سه‌باحی غالیب
له بناغه‌دا، ململانێ له‌سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ-كه‌ركووك، یه‌كێكه له پرسە هه‌ره ئاڵۆزه‌كانی نێوان كورد و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دوای كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی. لایه‌نی كوردی به پله‌ی یه‌كه‌م و بەریتانیا، فره‌نسا، توركیا و عێراق هه‌موویان هه‌ر یه‌كه به شێوه‌یه‌ك تێیدا هاوبه‌ش و به‌رپرسیارن. ئێمه پێمان وایه له نێو لایه‌نه‌كاندا ته‌نیا كورد له بابه‌ته‌كه چاك تێنه‌گه‌یشتووه، له ئه‌نجامدا، زیانی سه‌ره‌كی به‌ركه‌وتووه، له‌وه‌شدا ئۆباڵی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی خۆی.
دیاره ئه‌م كورته بابەتە ته‌رخان نه‌كراوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسەكه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ به‌هۆی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری كه‌ركووك‌ـه‌وه چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر سیاسه‌تی توركیا له‌و باره‌وه باس ده‌كرێ.
مێژووی زۆرانبازی له‌سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ-كه‌ركووك، له نێوان كورد و ده‌وڵه‌تی عێراق دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ناوبراو له ئابی 1921دا. پێش ئه‌و كاته‌ش، واتا له مایسی 1919دا، مسته‌فا كه‌مال (دواتر ئه‌تاتورك) به هاوكاری سه‌رۆك خێڵه كوردییه‌كان شۆڕشی دژی حكومه‌تی خه‌لیفه‌ی عوسمانی و وڵاتانی هاوپه‌یمانیان ڕاگه‌یاند. هه‌ر زووش له 23ی ته‌مووز-7ی ئابی 1919دا، له كۆنگره‌ی ئه‌رزه‌ڕۆم كه به كۆنگره‌ی (ویلایه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات) ناوی ده‌ركرد و به هاوكاریی ڕاسته‌وخۆی خێڵه‌كانی باكووری كوردستان به‌سترا، به كۆی ده‌نگ بڕیاریاندا هه‌موو ویلایه‌ته‌كانی باكووری كوردستان وه‌ك به‌شێك له ده‌وڵه‌تی دواڕۆژی توركیا بناسێنن(1). له‌و كاته‌وه، توركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان باوه‌ڕیان وابوو كه ویلایه‌تی موسڵ‌ـیش به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی دواڕۆژی تورك. بۆ هێنانه‌دی ئاواته‌كه‌یان، توركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی ویلایه‌تی موسڵ-كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان به تایبه‌ت بەریتانیا كه‌وتنه ململانێیكی سه‌خته‌وه. دوابه‌دوا، بۆ قه‌ڵاچۆكردنی زیندوێتی هه‌ست و بیری كوردایه‌تی و گیانی نه‌ته‌وه‌یی كورد، مزگه‌وت و حوجره‌كان و سه‌رجه‌م ڕێكخستن و یانه و خانه‌قاكانی ناوچه‌كانی باكووریان داخست، هاوكات، به تاوانی هاوكاری كورد له‌گه‌ڵ بەریتانیا، زۆرێك له كوردپه‌روه‌ره‌كان خرانه زیندانه‌وه(2).
له 30ی تشرینی یه‌كه‌می 1918دا، ئاگربه‌ستی كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان ڕاگه‌یه‌نرا، به پێی به‌ندی حەوتەمی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌سته‌كه، مافی دابوو به هاوپه‌یمانه‌كان كه هه‌ر شوێنیك به پێویست بزانن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربازی خۆیان، ئه‌وا ده‌توانن داگیری بكه‌ن، چوار ڕۆژ دواتر، سوپای بەریتانیا به هێز و زۆرداری، شاری موسڵ كه ناوه‌ندی ویلایه‌تی موسڵ بوو، داگیریان كرد، بزووتنه‌وه‌ی كه‌مالییه‌كان، هه‌میشه پێیان وا بووه كه داگیركردنی هه‌ر بستێكی خاكی عوسمانی له دوای ئاگربه‌ست، هه‌رگیز مافی خاوه‌ندارێتی ویلایه‌تی موسڵ نادا به بەریتانیا، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، به‌پێی دۆخی عێراق، ناوچه‌كه و باری نێوده‌وڵه‌تی، توركیا به‌رده‌وام له هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ دایه.
