عوسمان ساوجی
ڕووداوی ڕفاندنی سەرۆکی فەنزوێلا لە ڕێگەی هەڵمەتێکی سەربازیی-هەواڵگریی لەلایەن ئەمریکا دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی، تەنانەت پێداچوونەوەش بە دیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەروەریی دەوڵەتان و سنوورە جوگرافییەکەیان بکرێت. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە نیوەشەوێکدا کتوپڕ هێزێکی سەربازی پاڵپشتیکراو بە پێشکەوتووترین کەرەستەی سەربازیی و ئامێر و تەکنەلۆجیای سەردەم هەڵدەکوتنە سەر ماڵی “نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی فەنزوێلا. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سنووردار خۆی و هاوسەری قۆڵبەست دەکەن و دەیگوازنەوە بۆ ئەمەریکا. لەوەش خراپتر سەرۆکە ڕفێنراوەکەی دوێنێ و زیندانییەکەی ئەمڕۆ بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
گرنگی بابەتی ڕفاندنی سەرۆکی فەنزوێلا لەوەدایە کە پێشتر زلهێزەکان بۆ خۆ بەدەستەوەدان یان گوێڕایەڵکردنی نەیارانیان ماوەیەک دانوستانیان دەکرد و دواتر دەچوونە قۆناغی هەڕەشەکردنەوە، ئەگەر ئەوەش کەڵکی نەبووایە، ئەوا پەنایان بۆ سەپاندنی سزای هەمەلایەنە دەبرد و هەنگاوبەهەنگاو سزاکانیان توند دەکرد. دوای چەندین بێنە و بەردەی تر و لە ئاکامی بێئومێدبوون ئیتر بژاردەی جەنگ دەهاتە گۆڕێ.
وەک دەزانین بەهۆی لێکەوتە قورس و مەترسیدارەکانی جەنگەوە بڕیاردان لێی دیسان پێویستی بە کۆمەڵە ڕێکارێک هەیە، بەڵام ئەوەی لە ٣/١/٢٠٢٦ ڕوویدا مۆدێلێکی نوێی جەنگە کە بریتییە لە “پانکردنەوەی سەری مارەکە” لە یەکەم لێداندا. ئەم کردوەیەش سەرباری ئەوەی گوشارێکی زۆر لەسەر نەیارانی ئەمریکا و زلهێزەکانیتری جیهانیش دروست دەکات، بۆ فەنزوێلا ئاسان نییە جارێکی تر فەرمانڕەواکانی بیر لەملاملانێی ئەمریکا بکەنەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی کە پڕۆسەکە و جەنگ لە ڕووی تێچووی دارایی و زیانی گیانیەوە بەراورد ناکرێن.
هۆکارەکانی پشت ئەو شکستەی بەسەر سەرۆکی فەنزوێلا دا هات هەرچەندە زۆر و فرە ڕەهەندن بەڵام هیچیان هێندەی لەدەستدانی ڕەوایی و پاڵپشتی جەماوەری کاریگەریان نەبووە، چونکە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی ڕەوایی جەماوەری لەدەست دەدات ئیتر خەڵکەکەی خۆی لێ دەبێت بە دوژمن و لەجیاتی دڵڕاگرتن و خزمەتکردن و دابین کردنی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسایش هەمیشە لەبیری سەرکوت کردنیان دەبێت.
دەکرێت لە زۆر کاتدا خەڵک گلەیی و ناڕەزایەتیان لە دەسەڵات هەبێت بەڵام کە متمانە لەنێوانیاندا نەما و دەسەڵات نەیتوانی ڕەوایەتی خۆی لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە دەمەزەرد بکاتەوە، ئەوە دروستکردنی تارمایی ترسناک و دوژمنی قەبە و خەفەکردنی دەنگە ناڕازییەکان نابنە چارەسەرێکی گردەبڕ.
سەرۆکی فەنزوێلا لەپێناوی مانەوەی لەدەسەڵاتدا ڕێگری کرد لە کەسایەتی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی ماریا کۆرینیا لە خۆکاندید کردن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، سەرباری ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمیی و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ کرا، لەکاتێکدا بەپێچەوانەی مادورۆ، ماریا بوو بە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە ٢٠٢٥ بەهۆی هەوڵەکانی بۆ دیموکراتیزەکردنی فەنزوێلا و پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ. لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی فەنزوێلا و لە ناویشیاندا ماریا کۆرینیا پشتگیری دەستوەردانی دەرەکیان لەدژی مادورۆ کرد.
لە کۆتاییدا وەک دەرەنجامێک بۆ کردە سەربازییە-هەواڵگرییەکەی ئەمریکا لە فەنزوێلا دەکرێت ئەو تێگەیشتنە دروست بێت کە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدا مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی زلهێزەکان دروست دەکات هیچ بەهایەکیان نییە. بە پێچەوانەوە ئەوان دەتوانن دەیان پاساویان هەبێت بۆ پێشێلکردنیان و بەزاندنی سنووری دەوڵەتانی خاون سەروەریی. لەلایەکی ترەوە ئەم کردەیە ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەسەڵاتی خۆسەپێن و دیکتاتۆر هەرچەندە دەوڵەتگەلێک بەڵێنی پاڵپشتیان پێدابێت و خۆیشی خاوەنی هێز و دەزگای سەرکوتکار بێت ئەو کاتەی بەهۆی نەمانی ڕەوایەتی و دڵبەندی جەماوەر بۆی پایەکانی دەبنە کۆڵەکەی لەرزیو و ڕزیوو، ڕەنگە لەڕێگەی کەسێک لە خێزانی فەرمانڕەوا یان دەست و پێوەندەکانیەوە بکرێتە نێچێر و لە قەفەسی ڕاوچیکاندا خۆی ببینێتەوە، بەتایبەت کە لەم سەردەمەدا کە هیچ شتێک لە دەوڵەتانی زلهێز شاراوە نییە و ئەوان دەستیان دەگات بەو زانیاریانەی لە ئاستی باڵای نهێنیدان.
کەواتە دەسەڵاتی سیاسی بۆ مانەوەی دەبێت خۆی وەک درەختێک ببینێت، ئەگەر دەوەنێک لەسەر خاکێکی بە پیت و گونجاو ڕسکا بێت ئەوە ترسی هەڵکێشانی کەمە هەرچەندە زریان و گەردەلولیش زۆر و بەهێزبن بەڵام ئەو درەختە بە ئاسماندا چووانەی لەژێرەوە ڕەگەکانیان لە خاکدا ڕۆنەچوون یان وەردە وردە خاکەکەیان تووشی ڕامالێن بووە ڕەنگە شەماڵیک بەلایندا بخات.



