‌كاندا ، لە شیعره‌كاندا، لە گۆرانی و سرووده‌كاندا، له كڵپه‌ی ئاگری نه‌ورۆزدا، پرسی سیاسی كورد چاره نه‌كه‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌یه كه ڕێگری بكات له‌وه‌ی كه پرسی کورد بە تەواوی بخرێتە ناو بێدەنگییەوە.