له 28ی كانوونی یه‌كه‌می1920 كه میساقی میللی له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌ی مسته‌فا كه‌مال پاشاوه و به پشتگیری سه‌رۆك خێڵه كوردییه‌كان ڕاگه‌یه‌نرا، بڕگه‌ی یه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
“چاره‌نووسی ئه‌و جێگایانه‌ی كه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كاتی ئاگربه‌ستن كه زۆرینه‌ی موسڵمانی عوسمانین و برای ئایینین، له ڕه‌گه‌ز و ئامانجدا هاوبه‌شی یه‌كدین، ئه‌وا خه‌ڵكه‌كه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی دابه‌شبوون و لێكترازان نین”(3). دیاره به‌كارهێنانی موسڵمانانی عوسمانی به‌و مانایه هاتووه كه تورك و كوردی موسڵمان بران و هاوئامانجن، بۆیان نییه له یه‌كدی جیا ببنه‌وه.
به درێژایی ساڵانی بیسته‌كان تا ئێستا، هه‌موو په‌یوندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق دا، هه‌رچی ڕێككه‌وتن و په‌یمانێك به‌ستراوه له نێوانیاندا، به‌پێی دۆخی سیاسه‌ت لە عێراق، پرسی ویلایه‌تی موسڵ و كه‌ركووك به‌شێك بووه له زۆرانبازی نێوان توركیا و عێراق. له سه‌رده‌می مه‌له‌كی دا، بەریتانیا پارسه‌نگه‌كه‌ی ڕاگرتبوو، له كاتی كۆماریشدا به تایبه‌ت له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن و حیزبی به‌عس دا، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك توركیا ده‌ست كورت كرابوو. دوای ڕووخانی ڕژێم له نیسانی 2003دا، وه‌ك چۆن ئێران بۆته یاریكه‌ری سه‌ره‌كی له هه‌موو بواره‌كانی حوكمڕانی له عێراق دا، توركیاش ده‌سه‌ڵاتی باڵای له‌و وڵاته‌دا په‌یداكردووه، هیوای داگیركردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ-كه‌ركووك بۆ توركیا زیاتر ده‌ركه‌وته‌وه، داگیركردنی سنووره‌كانی باشووریش هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌سته.
مێژووی كۆماری توركیا، به ده‌وری كه‌ركووك دا، توركیا هه‌میشه له بیركردنه‌وه، په‌یوه‌ندی، ته‌گبیر و نه‌خشه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ-كه‌ركووك‌ـه بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی خۆی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی له پاڵ سیاسه‌تی ناوه‌وه‌ی، سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانی، سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی، ته‌رخانن بۆ گه‌یشتن به نیازی داگیركردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه، له‌وه‌شدا هیچ توركێك و هیچ حیزبێكی توركیا و هیچ ڕێكخستنێكی توركیا له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه لارییان له‌و سیاسه‌ته نییه، هه‌نگاوی هه‌ره سه‌ره‌كی به‌و ئاراسته‌یه‌دا داگیركردنی كه‌ركووك‌ـه، له ئێستادا ئاسان نییه توركیا بتوانێ هه‌موو ویلایه‌ته‌كه بگێڕێته‌وه بۆ باوه‌شی خۆی، به‌ڵام دانانی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی وه‌ك پارێزگاری كه‌ركووك مژده و ده‌ستكه‌وتێكی یه‌كجار گرنگه بۆ توركیا و توركمانی كه‌ركووك.
