مەریوان وریا قانع
ئەوەی لە ماوەی پێشوودا ئاگای لە شێوازی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەغداد بووبێت، ئەو ڕاستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت، کە شتێک لە دنیای ئێمەدا بەناوی «چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»ـەوە بوونی نییە. هاوکات نە هۆشیارییەکی بان-بنەماڵەیی و بان-حیزبیی بوونی هەیە، نە هیچ میکانیزم و هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەو چوارچێوە نەتەوەیی و نیشتمانییانە. تاقە یەک بکەری سیاسییش بوونی نییە کە دروستکردنی ئەو چوارچێوانە بنەمای بیرکردنەوە و ژێرخانی سایکۆلۆجیا سیاسییەکەی بێت. ئەوەی هەیە سەرجەمی یەکە سیاسیی و فەرهەنگیی و سایکۆلۆجییەکانی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتمانە.
بێگومان ئەمە یەکەمین جار نییە ئەم ڕاستییە سادانە ببیندرێن و باس بکرێن، یەکەم جار نییە کۆمەڵگەی ئێمە ڕووی بەڕووی ئەم ڕاستییە سادانەدا بتەقێتەوە، هاوکات دروستنەبوونی ئەو چوارچێوانە ڕاستییەکی تریشمان نیشان دەدات، کە نەبوونی توانای بیستن و بینینە لای ئەم بکەرانە و نیشتەجێبوونیانە لەناو دەیان چاڵ و قۆرت و تەڵەی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییدا، کە هاتنە دەرەوە لێیان، لەناو ئەو سیستەمانەدا کە سەروەر کراون، لە مەحاڵ نزیک بۆتەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم ئیفلیجبوونە سیاسییەش پەیوەندیی بەو ڕاستییەوە هەیە کە «هۆشیاریی نیشتمانیی» و «نەتەوەیی»، تەنها سەر بە بزاوتێکی ئایدیۆلۆجیی نین، تەنها بەرهەمی بزووتنەوەیەکی سیاسییش نییە، هەرگیز پڕوپاگەندەی بەتاڵ و زمانێکی ڕەمزیی بێناوەڕۆکیش ناتوانێت دروستیان بکات، بەڵکوو ئەو جۆرە هۆشیارییە شێوازێکی تایبەتە لە ژیان، جۆرێکە لە تاکەکەسبوون و سیاسەتێکی تایبەتی خودسازیی دروستی دەکات. بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە و لەو بڕیار و وێنە و ڕەمزانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دروست دەکرێن.
«هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» هۆشیاریەک نییە لە ساتەوەختی دروستبوونی تەماحی سیاسییدا پەنای بۆ ببردرێت، یان ویستی دەرکەوتنی ئەم یان ئەو سیاسیی و یان ئەم یان ئەو بکەر دروستی بکات، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە و خودی کۆمەڵگەکەش بە بەردەوامیی لەناو وردەکارییەکانی ئەو ژیانەدا، دەژیی و کار دەکات. لەم دۆخەدا ئەو هۆشیارییە کاریگەریی هەمەلایەن لەسەر شێوازی وێناکردنی خود بۆ خۆی و وێناکردنی بۆ ئەوانی دیکە و بۆ جیهان، جێ دەهێڵێت. دەستنیشانی ئەوە دەکات مرۆڤەکان چۆن ئەزموونی شوناسی خۆیان و جۆری ژیان و شێوازی پەیوەندییەکانیان لەناو جیهاندا دەکەن. «هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» کاتێک دەتوانێت وەک هۆشیارییەکی باڵادەست کاربکات، کە لەوە کەوتبێت وەک ئایدیۆلۆجیا و بزاوتێکی سیاسیی سەیر بکرێت، بەڵکوو بووبێت بۆ دیاردەیەکی «سروشتیی» ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان.
ئەم جۆرە هۆشیارییە سەر بە دروستبوونی دنیای مۆدێرنە، دنیایەک لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەوە لە دروستبووندایە. تەنهاش کورتنەبۆتەوە بۆ ئایدیۆلۆجیایەک لە ئایدیۆلۆجیاکان، بەڵکوو بەشێکە لە «هەبیتۆسی» تاکەکەسەکان لە کۆمەڵگەدا. چەمکی «هەبیتۆس» یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو کارەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیار بۆردیۆ. هێما بۆ ئەو مەیلە ناوەکییە قووڵ و ڕیشەدارە دەکات کە لەناو تاکەکەسەکاندا دروست دەبێت و کاریگەریی لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەستکردن و کار و کاردانەوەکان، بەجێ دەهێڵێت. بە مانایەک لە ماناکان «هەبیتوس» ئەو غەریزە کۆمەڵایەتییەیە کە ڕێنمایی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان دەکات.
ئەگەر هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک «هەبیتوس» ببینین، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم هۆشیارییە تەنها بیرۆکە و قەناعەتێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو دیدگا و هەست و جۆرێک لە ئامادەگیی ناوەکیشە، کە کەسەکان وەک بەشێک لە خودی خۆیان و لە کەسایەتییان لەناویدا، دەژین. ئەم هۆشیارییە ڕۆڵ دەبینێت لە جۆری ئەو زمانەدا کە کەسەکان بەکاری دەهێنن، لە دروستبوونی ئەو جۆرە هەست و باوەڕانەدا کە هەڵگرین، پەیوەندیی بە هیوا و ترس و گومانەکانیانەوە هەیە، لەناو جۆری خەمبارییە دەستەجەمعییەکانییاندا ئامادەیە. لەپێش هەمووانیشەوە پەیوەندیی بە جۆر و توانای شەرمکردنی نیشتمانیی و سیاسییانەوە هەیە.
هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی جۆرێک لە شەرمی سیاسیی دروست دەکات کە وەک حەرام و سنوورێکی قايم کار دەکات، کە هیچ کەس و لایەن و هێزەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، نەتوانێت لێی لابدات و حەرامەکانی پێشێل بکات. لە ئاستی سیاسیشدا ئەم شێوازە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، جۆرێک لە کەسایەتی سیاسی دروست دەکات، کە بەر لە هەمووشتێک، بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی کراوەیە، نەک نارسیستێکی ڕقاویی داخراو.
لەم ڕوانینەدا بۆ هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە دنیای ئێمە، بە تایبەتی ناوەندە سیاسییەکەی، تەواو خاڵییە لەم جۆرە هۆشیارییە. ئەوەی هەیە و کاردەکات تێکەڵێکی بیمارە لە ڕق و بوغز و نارسیزم و داخران، لە تەماح و سایکۆلۆجیایەکی کۆنترۆڵنەکراو. ئەوەی غائیبە نیشتمانە وەک نیشتیمان و نەتەوەشە وەک نەتەوە. ئەوەی سڕاوەتەوە یاداوەریی گشتیی کۆمەڵگەکەیە، وەک یاداوەرییەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی. نەبوونی شوناسێکیشە کە شوێنی بەشی هەرە زۆری ئەندامانی کۆمەڵگەکەی، تێدا ببەتەوە. ئەم هۆشیارییە هەڵگری دیدگایەکە بۆ مرۆڤ کە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەیبینێت و ئەم ماف و کەرامەتەش لەناو کۆی دەزگا سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیرۆکراسییەکاندا ئامادە دەکات و دەیخاتە گەڕ.
هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی چوارچێوەیەک دروست دەکات تیایدا هەستکردن بە خەمباری دەستەجەمعیی، شانازیی کۆیی، هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی هاوبەش، دروست ببێت. وێنەی مرۆڤەکان وەک هاوڵاتیی یەکسانی ناو یەک نیشتمان سەروەر دەکات. لە هەمانکاتدا چوارچێوەکی هاوبەشیش بۆ شەرمکردن، شەرمکردنێکی دەستەجەمعیی و تاکەکەسیی دروست دەکات، کە بتوانێت سنوورێک بۆ ناشیرینییەکانی ناو کۆمەڵگەکە و بۆ توانای پیادەکردنی حەرامی سیاسیی و تێپەراندنی حەرامە نیشتیمانییەکان، دابنێت. هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، هۆشیاریی دانانی چەندان سنووری ئەخلاقییە کە نەهێڵێت ناشیرینییەکان بە ئاستێک بگەن، مرۆڤ شەرم لە ئینتیمای بۆ نیشتمان و بۆ نەتەوەکەی، بکاتەوە.
ئەوەی لە دنیای ئێمەدا پێویستە دروست ببێت، بەر لە هەر شوێنێک لە ناوەندە سیاسیی و میدیایەکەدا، کە پرن لە سیاسیی ڕقاوی و بوغزاوی و لە میدیاکارنێکیش کە ئەو ڕق و بوغزەیان بەناوەکیکراوە. دەڵێم ئەوەی پێویستە دروست ببێت، تێگەیشتنە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک شێوازێک لە ژیان. وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی تێگەیشتن و هەست و ئەخلاق و شوناسەکان. لە ڕێگای سیاسەتێکی تایبتیشەوە بۆ شەرمکردن سنوورێک بۆ ناشیرینییەکان دابنێت. لەم ئاستەدا ئەوەی دنیای ئێمە پێویستی پێیەتی دوو شتە. یەکەمیان، تاکەکەسێکی سەربەخۆیە، کە بوێریی و ئازادبوون دروستکردنی شوناس و شێوازی بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆی هەبێت. دووەمیان “ئێمە”یەکی نیشتمانیی بەکۆمەڵە، کە شوێنی بۆ کۆی تاکە سەربەخۆ و خاوەن بڕیارەکانی تێدا ببێتەوە.ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە پێویستیی پێیەتی ئاسۆیەکی ئەخلاقیی گشتییە لە چوارچێوەیدا مرۆڤەکان مێژوو و ئازار و تەحەدا و پێشکەوتن و خەون و چاوەڕوانییەکانیان، نیشتەجێ بکەن و مانایان پێ ببەخشن.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نەبۆتە بەشێک لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. زۆربەی هێزە سیاسییەکان بە لۆجیکی بەر لە لەدایکبوونی نەتەوە و نیشتیمان بیردەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن. بە هەمان لۆجیک کاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیرۆکراسیی و تەنانەت مەدەنی خۆیشیان ئەنجام دەدەن.
ئەوەی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی پەرلەماندا بینیمان و ئەوەی دەشێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دا بیبینین، سەدبارەبوونەوەی ئەم بیمارییە سیاسییە و ئەو باڵادەستییە گەورەیەی لۆجیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتمان، بێت. سیاسەت لە هەرێم دا بووە بە چالاکیی پڕکردنی دەخیلە تایبەتەکان، نەک چالاکییەک لە هەوڵی دروستکردنی ژیانێکی گشتی هاوبەش و پێکەوەیی باشتردا بێت.