بابه‌ته‌كه لێره‌دا ئه‌و نییه كه‌سێكی توركمان ببێته پارێزگار، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه كه‌ركووك به كوردستان نه‌زانێ و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باوه‌شی توركیا هه‌وڵبدا و به‌رنامه‌ی وڵاتی ناوبراو جێبه‌جێ بكات، شاره‌زایی له مێژووی به‌ره‌ی توركمانی و عه‌قڵیه‌ت و به‌رنامه‌ی سیاسی‌یان شاهیدی نادڵسۆزی ئه‌وانن به‌رامبه‌ر به كوردستانیبوونی كه‌ركووك.
ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌رزانبازاڕكردن و خه‌ڵاتكردنی پارێزگای كه‌ركووك به توركمان
پێشه‌كی هه‌موو كورد و هه‌رچی حیزب و ڕێكخستن و خێڵی كوردی هه‌یه، پێویسته ئه‌وه بزانن كه مامه‌ڵه‌كردن به خاكی كوردستان و مافه‌كانی كورد له هه‌ر شار و وڵات و ئاستێكدا، له ده‌سه‌ڵاتی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و سیاسه‌تی باوی كورد دا نییه. ئه‌وه ته‌نیا و ته‌نیا په‌یوه‌ندی به ماف و ده‌نگی گشت خه‌ڵكی كورده‌وه هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد نه خاوه‌نی ده‌ستووری فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه نه خاوه‌نی داب و كولتووری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه تا له‌و باره‌یه‌وه سنوورێك بۆ حیزب و ده‌سه‌ڵات بكێشێ، كه ڕێگای پێنه‌دا كاری وا پڕ مه‌ترسی و ئه‌سته‌م بكات، نه‌بوونی ئه‌وانه وای كرد پارێزگاری كه‌ركووك‌ـمان له ده‌ست بچێ.
له 10ی ئابی 2024دا، 9 ئه‌ندام له كۆی 16 ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، به‌كێشكران بۆ هۆتێل ڕه‌شید له به‌غدا، به په‌له كۆبوونه‌وه و ڕێككه‌وتنێكیان ئیمزا كرد، یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌و 9 ئه‌ندامه‌ی ئاماده‌بوون، 5ی ئه‌ندامی ئه‌وان بوون، زۆر به ئاسانی، بێ لێكدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی مێژوویی، جوگرافیایی، ئابووریی، كارگێڕیی، ته‌نانه‌ت بێ ڕه‌چاوكردنی ویژدان و هه‌ستی كوردانه‌ی ده‌نگده‌رانی خۆیان له كه‌ركووك، ڕێككه‌و‌تنێكی یه‌كجار ناحه‌ز و نابه‌دڵی كوردیان له‌گه‌ڵ ته‌نیا چوار كه‌سدا كه نوێنه‌ری توركمان و به‌شێك له عه‌ره‌ب بوون، له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆك كۆماردا، به‌وه ڕازی بوون كه 18 مانگ پارێزگاری كه‌ركووكیان بده‌نێ، دوای ئه‌وه پارێزگار بۆ توركمان و عه‌ره‌ب بێ.
له ئه‌نجامدا، نامه‌خوا، حیزبی كوردی هێند پێبه‌ندی ڕێككه‌وتن و به‌ڵێنه له‌گه‌ڵ ناكورد دا، هێنده‌ش په‌یڕه‌وی له دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، له 20ی نیسانی ئه‌م ساڵدا، یه‌كێتیی به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی برده سه‌ر و، پارێزگاری كه‌ركووكی پێشكه‌ش به محه‌مه‌د سه‌معان، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی كرد. ده‌ستبه‌جێ هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانی تورك هه‌ر له سه‌رۆك كۆماری توركیا‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی حیزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا، تا ئه‌حمه‌د داود ئوغڵو، ئه‌وانی دیكه‌ش و ته‌واوی ڕاگه‌یاندنی توركیا وه‌ك هه‌نگیان له كلۆره‌داردا دۆزیبێته‌وه، شادمانی خۆیان ده‌ربڕی. دوای یه‌ك ڕۆژیش، واتا له 21ی مانگدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌یانی خواره‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه:
“به ڕه‌سمی دیاریكردن و ناساندنی توركمانێك به پارێزگاری كه‌كووك، ده‌سكه‌وتێكی مێژووییه، هاوكات نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی و زۆر به‌رزه بۆ توركمان”. هه‌روه‌ها نووسیبووی كه دوای نزیكه‌ی 100 ساڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی و سه‌رۆكایه‌تی كه‌ركووك بۆ توركمان، به‌رهه‌مێكی گه‌وره‌یه و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافی خوراوی توركمانه(4).
خه‌ڵكی هۆشیاری كورد زۆر چاك له‌و یه‌كدوو ڕسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا تێده‌گات، كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه گوایا توركمان غه‌دری لێكراوه و كورد ناحه‌قی لێكردووه. مخابن وازهێنانی یه‌كێتیی له پارێزگاری كه‌ركووك، هیچ مانایه‌كی سیاسی نا‌به‌خشێ. له بری ئه‌وه، ده‌بوایه سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان به یه‌كگرتوویی له پێناوی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140دا، هه‌موو هه‌وڵێكیان یه‌كبخستایه، هاوكات، كێشه ئاڵۆزه‌كانی كوردی ئه‌و ناوچانه‌یان چاره‌سه‌ر بكردایه. وه‌ك هه‌ر فیدرالییه‌كیش، ده‌بوایه سنووری هه‌رێمی كوردستانیان بكێشایه و بنه‌خشانایه، كێشه‌ی سه‌ختی خاوه‌ندارێتی نه‌وت و غاز و ئه‌نجوومه‌نی فیدرالی بگه‌یه‌ننه ئه‌نجام، كه‌چی پارێزگاری كه‌ركووك كه مافی نه‌ته‌ویی و ده‌ستووری كورده، پێشێل ده‌كرێ، دیاره ئه‌وه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی یه‌كجار خراپی ناوخۆی خۆمانه‌وه‌یه، له ئاكامدا بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر به‌ره‌و مه‌ترسی و لاوازی ده‌برێ.
له په‌یوه‌ندی كورد و حكومه‌تی عێراق دا، دوو جار له‌سه‌ر كه‌ركووك، ده‌ستكراوه‌ته‌وه به شه‌ڕ، جارێك له 1974دا، له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، له‌سه‌ر كه‌ركووك ته‌نانه‌ت به حوكمی هاوبه‌شیش ڕازی نه‌بوو، جارێكیش له 1983-1984دا، له گفتوگۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، مام جه‌لال بێ كه‌ركووك ڕازی نه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی دا بگاته ئه‌نجام.
لێره‌دا ده‌مانه‌وێ ئاوڕێك له مێژوو بده‌ینه‌وه. له 1810دا، واتا پێش دوو سه‌د و شازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كلۆدیوس جه‌یمس ڕیچ، دیپلۆماتی گه‌وره‌ی بەریتانیا له سلێمانی ئاگادارمان ده‌كات، كه له سه‌رده‌می عه‌بدولره‌حمان پاشای بابان دا، كه پاشا و میرێكی مه‌رد و ڕه‌ند، ئازا و دڵسۆز بوو بۆ كوردستان و میرنشینی بابان، ده‌گێڕێته‌وه كه سلێمان پاشای به‌غدا، له فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی یاخی ببوو، هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ كورد شه‌ڕه‌نگێز و دوژمن بوو. سوڵتان ویستی سلێمان پاشا له‌كار لا به‌رێ، پاشای به‌غدا كه زۆر چاك خۆی به‌هێز كردبوو، لابردنی بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئاسان نه‌بوو، بۆیه داوای یارمه‌تییان له عه‌بدولره‌حمان پاشای میری بابان كرد، ئه‌ویش به سوپایه‌كی تۆكمه‌وه هێرشی كرده سه‌ر به‌غدا، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، له‌شكر و قایمكاریی سلێمان پاشای به‌غدای بێ مایه و خاپوور كرد. له پاداشتی ئه‌وه‌دا، سوڵتان داوای لێ كرد ببێته پاشای به‌غدا كه له به‌سره تا حه‌له‌ب له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا بوو، به‌ڵام پاشای كوردی دنیادیده و شاره‌زا له سیاسه‌ت و دووربین، ئه‌و پله و پایه‌ی قه‌بووڵ نه‌كرد. له وه‌ڵامدا گوتی: “ئه‌وه ڕاسته به چوونه به‌غدا، پله و پایه‌ی خۆم زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری وه‌رده‌گرم، به‌ڵام یه‌ك دڵۆپه به‌فراوی شاخه‌كانی كوردستان به هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ناده‌م”(5).
لاكردنه‌وه له‌و ڕووداوه مێژووییه، فێرمان ده‌كات، كه له به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تدا، بۆ مانه‌وه و به پێوه‌مان و خزمه‌ت به خه‌ڵك و نیشتمان، ته‌نانه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیش، پارسه‌نگی سیاسه‌تی ناوخۆ له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه كاریگه‌رتره. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌بێ و به‌رپرسیارێتییه كه حیزبی كوردی بۆ پارێزگاری له حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌روه‌ها بۆ قازانجی خۆشیان، له‌گه‌ڵ یه‌كدا نه‌رم و نیان و یه‌كگرتووبن، له مێژووی كورد و خۆیاندا هێنده نموونه زۆرن كه له یه‌كگرتندا، كورد و هه‌رێم له پێشكه‌وتندا بوون، پێچه‌وانه‌كه‌شی، به داخه‌وه له ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌تمان، چ له ناوخۆ و چ ده‌ره‌وه له خواره‌وه‌ین.
له كاری حیزبی‌دا، هه‌روه‌ها له حكومه‌تیشدا، له هه‌ر شوێنێك بێ، مه‌رجه به‌رنامه و دروشم له‌گه‌ڵ كرداری سیاسی‌دا یه‌ك بێنه‌وه، سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردندا، نیشتمانی بێ یا ناوچه‌یی ده‌سكه‌وتێكی گرنگه، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوی خزمه‌ت به خه‌ڵك و خاك كاریگه‌رتر و پڕ بایه‌ختره. ده‌سا با یه‌كبین، به یه‌كه‌وه ده‌توانین سه‌ركه‌وتووبین، به یه‌كه‌وه پێش ده‌كه‌وین و ده‌توانین هه‌موو به‌شێكی خوارووی كوردستان بخه‌ینه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و كاته كوردستان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستانیان و له نه‌خشه‌ی خۆماندا بێ، هه‌ر دانیشتوانێكی دڵسۆزی كوردستان، توركمان بێ یا عه‌ره‌ب، ده‌توانێ ببێته پارێزگاری هه‌ولێر و سلێمانی‌ـش.
سەرچاوەکان
(1)غالیب، سه‌باح، (2021). مێژووی كورد و كوردستان: دۆزی كورد له كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه تا كۆتایی په‌یمانی سیڤه‌ر 1918-1920، به‌رگی یه‌كه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، لل. 162-163.
(2)McDowall, David (2000). A Modern History of the Kurds, 1. B TAURIS, New York, p. 196.
(3)F.O/ 3411 and 3413, Mosul files: FO/3384/182014.
(4)Turkish Daily News, 21st April, 2026.
(5)Rich, Claudius James (1836). Narrative of a Residence in Koordistann, and on the Site of Ancient Nineveh; with a Journal of a Voyage Down the Tigris to Baghdad and an account of a Visit to Shirauz and Persepolis, London, James Duncan, Vil. 1, p. 97.


